مرۆڤ لەنێوان عاتیفە و عەقڵدا

محەمەد ئەحمەد شەمێرانی
ڕۆژنامەنووس

بەشێوەێکی گشتی مرۆڤەکان لە تێڕوانین و لێکدانەوەیان بۆ ڕووداوەکان دوو بەش بەشێکیان ئەوانەن کە تەنها ڕووکاری دەرەوەی ڕووداوەکان دەبینن و بەشێوەێکی سەتحی لێی دەڕوانن، هیچ ووردبونەوەو قوڵبونەوەیەکیان بۆ جەوهەر نیە، هەر بۆیە سەرپێیانەو بە شێوەێکی عاتیفی وسۆزدارانە لێی تێئەگەن و بڕیاری لێ ئەدەن.
ئەوانەی ئەم جۆرە تێڕوانین و لێکدانەوانەیان هەیەو ناتوانن بچنە قوڵای ڕووداوەکان بەردەوام بەدوای ئەو ووتارانەوەن کە حەماسی و وروژێنەرن و کار لەسەر ختوکەدانی سۆزو عاتیفەی جەماوەر دەکەن.

ئەمانە ناتوانن ڕووداو بخوڵقێنن، بەڵکو تەنها چاوەڕێی دروستبونی ئەکەن، کەڕووداوەکەش خوڵقا ناتوانن بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ بکەن و شان بدەنە ژێر دەرئەنجامەکەی. بەڵکو تەنها لەدوورەوە و لەژێر کاریگەری ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندی کەسی و حیزبی خۆیان و بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیە گشتی و نیشتیمانیەکان قسەی لەسەر ئەکەن.

ئەمانە هیچ ڕوئیاو دونیا بینیەکیان بۆ داهاتوو نیە، بەڵکو تەنها قسە لەسەر ئێستا ئەکەن و هەمیشە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک ئەقۆزنەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

ئەمانە ئەتوانن لەهەڵبژاردنەکان و لەڕێگەی بەڵێنی بێ ناوەڕۆک وباق وبریق و قەبەوە بۆ ماوەێکی کەم دەنگێکی زۆر مسۆگەر بکەن. بەڵام کاتێک کە ناتوانن لە ئەرزی واقیعدا ببنە وەڵامگۆی داخوازیەکانیان و بەڵێنەکانیان پێ جێ بەجێ ناکرێت، ڕووبەڕووی گلەیی و گازندەی جەماوەر ئەبنەوە، ئەو کات ماسکەکانیان ئەکەوێ و بەهەمان ئەو خێرایییەی دەنگەکانیان پێ کۆکردۆتەوە کێرڤی دەنگ و متمانەی جەماوەریان دائەبەزێت.

بەشەکەی تریان ئەوانەن کە تێڕوانین و لێکدانەوەی قوڵ و عەقڵانیان هەیە بۆڕووداوەکان و خاوەن بەرنامەێکی تۆکمە و مەعریفەێکی قوڵن، تاوەکو سەراپای وێنەی ڕووداوەکە نەبینن بڕیاری لێ نادەن و لە بەرامبەر ڕوودانیشیدا ئەلتەرناتیفی گونجاوو واقعی یان پێ یە، هەر بۆیە ڕووبەڕووی کەمترین هەڵەش ئەبنەوە، خۆ ئەگەر کەوتیشنە هەڵەوە بەکەمترین زیان لێی دەردەچن.

ماوەتەوە بڵێین: ئەوەی لە ئەمڕۆدا سەراپای کۆمەڵگەی ئێمەی تەنیوەو وەک دەردێکی کوشندە جەستەی کۆمەڵگای داڕزاندوە و هاووتەریب لەگەڵ گەندەڵی وستەمکاری ملی ڕێی گرتوە ئەو گووتارە پۆپۆلیزمی و عاتیفیە بێ ناوەڕۆک و بێ ئەرزشەیە کە پشووی لە هاووڵاتیان بڕیوەو نایەڵێ بۆ ساتێکیش بحەسێنەوە، بۆیە دەرچوون لێی هیچی کەمتر نیە لەدەرچوون لەگەندەڵی و ستەم و نادادی کۆمەڵایەتی.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:03:14:12/09/2021



ئه‌م بابه‌ته 266 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌