کوردبوون یان ئێراقیبوون

دكتۆر عادل باخەوان
سۆسیۆلۆگ و ڕوناكبیری كورد
زیاتر لە چەند هەفتەیەکە، لەسەر گرفتەیەکی ڤیدیۆیی من لەسەر پرسی کوردبوون و ئێراقیبوون، کۆمەڵێک هاوڕێی زۆر لەنزیکەوە تێزەکانی من دەناسن پێیانخۆشە ڕونکردنەوەیەک بدەم، چونکە وادیارە خراپتێگەیشتنێک لەو گرتە ڤیدیۆییە هەیە کە لەبەرنامەیەکی درێژی من لەگەڵ بەڕێز کاک ڕەنکۆ وەرگیراوە.

1. بەشێک لە بینەران و خوێنەران پێیانوایە من ئەمەوێت کورد بکەم بە ئێراقی و کوردستان بکەم بە بەشێک لە ئێراق و ئەمەش بە ناپاکی نیشتمانی پێناسەدەکەن. ڕاستیەکەی من سەد لە سەد بە پێچەوانەی ئەم تێزەوە قسەمکردوە.

2. من پێموایە بەبێ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، هەر بانگەشەیەک بۆ ئەوەی ئێمەی کورد لە ئێراقدا ئێراقینین، جگە لە کۆمەڵێک وەهم و لە باشترین دۆخدا کۆمەڵێک حەزو ئارەزو هیچی ترنیە. بۆ ئەوەی تۆ مێژوەکەت نەبێ بە مێژوویەکی ئێراقی، کولتورەکەت نەبێ بە ئێراقی، زمانەکەت نەبێ بە ئێراقی، خەیاڵدانی دەستەجەمعیت نەبێ بە ئێراقی، هونەر و ئەدەبەکەت نەبێ بە ئێراقی، تەنها و تەنها ڕێگایەک کە لەبەردەستتدایە بریتیە لە ڕێگای دەوڵەتی کوردی.

3. لە ئێستا و ئێرەدا، سەرەڕای خەونەکانی من و تۆ، سەرەڕای خواست و حەزەکانی من و تۆ، جیهان لەگەڵ ئێمەدا تەنها و تەنها وەک ئێراقیەک مامەڵەمان لەگەڵدا دەکات. ئەمە بۆ عەرەبەکانیش ڕاستە کە شکستیان هێناوە لەوەی دەوڵەتێکی عەرەبیی یەکگرتوو دروستبکەن و لە ئێراقدا تەنها و تەنها وەک ئێراقی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن نەک وەک عەرەب و نەتەوەی عەرەبی و دەوڵەتی عەرەبی. ئەزانم چەندین کەس ڕاستدەبنەوە و دەڵێن نەخێر عەرەب چەندین دەوڵەتی هەیە. بەڵام لەڕاستیدا ئێمە شتێکمان نیە بەناوی دەوڵەتی عەربی، بەڵکو دەوڵەتی قەتەری و سعودی و ئیماراتی و هتد.

4. لە ڕۆژانی ڕابوردودا، کتێبخانەی نیشتمانیی فەرەنسی تەلەفونیان بۆکردم و گوتیان : کۆمەڵێک کتێبی ئێراقیمان لایە و ئەمانەوێ سکانی بکەین و لای خۆمان بیانپارێزین و پێویستمان بەوەیە بزانین ڕای بەڕێزتان لەسەریان چیە و تا چەند گرنگن بۆ ئێراقیەکان. منیش ڕەزامەندیم دەربڕی و لیستەکەیان بۆ ناردم. بینیم کۆی ئەو لیستە لە سلێمانیەوە وەریانگرتوە و دیوانەکانی نالی و سالم و مەحوی و چەنین دیوانی دیکەی ئەدەبی گەورەن. تەنانەت پاش ڕونکردنەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵیان، وتیان ئێمە لە بەڕێزتان تێدەگەین، بەڵام ئەم کێتبانە لە چورچێوەی دەوڵەتێکدا بۆ ئێمە هاتوە کە ناوی عێراقە و وەک ئەدەبی ئێراقی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین !

5. چەندین ساڵە هەڵوێستی من لەسەر پرسی دەوڵەتی کوردی ڕون و ئاشکرایە و وەک پشتر وتبووم : پرسە نەتەوەییەکانی کورد، موستەحیلە بەبێ سەربەخۆیی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی چارەسەربکرێن.

6. بەبێ دەوڵەتی کوردی تۆ هەرگیز کێلگەیەکی سەربەخۆی ڕۆشنبیریت نیە، بەڵام وەهمی کێڵگەییەکی سەربەخۆی ڕۆشنبیرییت هەیە، تۆ هەرگیز کێڵەیەکی سیاسی سەربەخۆت نیە، بەڵام وەهمی کێڵگەیەکی سیاسی سەربەخۆت هەیە. ئەمە بۆ هەموو کێڵگەکانی دیکەش ڕاستە.

7. ئایا لە ئێستا و ئێرەدا، هەلومەرجی دەوڵەتانی سیستمی جیهانی ڕێگادەدەن بەوەی کە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ناسیۆنالیزمی کوردی ببن بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان ؟ بێگومان نەخێر. لە دۆخێکی وادا، ئەم دوو کاتیگۆریە لە ئەکتەر تەنها و تەنها ڕێگایەکیان لەبەردەستدایە کە بریتیە لە دۆزینەوەی فۆرمێکی نوێ بۆ پێکەوەژیان لە چواچێوەی ئێراقدا.

8. بەدرێژایی سەدەی ڕابوردو، هەمیشە ئێراق بووە بە دۆزەخی ئێراقیەکان، هۆکارەکان زۆرن، بەڵام یەکێک لەوانە بریتیە لەوەی کە هیچکام لە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و کوردی نەیانویستوە دان بە عێراق وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆدا بنێن و لای هەر یەک لەم دوو تەوژمە، عێراق وەک دەوڵەتێکی کارتۆنی وێناکراوە، کە دەبێت تێبپەڕێنرێت. بۆ ناسیۆنالیستە عەرەبەکان، عێراق هیچ نیە پارێزگایەک نەبێ لە دەوڵەتی عەرەبیی یەکگرتوو، بۆ ناسیۆنالیزمی کوردیش، ئێراق هیچنیە داگیرکەرێکی خاکی پیرۆزی کوردستان نەبێ. لەهەمان کاتدا سەد ساڵیشە، هەردوو لایان لە چوارچێوەی عێراقدا دەژین.

9. بە کورتی : لە ئێستا و ئێرەدا، ئێراق هیچ یەکێک لە بنەماکانی دەوڵەتێکی تەندروستی تیادانیە و گریمانەی هەڵوەشانەوەی لە پێشمانەوە ڕێدەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەپێی یاسا نێودەوڵەتێکان و شەرعیەتی جیهانی، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئێراق و کوردستانیەکانیش وەک ئێراقی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ.

10. ئەمە ئەو واقیعە بابەتیەیە کە سەد ساڵە ئێمە تیایدا دەژین. ئێمە سەد ساڵە تەنها وەک ئێراقی لەنێو مێژودا بونمان هەیە و بەبێ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیش هەر وەک ئێراقی لەنێو ئەو مێژوەدا دەمێنینەوە، ئیتر پێمان خۆشبێ یان پێمان ناخۆشبێ.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:11:01:10/10/2021



ئه‌م بابه‌ته 171 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌