بەریتانیا لەنێوان ئەورووپا ئەمریکا

حسێن نه‌جمه‌دین
به‌رپرسی دۆسیه‌ی میدیای فارسی له‌چاوی كورد
ڕیشەی ھەنگاوەکان و سەنگەرگرتنی ئەم دواییانەی بەریتانیا لەبەرانبەر ئێراندا لەدوو ھۆکارەوە سەرچاوەیان گرتووە:

یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ ململانێکانی نێو پارتی پارێزگاران کەھەرکام لەکاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ھەڵبژێردرێن پێویستیان بەپشتیوانی زیاتری ئەمریکا ھەیە، لەم ھەلومەرجەشدا دۆخێکی لەبار درووست بووە بۆ ئەوەی بەریتانیا شوێن ئەمریکا بکەوێت.

ئێستا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا (جیرمی ھانت)، و وەزیری دەرەوەی پێشوتری، بەشێوەیەکی چڕو پڕ لەململانێی سەختدان بۆ بەدەست ھێنانی پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆکایەتی پارتی پارێزگاران.

لەگەشتەکەی ئەم دواییەی ترامپ بۆ بەریتانیا پشتگیریەکی ڕووکەشانەی لە(بۆریس جانسۆن) کرد، ھەر ئەو ھۆکارەش پاڵی بە(جیرمی ھانت)ەوە نا تا زیاتر خۆی لەئەمریکا نزیک بکاتەوەو شوێن سیاسەتەکانی ئەمریکا بکەوێت.

دووەمین ھۆکار دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر ئاڵۆزبوونی کێشەکانی بەریتانیا لەمەڕ برێگزێت (دەرچونی لەیەکێتی ئەورووپا)، چونکە ئێستا ھەر سەرۆک وەزیرێک دەست بەکاربێت، پێویستە بەرنامەیەکی تۆکمە تری پێ بێت، تا لەو کێشە گەورەیە بێتە دەرەوە.

بەدەرچونی بەریتانیا لەیەکێتی ئەورووپا تا ئەندازەیەکی زۆر بۆشاییەکی سیاسی و ئابوری بۆ بەریتانیا دروست دەبێت، لەوپێناوەشدا بەریتانییەکان ناچارن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، بەدوای ھاوپەیمانێکی بەھێزی وەکو ئەمریکا بگەڕێن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان.

بەھەند وەرنەگرتنی تەواو بوونی ئەو ماوەیەی ئێران بۆ ئەورووپای دانابوو لەمەڕ کەمکردنەوەی پابەند بوونی بەڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەوەو کەناڵی ئینستێکس، دەست بەسەراگرتنی کەشتی نەوت ھەڵگری ئێران لەکەنداوی (جەبەل تارق) لەلایەن بەریتانییەکانەوە، دوو بەڵگەی گەورەی ئاشکرای ترن بۆ ئەوەی بەریتانیا زیاتر خۆی لەئەمریکا نزیک بکاتەوە.

ئێستا بەریتانیا لەسەرتەنافێکی باریک یاری دەکات، چونکە بەشوێن پەیڕەوی کردنە لەسیاسەتێکی بەھێز، کە نەئەمریکای لەکیس بچێت و نەدەستبەرداری تەواوی یەکێتی ئەورووپا بێت، بەتایبەتی پێویستییەکی زۆریشی بەئەڵمانیاو فەرەنسا ھەیە لەم کاتەدا.

پێش ئەوەی (تیریزا مای) دەست لەکاربکێشێتەوە، بەریتانیا شان بەشانی ئەڵمانیاو فەرەنسا پشتیوانی دەکرد لەزیندوو ڕاگرتنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان لەگەڵ ئێران، بەڵام ئێستا ھەلومەرج و بارودۆخەکە گۆڕاوەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەریتانیا کەوتۆتە شوێن سیاسەتەکانی ئەمریکاوە.

گومانی تێدا نییە بەریتانییەکان درێژە بەم سیاسەتە دەدەن تا ئەو ڕۆژەی بەفەرمى لەیەکێتی ئەورووپا دەکشێنەوە، بەکشانەوەشیان لەیەکێتی ئەورووپا بەتەواوی دەچنە سەنگەری ئەمریکاوە . 

کەواتە جوڵەو سەنگەرگرتنی بەریتانیاو ڕەفتارەکانی چاوەڕوان کراو بوون، جێگای سەرسوڕمان نەبوون، چونکە بەکۆی گشتی سیاسەتێکی سەربەخۆمان لەبەریتانیا نەدیوە بەدرێژایی کێشەکانی عێراق، سوریا، لوبنان، فەلەستین، یەمەن.

بەدەر لەوانەی باسکران ئێستا ئەورووپا لەگۆڕانکاریدایە بەھۆی ھەڵبژاردنەکانەوە، ئێستا وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا وەک بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەورووپا ھەڵبژێردراوە، ئەم کەسەو وڵاتەکەیشی بەیەکێک لەپارێزەرانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە دادەنرێت لەگەڵ ئەڵمانیاو فەرەنسادا. 

حکومەتی ئیسپانیا لەپاش دەست بەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتییەکەی ئێران لەلایەن بەریتانیەکانەوە ڕایگەیاند، بەریتانییەکان ئەوکارەیان لەئاوەکانی ھەرێمایەتی ئیسپانیا ئەنجام داوەو بەفەرمانی ئەمریکایش ئەو ھەنگاوەی ناوە، ئەم لێدوانەش سەلمێنەری ئەوەن بەریتانییەکان شوێنکەوتەی سیاسەتەکانی ئەمریکان، ئیسپانیا بەوەشەوە نەوەستا ڕایگەیاند ئەم ھەڵوێستە وەک سکاڵایەک بەرز دەکاتەوە، (لەپاش جەنگی جیھانی دووەمەوە، بەریتانیاو ئیسپانیا لەسەر جەبەل تارق ناکۆکن) .

پاش ئەوەی ئەمریکا لەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە کشایەوە، ئێران پابەندبوونی خۆی بەڕێککەوتنەکە ھێشتەوە لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپادا، ئەورووپیەکانیش بەڵێنی ڕێکارێکیان دایە ئێرانییەکان لەژێر ناوی (ئینستێکس) بەڵکو لەو ڕێگەیەوە بتوانن کەناڵێکی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی سزا ئابوریەکانی ئەمریکا.

پاش ئەوەی گەمارۆ گورچک بڕەکانی ئەمریکا گەڕایەوە سەر ئێران و ساڵێکیش تێپەڕی بەسەر گەمارۆکاندا، ئێرانییەکان ھیچ ھەنگاوێکیان لەئەورووپیەکان نەبینی، ئێرانییەکان ماوەی شەست ڕۆژیان دایە ئەورووپیەکان تا ھەنگاوێک بنێن بۆ پارێزگاری لەڕێککەوتنەکە.

دوێنێ (٧ ى تەموز) کۆتایی شەست ڕۆژەکە بوو، ئێرانییەکان ڕایانگەیاند پابەند بوونیان بەڕێککەوتنەکەوە سوک دەکەن و دەست بەپیتاندنی یۆرانیۆم دەکەنەوە لەئاستی نزمدا و وێستگەی ئاراک وەک خۆی دەھێڵنەوە.

لەکاردانەوەکاندا بەریتانییەکان زمانێکی زبر و تیژیان بەرانبەر بەئێرانییەکان بەکارھێناو وتیان ئێران ڕێککەوتنەکەی پێشێل کردوەو دەبێت بەپەلە بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنەکە، تەنانەت دەربڕینی واژەکان لەدەربڕینی ئەمریکییەکان تیژتر بوون، ئەمەش بەھۆکارێکی تری شوێن ئەمریکا کەوتن دێتە ھەژمار.

یەکێتی ئەورووپا، بەنیگەرانیەوە وەڵامی ھەنگاوەکەی ئێرانی دایەوە. 
ئێرانیەکان ھەر وەک چۆن ڕێککەوتنەکەیان ھەنگاو بەھەنگاو گرتە بەر، پابەندبونیشیان بەڕێککەوتنەکەوە ھەنگاو بەھەنگاو دەگرنە بەر، تەنانەت بەجۆرێکیش بانگھێشتی ئەمریکایان کردووە بەمەرجێ گەمارۆکان ھەڵبگیرێن، لەھەنگاوەکەی ئێراندا ماوەی شەست ڕۆژی تر دراوە بەئەورووپییەکان بۆ چاوخشاندنەوە بە بەڵێنەکانیان، ئێرانییەکان بەڕاشکاوی و بەڕوونی دەڵێن گەر ئەوروپیەکان پابەندی بەڵێنەکانیان نەبن ئێران لەبڕیارەکانی دەکشێتەوە.

بەھۆی بەھێزی سەربازی و ئابوری ئەمریکاوە بەسەر کۆی کایە سیاسییە جومگەییەکانی جیھاندا، ئاشکراو ڕوونە ئەورووپییەکان بێ ئەمریکا توانای بڕیاردانیان نییە، ئەم بێ تواناییە لەبڕیاردانی ئەورووپا لەپاش پڕۆژەکەی مارشاڵەوە درێژەی ھەیە تائەمڕۆ، ئێرانییەکانیش ئەو ڕاستیە دەزانن ئەورووپیەکان قەبارەی بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەمریکا زیاترە تائێران.

بەکۆی گشتی ئێرانییەکان دەزانن ڕۆژئاواییەکان یەک یاری دەکەن، بەھەندێکیان ئێرانیان کۆت و بەند بکەن و ئەمریکایش بەگەمارۆ زیاتر باری سەرشانیان قورس دەکەن.

ھەمو داتاو پێدراوەکان نیشانی دەدەن ئێران بواری بۆ دیبلۆماسی ھێشتۆتەوە، 
ئایا ئەورووپییەکان توانای کردنەوەی کەناڵی بازرگانیان ھەیە لەگەڵ ئێران؟ ئایا دەتوانن سەرپێچی بڕیارەکانی ئەمریکا بکەن؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە پێویستە چاوەڕوانی ھەنگاوەکانی تری ئێران بین پاش تەواو بونی ماوەی شەست ڕۆژیەکەی تر کەداویەتی بە ئەورووپییەکان، بۆ بەرچاوڕوونی ھەڵوێستی ئێران لەپاش دەستەوسان بوونی ئەورووپییەکان پاش تەواو بونی ماوەکە، دەست دەکەنەوە بەپیتاندنی یۆرانیۆم، ھەموو ھەوڵەکان دەگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.

کەواتە گەر ئەورووپییەکان لەتوانایاندا نەبوو بەدەم داواکانی ئێرانەوە بچن، گەمارۆی ئەورووپییەکانیش دەچێتە پاڵ گەمارۆکانی ئەمریکاوە، بۆ ئێرانییەکان ئەو گەمارۆیانە گرنگیان نابێت، چونکە ئێستاش ئەورووپییەکان بچوکترین ھەنگاویان نەناوە. 

ئەمریکا بەھەڵدانی قولاپ، قۆناغی جەنگی تاقیکردەوە، کرمی قولاپەکە خوراو ماسیەکە پێوە نەبوو، خستنەخوارەوەی پێشکەوتوترین فڕۆکەی سیخوڕی، لەھەموو لێدوانەکانی ئێران و ئەمریکایشدا ھاتووە، ھیچ لایەکیان جەنگیان ناوێت، کەواتە بارودۆخ دەگەڕێتەوە بۆ توندترکردنی گەمارۆکان، ئەمجارەیان ئێران لەقۆناغی پێش ڕێککەوتنەکە تا ئەندازەیەک دەس کراوەترە، چونکە بڕیاری گەمارۆکان لەژێر بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشدا نین، دۆخی ھەرێمایەتی ئێرانیش لەھەڵکشاندایە، پێش ڕێککەوتنەکە لەسەدا نەوەدی سوریا بەدەست ئۆپۆزسیۆنەوە بوو، ئەمڕۆ دۆخی سوریا، بەھێزی حوسییەکان کارتێکی بەھێزی ھەر ڕێککەوتنێک یان لێک گەیشتنێکی نێوان ئێران و ڕۆژئاوایە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:03:43:08/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 330 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر