ئێمەو ئەوان

محەمەد ئەحمەد شەمێرانی
ڕۆژنامەنووس
بوونی ڕای جیاوازو لێکدانەوەی جیاواز لەنێوان تاکەکانی هەموو کۆمەڵگەیەکدا شتێکی ئاسایی و نۆرمەڵە و خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگا ئەکات، زیاتر لە دەرگایەک واڵا ئەکات بۆ مرۆڤ تا لێیەوە بچێتە ژوورەوەو هەموو گۆشەکانی ژیان ببینێ، بەڵام ئەوەی لە کوردستان هەیە ئەوەندەی دژ بوون و یەکترشکاندنە ئەوەندە جیاواز بوون نیە، ئەوەندەی پەرتکردن و دەرچوون لە عەقڵ وعاتیفەگەراییە ئەوەندە لێکدانەوەی جیاواز نیە، بۆیە ئەم جەدەلە تا ئێستاش هەر بە بەردەوامی ماوەتەوە، بەتایبەت لەم ئانوساتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، هەریەکە خوێندنەوەیەکی بۆی هەیە.
 
١/ ئێمە ئەڵێین ئەمە بەڵا نیەو ڤایرۆسێکە ڕوو لە هەمووان ئەکات، ئەوان ئەڵێن نەخێر غەزەبی خودایەو بۆ ئەو پیسخۆر و موسڵمان کوژانە هاتووە.
٢/ ئێمە ئەڵێین ئەبێ ڕێکارە تەندرووستییەکان بگرینە بەر و خۆمان بپارێزین، ئەوان ئەڵێن نەخێر ئێمە پاکین و‌ ئەجەل بەدەست خودایە.
٣/ ئێمە ئەڵێین ئاساییە دەرگای مزگەوت و شوێنە گشتییەکان دابخرێ و جومعەو جەماعەت ڕاگیرێ لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا، ئەوان ئەڵێن نەخێر ئەمە پلانە بۆ داخستنی مزگەوت و دورکەوتنەوە لە تقوسە دینییەکان.
٤/ ئێمە ئەڵێین مامۆستای ئاینیش وەک کەسێکی ئاسایی موعەڕەزە بۆ توشبوون بەم ڤایرۆسە، ئەوان ئەڵێن نەخێر پلانە بۆ لێدان لە مامۆستای ئاینی وبێڕێزی پێکردنی.
٥/ ئێمە ئەڵێین هەماهەنگی گرنگەو پێویستە هاووڵاتی و حکومەت پێکەوەو دەست لەناودەست بەرەنگای ئەم ڤایرۆسە ببنەوە، ئەوان ئەڵێن نەخێر ئەوە ئیشی حکومەتەو نابێ هاوڵاتی هیچ باجێک بدات و بەشداربێت.
٦/ ئێمە ئەڵێین خودا خودای جوانی و خۆشەویستییەو بۆ بەڕێوەبردنی گەردوون یاسای تایبەت بەخۆی هەیە، ئەوان ئەڵێن خودا بەردەوام لە شەڕدایە لەگەڵ بەندەکانی خۆیداو ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ سزادانیان ناردوە.
ئێمە ئەڵێین وئەوان ئەڵێن........هتد!

ماوەتەوە بڵێم ئەم نووسینە بۆ لێدان و شکاندنی هیچ گروپ وکەسێک نیە، تەنها بۆ تێپەڕاندن و بەئاگاهێنانەوەی ئەوانەیە کە عەقڵی خۆیان کڵۆم کردوەو بازنەیەکیان بەدەوردا کێشاوەو بە لۆکی هێشتوویانەتەوەو هەڵسەنگاندنێکی سۆزدارانە (عاتیفی) بۆ هەموو ڕووداوو پێشهاتەکان ئەکات و ناتوانێ خۆی لەو دیماگۆجیاتە ڕزگاربکات.

لەکۆتایدا ئەڵێم ئاساییە هەبوونی ململانێ و کێبڕکێ لەناو گۆمەڵگادا و ڕیشەێکی قوڵی مێژوویشی هەیە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە ئەم بەرە دۆگماو چەقبەستووەیە کە هیچ گۆڕانکاری بەسەر بیرکردنەوەو لێکدانەوەکانیاندا نایە و ڕۆژانە بە چاوی خۆیان تێکشکان و بەتاڵبوونەوەی بۆچوونەکانی خۆیان ئەبینن، بەڵام بەداخەوە هیچ پەندی لێ وەرناگرن.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:06:51:21/03/2020



ئه‌م بابه‌ته 162 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر