ئەگەر خۆ نەپارێزن، هەولێر دەبێت بە لهاسا!

بەکر شوانی
نووسەرو وەرگێڕ
ئەگەر تێکۆشانی میللەتانی تر لە دوو سەدەی ڕابردوودا بۆ ڕزگاری و دامەزراندنی دەوڵەت بووبێت، ئەوا خەباتی سەختی کورد بەر لە هەموو شتێک هەوڵدان بووە بۆ مانەوە لە ژیاندا. نوێترین شەڕی دەستەویەخەی کورد بۆ مانەوە لە ژیاندا بەرەنگاربوونەوەی داعش بوو کە دەیان هەزار کورد و پێکهاتەکانی تری هەردوو بەشی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە ٦ ساڵی ڕابردوودا تیایدا گیانیان بەخشی. 

ئێستا بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆی هەموو شەڕەکانی تری کورد، بەتایبەتی لە باشوور، لە پێناوی مانەوەدا گرنگترە. بۆچی؟ بە تیۆری و لەسەر کاغەز کورد و عەرەب لە نیشتمانێکدا بەناوی عێراق هاوبەشن، بەڵام تای تەرازووی ئەم هاوبەشییە دە دوای دەیە بەلای پێکهاتەی عەرەبدا شکاوەتەوە. ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی ١٩٩٠دا تەنیا ١٨ ملیۆن بوو، بەڵام دوای ٣٠ ساڵ ئەو ژمارەیە ئێستا ٤٠ ملیۆنە. بێگومان رێژەیەکی زۆر کەم لەو بازدانە نائاسایییە لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوواندا بەر کوردستان دەکەوێت.

ئێستا ئەگەر کۆرۆنا لە کوردستان و عێراق بدات، کە ئومێدەوارم ئەمە ڕوونەدات، ئەوا کورد بە هۆی کەمیی ژمارەی دانیشتووانەوە زیاندمەندی یەکەم دەبێت. جا لەبەر ئەوەی کوردستان بەداخەوە بەشێکە لە عێراق و هیچ یاسا و سنوور و ڕێکارێک نییە بۆ ڕێگرتن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای شار و گوندەکانی، ئەوا دەبێت چاوەڕێ بکرێت پێکهاتەکەی تری عێراق شوێنی بۆشایی دانیشتووان لە کوردستان بگرێتەوە و هەولێری پایتەخت وەک لهاسای پایتەختی تبیتی لێ بێت. هەڵبەت هەمان چارەنووس چاوەڕێی سلێمانی و کەرکوک و دهۆکیش دەکات. ڕووبەری وڵاتی مێژوویی تبیت ٤ ملیۆن کیلۆمەترە و ئەمەش ٤ جار لە ڕووبەری هەر ٤ پارچەی کوردستان بەسەریەکەوە گەورەترە. تبیت لە سەدەی حەوتەمەوە تا سەدەی سیازدەیەم دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو. دواتر بووە بەشێک لە هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی چین و لە ساڵی ١٩٦٠ بەدواوەیش دەولەتی چین بە شێوەیەکی سیستەماتیک کەوتە گۆڕینی دیمۆگرافیای تبیت بە جۆرێک کە ئێستا ٨٠٪ی دانیشتووانی لهاسای پایتەختی مێژوویی و کولتووری و ئابووریی تبیت لە نەتەوەی هان کە نەتەوەی باڵادەستی چینە، پێک دێت.

خوشک و برایانی بەڕێز، خزم و هاوڕێ و دۆستانی هێژا، هەریەکێک لە ئێوە بە دانیشتن لە ماڵەوە هەر خۆی ناپارێزێت، بەڵکو وەکو پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤانێک لە سەنگەرەوەی پێشەوەی شەڕی پاراستنی داهاتووی نەتەوە و خاک و کولتوورێکی دێرین و شایەن بە پاراستندایە.

تکایە خۆتان بپارێزن!

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:02:31:22/03/2020



ئه‌م بابه‌ته 700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر