کەواتا چۆن بە ئیمڕۆ گەیشتن؟

یادگار ئیسماعیل
مامۆستاى زانکۆ
دوای ئەوەی ژاپۆن هێرشی کردەسەر ئەمریکا و ٣٥٠٠ هاوڵاتی لە هاوای کوشت، ئەمریکا رژدتر خزایە جەنگی دووەمی جیهان و پەرچەکردارەکەش هێرشی موشەکی بۆ سەر هێرۆشیما و ناکازاکی لێکەوتەوە. دەرئەنجام ژاپۆن لە جەنگ شکستی هێنا، بەڵام ژاپۆن نەدۆڕا و بە شێوازێکی تر هەڵستایەوە. دوای ئەو کارەساتە، کە خۆشیان هۆکاری بوون، یان جەنگ بە لایەنی کەم، ژاپۆنییەکان نەفرەتیان لە کوشتن و شەڕ کرد. ئەوان متمانەیان بە خۆیان لەدەست نەدا، بەڵام متمانەیان بەوە نەبوو جارێکی تر پشت بە پەروەردە و فێرکردنی خۆجێیی ببەستن. ئەوان دەستیان کرد بە خوێندن لە دەرەوە، بەتایبەت لە ئەمریکا.

دوای خوێندن و کردنەوەی دەرگە بەڕووی وەبەرهێنانی خۆجێیی و بیانی، ژاپۆن دەستیکرد بە هەڵکشان و پێشکەوتن لە تەواوی بوارەکان. ژاپۆنییەکان کە لە ئەمریکا دەگەڕانەوە، بڕوانامەکانیان لەسەر دیوارەکان هەڵنەواسیی، وەک ئێمە کۆلێژ و زانکۆی کەرتی گشتییان نەکوشت و زانکۆ و پەیمانگەی تایبەتی بازرگانییان نەکردەوە. ئەوان بڕوانامەکانیان وەرنەگرتەوە و گووتیان زانست گرنگترە؛ ئەوان گەڕانەوە و زانستیان بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکارهێنا و خۆیان بەر لە هەموو شتێک گۆڕی.

لایەنێکی تری پێشکەوتنی ژاپۆنییەکان بۆ هۆکارێکی تر دەگەڕێتەوە. هۆکارەکەش دەستگرتن بوو بە نەریتی ژاپۆنیی خۆجێی. وەک ئێمە منداڵەکانیان لە زمانی خۆجێیی بێ بەری نەکرد، گرنگی تەواویان بە ئینگلیزی نەدا، منداڵەکانیان وەک خێزانە نەریتەکان فێری رێزگرتن و نەریتی رێزگرتن و پاکوخاوێنی و بەرپرسیاریەتی کرد. دەرئەنجام ئەوە وای کرد، خەڵکی خۆیان فێری ژاپۆنی بکەن. ئەمە بێجگە لەو ڕاستیەی هەموو مرۆڤایەتی هیوا بە سەردانکردنی و ژیان لەو وڵاتە دەخوازێت.

بێجگە لەوەش، ژاپۆنیی کە سەردانی گەلان دەکەن، دەست دەکەن بە خوێندنەوەی زانیاری و پەرتووک لەسەر نەتەوە و ئایینەکان، ئەوان ناخوازن هەڵەیەک بکەن تێیدا شەرمەزار بن. ئەوەندە بەڕێزن بە قەد رێزگرتن لە زمان و بەهاکانیان ڕێز لە زمان و فەرهەنگ و بەهای گەلانی تر دەگرن. بەرپرسانی ژاپۆن لە بۆنە تایبەتەکانیان بە کوردی قسە دەکەن و شعریش دەخوێننەوە، دەیانەوێت لەو روانگەیەوە نیشانی بدەن چەندە ڕێز لە کورد دەگرن، بەڵام عەقڵی خراپ پەروەردەکراوی کوردیی و بێ متمانە بەوانیش پێدەکەنن، لەبری ئەوەی شەرم لە خۆیان بکەن!

ژاپۆن ئێستا نەک باڵاترین وڵاتی جیهانە لەڕووی بازرگانی و پیشەسازی و تەکنەلۆجیا، بەڵکو لەڕووی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵاش لە لوتکەیە. ژاپۆن بە پاکیی، ڕاستگۆیی، نەریتی و سادەیی دەناسرێنەوە. ئەوان شانازی بە فەرهەنگی خۆیان دەکەن ئەمەش ئەو ڕاستیە دەردەخات کە مەرج نیە دەستگرتن بە دابونەریت دواکەوتوویی بگەیێنێت، بەڵکو دەکرێت بەشێوەیەکی تر بە ئەرێنی بشکێتەوە.

ژاپۆنستان ئێستا لە هەموو رووێک کێبڕکێی ئەمریکا و ئەڵمانیا دەکات، لە هەمان کات لە وڵاتێکی سەربازی داعشی داپڵۆسێنەر بۆتە وڵاتێکی پێشکەوتنخوازی بەخشەر گۆڕاوە، هەمووشی لەبەر ئەوەی ژاپۆنییەکان خۆشەویستی ژاپۆنیان خستۆتە سەر هەموو خۆشەویستی و بەرژەوەندیێکی تایبەت و کەسیی. دەپرسین رێگرییەکان چین کە کوردستانی وا بیر نەکەنەوە؟ ئایا ئەرکی حکومەت نیە هەندێک رێکار لە پێناو بەرژەوەندی و مانەوەی کورد و کوردستانیان بگرێتەبەر، لە ڕووی گرنگیدان بە نەریتە جوانەکانمان و زمانە خۆجێییەکان و زانستی وەرگێڕان بۆ سەر کوردی وەک لە ئێران و وڵاتانی تریش بە هەمان ئامانج لە ولاتەکانیان ئەنجامی دەدەن.

PM:09:57:06/11/2019



ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر