ترامپ دیاردەیەکى تێپەڕە یان هەڵقوڵاوى ناخى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایە!

حسێن نه‌جمه‌دین
به‌رپرسی دۆسیه‌ی میدیای فارسی له‌چاوی كورد

"فرانسیس فۆکۆیاما" ى بیرمەندى ناودارى ئەمریکى دەڵێت: ترامپ دیاردەیەکی تێپەڕە وتایبەتییە، نوێنەری کۆمەڵگای ئەمریکا ناکات.

 

ساڵانێکی زۆرە، سەرنجی سیاسەتەکانی ئەمریکاو پەیوەندییەکانیان دەدەم. زۆربەی شرۆڤەو لێکۆڵینەوەکان، مێزگردییەکانی تایبەت بە سیاسەتی ئەمریکام بینیوە، بە وەشەوە نەوەستاوم، چاوم خشاندۆتەوە بە سیاسەتی پێشوتری ئەمریکا، واتە سەرکردە پێشوترەکانی ئەو وڵاتە. ئەوەم بۆ دەرکەوتووە کەسەرکردە هەڵبژێردراوەکانی ئەمریکا هەموویان ڕەنگدانەوە یان هەڵقوڵاوی خواستی گەلانی ئەمریکان.

 

هەریەکەیان ڕۆڵێکیان گێڕاوە بەپێی سیاسەتی پێش داڕێژراو بۆیان، هەموو ئەو سەرکردانە بەپێچەوانەی خواستە دیموکراتییەکەیان، مامەڵەیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا کردووە.

 

بۆ دەرخستنی زانیاری زیاتری تایبەت بەسەرکردەکانی ئەو وڵاتە، تا ئەمڕۆ بە پێویستی دەزانم چاوێک بخشێنینەوە بە مێژووەکانیاندا، ئەویش چەند ڕەوت و میکانیزم و ستراتیژیەکن کە ئەمانەن :

 

‌‌یەکەم: ستراتیژی ماڵئاوایی واشنتۆن لە داڕشتنی همیڵتۆن ساڵی١٧٩٦.

 

دووەم: ستراتیژی دابڕان لە داڕشتنی مونروئە لە ساڵی ١٨٢٣ لە سەردەمی سەرۆکایەتی مونروئە.

 

سێیەم: ستراتیژی چارەنووسی بێ قەیدوبەند، لە داڕشتنی جان سۆلیڤان ساڵی١٨٣٩، لە سەردەمی سەرۆکایەتی مارتین .

 

چوارەم: ستراتیژی دەرگا کراوەکان، لە داڕشتنی جانهی ساڵی ١٩٠٠، لە سەردەمی سەرۆکایەتی ڕۆزڤێڵتی یەکەم .

 

پێنجەم: ستراتیژی هاوسەنگ کردنی ئەوبەر دەریاکان، لە داڕشتنی وێڵسۆن لە ساڵی١٩١٧، لە کاتی سەرۆکایەتی تۆماس ویڵسۆن .

 

شەشەم: ستراتیژی سنوردارکردنی هەژمون، لە داڕشتنی جۆرج، ئێف، کنان، لە ژێر ناوی خوازراوی " X" لە ساڵی ١٩٤٧، سەردەمی سەرۆکایەتی ترومان .

 

حەوتەم: ستراتیژی ئازادسازی، لەداڕشتنی جیمس برنهایم، لەسەردەمی سەرۆکایەتی ڕێگن .

 

هەشتەم: ستراتیژی دەست پێشخەری، لە داڕشتنی ئسکات فرانک، لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆرج بۆش ٢٠٠٥،کە لە فیلمی کەمینەی ئسپلبرگ وەرگیراوە .

 

نۆیەم: ستراتیژی هێزی زیرەکانەی ئەمریکییەکان، لە داڕشتنی جۆزیف نای لە ساڵی ٢٠٠٦، سەردەمی ئۆباما .

 

دەیەم: ستراتیژی ئەکتەری شێت، لە داڕشتنی هێنری کیسنجەر، کە ئەمەیان لە ساڵی ٢٠١١ دا داڕێژراو لە سەردەمی ترامپدا خرایە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، ئەوەش بە تێکەڵ کردنی دیدگای "کەی کۆڵز جیمز"ی سەرۆکی دامەزراوەی "هێریتیج" بە مەبەستی ڕابەرایەتی کردنی جیهان لەلایەن ئەمریکاوە .

 

بەدواداچونی تێزی ئەم بیردۆزو نەخشەو تێۆریانە، کە کاریگەریەکی زۆری لە بابەتە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسی ئەمریکادا هەیە، نیشاندەری جۆرێک لە زانستیشیانە لە بەرانبەر ڕکابەرەکانیاندا لەمەڕ ڕابەرایەتی کردنی هەژمونی خۆیان وسەرخستنی ئایدۆلۆژیەکەیاندا، بەسەر تەواوی سەر جیهاندا.

 

هەرچەند تیۆرییەکانی وەک تیۆری فۆکۆیاما لە بارەی ترامپەوە باس لەوە دەکات "ترامپ دیاردەیەکی تێپەڕو تایبەتەو نوێنەرایەتی کۆمەڵگای ئەمریکا ناکات"، بەڵام من لەو باوەڕەدام ناتوانین توێژینەوە لەسەر ئەم کارە بکەین و ئەمریکا لەترامپدا کۆبکەینەوە. بەڵام دەتوانین ترامپ بخەینە سەر ئەو هێڵەی بەو ڕەوتەدا ئەڕوات کە بۆی دانراوە. چونکە ئەبێ ئەو ستراتیژیانەی باسمانکرد، هەموو سەرکردەکان بەو ڕەوتەدا ڕۆیشتوون کە بۆیان دیاریکراوە. "ترامپ"یش ٤٥هەمین سەرۆکی ئەو وڵاتەیە، گومانی تێدا نییە نابێ ترامپ لەگەڵ "جۆرج واشنتۆن" یان "تۆماس جیفرسۆن"، "لینکۆڵن" ، "کەنەدی" یان "ئۆباما" بە یەک پێوەر بپێورێن. هەریەکەیان ڕۆڵێکیان گێڕاوەو "ترامپ"یش ئەڵقەیەکی زنجیرەییە، لە زنجیرەی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە هەموویان کاریان بۆ ئەوە کردووە ئەمریکا بگەیەننە لوتکە .

 

بەتاوتوێ کردنی ڕەوتی جوڵەو گۆڕانکاریەکانیان، بۆت دەردەکەوێت، بەهاتنی هەرکامیان بۆ سەر دەسەڵات، بەمیکانیزمێکی دیاری کراوەوە هاتوون. هەرکامیان جومگەیەکی ستونی، دەسەڵاتی ئەمریکایان دروست کردووە، بە ئامانجێکی زیرەکانە، لە پێناو سەرخستنی هەژمونی ئەمریکا .

 

ترامپ ئەکتەرێکە، ڕۆڵی ئەکتەری شێتی ناو سیناریۆکەی کیسنجەر ئەگێڕێ. دروشمەکانی دامەزراوەی هێریتیچ و سەرۆکەکەی "کی کۆڵز جیمز"، دەکاتە کردار. کە ئەویش ویستی وایە ئەمریکا ببێتە ڕابەری جیهان، بەلوتێکی بەرزەوە، وەک پەیمان کارێک، بە دوای مەمەڵەی گەورەوەیە. هەر ڕۆژێ وڵاتێک سزا دەدات، یان دادەدۆشێ، لە پێناو ئابوریەکی گەورە بۆ ئەمریکا .

 

گەرگەشتینە ئەو باوەڕەی سەر زەوی ئەمریکاو جوگرافیاکەی، بنچینەی سەرەکی لیبراڵ دیمۆکراسی بێت. ئەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرین، ترامپ، لەگەڵ تیۆرییەکەی فۆکۆیاما"کۆتایی مێژوو"، پەیوەندییەکی تۆکمەیان هەیە وەک کاراکتەرێکی سیاسی ئەمەریکى، فۆکۆیاما لە ساڵی ١٩٩٢ دا، کتێبێکی دەرکرد بەناوی "کۆتایی مێژوو، دوایەمین مرۆڤ" .

 

لەو کتێبەدا لەبارەی مۆدێرنیتەوە ڕای خۆی دەربڕیوە. فۆکۆیاما دەڵێ کۆتایی مێژوو ڕەنگە دڵتەزێن بێ، جەنگ لەسەر شوناس، پەیوەندی وخۆشەویستی، قایلبوون وناقایلبوون لەسەر شتەکان بێت، لەوانەیە مەترسیداریش بێ لەسەر پاراستنی مێژووی مرۆڤایەتی. کۆمەڵێ لە تیۆرییەکانیشی هاوکات بووە لەگەڵ کۆتایی جەنگی سارد، لەسەر کێبرکێى داسەپاندنی ئایدۆلۆژییەکان کە کۆتاییان هاتووە.

 

لە پاش تەواوبوونی  جەنگی ساردیش، کۆمەڵگاکان بە گشتی بەرەو دیموکراسی لیبراڵ ڕێگایان گرتۆتەبەر، واتەبەرەو ئابوری ئازادو سیستەمی دیموکراسی کۆمەڵایەتی"بازاڕی ئازاد لەتیۆری" لیبڕاڵدایە. دیمۆکراسی لیبراڵیش، بە دوایەمین سیستەمی فەرمانڕەوایی جیهان دێتە هەژمار، هەر ئەو سیستەمەش بەکۆتایی مێژوو دادەنرێ و مرۆڤایەتی هیچ ڕێگا چارەیەکی لە بەردەمدا نەماوە جگە لە خۆبەدەستەوەدانى.

 

جوڵەو ڕەوتەکانی لیبراڵیش، بەتەنها هێزی سەربازی و ئابوری نەبوو، کە سەری خست، هەروەها بووە هۆی زاڵبوونی هەژمونی ڕۆژئاوا. بەڵکو هێزی خودی بیرۆکەی دیمۆکراسی لیبراڵ و گەشەکردنی بوو. بە تێپەڕبوونی چەند دەیەی بێ وچان، نەوەستان تاکو کردی بەتاکە ئایدۆڵۆژیای زاڵی سەر گۆڕەپانی سیاسی، ( واتە هەرەسی بەسۆسیالیزم، مارکسیزم، ئەناشیزم ) هێنا.

 

ئەمڕۆ وای لێهاتووە، بەخۆشی بێ یان نا، ڕێککەوتنێک لەسەر فەرمانڕەوایی لیبراڵ دیموکراسی هاتۆتە گۆڕەپان، ڕەنگە دوا هەنگاوی ئایدۆلۆژی مرۆڤایەتیش بێ.

 

مێژوو بریتییە لە زنجیرەیەک ڕووداو، کوێرانە هەنگاوى نەناوە. بریتییە لە گشتیەک هەموو بەشەکییەکانی لە باوەش گرتووە. گشتیەکی واتاداریشە، لە ناویا بیرۆکە مرۆڤایەتییەکان لە بارەی پێکهاتەی سیاسی وەک: دەوڵەت، سنور، جوگرافیا وگەشە کۆمەڵایەتییەکان تیایدا گەشەیان کردووە.

 

گشتیەکە واتە قۆناغی: بیرۆکەو شکست، داڕمان، سەرکەوتنی مرۆڤایەتی لە سەردەمی تەوتەمییەوە تا دەگاتە ڕێسانس و قۆناغەکانی دیکەی لە خۆگرتووە. بەکورتییەکەی ئەو لیبراڵ دیموکراسییە، هەموو ئەوانەی هەڵلوشیوە، خۆی بووە بە یاریچییەکى سەرەکی.

 

ئێستا، لە قۆناغێکداین ناتوانین جیهانێکی دیکەی بەدەر لەم جیهانە بدۆزینەوە، ئەو جیهانەى کە لیبراڵ فەرمانڕەوایەتی دەکات. ئەم جیهانەش زۆربەی خواستەکانی مرۆڤایەتی تیایدا بەدی دەکرێت، هەر لەتەکنەلۆژیاوە بیگرە (گواستنەوە، پەیوەندی تەلەفۆنی، هاتوچۆی ئاسمانی، زەوی و دەریاوانی)، بە زمانێکی سادەتر، زۆربەی خەون و خەیاڵەکانی تێدا دەستەبەر کراوە. کەواتە دەتوانین بڵێین، لە دوا هەنگاوی مێژووداین .

 

جیاوازی و تازەیی تێوریەکەی فۆکۆیاما لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆی لەوەدایە کە دوو بیرۆکەی دژ بەیەکی گرێداوە، ئەوانیش لیبراڵیزمی ئینگلیزی و دیالیکتیکی هیگڵی ئەڵمانییە.

 

لەڕاستیدا، هۆکاری گرێدانی ئەو دوو تیۆرییە ئەوە بووە کە هیگڵ ناوی ناوە ( ڕووبەرووبونەوە لەپێناو پایە شوناسی یان بەهاو نرخ شوناسی) لە دنیای مۆدێرنەدا. ئەمەش ئەڵقەیەکی ونبووی پەیوەندیکردنی ئەو دوو زنجیرە بوو لە نێوان لیبراڵیزمی ئابوری و لیبراڵیزمی سیاسیدا. ئەم چەمکە نوێیەش، بابەتێکی ڕۆشنگەراییانەیە، وەک دەلاقەیەک بۆ خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی جیهانی تازەو سەردەمیانەی مۆدێرنیتە.

 

ئەو پێناسەیەی هیگل کردوویەتی بۆ لیبراڵیزم، زۆر گونجاوترو بەنرخترو شیاوترە، تابیرۆکەی لیبراڵیزم لای هەریەک لە: تۆماس هۆبزو جۆن لۆک و بیرمەندو کۆمەڵناسەکانی دیکە.

 

فۆکۆیاما دیموکراسی وەک سیستەمێک سەیردەکات کە(تیمۆس)یش لەپاڵ(ئارەزوو) (ئەقڵ) ڕژێمی لیبراڵی تیادا دەدۆزێتەوە. واتە ڕژێمی دیموکراسی"بەهاو نرخ و شوناسی بەرامبەری، یەکسانی گشتی"بەدیاری دێنێ، بەڵام ناسیۆنالیستییەکەی (تیمۆس) بەکارێکی نالۆژیکی دەزانێ.

 

بە بڕوای فۆکۆیاما، تەنها لە ڕێگەی لیبراڵەوە بە تەشویق کردنی تاک تاکی کۆمەڵگا لەهەموو بوارەکاندا، بە پتەوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەتوانرێت ئاشتییەکی تۆکمە بۆ جیهان دەستەبەر بکرێ.

 

هەرچەند لەم نێوەندەشدا، تاک تاکی ئەندامانی جیهان، سەرگەرم دەبن بەکارە کەسییەکانی خۆیانەوە، هاریکاری بەرەو لاوازی دەچێت، واتە مرۆڤەکان لە هەوڵی دابین و ئاسایشی شتەکاندا دەبن کە تایبەتە بەخۆیان. مەترسییەکی دیکەی ئەم سیستەمەش پاڵنانمانە بەرەو جەنگێکی خوێناوی بەچەکی سەردەم، واتە یەکەم دوورکەوتنەوەمان لە بەها مرۆقایەتییەکانی وەک: هاریکاری، دراوسێیەتی، هاوڕێیەتی، ژینگەیی. دووەم وەک ڕۆبۆت بەرەو جەنگەکان ڕاپێچ دەکرێن بێ ئەوەی بزانین لەسەر چییە .




PM:03:39:29/11/2018



ئه‌م بابه‌ته 487 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر