خەمى ئێمە

دكتۆر كاروان عه‌لی
پسپۆڕی میدیای هاوچه‌رخ ڕاوێژكاری ڕۆشنبیری له‌چاوی كورد
دیسان ئیسک وپروسکی پیرۆزی دەیان شەھیدی جینۆسایدی ئەنفال لەژن و منداڵ، لەگۆڕی بەکۆمەڵدا دەرھێنران. ھەر گۆڕێک، سەدان دیمەنی ویژدان ھەژێن، جەرگبڕو دڵتەزێن لەخۆدەگرێت، کە ئەستەمە بەچەندین کتاب و فیلم و ڕۆمان وەسف بکرێن و کەمێک ھەق بدەن بەگەورەیی ناخھەژێنی ئەو جینۆسایدە، تەنانەت گریان و فرمێسکیش ناتوانن لەئاست گەورەیی ئەو جینۆسایدەدا کەمێک دەروون ئارام بکاتەوە، بەڵام کوا کاردانەوەی ویژدانی ئێمە لەئاست ئەو پەڵەڕەشەی مرۆڤایەتیدا؟ بۆچی ناخ و ویژدانمان ناجوڵێن کە دەبینین ڕۆڵەو ھاونیشتمانیان و کەسوکارمان، بەو شێوە تراژیدییە گولەباران یان زیندە بەچاڵکراون و زیاتر لە ٣٠ ساڵیشە بەتەنیا لەو بیابانانەی باشوورن؟ 

ئێمە بۆ وامان بەسەرھاتووە کە گوێ بەھیچ نەدەین: لەئاست خائین و خۆفرۆشان بێدەنگین، خاکمان دەفرۆشن ھەر بێدەنگین، سامانی وڵات تاڵان دەکرێت و سەرانە لەخەڵک دەستێنن نقەمان لێوەیە نایەت، گۆڕی بەکۆمەڵی سەدان منداڵ و ژنی ھاونیشتمانیانی زیندەبەچاڵکراومان دەدەۆزرێنەوەو ئێسک وپروسکیان دەردەھێنرێن، کەچی قوونی قورسمان ناجوڵێنین و ھەر بەبێدەنگی دانیشتووین. 

دەسەڵاتی خۆسەپێن و دەستڕۆیشتووان بە کردەوەو ناھەقیەکانیان میللەتیان خەساندووەو بەتاڵیان کردووینەتەوە لەھەستی نەتەوەیی و مرۆڤانەشمان، ھیچ ھەستێکیان نەھێشتووین و جگەلە خۆیان، ئێمەشیان شەرمەزاری خوداو مرۆڤایەتیی کردووە.

ئەوان زۆربەیان، وەک ئەوەی کە غیرەتی کوردانە نایانگرێت، ھی مرۆڤانەش نایانگرێت و نایەن ھەوڵێک بدەن بۆ بەنێودەوڵەتیکردن و ناساندنی ئەو تاوانانە، فێرنەبوون دیمەنی ئەو جینۆسایدەش بکەن بەپەندێک و عیبرەتی لێ وەرگرن بۆ یەکڕیزی و وازھێنانیان لەجاشایەتی و خاکفرۆشی و گەندەڵی.

ئەوان، خەمی ئێمەیان لە خاک و دەوڵەت و بەھای باڵای مرۆڤایەتییەوە گۆڕیوە بۆ ھاتنی مووچەو ناعەدالەتی و خەمی بەڕێکردنی ژیان.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



PM:10:51:23/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر