دێمۆکراسی بە بێ ئازادیی ڕادەربڕین گەشە ناکات

یادگار ئیسماعیل
مامۆستاى زانکۆ

دێمۆکراسی لەوە سەرچاوە دەگرێت؛ هاووڵاتی دەنگ بدات و دەسەڵات دەستاودەست بکات، بەو پێیەوە، هاووڵاتی ناوەندی دەسەڵاتە و چەقی بڕیاری ئازاد و ڕای ئازادە، ئازادی رادەربڕین بریتیە؛ لە توانستی یاسایی تاک بۆ دەربڕین لەوەی دەیەوێت بە بێ ئەوەی تێکەڵی بکات بە ناوزڕاندن و سەپاندنی نمونەیەکی رەها بەسەر کۆمەڵێک و جیاکاریی و بە "ئەوی تر" کردن.

سەرەڕای ئەوەش، یەکێک لە نەگبەتییەکانی دێمۆکراسی فرەرەنگ و ئازادی رادەربڕین، مافدانە بەوانەش کە لە جیهان و بیرکردنەوەی خۆیان، یان ئەو ڕاستی و جیهان گریمانەییە جێگرەوەیەی کە هەوڵی بۆ دەدەن، شتێک بوونی نیە بە ناوی (دێمۆکراسی و، ئازادی) رادەربڕین، چونکە ئەوان پێیان وایە؛ تەنیا بۆچوونی ئەوان راستە و باوەڕیان بە ناوەندگەرایی و ڕەهایی و سالاریی ئایدۆلۆجی-بیرکردنەوەی سیاسی هەیە.

کۆمەڵگە بە پارت و یاسا و دەسەڵات و خەڵکەوە لە چەمک و بەهای ئازادیی تێنەگەیشتوون یان نمونەیەکی نیوەچڵ جێبەجێ دەکەن؛ ئازادیی پێشێل دەکەن، یان خراپ پەیڕەوی دەکەن، کە سەرپێچی دەکاتە سەر ئازادی بەرامبەر، کە دەشێت لەو رەوتە پۆپیولیستەی کە هەیە "ئازادی رادەربڕین" بریتی بێت لە سڕینەوەی بەرامبەر یان بەرامبەر-رەشبینین! لەو چوارچێوەیە، ناکرێت هەوڵی بەرهەڵستکاریی و پارتایەتی سیاسی بەرگی ئازادی رادەربڕین و بێلایەنی بکرێتە بەر و بە ئازادی رادەربڕین بخرێنە بازاڕی ماف و ئازادییەکان، هەر وەک چۆن لادەرییە ئەگەر لە دەرەوەی یاسا و دەسەڵات مامەڵە لەگەڵ لادەر یان "تێکدەر" بکرێت.

بە کورتی، دەبێت ئازادی رادەربڕین بە یاسا رێکبخرێت و مافەکە بگەڕێتەوە بۆ خەڵک و لە نێو پارتەکانیش کەس و لایەنی بریکار دروست نەبن ژێرپەردە کار بکەن، چونکە هەموومان لەسەر یەک کەشتی-داین کە دەمانەوێت بە جیهانی بڵێین؛ بە دێمۆکراسی کاپتنەکەیمان هەڵبژاردووە، دێمۆکراسی و ئازادی رادەربڕین چەندە خراپیش بن جێگرەوەیان نیە!


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:02:59:20/02/2021



ئه‌م بابه‌ته 158 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر