هەرێمی کوردستان بەرهەمی قوربانیدانی کوردستانیانە، بیپارێزن!

یادگار ئیسماعیل
مامۆستاى زانکۆ
هەرێمی کوردستان، باشوور، دوای خەباتی ٨٧ ساڵ لە عراقی دروستکراوی کۆلۆنیالیزم وەک پێکهاتەیەکی یاسایی و سیاسی هاتۆتە بوونەوە. کوردستانیانی باشوور زیاتر لە ٢٠٠ هەزار قوربانیان بۆ خۆڕێبەری و زیاتریش داوە، ئەگەر سیاسییەکان کاریان بۆ بکردایە. هەرێمی کوردستان بەرهەمی راستەوخۆی کەمدەرامەتترین قوربانی و شەهیدی ڕێگەی ئازادیە، ناکرێت کیمیا باران، ئەنفال، کۆمەڵکوژیی، شەڕ و مافی سروشتی زمان و بوونی سیاسی و ئابوری بکرێتە قوربانی خۆبەڕێوەبردنێکی خراپ و بەرهەڵستکار ی ناڕەسەن و نا کوردستانی؛ کوردستان لە هەموومان گەورەترە.


ناپرژێمە سەر ناوی ئەو کەس و لایەن و جاشانەی بانگەشە بۆ هەڵوەشانەوەی قەوارە و پێکهاتەی یاسایی و سیاسی و هەرێمی کوردستان دەکەن. بەداخەوە، ئەوان دەریان خست هەرگیز جێگرەوەی دەسەڵاتی ئێستا نابن و شایان نین و گەلی کوردستان پشتیان پێ نابەستێت. ئەمانە زیاتر لەو دژە-دامەزراوە (ئانارشیست) و مافیایانە دەچن کە سوود لە قەیران وەردەگرن بۆ داهات و سامان کۆکردنەوە. لەوە داخبارتر، دوای نزیکەی ١٠٠ ساڵ لە فەرمانڕەوایی بەغداد بەسەر کوردستان، بوونی خواستی وەهایە کە پێی وابێت دەسەڵات لەدەست ئەو نەبێت دەبێت بڕووخێت! ئەمە نەک تەنیا لاوازی ئەو بەناو بەرهەڵستکارانە نیشان دەدات، بەڵکو دەریدەخات هیچ پلانێکیان بۆ دوارۆژێکی باشتر و گرتنە دەسەڵاتیش نیە؛ کەواتا تا لە بێهیوا دووەبکەوینەوە باشترە.


لە زۆربەی هەرێم و ئەو پێکهاتە فیدراڵی و یەکگرتووانە کێشەی مەزن لە نێوان ناوەند و هەرێم و یەکەکانی دەسەڵاتی نێو فیدراڵی یان کۆنفێدراڵیەکان هەیە. لە سکۆتلاند هەوڵی سەربەخۆیی بەردەوامن و داوای دەسەڵاتی زیاتریش دەکەن، لە خراپترین بارودۆخ هیچ سکۆتلەندیەک ئەگەر چەپێکی ناوەندویست و یەکێتیخوازیش بێت لەگەڵ ئینگلستان و وێیڵز و ئایەرلاندی باکوور، بەڵام هەرگیز داوا ناکات سکۆتلاند (سکۆتستان) هەڵبوەشێتەوە. لە ئیسپانیا، هەرگیز کاتالۆنی ئەو داوایە ناکەن، تەنانەت توندترین بەرهەڵستکارەکان داوای ئابوری سەربەخۆی زیاتر دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا، بە زیاد نەبن، ئەو بەناو بەرهەڵستکارانەی خۆمان، لە یەکگرتنی بەریتانیا یان ئیسپانیا بوونایە و ئێران و و تورکیایەک نەبوونایە دەستێوەردانی تێدا بکەن و بەغدایە نەبووایە کۆمەڵکوژیانی کردبێت و هەر رۆژە و بیانوویەکیان بۆ بدۆزێتەوە، رەنگە نەک داوای هەڵوەشانەوە، بەڵکو نەفرەتیشیان لە بوونی سروشتی خۆیان و زمان و نەتەوەش بکردایە. توخوا ئەمە بەرهەڵستکاریە؟ هاوشێوەی لە جیهان نیە، رەنگە لە تەواوی گەلەستێرەی کاکێش بەسەرجەم کۆمەڵە خۆرەکانیەوە نمونەی وەها نەبێت؛ لە گەلەگەردوونیش شتی وا بوونی نیە!


چۆن بە ئیمڕۆ گەیشتین رابردووێکی تاڵە، رێگە ڕاستەکە ئەوەیە پرسە نێوخۆییەکان هەرگیز تێکەڵ نەکرێن. بەداخەوە، تۆی بەناو بەرهەڵستکار کە. داوای بڕینی بودجە و داهاتی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەکەیت راستەوخۆ ئەو دەنگدەرانەی ئێوەن کە بە بانگەشەی قەبە بۆ دەنگپێدانتان هەڵتان خەڵەتاندن؛ بڕینی بودجە و قوتی خەڵک لە بەغدا بە پلە یەک کاریگەری لەسەر خەڵکی هەژار و نەدار و چینی کرێکارە، بە زمانی چەپبوونی خۆیان! ئەگەر پیلانی ئێوە لێدان بێت لە دەسەڵات، دەزانن ئەوە بە سوودی بەغدا دەشکێتەوە؟ ئێوە نوێنەری هەرێمن لە بەغدا یان پەرلەمانتاری بەغدان و کوردی دەزانن؟ ئەگەر ئەوەش پیلانی ئێ ی ئێوە بێت، ئەی پیلانی بێ تان چی بوو؟ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان؟ دەتان زانی پیلانی سێیەم بوونی نیە؟ دەتان زانی بچووکترین قەیران چۆک، نەک بە حکومەتی هەرێم، بە خەڵکی هەرێم دادەدات؟ خۆ حکومەت دامەزراوەیەکی یاساییە و بە زیندە خەون و لەخۆوە هەڵناوەشێتەوە و پارتەکانی دەسەڵاتیش پێناچێت ئەوەندە کاریگەری پیلانگێرییەکانی ئێوە کاریان تێبکات، کەواتە ئێوەی نەگبەت تەبیا زیانتان بە خەڵک گەیاند، کە هەر بەشێک لە ئێوە بێباکتان کردن لە خۆپارێزیی.


سەرەڕای ئەوەش، خراپی بارودۆخی ئابوری بە شێوەیەکی کاتی، کە هەر تێدەپەڕێت، پاساوێکی لاواز و نا بابەتیە. کورد و کوردستانیان بارودۆخی زۆر خراپتریان لەم بارودۆخە تێپەڕ کردووە. وەک ڕوونە گەلە کۆمەکێیەکی هەرێمی تەواوکاری هێرشەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەرە؛ هەوڵی لاوازکردنی تەواوەتی هەرێم یان هەر سڕینەوەی دەدرێت ئەگەر بۆیان بلوێت. بێجگە لەمەش، نەنگی و لاوازی و کورتبینی و بی پلانیە بۆ بەناو بەرهەڵستکارێک، یان بەرهەڵستکاران، دەستکەوتی گەلێکی ستەمدیدە لە ماوەی یەک سەدە لە وڵاتێکی شکستخواردووی بێسەروبەری وەکو عێراق رادەست بکەن و لەبار ببەن و بمان گەڕێننەوە سەردەمی "جب هویتک" ناسنامەکتمان بدەرێ.

لە سەردەمی بەعس جارێک چووینە مەخمور، ئەو لێپرسینەوە و رۆتینە ناپێویستەی لە خاڵی پشکنین رووبەڕووی بووینەوە بۆتە ترۆمایەک و شۆکێکی دەروونی و وەک کەسێک، کە فەرمانڕەوایی عەرەبم بەسەر هەرێم لەیاد نیە، هەرگیز هیوا بۆ ڕۆژێکی وەها ناخوازم و ناتوانم لە ژێر سایەی گەلێک بژیم کە لە سایەی دەسەڵات و باڵادەستی ئەوان نەتەوەکەم دووچاری کۆمەڵکوژیی و ئەنفال و کیمیاباران کراوەتەوە؛ هەرگیز جێی متمانەی سیاسی من و زۆرینەی کوردستانیانی تر نابن، دواجار مێژوو باشترین مامۆستایە! سەرکەوتن و ڕادەی پێشکەوتنی گەلانیش بە مامەڵەیان لەگەڵ پێکهاتە ژمارە کەمەکان هەڵدەسەنگێندرێت، کە ئەمە لە عێراقی سونە دۆزەخێک و عێراقی شیعە دۆزەخێکی تر و لە سەردەمی کازمی و دوای کازمی نیۆ-بەعسی (بەعسی نوێ) باشتر نابێت.


بە کورتی، ئەی چارەسەر چیە؟ وەک پێشووتر لە وتارێک ئاماژەم پێدابوو، پیلانێکی سێ کۆ یەک هەیە لە ناوچەکە دژی پێکهاتەی یاسایی و سیاسی هەرێمی کوردستان، باشوور، ئێستاش ئاماژەکانی ڕوونتر دەردەکەون. ئەمە لە کاتێکدایە رۆڵی نەرێنی ئەو بەناو بەرهەڵستکارانە ئەرکی خەڵکی هەرێمی کوردستان ی بە پلە یەک ئینجا دەسەڵات (بە زمانی خۆیان) زۆر قورستر کردووە و لاوازیان کردووە. ئەمە دەریدەخات بەرهەڵستکارەکانی باشوور لاواز و بێ پلان و بێ متمانە و ستراتیژن، چونکە بەرهەڵستکاری کارا و کردارەکیی هەرگیز ئەو دەسەڵات و قەوارەیە لاواز ناکات کە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتەکەی بەشێوازی دێمۆکراتی خەبات بکات و هیوای بە گرتنە دەسەڵات بێت.

ئێوە ئەگەر رەخنەتان لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەیە لەم نزیکەی ١٧ ساڵەی دوایی، بۆ بودجە و داهاتی ئەو سەدەیەی رابردووی خوراوی کوردستانیان لە بەغدا لەبەرچاو ناگرن؟ بۆ قەرزەکانی ئەوان لەبەرچاو ناگرن؟ بۆ داوای شایستە و قەرەبووی ئەو هەموو زەرەر و زیانە لە بەغداد ناکەن کە ٢٠٠ هەزار کوردستانیان بە ڕێگەی جیاواز پێ لە نێو بردووە بێجگە لە خاپورکردبی گوند و دێهات و کۆچ و ئاوارەیی خەڵکەکەی؟ ئەگەر ئەمەش نا، بۆ ساڵێکی تریش بەرگەتان نەدەگرت کە حکومەتی خۆجێیی کە بانگەشەی چاکسازی دەکات کارەکانی تەواو بکات؟ ئایا شتێک هەیە ئێوە بیزانن خەڵک نا؟ شەرم بکەن و ماف بەخۆتان مەدەن رۆژگارێک داوای هەڵوەشانەوەی ئەو هەرێمە بکەن کە بۆتە لانە و پەناگەی تەواوی کوردستانیان لە هەر سێ وڵاتە کۆلۆنیالی و داگیرکارەکە کوردیان بەسەر خۆیان یانیش بەسەردا دابەشکراوە.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:09:05:27/06/2020



ئه‌م بابه‌ته 213 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر