عه‌ره‌ب و كورد

خالید ئەلقشتینی
ڕۆژنامەنووس و نووسەری عیراقی

له‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ته‌كاندا به‌ڕێز (به‌رجه‌س ئه‌لبه‌رجه‌س) سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ مانگی‌ سووری‌ كوه‌یتی‌، له‌ناوه‌ندی‌ راگه‌یاندنی‌ كوه‌یتی‌ باسی هاوكاری‌ و كۆمه‌كه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوه‌یتی‌ كرد بۆ هاوڵاتیانی‌ عراق، منیش چه‌ند پرسیارێكم ده‌رباره‌ی‌ چالاكییه‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ عه‌ره‌ب و نشسته‌كانی‌ لێكرد، هه‌موو جارێك به‌نائومێدییه‌وه‌ ده‌ستی‌ هه‌ڵده‌بڕی‌ و به‌ فسكه‌وه‌ ده‌یگوت: عه‌ره‌ب عه‌ره‌ب.

هاوپیشه‌یه‌كی‌ كوردم له‌ته‌نیشته‌وه‌ بوو. سه‌یری‌ یه‌كتریمان كرد و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌خه‌نده‌وه‌ به‌ده‌نگێكی‌ نزمه‌وه‌ قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رگه‌ساته كۆمیدیییه‌ كرد كه‌ بۆته‌ مۆدێكی‌ سیاسی ئه‌م نه‌وه‌یه‌مان. باسی ئه‌وه‌م بۆ كرد كه‌ چۆن رۆژنامه‌نووسێك پرسیاری‌ ئه‌و هه‌موو كوشتاره‌ تاڵه‌ و لێكترازانه‌ی‌ به‌ره‌ی‌ كوردی‌ عراقی‌ له‌سه‌ركرده‌ی‌ كورد جه‌لال تاڵه‌بانی‌ كرد، كه‌ وه‌ڵامی‌ دایه‌وه‌و فه‌رمووی‌: (ئه‌مه‌ له‌ئێوه‌ فێربووین، ئێوه‌ ئه‌ی‌ عه‌ره‌ب). هاوپیشه‌ كورده‌كه‌ له‌گه‌ڵمدا هاوسۆز بوو، بۆیه‌ بۆی‌ گێڕامه‌وه‌ كه‌ له‌كاتی‌ شۆرشی كورددا كاتێك ئه‌و له‌ریزه‌كانی‌ مه‌لا موسته‌فا بارزانیدا بوو، رۆژنامه‌نووسێكی‌ میسری‌ سه‌ردانی‌ بارزانی‌ كرد و چه‌ندین پرسیاری‌ هیچ و كرچ و كاڵی‌ لێكرد، بارزانیش موجامه‌له‌ی‌ كرد و ئه‌وه‌نده‌ی‌ سه‌بر و هه‌داری‌ له‌(ئه‌عساب)یدا هه‌بوو، وەڵامی‌ پرسیاره‌كانی‌ دایه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و سه‌بر و هه‌دارییه‌ به‌ته‌واوی‌ له‌لای‌ بارزانیدا نه‌ما كاتێك رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ كۆتا پرسیاری‌ لێكرد وتی‌: (راسته‌ ئێوه‌ی‌ كورد پێشتر عه‌ره‌ب بوون؟) بۆیه‌ بارزانی‌ رووی‌ كرده‌ مه‌حمود عوسمانی‌ یاریده‌ده‌ری‌ و پێی‌ گووت: ناتوانم ئه‌و پرسیاره‌ به‌عه‌ره‌بی‌ وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌. وه‌ڵامه‌كه‌م به‌كوردییه‌ تۆش بۆی‌ بكه‌ به‌ عه‌ره‌بی. مه‌حمود عوسمان به‌م وشانه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ كرده‌ عه‌ره‌بی‌: راسته‌ ئێمه‌ له‌دێر زه‌ماندا عه‌ره‌ب بووین و له‌ناوچه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا ده‌ژیاین، به‌ڵام سه‌بر و هه‌داریمان لێبڕا و به‌سه‌ر شاخدا هه‌ڵگه‌ڕاین و ناومان له‌خۆمان نا ((كورد)). *
به‌مشێوه‌یه‌ كورده‌كان به‌وه‌ ناسران كه‌ كوڕی‌ شاخن و له‌توركیاش به‌ ((توركه‌ شاخاوییه‌كان)) ناسراون. له‌مباره‌شه‌وه‌ جه‌واهیری‌ دروود بۆ جه‌نگاوه‌ر و پاڵه‌وانه‌كانیان ده‌نێرێت و نووسیویه‌تی‌:

سڵاو له‌ شاخی‌ سه‌ركه‌ش بكه‌
چونكه‌ هه‌ر تۆ ده‌زانیت ئه‌وانه‌ چین و كێن

(سلم علی‌ الجبل الأشم
وانت أعرف عن بنیهم من هم)

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و راستییه‌ جیۆفیزیاییه‌ كامل جادرچی‌، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ نیشتیمانی‌ دیموكراتی‌ له‌عراقی‌ ئه‌وسادا به‌ ره‌شید عارفی‌ گووتوه‌ كه‌ وه‌زیرێكی‌ كورد بوو له‌حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم: ئێوه‌ی‌ كورد به‌ختی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تتان نابێت چونكه‌ ئێوه‌ شاخنشینن، شارستانییه‌ته‌كانیش له‌شاخه‌كاندا دروست نابن. بێگومان ره‌شید عارف گه‌نگه‌شه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كرد و ئه‌م بۆچوونه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌.
چه‌ند مانگێك تێپه‌ڕی‌ و كامل جادرچی‌ بۆ گه‌شتوگوزار سه‌ردانی‌ سویسرای‌ كردبوو، له‌وێ بینیبووی‌ كه‌ ئه‌م وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ چه‌نده‌ پێشكه‌وتووه‌. به‌هه‌موو شتێكیان سه‌رسام بوو. كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ عراق و له‌بۆنه‌یه‌كدا ره‌شید عارفی‌ بینیه‌وه‌. داوای‌ لێبوردنی‌ لێكرد و پێی‌ وت بۆچوونه‌كانم سه‌باره‌ت به‌ شاخنشینان ده‌كێشمه‌وه‌. دواتر پێی‌ گووت: ئێوه‌ی‌ كورد بۆچی‌ شاخه‌كانتان وه‌كو شاخی‌ سویسڕییه‌كان لێناكه‌ن؟ ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا وتی: سویسرا به‌كۆمه‌ڵێك شارستانی‌ ده‌وره‌ دراوه‌، له‌باكوریدا ئه‌ڵمان، فه‌ڕه‌نسییه‌كانیش له‌ رۆژئاوایدا، له‌رۆژهه‌ڵاتیشه‌وه‌ نه‌مساییه‌كانن، ئیتاڵییه‌كانیش له‌باشوریدان. له‌هه‌موویان فێربوون. به‌ڵام ئێمه‌ی‌ كورد كێ ده‌وری‌ داوین تاكو لێیان فێربین؟ له‌رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ عه‌جه‌م و قه‌ره‌جه‌كانیش له‌باكووره‌وه‌و عه‌ره‌بیش له‌باشووره‌وه‌و له‌ رۆژئاواشه‌وه‌ به‌ده‌وییه‌كان. ئیتر پێم ناڵێیت له‌كامیان فێربین؟.

سەرچاوە/ رۆژنامه‌ی‌ (ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت) 1-10-2019 ژماره‌ 14917
وەرگێڕانی/ هەڵگورد عەبدولوەهاب جندیانی

* بێگومان ئه‌و وه‌ڵامه‌ی‌ سه‌رۆك بارزانی‌ نه‌مر وه‌كو گاڵته‌پێكردنێك بووە به‌و پرسیاره‌ بێمانا و ئاستنزمه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسه‌ شۆفێنییه‌ میسرییه‌كه‌ (وه‌رگێڕ).


PM:07:47:02/10/2019



ئه‌م بابه‌ته 130 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر