ته‌حه‌دای ژنی كورد له‌نێوان داخوازییه‌كانی سه‌رده‌م و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌دا

دكتۆره‌ نه‌زاكه‌ت حسێن
پسپۆڕی میدیا و ڕاوێژكاریی ڕۆشنبیری له‌چاوی كورد

ئاشکرایە گۆڕانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و گەشەی تەکنەلۆژیاو گڵۆباڵیزەیشن، تەنها شت فێری تاکەکان ناکه‌ن، بەڵکو دەشیانەوێت لێیان کە چۆن ڕەفتار بکەن؟.چۆن بیربکەنەوە؟ تاکو دەگاتە ئەوەی بڵێن تاکێک دروست دەکه‌ن جیاوازه‌ لە تاکێک کە لەکۆمەڵگەکەی ئەودا ژیاوە.

گۆڕینی بیرکردنەوەو هەڵسوکەوت و ڕەفتار، پاش ماوەیەک گۆڕانی ناسنامەو ناڕوون بوونی ناسنامەو تا دەگاتە ئەوەی کە بوترێت دووناسنامەیی لێدەکەوێتەوە. بەو مانایەی کە وەک دەزانین گۆڕانی کلتورو ڕەفتار و بیرکردنەوەی مرۆڤ کارێکی خێرا نیە، چونکە فێربوون و وەرگرتنی ئەو هەڵسوکەوتانە تەمەنێکی ویستوە تا فێریان بوە، تەمەنێکیشی دەوێت تا فڕێیان دەدات.

بە مانایەکی تر، پڕۆسەی دروستبوونی ناسنامە پرۆسەیه‌کی درێژخایەنە و کاتی دەوێت تا لەگەڵ ناسنامەیەکی نوێدا ڕادێیت و، ڕەفتاری پێ دەکەیت و پێی دەناسرێیت.

ئەمە بۆ خودی کەسەکە کە ڕووبەڕووی ئەم گۆڕانکاریە دەبێتەوە بەردەوام لە کۆمۆنیکەیشنی لەگەڵ خۆیدا تاکو خودی خۆی ڕازی دەکات، بەڵآم گۆڕینی ناسنامەو ڕەفتار و بیرکردنەوەو کلتور تەنها پەیوەست نیە بە تاک خۆیەوە، چونکە کلتور کە ناسنامەی تۆیە، هەموو تاکێک خاوەنی ناسنامەیەکی کلتوریە کە زگماک پێ نادات بەڵکو کۆمەڵگە پێی دەدات، ئەو ناسنامەیەش ئەو لینکەیە یاخود بڵین ئه‌و ڕێگەیە کە تۆی بەستوەتەوە بە کۆمەڵگەکەو دەوروبەرەکەتەوە، بۆیە کۆمەڵگەش بەشدار دەبێت لە ڕازی بوون یاخو ڕازی نەبوونی بەوەی تۆ کلتورو ناسنامەکەت بگۆڕیت یان نا. قبوڵت دەکات یاخود دژت دەوەستێتەوە.

ئا لێرەدا کاتێک کە پەیامە گڵۆباڵیەکان، شمەکە گڵۆباڵیەکان، بیرە گڵۆباڵیەکان، کە ئاراسته‌ی تاک دەکەن یاخود لە ڕێگەی ئامێرە تەکنەلۆژییه‌کانەوە دەگەنە دەستی تاک و لەگەڵ هۆشی تاکدا دەکەونە گفتوگۆو ڕۆژانە جەنگی 'مایند' واتە مێشک و بیرو هۆشی لەگەڵ دەکەن و کۆمەڵگەش هۆشیارو ئاگادار نیە بەو پەیامانە، یاخود بڵین جیلی باوان و پێشینەکان ناگەن بەو پەیام و ئاراستانەی کە دەگەنە دەستی گەنجان بەتایبەتی ڕوبەڕووی ئەم تاکە دەبنەوە. واتە تاک دەکەوێتە نێوان بەرداشی ئەوەی تەکنەلۆژیاو مۆدیرنە و ئەوەی میدیا پێی دەڵیت و ئەوەی کۆمەڵگەو خیزان و باوانی دەیەوێت لێی.

ئالێرەدا شەڕێک لە ناخی خۆیدا دەست پێدەکات کامیان ڕاستە باوەڕ بە کامیان بکات؟ یان چۆن باڵانس بکات؟ دواتریش شەڕێک لەگەڵ کۆمەڵگەکەی کە ڕەفتارە نوێ و ناسنامە نوێیەکەی لێ قبوڵ ناکەن.

ژن وەک تاکێک لەم کۆمەڵگەیە وەک هەموو ئەو ئەفسانەو خورافیات و دەرهاویشتەی هەڵە ڕاڤەکراوەکانی دین و کلتور و کۆمەڵگەی خێڵەکی و باوک سالاری لەلایەک و ئەو هەڵمەتە جیهانیەی داکۆکی لەژن و بابەتەکانی وەک جێندەرو فیمینیزم و یەکسانی و...هتد. کە لەدەوری ژن و باسەکانی ژن دەخولێنەوە.. لەنێوان مۆبایلەکە دەستی و، شاشەکەی ماڵەوەی کەبەردەوام ئاراسته‌ی دەکات بۆ هەڵسوکەوت و ڕەفتارێک کەهیچ یەک ناگرێتەوە لەگەڵ ئەوەی لەسەری پەروەردە کراوەو ئەوەی کۆمەڵگە دەیەوێت لێی.

ڕووبەڕووی زیاتری قه‌یرانی ناسنامەو نائارامی دەرووونی و شپرزی هۆش و خەیاڵەکانی بووە. لەکاتێکدا ئەو هێشتا چەوساندنەوە کلتوری نەریتە خیڵەکیەکان بەجێی نەهێشتبوو، بیری جێندەری بۆ هێنرا کە وا بۆ چارەکە سەدەیەکە لەم هەرێمەدا بانگەشەی بۆ دەکرێت هێشتا پێناسەیەکی ڕوون و ئاشکرای نەداوە بەدەستەوە بۆ ژن کە ئایا جێندەر بۆ ئەو مانای چیە؟ ڕزگاری دەکات یاخود کێشەی تری بۆ دروست دەکات؟.فیمینیزم چی بۆ هینا؟چی فێرکرد؟چ کاریگەریەکی لەسەر کۆمەڵگە درووستکرد.. میدیاو دراما هاوردەکان چی فێر دەکات، چ دەرگایەکی بەڕوودا دەکاتەوە.. فاشنی سەردەم و جوانکاری چ کەسایەتی و ناسنامەیەکی بۆ درووستکرد.. خۆی چۆن دەبینێتەوە لەبەردەم ئەو وێنەیەی میدیاو جیهانگەرایی و مۆدیرنەوە ڕیکلامەکان بۆی کێشاوە.

لا دەکاتەوە نەریتی کۆمەڵگەو ئایدیاو ڕوئیای کۆمەڵگەکەی بەرامبەر ئەو دەم و چاوە نوێ و ڕەفتارە نوییەی ئەو هەیەتی چۆنە؟.

ئەمانە ئەو مشتومڕانەن کە ژنی کورد لەم کۆمەڵگەیەدا، ئەڵبەتە تا تەمەنەکەی گەنجتر بێت زۆرتر لەگەڵ ناخی خۆیدا دەیکات و، نازانێت بە چ دەم وچاوو ناسنامەو بەرگێکەوە خۆی نمایش کات.

ئەمە هۆکاری بەشێکی زۆری ئەو توندوتیژیانەیە کە ڕۆژانە ڕوو بەڕووی دەبێتەوە، تا دەگاتە ناسنامەیەکی جێگیر ئەم نائارامی و دوودڵییەش کۆتایی نایەت، ئەوەش بێگومان کاتی زۆری دەوێت،چونکە ئەو ئەو کاتە دەگاتە ئەو ناسنامە جێگرە کە کۆمەڵگەکەشی ڕوئیای بەرامبەری دەگاتە ئەو ئاستەی کە بیرکردنەوەو ڕەفتارە نوێیەکانی ئەو قەبوڵ بکات کەئەوەش زەمەن و کاتی خۆی دەوێت.


PM:04:00:07/03/2019



ئه‌م بابه‌ته 195 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر