نەخشەکەی دەستی حەسەن نەسروڵڵاو پێشهاتەکان

حسێن نه‌جمه‌دین
به‌رپرسی دۆسیه‌ی میدیای فارسی له‌چاوی كورد
لەکاتی کشانەوەی ترامپ لەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، لێکۆڵەران و شرۆڤەکاران بۆ سیناریۆکان چەندین بژاردەو ئەگەریان دانا، کەڕەنگە ئەمریکا دەستیان بداتێ، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی ئەمریکا گەورەترین ھێزی سەربازی و ئابوری جیھانە و لەتوانایدایە وڵاتانی کەنداو، ئیسرائیل، لەدژی ئێران کۆبکاتەوەو ھەوساری گۆڕانکارییەکان بەتەواوی دەکەوێتە دەستی ئەمریکاوە .

بەتێپەڕ بونی کات و بەشێوەیەکی زیندوو و خێرا، بینیمان سزا توندەکانی ئەمریکا گەڕانەوە سەر ئێران و بەدوایدا ئەمریکا ھێزی دەریایی نارد، چەندین کەشتی جەنگی و فڕۆکە ھەڵگری ناردە کەنداو، وێنەی چۆنێتی شێوازی گورزە سەربازییەکانی کێشا کە ئەگەر ئێران بەرژەوەندی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی بخاتە مەترسیەوە.

واشنتۆن سیاسەتێکی توندو گرژی گرتە بەر بۆ درووستکردنی ھاوکێشەیەک ئێرانی تێدا گۆشەگیر بکات و لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی دایبڕێت، ڕێگای وشککردنی تەواوی سەرچاوە داراییەکانی گرتە بەر، بەتەریب بوون لەگەڵ ھەوڵەکانیدا، ئەمریکا دەیویست بازاڕی نەوت و بازرگانی کەنداو جێگیر بێت و، گەمارۆکانی سەر ئێرانیش بکاتە گەمارۆیەکی نێودەوڵەتی، سۆزی ئەورووپییەکانیش لەبەرانبەر ئێراندا لاواز بێت، دوخەکە بگەڕێنێتەوە بۆ پێش ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥.

ئێران ڕووبەڕووی ئەو سیناریۆیانە بووەوە، پاش ساڵێک لەکشانەوەی ئەمریکا ئێرانییەکان پابەندبوونیان بەڕێککەوتنەکەوە لاوازکرد، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی لەسەر جێگیرنەبوونی بازاڕی نەوت درووست بوو، بەتێپەڕبوونی زیاتری کات ئێران لەپێگەی ئەتۆمیدا چەندین ھێندەی پێش ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بەھێزتر دەبێت.

ئەمریکییەکان لەجوڵانی ئەو کارتانەدا ناچاربوون بەپاشەکشێ تاکتیکی ئەگەر ستراتیژیش نەبووبێت، شکستیان ھێنا لەوەی ئێران پەلکێشی جەنگ بکەن، بەچاوپۆشی کردنیان لەخستنەخوارەوەی گران بەھاترین و پێشکەووتوترین بێ فڕۆکەوانیان لەتەواوی جیھاندا.

ئەمریکییەکان تەنانەت بەریتانیاشیان وەک کارتی فشار بەکارھێنا بۆ شەڕی ڕاگەیاندن و دەروونی بەدرووستکردنی سیناریۆیەک گوایە ئێرانییەکان ھەوڵیانداوە دەست بگرن بەسەر کەشتیەکی نەوت ھەڵگری بەریتانیا لەئاوەکانی کەنداودا، بەڵام ھەوڵەکەیان پوچەڵ کراوەتەوە، ئەم کردارەش وای نیشاندا ڕێڕەوی نەوتی بەریتانیەکانیش دەکەونە دۆخێکی مەترسیدارەوە، لەو پێناوەشدا ئەمریکییەکان ڕایانگەیاند ناوچەکە دەخوازێت بەرەیەکی سەربازی بۆ پارێزگاری کردن لەڕێڕەوی ئاوی پێک بھێنرێت، بەڵام ھەر زوو سوپای پاسداران لەڕاگەیاندراوێکدا ئەو ھەواڵەیان بەدرۆخستەوەو ڕایانگەیاند ھەرچەند بەریتانییەکان بەشێوەیەکی نایاسایی و بەفەرمانی ئەمریکا کەشتیەکی نەوت ھەڵگری ئێرانیان لەتەنگەی جەبەل تارق دەست بەسەر کردووە، بەڵام ئەمان ھێشتا بڕیاری دەست بەسەراگرتنی کەشتی بەریتانیایان دەرنەکردووە، بواریان بۆ دیبلۆماسیەت ھێشتۆتەوە تائەو کێشەیە یەکلایی بکرێتەوە، لەڕاگەیاندنەکەی سوپای پاسداراندا ھاتبوو گەر ئێران بیەوێت لەھەر کات و ساتێکدا، دەتوانێت وەڵامی کەمەر شکێنی ھەبێت بۆ بەریتانیاو سەرلەبەری سیناریۆکانی ئەمریکای بەدرۆ خستەوە.

بەدوای ئەم گرژیانەدا کاریزمای بەرچاوی لوبنان دەرکەوت، باڵی ڕاستی ئێران کەوتە جوڵە، حەسەن نەسروڵڵا بەھۆی تێپەڕبوونی سیانزەساڵ بەسەر جەنگی تەموزی ٢٠٠٦ و ساڵیادی ئەو ڕۆژە، لەلێدوانێکی دوورو درێژدا دەرکەوت.

ناوەندەکانی بڕیاری پلە باڵای ئیسرائیل ئەو ڕاستییە ناشارنەوە کە، ھێزەکانی نەسروڵڵا لەھەڵکشاندان و مەترسی گەورەن بۆ سەر ئیسرائیل، (بنی گانتس) سەرۆکی ئەرکانی سوپای پێشوتری ئیسرائیل نایشارێتەوە و دەڵێت سیاسەتەکانی نەتەنیاھۆ بوونەتەھۆی لاوازی سوپای ئیسرائیل و داتەپینی عەقیدەی ستراتیژی بەھێزی ئەو سوپایەی بن گۆریۆن دایڕشتبوو لەسەر بنەمای یەکلاکردنەوەی خێراو خاپورکەر، وەک ساڵانی پێشوو، وەک شەڕی شەش ڕۆژەی عەرەب ئیسرائیل و تێکشکاندنی عەرەب، 
ئاشکرایە ئێستا شەڕی لەوجۆرە بوونەتە مێژوو لای ئەو سوپایە.

لەلێدوانی سەرۆکی پێشووی ھەواڵگری سەربازی ئیسرائیل(ئھارون زئیفی فرکاش) دا ھاتووە، سوپاکەمان توانای ڕووبەڕووبونەوەی نەماوەو لەدۆخێکی تەواوی شڵەژاندایەو لەتوانایدا نەبوو مەترسییەکانی سەر کەرتی غەززە کەم بکاتەوە، بەتەواوەتی دەستەوسانە لەبەرانبەر ھەر ھێرشێکی حیزبوڵڵادا.

زیادەڕەوی ناکرێت کاتێک بوترێت حەسەن نەسروڵڵای سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنانی تاکە سەرکردەیەکی عەرەبە کەلێدوانێکی تەریبی بەرانبەر ناوخۆو دەرەوەی وڵاتەکەی داوە لەمەڕ گرژیەکانی ناوچەکەو، بێ ترس تیشکی خستەسەر ناکۆکییە جومگەییەکانی ھەر لە ئەلفی گۆڕانکاریەکان تا دوا پیتی ئەبجەدیاتی سیاسەت.

لێدوانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی پێشوی لەکەناڵی ئەلمەنار جەخت لەسەر ئەو بابەتە دەکەنەوە، قسەکانیشی بەس بوون بۆ ئەندازەگیری و پڕگاڵکردنی زۆربەی ھاوکێشەو ئاڕاستەو جموجوڵە سەربازیەکان، ئەمجارەیان بۆنەی ساڵیادی تەموزی قۆستەوەو مافی بەخۆی دا بۆ ھەر پێشھات و ئامادە کارییەک، لەو لێدوانەدا بەپێویستی زانی بیسەلمێنێت لەجاران پێداگرترو خۆڕاگرترە لەبەرانبەر ئیسرائیلدا، جەختی کردەوە بەرەی بەرگری لەجاران بەھێزترە بۆ ئەوەی دڵنیایی بداتە لایەنگرانی لەناوخۆی لوبنان و چۆن لەسەرەتای درووست بونیەوە بەورەو جۆش و خرۆش بوون، ھەر لەجەنگە ناوخۆییەکانی لوبنان و ناچارکردنی ئیسرائیل بەپاشەکشێی ٢٠٠٠ و جەنگی تەموزی٢٠٠٦ و تەنانەت جەنگەکانی نێوخۆی سوریا ئازاترو بوێرانەتری کردوون.

لەپێگەی بەھێزی بەرگرییەوە نەخشەی جۆری پێکدادانەکانی داھاتووی بەپێنوسی خۆیان داڕشتوە، ئەو پێکدادانانەی لەسنوری جوگرافیای لوبناندا ناوەستێت و بەڵکو بیرۆکەی خاپورکردنی ئیسرائیلی لەنەخشەکەی دەستیدا کێشابوو، لەو چاوپێکەوتنەدا وتی، ھەموو سەرزەوییەکانی ئیسرائیل لەژێر چاودێری وردی ئێمەدان، پێکدادانەکانی ئەمجارە بەموشەک بارانەوە ناوەستێت، بەڵکو بێ فڕۆکەوانیشی تێدایە، نیازی چوونەناو قوڵایی ئیسرائیلمان ھەیەو گرتنی شاری جەلیل حەتمیە.

تەنانەت گەر بگەڕێینەوە بۆساڵانی پێشوو یان ساڵێک پێش ئێستا، ئیسرائیل ھیوای وابوو وڵاتی سوریا دەڕوخێت و بەدوایدا حیزبوڵڵایش ھەرەس دێنێت، بەڵام لەپاش ھەرەسی چەکدارەکانی نێوان سوریاو ئیسرائیل و گواستنەوەیان بۆ ئیدلب ئەو ھیوایەش نەماو دۆخەکە گەڕایەوە بۆ دۆخی ساڵی ٢٠٠٦ و ئیسرائیل ئەو کارت و فشارانەی لەدەست دا.

جاران ھەربارگرژییەک درووست بووایە لەنێوان حیزبوڵڵاو ئیسرائیل یان غەززەو ئیسرائیل پێی دەوترا پەلامارەکانی ئیسرائیل، بەڵام ئێستا قۆناغەکە بەتەواوی گۆڕاوە گرژییەکان پێی دەوترێت جەنگ و پێکدادان.

گەر لەساڵی ٢٠٠٦ قۆناغەکە پێی نابوبێتە نێوان شەڕو پێکدادان کەحیزبوڵڵا تا ئەندازەیەک چەکەکانی سەرەتایی بوون، بەڵام ئەمڕۆ لەسەر زمانی زۆربەی بەرپرسە سەربازییەکانی ئیسرائیل خۆیانەوەـ دەردەکەوێت دەستەواژەی پەلامار گۆڕاوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی نێوان دوو سوپا یان دوو وڵات، لەڕاپۆرتەکەی (فینۆگراد) یشدا ئەو ھەرەسە دانی پێدانراوە.

ئەگەر لەجەنگە پێشوەکاندا ئیسرائیل لاواز بوبێت لەڕووی سەربازییەوە، ئەمڕۆ ھاوکێشەکان بەپلەی ٣٨٠ پلە گۆڕانکاریان بەسەردا ھاتووە، چونکە ئیسرائیلیەکان لایان ڕوونە ژێرخانی موشەکی زیرەک و جۆرەکانی تری موشەک ئێستا لەدەستی حیزبوڵڵادایە بەدەر لەبێ فڕۆکەوانی جۆراوجۆر، تەنانەت ئەندامەکانی حیزبوڵڵا مانۆڕی زیندوویان بەدرێژایی شەڕگەکانی سوریا کردوەو توانای مناوەرەیان زیاتر بوەو ئەزمونێکی زۆری شەڕیان پەیدا کردووە.

حەسەن نەسروڵڵا لەو پەیامە دوورو درێژەدا پەیامێکی گرنگی دا بەڕۆژئاواییەکان، لێدوانەکەش لەدوای بڕیارەکەی بەریتانیاوە ھات کەبەنیاز بوو ھێز ڕەوانەی ناوچەی کەنداو بکات، ھەموو ھەوڵێکی ئەمریکاو ڕۆژئاوایش پاراستنی ئیسرائیلە لەناوچەکەدا، ئەو وتارانە گەر لەڕووی ڕاگەیاندنیشەوە بێ گۆڕانکاری درووست کرد لەخیتابی ڕۆژئاوادا، بەریتانییەکان وتیان ڕەوانەکردنی ھێز بۆ ناوچەکە لەم قۆناغەدا پێویستی نییەو شوێن گۆڕکێی کەشتییە جەنگییەکان ڕۆتینین.

ئاشکرایە بەرواری قسەکانی ئەمجارەی نەسروڵڵا لەگەڵ گرژییەکانی ناوچەکە بەڕێکەوت نەبووە، نەسروڵڵا لەلێدوانەکانیدا نەک وتی ئامادەین، بەڵکو زمانێکی زبرتری بەکارھێنا وتی، گومانی تێدا نییە ئێمە باڵێکی سەرەکی ھەر شەڕێکین و ھەر وڵاتێک بەشداری شەڕ بێت لەگەڵ ئێران بێ گومان ئاگری جەنگی دەگاتێ، بەتایبەتی ئیسرائیل پشکی شێری بەر دەکەوێت.

لەلێدوانەکانیشیا ئاماژەی بەخاڵێک کرد و وتی، زۆربەی ھێزەکانمان لەسوریا کشاندۆتەوە، چونکە مەترسی سەر سوریا کەم بۆتەوە، ئەگەر پێویستیش بکاو مەترسی دروست بێتەوە بەخێرایی دەگەڕێینەوە، لەزمانی دیبلۆماسیدا ئەم قسەیە دەکرێت خوێندنەوەی ئەوەی بۆ بکرێت لەپشتی پەردەوە کەلەپێشنیارەکەی فەرەنسادا ھاتووە، ئێران و حیزبوڵڵا کەمێک لەھەژمونیان کەم بکەنەوە تابتوانرێت ڕێککەوتنێکی مام ناوەند بۆ گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران دابنرێت، لەپێشنیارەکەی فەرەنسادا ھاتووە، ئێران گرەنتی بدات مەترسی دروست نەبێت بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق.

بەسەرنجدان لەدۆخی یەمەن و ھەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەست، دەتوانین بڵێین ڕەنگە لەژێرەوە جوڵەکان بەئاڕاستەی ھێوری و چارەسەردا ھەنگاوی ناوە، چونکە ئیماراتییەکان ھێزەکانی لەیەمەن کشاندۆتەوەو و دەڵێت پشتیوانی لەئاشتی دەکەین، لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا سعودییەکان وتیان ئێمەیش پاڵپشتی ڕێگا چارەی ئاشتی دەکەین.

گەر سەرنجی ھەنگاوەکانی ئەورووپاش بدەین لەپاش ھەڕەشەکانی حیزبوڵڵا دوای گەڕانەوەیان کردووە بۆ گفتوگۆ، کار لەسەر ئەو ئەرک و بەڵێنانە بکەن کەلەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا ھاتووە، بەمەرجێک ئێرانیش پابەندبێ بەڕێککەوتنەکەوە.

ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا دیراسەیەکی دوورو درێژی بۆ ھەڵوێستەکان کرد، کورتەی دیراسەکەیشیان وایە ھەموشرۆڤەو ئەگەرو سیناریۆکان لەبەردەم ئەمریکادا تەنھا دوو بژاردەیە، یان شەڕ یان گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە، چونکە ئێران دەبێتە ھێزێکی ئەتۆمی و بازاڕەکانی نەوتیش شڵەژان ڕووی تێ دەکات.

بۆ دوورکەوتنەوەش لەم دوو بژاردە سەختە، لەوانەیە ئەمریکا ڕێگەیەکی بۆ ئەورووپییەکان دانابێت کەئێرانی پێ قایل بکرێت و ڕێگایەکیش بدۆزرێتەوە بۆ ئەو زۆنگاوەی تەواوی زلھێزەکان و ئەمریکای تێ کەوتووە.

بەڵام لێدوانەکانی ئەم دواییەی ڕابەری ئێران شرۆڤەکانی پێجەوانە کردەوە، چونکە وتی نابێت ئێران بێ دەنگ بێت لەبەرانبەر کەشتییە نەوت ھەڵگرەکە، واتە ھەڕەشەیەکی گەورە، بەریتانییەکان لەپاش ھەڕەشەکانی نەسروڵڵا ئاماژەیەکیان دا بەئازادکردنی کەشتییەکەی ئێران، 
ڕەنگە گفتوگۆکانی پشتی پەردە کاری خۆی نەکردبێت، ڕابەری ئێران وتی پابەندبوون بەڕێککەوتنەوە بەستراوە بەپابەندبوونی ئەورووپییەکانەوە، ئەوان لەیانزەخاڵی ڕێککەوتنەکەیان یەک خاڵیان جێبەجێ نەکردووەـ داوایش لەئێمە دەکەن پابەند بین؟ خەیاڵیان خاوە. حەسەن نەسروڵڵا وتی، کۆشنێرو نەتەنیاھۆ بەمرەکەب ھێڵەکانی ئاسایی بونەوەی عەرەب ئیسرائیل بۆ سەودای سەدە دەنوسنەوەو خەت کوژێنەوەکانی ئێمەش کاری خۆی دەکاتو من بەش بەحاڵی خۆم لەوباوەڕەدام بەرەی نەیارمان توانای بڕیاردانی جەنگیان نییە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:11:10:19/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر