ترەمپ پێویستی بە بەڵێنێکی هاوشێوەی بەلفۆرە

ماتیۆ مێینن
توێژەر لە کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
هەڵەکەی ترەمپ بۆ جێگۆڕکێی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، دەکرا بەشێوەیەکی تر، ببوایا بە دەستکەوتێکی مەزنی ستراتیژیەتی سیاسەتی دەرەوە، بەڵام دەبێت بزانین یارییەکە تەواونەبووە. 

دەکرێت سەرۆک لەوە پاشگەز بێتەوەو جیهان بهەژێنێت لەڕێگەی بەڵێنێکی هاوشێوەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئارسەر بەلفۆر، کە لە ٢ی تشرینی دووەمی ١٩١٧ لە تەنیا ٦٧ وشەدا جیهانی گۆڕی. ئەو بەڵێنە بە پاڵپشتی دەوڵەتێک بۆ جووەکان، دەستی بە کارێکی هێواش کردو دەرەنجام دروستبوونی ئیسرائیلی هاوچەرخی لێکەوتەوە. دەشێت سەرۆک ترەمپ هەمان کار بۆ کورد ئەنجام بدات.

ڕوونە کە پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دژایەتی بەربڵاو بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بێجگە لە ئیسرائیل، هەموو وڵاتان دژایەتی سەربەخۆیی کورد دەکەن.

سیاسەتەکانی سەرۆک ترەمپ کە کاریگەرییان لەسەر وڵاتە جووەکە هەیە، دەرخەری ئەوەیە کە سەرۆک دژی بۆچوونە بەربڵاوەکانەو دەکرێت ئەو کارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدات کە ڕاستە.

دژی هەڵسەنگاندنی هاوەڵە ئەوروپییەکان، سەرۆک لە ڕێکەوتنی ناوەکیی ئێران کشایەوەو ژیانی لەبەر ئابوریی ئەو وڵاتە بڕی بەهۆی ئەو سزا سەختانە، فشارەکانی حزبوڵڵای لوبنانیشی لەسەر ئیسرائیل سنووردار کردووە. لەوەش زیاتر، سەرۆک ترەمپ باڵیۆزخانەی ئەمریکای بۆ ئۆرشەلیم گواستەوە؛ دانی نا بە شارەکە وەک پایتەختی ئیسرائیل و سەروەریی وڵاتەکەشی بەسەر بەرزاییەکانی جۆلان راگەیاند.
بۆ کورد، دەشێ سەرۆک هەنگاوی ئازایانەی وەها بهاوێژێت، بە بڕیارێک داننان بە مافی کورد بۆ سەربەخۆیی و مافی بڕیاردان لە چارەنووس سەردەگرێت.

لەو کاتەی بەو بڕیارە شێوەو بارودۆخی چوار وڵات دەنگی تێدەکەوێت کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، سەرۆک دەشێ نەپرژێتە سەر چۆنیەتی داڕشتنی سنوورەکان و ئەوە بە ڵێڵی بهێڵێتەوە. لە کۆتاییدا (لۆرد بەلفۆر)یش نەخشە و سنووری بۆ ئیسرائیل دیاری نەکرد. بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی وڵاتەکان بکرێت کە سنوور لەدەست دەدەن، سەرۆک دەتوانێت بەردەوام بێت. دەشێت سەرۆک بڕیارەکە لە وتارێکی تەنیا ٢٨٠ پیتی، یان کەمتر، بدات.

پاڵپستیکردنی دەوڵەتداریی کورد، هاوکار دەبێت بۆ نوێکردنەوەی متمانەی ئەمریکا کە لەدەستی داوە، هاوکات دەشیپارێزێت لە هەڕەشەی دەرەکی. بۆ نمونە، ناساندنی پێویستی بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، ئەمە سەرۆک لە رەخنەکانیش دەپارێزێت دەربارەی هەوڵەکانی بۆ ناساندنی فەلەستینیش. بێجگە لەوەش سەربەخۆیی ٣٠ ملیۆن کورد زۆر گرنگتر و پێویستترە لە دەوڵەتێک بۆ ٥ ملیۆن فەلەستینی.
ئەو هەنگاوە دەستکەوتێکی ستراتیژی مەزن دەبێت. بڕیارێکی وەک بەڵێنی بەلفۆر تورکیا ئاگادار دەکاتەوە کە بەرپەرچی هەڕەشەکانی دەدرێتەوە لەلایەن ئەمریکا. 

ئەگەر بەبیر خۆمانی بهێنینەوە، لە لێدانی کورد لەلایەن پاسەوانە کەسییەکانی سەرۆک رەجەب تەییب ئەردۆگان لەسەر خاکی ئەمریکا، تا کڕینی چەکی سەربازی ڕوسی، تورکیا بەراورد بەهەر وڵاتێکی ناتۆ، شتی نەخوازراو ئەنجام دەدات. دەبێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شتێکی پێشبینی نەکراو لەو ئاستە ئەنجام بدات. داپڵۆسێنەری وەک ئەردۆگان لەو هاوکێشە پەنجا بە پەنجاییە تێدەگەن.

بێجگە لەوەش، ترسی دژە ـ کوردی تورکیاش دەڕەوێتەوە بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کە پێشبینی دەکرێت بە تەنیا یەک نەوە ژمارەی کورد لە تورک زیاتر بێت و ببنە زۆرینە. بۆ تورکیا باشترە ئێستا پەیوەندی باشی لەگەڵ کورد هەبێت، چونکە دەوڵەتی کوردیی رێگری لێناکرێت. دواتر پێشبینی ناکرێت تورک وەک کەمینە بێت لە وڵاتێکی دوو نەتەوەییدا، دواجار یەک ریفراندۆم، پرسەکە بە تەواویی یەکلایی دەکاتەوە.

پرسی ناپاکیی سەرۆک ترەمپ لە کورد، لای خەڵک کۆتایی رێگەکەیە، بەڵام وا نیە. ئەوە لە مێژووی پەیوەندی میرەکانی بەریتانیا و ئیسرائیل سەلمێندراوە. دەبینین سەرەڕای راگەیاندنی بەڵێنی بەلفۆر، بەریتابیا زیاتر ئازاری جووڵەکانی داوە لەوەی ترەمپ بەرامبەر بە کورد کردوویەتی، بەڵام پەیوەندیی دۆستایەتی تۆکمەیان هەیە.

یەکەم، خواستی سنوورەکان لاوازتر بوو لای ئیسرائیلییەکان بە دابڕاندنی ئوردن لە دەسەڵاتی بەریتانی بەسەر فەلەستین لە ساڵی ١٩٢١. دواتر، لە ساڵی ١٩٣٩ رێگریی لە ملیۆنان جوولەکە کرا لە ئەوروپا بەرەو ئیسرائیل کۆچ بکەن. لە جەنگی سەربەخۆیی ئیسرائیلیش لە ساڵی ١٩٤٨دا لەدژی ئوردن و میسڕ، بەهاوکاری و زانیاری لەدژی ئیسرائیل وەستایەوە. لە کۆتاییدا، سەرەڕای ئەو ڕووداوەش، بەریتانیا دانی بە سەربەخۆیی ئیسرائیل نا و تا ساڵی ١٩٥٦ پەیوەندییەکان باشتر بوون و هەردوو وڵات لەگەڵ فەرەنسادا دەستیان بەسەر نۆکەندی سوێز و نیمچە دوورگەی سینا-دا گرت.

ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت لەگەڵ بەریتانیا ئاشت بێتەوە، بۆ دەبێت ئاشتبوونەوەی کورد و ئەمریکا ئەوەندە سەخت بێت؟ تەنیا پاڵپشتیکردنێک لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، ئەوەندە دەهێنێت کە بەشێکی تری پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمریکا هەڵبدرێتەوە. بە جێگیرکردنی نمونەیەکی وەک بەڵێنی لۆرد بەلفۆر، سەرۆک ترەمپ دەتوانێت پێگەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێنێتەوەو ببێتە لایەنێکی ئەخلاقیی و لەگەڵ پێکهاتەیەکی گرنگ لە خەڵکی هەرێمەکە (کورد) پەیوەندی دروستبکاتەوەو هاوسەنگی هێز لە بەرامبەر لایەنە ناکۆکەکانی خۆی، دروست بکات.

و/ یادگار ئیسماعیل 
سەرچاوە/ thehill.com 

PM:04:36:29/10/2019



ئه‌م بابه‌ته 649 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر