جوتیاران و پلانەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ

یادگار ئیسماعیل
مامۆستاى زانکۆ
کشتوکاڵ نەک بەتەنیا کۆڵەکەیەکی پشتی ئابوری وڵاتانی کشتوکاڵییە، بەڵکو لە وڵاتە سەرمایەدارەکانیش گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. بەڵام بە داخەوە لە کوردستان، ساڵانە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، هەرچەندە بەرهەمیش زیاد دەکات. ئەوەش بۆ بێ پلانی حکومەت و هزری کارگێڕی و دەوڵەتداریی دەگەڕێتەوە.

تا ساڵی ٢٠٠٥ یش، بەشێکی زۆری کوردستانیان پشتیان بە کشتوکاڵ دەبەست، خۆمان یەکێک بووین لەو خێزانانەی تەواویی بژێوی ژیانمامان لەسەر کشتوکاڵ بوو، بە فرۆشیی دوو تا سێ مانگی تەماتە، داهاتی یەک ساڵمان بە پێوەرە ئابورییەکانی ئەو کات گلدەدایەوە و دەشتواندرا، بەگشتیی، پێویستی بازاڕی کوردستان بۆ تەماتە دابین بکرێت، ئەمە بێجگە لە سەوزە و میوەکانی تر. کەچی بە داخەوە ئێستا هەرچەندە ڕێگەکانی کشتوکاڵکردن پێشکەوتووترن و چەندایەتی بەرهەمیش چۆتە پێشەوە، بەڵام بە بەراوردکردنی ئەو کات و ئێستا و بڕی داهاتی ساڵانە، جوتیارێکی ئاسایی ناتوانێت بە تەواویی داهاتی خۆی و خێزانەکەی پڕ بکاتەوە.

لەم ساڵانەی دوایی دیاردەیەکی خراپ، هەندێک جاریش ناچار بۆ جوتیاران، سەری هەڵداوە، ئەویش فڕێدانی بەروبوومە کشتوکاڵییە ساخنەبووەکانە. ئەوە وەک هەڵوێستێک لەقەڵەم دەدرێت بەرامبەر بە وەزارەتی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە نەیتوانیوە بەروبوومەکان وەربگرێت و ساخ بکاتەوە. وەزارەت ئەوەندە بێ پلانە، وەک کەرتەکانی تر مشەخۆر ئاسا، پشت بە بەروبوومی دەوروبەر دەبەسترێت، تەنانەت بۆ بەروبوومە قوتوکراو و هەڵگیراوەکانیش.

بە داخەوە، دەتوانین تەنیا ئەوە بڵێین کە کارگەی ئاوی تەماتە و قوتوکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی لەم کوردستانە بەرفراوانە بوونی نییە. بە بوونی کارگەی هاوشێوە، دەشێت بەروبوومە زیادەکان بە نرخێکی گونجاو لە جوتیاران وەربگیردرێت و بە چۆنایەتی و پاکیی و ڕێکوپێکی قوتو بکرێت و لە کۆتایی پاییز تا درەنگانی بەهار بخرایەتەوە بازاڕەکان. واتا وەزارەت و حکومەت تا ئێستاش نەیانتوانیوە وەک خێزانێکی نەریتیش بیربکاتەوە و مشوری خۆی بۆ نیوەی ساڵ بخوات.

ئەو نەریتە مشەخۆریە و پشت بەستن بە بەروبوومی بیانی و هاوردەکردنی سەوزە و میوە و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی تر بە بێ پلان و رێکخستن، جوتیارانی زیاتر بێهیوا کردووە؛ ئەگەر لەماوەی ڕابردوو بەو شێوە خراپە مامەڵە نەکرایە، بێگومان ئێمە و سەدان و هەزاران خێزانی جوتیاری لە ئێمە چالاکتر و فرەبەرهەمتر زیاتر پشتیان بە کشتوکاڵ دەبەست.

بێجگە لەوەش، کشتوکاڵ تەنیا سودی بۆ بازاڕی ناوخۆ و گلدانەوەی داهاتێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو سودە ژینگەییەکانی یەکجار زۆرن لە پاککردنەوەی هەوا و هاوکاریکردنی پاراستنی ژینگە و گۆرانی کەشوهەوا، بەڵام بەهۆکاری خراپی کارگێڕی و دەوڵەتداریی (بە هۆکاری ناوخۆیی بێت یان دەرەکیی) ژینگەی سروشتیش تێکدراوە و دارو درەختەکان بڕاون و لەناوچوون!

بە کورتی، بۆ پڕکردنەوەی خواستی جوتیاران و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانى خەڵک، مەرجە و پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بیر لە دروستکردنی چەندین کارگەی وەک ئاوەتەمامە و قوتوکردنی سەرجەم بەرهەم و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بکاتەوە، لەو لایەنەوە دەشێت حکومەت بە تەواوەتیش نەبێت، بە نیوە و بە مەرج سەرپەرشتی کارگەکان بکات، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار: کە ساخکردنەوەی بەروبوومەکان و هەمیش پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان. بەوەش نەک ناڕەزایی جوتیاران، وەک زۆر جار وەک یەکەمین بە خەیاڵی بەرپرساندا دێت، بەڵکو داواکارییەکانیان بە ڕێژەیەکی باش جێبەجێ دەکرێت، دەشبێتە هاندەر بۆ گەڕانەوەی سەدان لە گوندنشینان بۆ گوندەکان و زەوی و زارەکانیان و کشتوکاڵ کردن.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



PM:04:33:08/09/2019



ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر