ئیسلامییەکان و کۆمەڵگەی کوردی

د. موئمین زەڵمى
نووسەر

"مەریوان وریا قانیع، ئیسلامییەکان و کۆمەڵگەی کوردی"

ماوەی جارێک، قۆناغێکیتری بەریەککەوتنی رۆشنبیران و چالاکوانانی هێزە ئیسلامییەکان لە سۆشیاڵ میدیا دەبینین، یانی دۆخەکە لە حاڵەت دەرچووە و بووەتە دیاردە، بەریەککەوتنەکە بە شێوەیەکە تەنانەت ئەو هاوسۆزییەش لە رابردوودا لە نێوان ئەم دوو تەوژمەدا هەبووە دادی نادات و تا دێت دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت.

ئەگەر سەرنج بدەین، لە دەرەوەی حوکمڕانی و گەندەڵی و شکستی سیاسیەوە، کۆمەڵگەی کوردی دابەشبوونەوەکەی مەترسیدارە، بەرەی نارەزایی هەیە، هێزگەلی ئۆپۆزسیۆن دەرکەوتن و مومارەسەی کاری پێکەوەییان کرد، لیستی هاوبەش و ڕەوتی هاوبەش و تەنانەت هێزی هاوبەشیش دروستبوون، کە ئامانج لێی شکاندنی بەستەڵەکی جیاوازییە ئایدۆلۆجییەکان بوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، هەر ئەمەشە ئێستا و دواتریش زیاتر رەنگ دەداتەوە، کاتێک لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ دا بەختیار عەلی رۆمانننوسی کورد پشتیوانی لە لیستی یەکگرتوو کرد، ئەم تێزە زیاتر تۆخ بوویەوە کە (ئایدۆلۆجیای جیاواز دەتوانن پێکەوە بەرەی هاوبەشیان هەبێت).

دواتر لە ٢٠٠٩ بزووتنەوەی گۆڕان هاتە مەیدانەکەوە، گۆڕان ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی کردە دروشم و ژمارەیەک گەنجی ئیسلامیی کاندید کرد و ناردنیە پەرلەمان و حکومەتەوە، هەمان کات لیستی خزموتگوزاری و چاکسازی، دواتر هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و ئێستاش نەوەی نوێ و بە دڵنیاییەوە هێزیتریش دێنە پێشەوە، ئەمانە درێژکراوەی ئەو تێزەن کە پێشتر ئاماژەی پێکرا.

ئەگەرچی رەنگە گەورەترین قۆناغی پێکەوەیی ئایدۆلۆجیا جیاوازەکان، خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دوایی ساڵی ٢٠١١ بێت، کە نزیکەی دوو مانگی خایاند و ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە، پێکەوەبوونەکە بە شێوەیەک بوو، رۆشنبیرە سیکۆلارەکان هیوایان بە گەنجانیی حەماسیی ئیسلامیی هەڵدەچنی، حزبە ئیسلامییەکانیش میدیا و رەوتەکەیان کردبوویە بڵندگۆی رۆشنبیرە سیکۆلارەکان، بەڵام ئەمە هیچ ئیزافەیەکی نەخستە سەر خەباتی پێکەوەیی و دوای ماوەیەک هەڵوەشایەوە.

هێزە ئیسلامییەکان ماوەیەکە لە جاران زیاتر گەڕاونەتەوە بۆ کایەی پەروەردەیی و چالاکیی کۆمەڵایەتی-رۆشنبیریی، ئەمەش کاریگەری زۆری خستووتە سەر واقیعە کۆمەڵایەتییەکە، لە بەرامبەردا هێزە حومکرانە نەتەوەیی و سیکۆلارەکان زیاتر چاویان لەسەر دۆخە سیاسی و حکومەتدارییەکەیە، بەڵام رۆشنبیر و رەوت و رێکخراوە سیکۆلارەکان دۆخەکەیان لەبەرچاوگرتووە و بە شێوەیەکی سەربەخۆیی میللی خەریکی رەخنەکردنی چالاکیی هێزە ئایدۆلۆجییەکانن.

هەفتەی پێشوو چالاکییەکی رۆشنبیری لە زانکۆی هەڵەبجە هەڵوەشێنرایەوە، بە گوێرەی هەواڵی میدیاکان، گەنجانی هێزە ئیسلامییەکان لە پشت هەڵوەشانەوەی ئەو چالاکییەوەن، حزبە سیکۆلارەکان بێدەنگییان هەڵبژارد، بەڵام ژمارەیەک لە رۆشنبیران هەڵوەشانەوەکەیان بە مەترسی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ناساند.

مەریوان وریا قانیع، رۆشنبیری ناسراوی کورد، یەکێک بوو لەو رۆشنبیرانەی هەڵویستی خۆی لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیاوە دەربڕی، دواتر رووبەڕووی رەخنەی توندی ئیسلامییەکان بە تایبەت یەکگرتوو بوویەوە، بۆیەش بە بابەتێکی درێژتری نوسی و ڕای خۆی زیاتر خستەڕوو، د. مەریوان ئێستا لەبەر نەشتەری زبرو هێرشیکی فراواندایە.

بەڵام هەر دوێنێ لە چالاکییەکیتری رێکخراوەکاندا ٣٣ هەزار کەس بەشدارییان لە تاقیکردنەوەیەکی قورئانی پیرۆز کرد، ژمارەیەک پەیج و ئەکاونتیش لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەکانی ئەو تاقیکردنەوە سەرتاسەرییە پلاریان لە رۆشنبیرە سیکۆلارەکان دەگرت، کە ئەوە وەڵامە بۆ ئەو نارازیبوونەی رۆشنبیرە سیکۆلارەکان لە پەروەردە و دۆخە کۆمەڵایەتییەکە دەیگرن.

لێرەدا دەمەوێ پرسیارێک و چەند وردە سەرنجێکی تایبەتی بخەمەڕوو:


لەگەڵ هەموو ئەزموونە ناسەرکەوتووەکانی پێکەوەهەڵکردنی ئیسلامیی و سیکۆلار لە کوردستان، بەدیل بۆ بەرەی نارەزایی چیە؟

ئایا بەرەی نارەزایی بەم پەرتبوون و دابەشبوونە فیکرییە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت؟

* هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان، دەبێ راستییەک هەیە بیزانن، کە ئەوەی دەوترێت کۆمەڵگەی کوردی لەسەدا ٩٠ی مسوڵمانە، وا نیە، بۆیەش پێویستە چاوەڕوانییە فراوانەکانیان لەم کۆمەڵگەیە کەم بکەنەوە.

کۆمەڵگەی کوردی لە ئێستادا کۆمەڵگەیەکی فرە ئایین و فرە کلتور و فرە حزب و فرە رەوت و فرە دیدگایە، ئەمەش راستییەکە دەبێ هەمووان درکی پێبکەن.

* ئازادی بیرکردنەوە و دەربڕین دەبێ بۆ هەمووان وەک یەک سەیر بکرێت، یانی کاتێک رێکخراوێکی سیکۆلار ماف بە خۆی دەدات پەرە بە بیرکردنەوە و تێزەکانی خۆی بدات دەبێ بە رەواشی بزانێت رێکخراوێکی ئایینی چالاکی بنوێنێت.

* رۆشنبیرە کوردەکان پێویستە وردتر بیر لە چارەسەری کۆمەڵایەتی-سیاسیی بۆ ئیدارەی بەرەی نارەزاییەکان بکەنەوە، هیچ چارەسەرێکی سیاسی بە تەنها ناتوانێت ئەنجامی هەبێت و هیچ چارەسەرێکی کۆمەڵایەتیش بە تەنها سەرکەوتوو نابێت، بۆیە گرنگە بیر لە پنتێکی هاوبەش بکرێتەوە، چونکە ئەو خاڵە هاوبەشانەی لە ڕابردوودا خرانەڕوو و ئەزموونکران، سەلماندیان کە بە گشتی زۆر رووکەش سەیری دۆخەکەمان کردووە.

* کاتێک بیرکردنەوە و هەڵوێستی ئیسلامییەکان و سیکۆلارەکان بەرامبەر پێناسەی (گەندەڵی و فەساد، پاشاگەردانیی میدیایی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، ئازادی رادەربڕین، حوکمڕانی رەشید و … تاد) هەر لە بنەڕەتەوە جیاوازە، چۆن دەتوانین ئەو بوارانە بکەینە خاڵی هاوبەش و پێکەوە کار بۆ باشکردنیان بکەین و دژی گەندەڵی بوەستینەوە. 

* هەندێک لە سەرکردە ئیسلامییەکان، زۆر هەوڵی ئەوە دەدەن لە چوارچێوەی میانڕەویدا، خاڵی هاوبەش بۆ پێکەوەبوونی ئیسلامیی و سیکۆلارەکان بدۆزنەوە، بەڵام نەک هەر سەرکەوتوو نەبوون، بەڵکو جارێکتر بێ هیواییان زیاتر پەرەپێداوە، ئەو پشتیوانی و پشتگیرییەی گەنجانی ئیسلامیی (بە قسەی هەندێک سەرکردە) لە ژمارەیەک رۆشنبیری سیکۆلاریان کردووە و دەکەن، کەڤەری راستییەکانە و دووبارە شکست دەهێنێت و رێک وەک ئەوەی پێشتر بە شانوباڵی د. مەریوان قانیع دا هەڵیاندەدا و ئێستاش دژایەتی دەکەن.

* هێزە ئیسلامییەکان پێویستە، نەهێڵن چیتر گەنجانی ئیسلامیی بکەونە ژێر کاریگەری شەپۆلی سۆشیاڵ میدیاوە و دەبێ ئەوە تۆخ بکەنەوە کە جنێودان و سوکایەتی و تەشهیر لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت ناشەرعییە، نائەخلاقییە و کاری مرۆڤی پەیامدار نیە، بەرامبەر هەر کەسێک بکرێت. هاورێیەکی بەرێزم، بە نیگەرانییەوە بۆی باس کردم، لەبەر ئەوەی پۆستێکی رەخنەیی لەسەر چالاکییەکی هێزە ئیسلامییەکان نوسیوە، چۆن جنێوبارانیان کردووە و تەنانەت رۆحی دایکە ئیماندارەکەشی کە ئێستا کۆچی دوایی کردووە (خوا لێی خۆش بێت) زۆر خراپ داشۆراوە، ئەو دەیوت دایکم نوێژخوێن و باوەردار و چاکەخواز بووە، بەڵام گەنجە ئیسلامییەکان جنێوی زۆر خراپیان پێداوە.

لە کۆتاییدا، زۆر پێویستە، هەموو ئەوانەی پێیان وایە حوکمڕانی کوردستان ناسەرکەوتووە، گەندەڵی هەیە، ستەم و زوڵم هەیە و کۆمەڵگەی تەنیوە، بیر لە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ ئەم دۆخە بکەنەوە، بەڵێ بەرەی نارەزایی پێویستە و دەکرێ ئومێدی لەسەر هەڵچنرێت، بەڵام نابێ لەسەر بنەمای باتڵ دابمەزرێت. دەبێ هەموو بیر بکەنەوە و تێزێکی نوێ بهێننە کایەوە کە هەمووان لەسەری کۆببنەوە ببێتە بەردی بناغەی بەرەی نارازی، ئەو تێزە چی دەبێت، دەبێ رۆشنبیران و رۆشنفیکران وەڵام بدەنەوە.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:07:14:29/10/2022



ئه‌م بابه‌ته 134 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌