کایەى ئابورى نێوان چین وئێران وکاریگەرییەکانى لەسەر بڕیارەکانى ئەمریکا

حسێن نه‌جمه‌دین
به‌رپرسی دۆسیه‌ی میدیای فارسی له‌چاوی كورد

چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێرانە، لەتوانایدایە گەمارۆ سەپێندراوەکانی سەر ئێران نادیدەبگرێ و ئاستی سەرمایەگوزاری خۆی لەو وڵاتەدا پەرە پێ بدا. لەدیدگای ئێرانەوە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی٢٠١٥ کەئەختەبوتی ئابوری نوێ، واتە چین، واژۆی لەسەر کردووە هانی چینییەکان دەدات زیاتر وەبەرهێنان بکەن لەئێراندا. کۆمپانیا گەورەکانی چین لەئێراندا سەرمایەگوزاری گەورەیان کردوە بۆ نمونە:

 

لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە دەستیان داوەتە پرۆژەیەکی ٣٣ سى وسێ ملیارد دۆلاری لەبواری چالاک کردنی ژێرخانی ئێراندا، پرۆژەیەک بەشی هەرەزۆری تایبەتکراوە بەبەرنامەی ئابوری درێژخایەن وەک دروستکردنی ڕێگاى نێودەوڵەتى ‌‌(ڕێگاى نێودەوڵەتى ئاوریشم) کەچین لەسەرانسەری ئاسیادا هەنگاوی بۆ ناوە.

 

چین لەسێپتەمبەری ڕابردوودا بڕی ١٠ دە ملیارد دۆلاری بۆ پێنج بانکی ئێران تەرخانکرد بەئامانجی سەرمایەگوزاری بۆ ژیرخانی ئەو وڵاتە. کردنەوەی ئاسنەڕێی (قطار)ی ئێران - چین کەشاری بایانوری چین بەتارانەوە ئەبەستێتەوە یەکێکی ترە لە پرۆژە هاوبەشەکانی ئەو دوو وڵاتە.

 

سەپاندنەوەی سەر لەنوێی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، هەمو ئەو کۆمپانیایانەی هاریکاری داراییان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە هەروەها کار بە دراوى دۆلار ئەکەن وەک ئەورووپییەکان وژاپۆنییەکان دەگرێتەوە، ئەو کۆمپانیایانە لە داهاتوویەکى نزیکدا کارەکانیان لەئێراندا ڕووبەڕووی دژواری دەبێتەوە، بەڵام بەگوێرەی بۆچوونی هەندێ لەئابوریناسان ئەم گەمارۆیانە دەرفەتێکی گەورە بۆ کۆمپانیا چینییەکان دەڕەخسێنن تا سەرمایەگوزاری زیاتر لەئێراندا بکەن بەتایبەت لەبواری نەوتدا، ئەویش بەسەرنجدان لەسەر کێشمەکێشی سیاسی  وئابوری نێوان ئەمریکا وچین ، چونکە بەئاشکرا چین ناچێتە ژێر باری هەڕەشەکانی ئەمریکاوە بەتایبەت لەسەر دۆسیەی ئێران.

 

چین هەر لەئێستاوە لەمیانەی سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا تامەزرۆی ئەوەیە لەبازاڕەکانی نەوتی ئێراندا مەلە بکات، هەروەها ئەگەری ئەوە لەئارادایە کۆمپانیای نەوتی میڵلی چین (CNPC) جێگەی توتاڵی فەرەنسی بگرێتەوە، لە داهاتووشدا سەرمایەگوزاری لەگازی پارسی باشوردا بکاتەوە.

 

مامەڵە نەوتییەکانی چین لەبازاڕی بۆرسەی شانگەهای لەمانگی مارسەوە بەمایەی(یوان)ی چینییەوە کراوە، لەپاش ڕاگەیاندنی ترامپ وکشانەوەی لەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بە ئاڕاستەیەک کەڕووی لەهەڵکشان کردووە. تەنها ڕۆژێک لەپاش ئەو هەنگاوەی ترامپ قەبارەی نەوتی مامەڵەکراو لەبۆرسەی شانگەهایدا گەیشتە ڕیکۆردی٢٥٠ دووسەد وپەنجا هەزار بەرمیل کەدووهێندەی ڕۆژی پێش بڕیارەکە بوو، لەماوەی کەمتر لەمانگێکدا گەیشتە سێ ئەوەندە.

مامەڵەنەکردنی کڕیارانی ئەورووپی بەنەوت لەگەڵ تاران ئەبێتەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی ئێران، ئەم بابەتەش بۆ وڵاتی چین وەک یەکەم وڵاتی هاوردەی نەوت وئێرانی پێنجەم وڵاتی هەناردە گرنگە. تا ئەمڕۆش ئێران یەک لەسەر چواری نەوتەکەی هەناردەی چین کردووە، نرخی مامەڵە نەوتییەکانیان لەساڵی ٢٠١٧ دا گەیشتە ٣٧ سی وحوت ملیارد دۆلار.

 

واشنتۆن مامەڵەکردنی ئێرانی بەدۆلار سنوردار کردووە، ئەمەش هۆکار ودەرفەتێکی گونجاوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی نێوان چین وئێران بە (یوان) ی چینی، چونکە چین خوازیاری ئەوەیە دراوەکەی لەمامەڵە جیهانییەکاندا ڕۆڵبگێڕی. چنگ شوانگ : وتەبێژی دەرەوەی چین ڕایگەیاندووە( تا ئەو کاتەی تاران پابەند بێت بەیاسا نێودەوڵەتییەکانەوە چین بەردەوام ئەبێ لەهاریکاری کردنی ئێران) ماوەتەوە ئەو وڵاتە ئاسیاییانەی کە مامەڵەی نەوتیان لەگەڵ ئێراندا هەیە وەک هیندستان، کۆریای باشور، پاکستان. بۆ نمونە پاکستان لەزاری عمران خانەوە ڕایگەیاندووە کەئەیەوێ نەوتی ئێران بەچینەوە ببەستێ، بەڵێنیش لەگەڵ پراکتیکدا جیاوازن.

 

سەرجەم ئەم بابەتە دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەى کە هاتنەدەرەوەى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەڕێککەوتننامەى ئەتۆمى ئێران لەگەڵ وڵاتانى پێنج کۆ یەکدا، ئەوە ناگەیەنێت کە ئێران لەبەرامبەر ئەو سزا ئابورییانەى کەلەداهاتوویەکى نزیکدا دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە بژاردەى دیکەى لەبەردەستدا نەبێت.

 

تەواوى جیهان لەئەمڕۆدا بەهۆى مامەڵە دارایی وئابورییەکانەوە تەواو بەستراونەتەوە بەیەکدییەوە، تا ئێستا جیهان لەبەردەم تێۆرى پشتبەستن بەرامبەر بەیەکدى (الإعتماد المتبادل)هەڵوێستى خۆى وەرنەگرتووە، ئێستا هیچ یەکەیەکى نێودەوڵەتى وبەهۆى ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتییەکانەوە لەتوانایدا نییە بەبێ بەستن وگرێدانى پەیوەندییەکانى لەتەواوى جیهاندا بەیەکە نێودەوڵەتییەکانى دیکەوە، بەردەوام بێت لە مانەوە، ئەم گریمانەیە چەند بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران دروست بێت، بەهۆى چەند هێندەیی پێداویستییەکانیەوە، چەند بەرامبەرە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.


PM:10:18:22/09/2018



ئه‌م بابه‌ته 643 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر