چیرۆکی فاتیمەی کورد

بەکر شوانی
نووسەرو وەرگێڕ
کوێر حسێن پاشای کورد کە یەکێک بوو لە ناودارەکانی عەشیرەتی حەیدەران، لە ڕاپەرینی ساڵی 1925دا بێلایەنی هەڵدەبژێرێت و تەنانەت جاروبار ڕاپەڕیوەکانیش تەنگاو دەکات. بەڵام بەو کارەیشی ناتوانێت خۆی لە چارەنووسی دوورخستنەوە بۆ تاراوگە ڕزگار بکات. سەعید نورسیی ناسراو بە سەعیدی کوردی و بەدیعولزەمان بۆ ئیسپارتا و کوێر حسێن پاشا بۆ ئەنتاڵیا دووردەخرێنەوە. ئەمەی دووەمیان 80 کەس لە کەسوکار و خزمانی خۆی لەگەڵ دەبێت. چیرۆکی فاتیمەی کوردی بەخێوکەری "گابی لێڤی"ی باڵیۆزی پێشووتری ئیسرائیل لە تورکیا، لەو کۆچەوە دەست پێ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، بەسەرهاتی فاتیمەی کورد بەکورتی بەمجۆرەیە: جەمال تایلانی خەڵکی وان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: کاروانی ئەو کەسانەی کە لە مانگی شوباتی ساڵی 1926دا لە وان دوورخرانەوە، کیلۆمەترێک درێژ بوو و موفتیی وان شێخ مەعسووم ئەفەندی و بەدیعولزەمان سەعید نورسی لە پێش کاروانەکەوە ڕێیان دەکرد. کوێر حسێن پاشای فەرماندەی پێشووی یەکێک لە باڵەکانی سوارەی حەمیدی بە خۆی و خێزانەوە لە ناو کاروانەکەدا بوو. هیچ یەکێک لەوانە، چ سوارە و چ پیادە، ساڵی پێشووتر لە ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیراندا بەشدارییان نەکردبوو، بگرە هەموویان بێلایەنییان هەڵبژاردبوو. کەچی ڕێژیمی کەمالیستی تازە دامەزراو بە دوورخستنەوەیان بۆ تاراوگە "خەڵاتیانی دەکرد".

بەپێی گێڕانەوەی مەلا حەمید کە یەکێک بووە لە شاگردەکانی سەعیدی نورسی، لە سەرەتای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیراندا نورسی داوا لە کوێر پاشا دەکات ئەگەر لە شۆڕشدا بەشداری ناکات، ئەوا دوژمنایەتیشی نەکات و خوێن نەڕێژێت. ئەویش بەو ئامۆژگارییەی نورسی کار دەکات و بێلایەنی هەڵدەبژێرێت. ئەو گرووپە 80 کەسییە کە هەموویان خزم و کەسوکاری کوێر حسێن پاشا بوون، بە یاوەریی ئەفسەرێکی تورک دەبرێنە ناوچەی بێرگامی سەر بە شاری ئیزمیر. فاتیمە و کەسوکاریشی لە ناو ئەو گرووپە 80 کەسییەدا دەبن. تا چەند ساڵێک پێش ئەو ڕووداوە، ژمارەیەکی زۆر جوو و یۆنانی لە بێرگاما دەژین. بەڵام لە میانەی شەڕەکانی نێوان تورکیا و یۆناندا بەشێکی زۆر لە یۆنانەکانی ئەو ناوچەیە دەکوژرێن و ئەوانی تریشیان بەرەو یۆنان هەڵدێن. خێزانە کوردە دوورخراوەکان لە ماڵە چۆڵکراوەکانی یۆنانییەکاندا کە دەکەوتە تەنیشت گەڕەکی جووەکانەوە، نیشتەجێ دەکرێن و بەو جۆرە کورد و جوو دەبن بە هاوسێ. حوسێنی باوکی فاتیمە و حەلیمەی دایکی و فەرید و حەسەن و جەمیلی برای وەک سەپان لە کێڵگە و مەزرای ئاغا دەوڵەمەندەکانی ئەو دەوروبەرەدا دەست بەکار دەکەن.

ساڵی 1928 لێبووردن بۆ کوردە دوورخراوەکان دەردەچێت و پێیان دەگوترێت دەتوانن بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەڕێنەوە. بەڵام ناگەڕێنەوە و باوەڕ دەکرێت لەو ڕووەوە تەگەرەیان بۆ دروست کرابێت. حوسێنی باوکی فاتیمە بە گەنجی دەمرێت و ئەرکی بەخێوکردنی فاتیمە و براکانی دەکەوێتە ئەستۆی حەلیمەی دایکیان. حەلیمە ژنێکی میهرەبان دەبێت و هاوسێ جووەکان زۆر خۆشیان دەوێت. فەریدی کوڕیشی لای جووەکان دەست بەکار دەکات و بەو جۆرە فێری بازرگانی دەبێت. کات تێ دەپەڕێت و فاتیمە دەبێت بە کیژێکی پێگەیشتوو.

هاییم ئەسمەرسۆی کە خێزانێکی جوولەکەی هاوسێی ماڵی حەلیمە دەبێت، ساڵی ١٩٤٤ کوڕێکیان دەبێت بە ناوی گابی. دایک و باوکی گابی داوا لە فاتیمە دەکەن وەک بەخێوکەری کوڕەکەیان لە ماڵی ئەوان کار بکات. فاتیمە چوار ساڵ گابی بەخێو دەکات. ساڵی 1948 لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا کەسوکاری گابیش وەک زۆربەی جووەکانی تر بۆ ئیسرائیل کۆچ دەکەن. پاشناوی گابی لە ئیسرائیل دەبێت بە لێڤی و دوای چەند ساڵێک وەک دیپلۆمات بۆ تورکیا دەگەڕێتەوە. پاش کۆچکردنی ماڵی گابی بۆ ئیسرائیل، فاتیمە لەگەڵ کوردێکدا بەناوی عوسمان دەمیرجی ژیانی هاوسەرێتی پێکەوە دەنێت و دوو منداڵی دەبێت بەناوەکانی یوسف و هولیا.

گابی لێڤی و باوکی ساڵی 1989 سەردانی تورکیا دەکەن و لەو گەشتەیاندا بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی فاتیمە ڕوو لە ناوچەی بێرگاما دەکەن. گابی لەبارەی ئەو دیدارەوە دەڵێت: "هەستێکی سەیر باڵی بەسەرمدا کێشا. فاتیمە ژنێکی حەفتا ساڵانی سەرپۆش بەسەر بوو. خۆی و کوڕەکەی و باوکی من و کچەکانم بووین. فاتیمەم بەو حاڵەوە نەناسییەوە، بەڵام سەرنجم دا تووشی هەستێکی سەیر بووە. هەر دەتگوت لە فیلمداین". گابی ساڵی 2006 بوو بە باڵیۆزی ئیسرائیل لە تورکیا. مانگی نیسانی ساڵی دواتر چووە بێرگاما و لەوێ لە ڕێی هولیاوە بۆی ئاشکرا بوو کە فاتیمە مردووە. گابی پیاسەیەکی بە شەقام و گەڕەکانی شاردا کرد و چووەوە بۆ ئەو گەڕەکەی کە لێی لە دایک بووە. گابی پێش ئەوەی لەگەڵ یاوەران و پاسەوانەکانیدا سواری ئۆتۆمبیل بێت و بەرەو ئیزمیر بگەڕێنەوە، بۆ دواجار چەند خوولەکێک نیگای لە شار بڕی. بەڵام کەس نازانێت ئەو لەو ساتەدا بیری لە چی کردووەتەوە. لەوانەیە بیری بۆ ئەوە چووبێت کە داخۆ دەبێت کەی نەتەوەکەی فاتیمەیش وەک گەلی جوو لە پەرتەوازەیی و ژێردەستی ڕزگاری بێت و لەسەر خاکی خۆی سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت؟!

سەرچاوە/ bschwani.blogspot.com


PM:08:19:03/11/2019



ئه‌م بابه‌ته 225 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر