کێ حکومەتی خۆی لەناو دەبات؟

سیروان حمەشریف
بەرپرسی بۆردى ڕاگەیاندن وپەیوەندییەکان
ئایا پرسیارێکی سادە وەڵامیکی قوڵی پێویستە یان وەڵامێکی سادە بۆ پرسیارێکی قوڵ پێویستە؟ ئەو کچ و کوڕەی بە پێی یاسا ھاوسەرگیریان کردووە و چەندین ساڵ چاوەڕوانی منداڵێک بوون ئاوەدانی بخاتە ژیانیانەوە لە کاتی ھاتنە دنیای منداڵ ئەگەر نەخۆش و ناتەواو بێت دەستیان تێی دەچێت بیخنکێنن؟ 


بەپێَی یاسای کار و کاردانەوە ھەر گەل و نەتەوەیەک ستەمی بەرامبەر کرا کاتێک دەرفەتی بۆ ھەڵدەکەوێ بەقەد گەورەیی ستەم و کارەکەی لە دژی کراوە ئەویش کاردانەوەی بەھێز دەبێ و بەخێرایی و بە زانستی خۆی دروست دەکات و بنیاتی داھاتوی خۆی دەنێت, دروست وەک ئەوەی جولەکە کردیان کاتێک دەرفەتیان بۆ ھەڵکەوت لە جەنگی جیھانی یەکەم بەڵێنی بلفۆریان دەستەبەرکردو و لە دووەم جەنگیش دەوڵەتیان ڕاگەیاند.


ڕاستە بەپێ ئەو ھەموو ستەمەی لە کورد کراوە لە راِبردودا پێویست بو کاتێک ڕاپەرینی کرد و زەمینە و زەمانی بۆ لەبار بوو باشترین شێوازی حوکمڕانی پیشانی ناوچەکە و جیھان بدایەت و بە خێرایی کاری بکردایە بۆ قوڵکردنەوەی  ھەست و ئینتیمای تاک و راِکێشانی سەرنجی یارەکان لە دەرەوە, بەلام بەداخەوە لە شێوازی کارگێری ناوخۆدا جێگای تموحی خۆشی  نەبو.


بەشێک لەسەر چاوەکان ئاماژە دەکەن کە کورد چەندین ھەزا ساڵ بەر لە زایین لەم سنورەی خۆی بوە و درێژەی  بە ناسنامەی خۆی داوە بەلام دەرفەتی خۆبەرێوبەری وەک پێویست نەبوە جگە لە سەردەمانێَکی کەمی کۆماری مەھابات و حکومەتەکەی شێخ مەحموودی حەفید, بەلام دوای جەنگی کوێت دەرفەتێک و سالانێکی زۆری دەستەبەربو بەڵام پێچەوانەی یاسای کار و کاردانەوە فەرمانڕەواییەکی زانستی بۆ خۆی نەبو، لەگەڵ ئەوەی بەھیچ شێوازێکیش مایەی سەرئێشە و دەردی سەری نەبو بۆ وڵاتانی دراوسێی بگرە ھۆکار و ھاوکاری سەقامگیری ناوچەکەش بو.


بەھەر پێوەرێک پێوانەی بکەین ئەم قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستانە چەندین نەخۆشی درێژ خایەن و دڵ ئێَشە و بەداخەوە ئیستیکماتیزم (دوربینی چاو) ی ھەیە و ڕوداوە  دورەکان نابینێ یان تەڵخ و تیکەڵپێکەڵَ دەیانبینێ و سود لە ڕابردوی وەرناگرێت و کاتێک دۆستێکیش پێی دەڵیت پێویستە چاویکە لە چاو بکەی بۆ ئەوەی زیاتر ھێزی بینین لە دەست نەدەیت بێ ئەندێشەیە و بەگوێی ناکات  ئەمەش خودی کارەساتەکەیە.
 بەڵام لە ھەمو بارێکدا لەبەر ئەوەی ئەم  قەوارە و حکومەتە بەرھەمی ڕەنجی ھەزاران ساڵی مێژووی نەتەوەیەکە ئەوا خەڵکانی خاوەن ھەست و سۆز ناتوانن و دەستییان تێی ناچێت کۆرپە نەخۆشەکەیان بەدەستی خۆیان بخنکێنن ، ھیچ گەل و نەتەوەیەکی زیندو حکومەتی خۆی لەناو نابات لەکاتێکدا مەترسییە دەرەکییەکان لەزیاد بونابێت چونکە گرەنتی مانەوەی خۆیان ناکرێت.


وەڵامێکی سادە بۆ پرسیارێکی قوڵ: "ئەو دایک و باوکەی کۆرپەی خۆیان لەناو بەرن بە ھۆکاری نەخۆشی و ناساغی ھیچ ئومێدێکی باشە چاوەڕوانی داھاتویان ناکات بەڵکو پێویستە بەدوای ھەتوانی دەردەکەیدا بگەڕێن و پشودرێژبن لەگەڵ ئازارەکانیدا ئەوجا پێیان دەوترێت دلسۆز. 

پاریزەرو ماستەر لە یاسای نیودەولەتی.
بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندی لە ناوەندی چاوی کورد. 


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:02:53:07/11/2018



ئه‌م بابه‌ته 654 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر