چۆن بڕوانینە کابینەی نۆیەم؟

نه‌وزاد ساڵح
شاره‌زای بوارى هه‌ڵبژاردن

حکومەت لە کۆمەڵێک فەرمانگە ودامەزراوە پێکدێت بۆڕێکخستنی کارو ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان کە میتۆدی کارکردنی پەیوەستە بە تواناو سەلیقە و لێهاتوویی ئەو کارمەندو فەرمانبەرانەوە کە هەڵسوڕێنەرو جێبەجێکاری کارو بەرنامەی حکومەتن ولەگەڵ هاوڵاتیانیشدا پەیوەندیيەکی ڕاستەوخۆیان‌ هەیە، هەموو بەریەککەوتنێکی هاوڵاتیان وحکومەت بێمتمانەیی دروست دەکات، هەڵبژاردنی ٣٠/٩/٢٠١٨  پەرلەمانی کوردستان چوارمانگی تێپەڕاندووە بەڵام هاوڵاتیان لە چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمدان! خۆ ناکرێت خاڵەناکۆکەکانی پارتەکان بکرێنە هۆکاری چەق بەستویی ئەم دۆخەو هەوڵی تەواو نەدرێت بۆچارەسەری گرفتەکان و ڕێکخستنەوەی کابینەی نوێ، وێڕای تێبینی زۆر لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ی ئەیلول بەڵام بۆ کارکردن بەدەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە و بە دەست هێنانەوەی متمانەی هاوڵاتیان زەرورە هاوسەنگی کۆبوونەوەکان بپارێزرێت و دروستکردنی کابینەی نۆیەم پەلەی لێ بکرێت بە بەشداری لایانە سیاسیيەکان هەنگاوەکانی خێراتر بکرێت چونکە ماوەی یاسایی وئاسایی تێپەڕاندوە.

بەهۆی کێشە کەڵەکە بوەکانی کابینەکانی پێشوەوە ڕەنگە ئاسان نەبێت خوێندنەوە بۆ پڕۆژەو کارنامەی ئەم کابینەیەبکەین، بەهۆی دواکەوتنی کۆبوونەوەکانی  تایبەت بەدروستکردنی حوکمەت و وتووێژ لەسەر ئەم پرسە گرنگە دەکرێت پەی بە هەندێک لە نهێنیەکانی ببەین کە دواجار نزیکمان دەکاتەوە لەو دەرئەنجامەی کە هەموو تاکێک لەم کۆمەڵگەیەدا دەیەوێت بێتەدی کە ئەویش حکومەت و ‌حوکمڕانیەکی دیموکرات ودادپەروەرو تەندروستە.

نامانەوێت بە قەرەباڵغی و هاتوچۆی دبلۆماس و کارئەکتەرە سیاسیيەکان لە هەولێری پایتەخت لەم چەند هەفتانەی ڕابردوودا ئیغرا ببین، یاخود وتەی ئەندامێکی کۆنگرێس کەڕەنگە جیاوازبێت لەستراتیژییەتى ئەمریکا تەنها بەیەک دیودا خوێندنەوە بٶ ئەوجوڵە سیاسیانە بکەین.

دەکرێت ئەم وەرزە بکرێتە وەرزی پیاچونەوەو تێ هەڵچونەوەی جوڵە سیاسییەکان و چنینەوەی دەستکەوت و بە دەست‌ هێنانی پشتیوانی ئامانجی گشتی چونکە ئێستا لەچەند مانگێک وساڵێک پێش ئێستا دۆخی کورد باشترە ودەرگای وڵاتان واڵاترە بەڕووی هەرێمدا، هەمووشمان تێگەیشتوین لەوەی کەسیاسییەکانی کورد دەبێت خۆیان  کێشەی ناوخۆیان چارەسەر بکەن، ئەگەر لۆژیکی دیالۆک بەکاربهێنن ڕەنگە پێویست بە دەستگرتنی بێگانە نەکات، ئەو ناکۆکیانەی کەلە ناوچەکەدا بەدی دەکرێت لەسەر بەرژەوەندی قەڵەم ڕەوتی دەسەڵات و شتگەلێکی ترە کە هەندێک لە دەوڵەتانیان سەرقاڵ کردوەو لەدەر ئەنجامی بەریەککەوتنی ئامانج و بەرژەوندی ئەم دەوڵەتانەش ڕەنگە پریشکی ئەو گەمە سیاسییانە بەر کوردیش بکەوێت، بۆیە کورد نابێت بینەری ڕووداوەکان بێت، پێویستە ڕۆڵی ئەکتەر بگێرێت، ئەگەر چی هەندێک لەو وڵاتانە وێنای هاوپەیمانیان بۆ دەکرێت و وا دەچوێنرێن بەڵام لە واقیعدا ڕەنگە ڕایەڵەو هێڵێکی لەوە لاوازتر لەگەڵیان کۆمانبکاتەوە و بەرژەوەندی ئەوان و تەماحی پاوەنخوازی ئەوان لەوە گەورە تر بێت، بە خوێندنەوەمان بۆ سیاسەتی ناوچەکە کورد دەبوو زووتر ئەم کابینەیەی دروست بکردایە و بۆ بە‌هێزکردنی پێگە جێوسیاسییەکەی و سەلماندنی بوونی قەوارەیەکی کوردی لە چوارچێوەی (‌حکومەتی هەرێمی کوردستاندا) لە باشور، ڕەنگە هێزیکی زیاتر ببەخشێتە سیما وڕواڵەتی ئەم حکومەتە تا باشتر بتوانێت کارەکانی لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیداردا ڕێکبخاتەوە، ئەوەندەی گرنگە ‌حکومەتەکە  دروست بکرێت ڕەنگە ئەوەندە گرنگ نەبێت کە چەند حیزب بەشدارن لە دروستکردنی حکومەتدا چونکە دواجار خەڵک کاروکردەوەی لە حوکمەت دەوێت  کە مافی خۆیەتی چونکە دەنگی بەوپارتانە داوە کە بەشدارن لە حکومەتدا، دەبێت حکومەت حکومەتی هاوڵاتیان بێت و لە ڕووبەری بچووک و مۆنۆپۆلکراوی موتوربە بە ئایدۆلۆژیادا سیاسەت نەکات و کار بۆ ئامانج و کایەی گشتی بکات، رێزگرتن وبەتەنگەوەچوونی  ئیرادەی تاک بکاتە کارنامە و پێوەری خزمەتکردن بێ هیچ جیاوازیەک، زەرورە جیاوازی کابینەی نۆیەم دەرکەوتنێکی ئەوتۆی پێوە دیار بێت کە هاونیشتمانیان بە ئومێدەوە سەیری بکەن و لە کایە سیاسی و ئیداری دامەزراوەکانیدا هەست بە گۆڕانکاری وئەو جیاوازیانە بکەن کە لەسەر ئاستی باشترکردنی خزمەتگوزاری بێت لەکەرتی تەندروستی وپەروەردە ونەهیشتنی گەندەڵی وکەمکردنەوەی ڕۆتینیات و بێکاری و هەڵاوسان، کار بۆ بێکاران بدۆزێتەوەو چارەسەری کیشەی نیشتەجێ بوون وکارەبا وڕێگاوبان بەهەند وەربگرێت، کاربکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی تاک و پێشخستنی ڕەوتی دیموکراتی و مەدەنی وسوود وەرگرتن لەهێزی مرۆیی ناوخۆو سفرکردنەوەی کێشە ناوچەیی و لاوەکیەکان...هتد، ڕێکارو پڕنسیپەکانی گۆڕانکاری بە گرتنە ڕێگای چارەسەری دیموکراتیانە دەبێت و دەکرێت لەم بوارەشدا حکومەت دەست کراوە بێت تا لەم ڕێگایەنەوە ئاستی ‌هۆشیاری تاک بگاتە ئەو ئاستەی کە بیرکردنەوەیەکی فراوانی هەبێت بۆ ئایندەیەکی ڕوناکتری نەوەکانی.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:01:42:11/02/2019



ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌