موقتەدا سەدر، مناڵە لاسارەکەی ڕژێم

دكتۆر عادل باخەوان
سۆسیۆلۆگ و ڕوناكبیری كورد
کۆمەڵێک پرسیارم لەسەر دۆخی ئێستای عێراق لەلاین خوێنەرانمەوە لەسەر موقتەدا بۆ هاتوە و چەند پرسیارێکیش لەسەر یەکگرتووی ئیسلامی. پێموایە ئەوەی کە لە ئێستا گرنگە بۆچونی خۆمی لەسەر دەرببڕم زیاتر یەکەمیانە، چونکە لە ڕابوردودا شرۆڤەی دۆخی یەکگرتوم کردوە و خوێنەران دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو بابەتانە.

من پێموایە بەبێ تێگەشتن لە موقتەدا ئەستمە ئێمە بتوانین بە دروستی لە عێراقی پاش سەدام حوسین تێبگەین. ئەو یەکێکە لە ئیشکالیەتە گەورەکانی ئەم دەوڵەتە. من هەوڵدەدەم ئەو چوارچێوە شیکاریەی کە بۆ تێگەیشتن لەم ئەکتەرە پێشنیاریدەکەم، لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورتبکەمەوە:

1. موقتەدا ئەو ئەکتەرەیە کە ژیانی سیاسی لەگەڵ داگیرکردنی عێراق لە ۲٠٠۳ وە دەستپێدەکات و بەبێ ئەم داگیرکردنە ئیحتیمالی دروستبوونی شتێک بەناوی موقتەدای ئێستا زۆر لاوازە. واتە موقتەدا مناڵێکی شەرعیی ئەو ڕژێمەیە کە پاش سەدام حوسەین دروست ئەبێت.

2. لە نێو ئەم ڕژێمەدا موقتەدا هەمیشە لە پەیوەندیەکی بیناکراو لەسەر دوانەی دۆست و دوژمندا بوە. دۆست بەمانای ئەوەی کە بەشداری ڕاستەوخۆی کردوە لە ئیدارەدانی هەموو جومگەکانی ڕژێمدا، لە هەمانکاتدا دوژمنی سەرسەختی هەمان ئەو ڕژێمە بوە. شەو نەبوە خەونی پێوە نەبینێت، ڕۆژ نەبوە لێی توڕە نەبێت.
3. ئەو لەیەککاتدا خەبات لە پێناوی دادی کۆمەڵایەتیدا دەکات و فڕۆکە تایبەتەکەشی بیست و پێنج ملیۆن دۆلارە.

4. ئەو حیکایەتی ناسیۆنالیزمی عێراقیمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵام لە قوم بەشێکی ژیانی بەسەر دەبات.

5. ئەو باسی هاوڵاتیبون دەکات، بەڵام میلیشیاکانی سوپای مەهدی و سەرایای سەلامت بۆ دروستدەکات.

6. بەدیوێکی دیکەدا، بەشێکی زۆر لەگۆڕانە بەردەوامەکانی سەدر پەیوەندی بە هەژموونکردن بەسەر کێڵگەی سیاس شیعەدا هەیە، چونکە ئەو ئەزانێ هەژموون بەسەر شیعەدا یەکسانە بە هەژموون بەسەر عێراقدا.

7. لە سەرەتاکانی داگیرکردنی عێراقدا موقتەدا نوێنەرایەتی نەوەی نوێی دەکرد، حەڤدە ساڵ دواتر موقتەدا چیتر نەک هەر گەنجە خوێنگەرمەکەی ۲٠٠۳ نیە، بەڵکو لە چاوەڕوانی و خەونەکانی ئەو نەوەیەش تێناگات کە لە کۆڵانەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانادا گەورە بووە. موقتەدا خاوەنی حیکایەتێکی گەورەیە، بەڵام نەوەی نوێ جگە لە حیکایەتی ژیانێکی کەرمەتدارانە هیچ حیکایەتێکی دیکەی نیە.

8. موقتەدا، ئەکتەری کلیلی دەرگا داخراوەکان، مەحکومە بە گرەوە جێۆپۆلیتیکەکانی وڵاتانی سیستمی ناوچەیی و جیهانی و ناتوانێت لەدەرەوەی ئەو گرەوانە بڕیاربدات.
9. موقتەدا، مناڵە لاسارەکەی ڕژێم، یەکێکە لەو ئەکتەرانەی کە پێیوایە دەستێکی شاراوە لە پشت پەردەکانەوە سەرگەرمی دروستکردنی پیلانێکی جیهانیە دژی شیعە و ئەو دەستە دەبێت ببڕدرێت.

10. لە سەر ئاستی ئیدۆلۆژیش، سەدر دەوڵەت وەک فیگەری باوکێ دەبینێ کە ئەبێ بە ڕەحمبێ لەگەڵ مناڵەکانیدا، نەک وەک دەزگایەکی نیشتمانی لە خزمەتی هاوڵاتاندا.

ئەم وتارە دەربڕ لەڕای نوسەر دەكات


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

AM:12:33:08/02/2020



ئه‌م بابه‌ته 410 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌