لەبارەی كارەساتەكەی سلێمانییەوە

ڕێبوار سیوەیلی
نووسەر

1. ئەوە یەكەمجار نییە سلێمانی كارەساتی بەسەر دێت. میژووی ئەم شارە پڕە لە كارەساتی سرووشتی و مرۆڤكرد و دوژمنكرد. سلێمانی لە ناو كارەساتدا بووە بە شار هەر لە ڕووخانی بنەماڵەی بابانەكانەوە بەدەستی وەسمانلی خوێنڕێژ تا دەگاتە كارەساتەكانی سەردەمی شێخی نەمر، تا كارەساتی بەردەركی سەرا و ئەوەی ڕژێمی بەعس بەسەر ئەمشارەیدا هێنا و پاشان شەڕی خۆكوژی نێوخۆ، كارەكتەرێكی كارەساتاوییان بەم شارە بەخشیوە. لە یادوەریی و خەیاڵگەی هەر منداڵیكی ئەم شارەدا ڕووداوگەلیك تۆمار كراون، كە بۆنی تراژیدیایان لێدیت لەگەڵ ئەوەشدا سلێمانی هەرگیز دەستەوەستان نەبووە، چونكە هەمیشە دانیشتوانەكەی، شارانیتر و بەشەكانیی دیكەی كوردستان پشتگیر و هاوخەمی بوون. سلیمانیش لە هەڵگێڕانەوەی خەمدا بۆ بەردەوامی و سەرپێكەوتنەوە، نموونەی شارانە.

2. ئەمجارە یەكێك لە بنەماڵە دێرین و كوردەپاكەكانی دەڤەری سیوەیل قوربانییان بەخشی، كە بنەماڵەی بابەشێخی سیرێ و شێخ عەبدوڕەحمانی سیرێن. شێخانی سیرێ و بنەماڵەی بابەشێخ، كە خاڵە شێخ عوسمانی گەورە ڕێبەرایەتی دەكرد، بنەماڵەیەكن كە هەرگیز درێغییان بۆ دین و دنیا نەكردووە. بنەماڵەیەكی كوردپەروەر، خۆنەویست و خۆشمەشرەب، پڕ لە ویستی ژیان و بەدوور لە كێشە و ئاژاوە، بێگەرد و نیشتمانپەروەر، ئەوەندە قوربانییان بە گیان و ماڵی خۆیان داوە، كە هەرگیز لە بیر ناكرێت. جەنابی شێخ عوسمانی سیرێ، كۆتاییەكانی تەمەنی هەمووی بووە قوربانی ملكەچنەكردن بۆ بەعسییەكان و نیشتەجێبوون لە شاری بانەی ڕۆژهەڵات و پاشان لە دوو هەزارەكان تەشریفیان هێنایەوە بۆ هەولێر و بۆ مەرگیش گەڕایەوە سلێمانی. ئەو پیاوە ئەوەندە عاشقی ژیان بوو، هەرگیز مەرگی وەك كۆتاییەك نەدەبینی و پێیوابوو لە یادی زیندووەكاندا مانەوە، جۆرێكە لە ژیانی بەردەوام.

من ئەو كاتانەی لە خزمەتیا بووم و ئەو یادەوەرییانەی لە منداڵیمدا لەسەر ئەم كەسایەتییە مەزنە لە بیرەوەریمدا هەڵمگرتوون، ئەوەندەی لێوە فێربووم، كە هەرگیز لە بیریان ناكەم. هێندە بەسە بڵێم جەنابی هەمان ڕێبازی بیارەی هێنایە ناوچەی سیوەیل و خانەقای سیرێ وێستگەیەكی گرنگ بوو لە دینداری و خوێندەواری دەڤەری ئێمە. بەڵام دیندارییەك هەمیشە ئاشت و ئاشتەوا لەگەڵ ژیان و مرۆڤ و خۆشی و پێكەنین و یاری و گەمەی شەوان ئەم خانەقا و ڕێبازە ڕێگرێكی هەرە سەرەكیی بوون بۆ ئەوەی توندڕەوی پەی بە دەڤەری ئێمە نەبات.

3. شێخ عەبدوڕەحمانی سیرێ و ئەم حاجی شێخ مەزهەرەی ئێستە ئەم كارەساتەی بەسەر هاتووە، نموونەیەكی دیكەی ئەو خانەوادە كوردپەروەرانەبوون، كە نابێت میژوو لە بیریان بكات. هەڵبەت بیریشمان نەچێت كوڕەگەورەی جەنابی شێخ عەبدوڕەحمان، شێخ جەمیل چەند ساڵێك لەمەوبەر لە هەولێر بە كارەساتێكی دڵتەزێن كۆچی دوایی كرد. ئەم حاجی شێخ مەزهەرەش هەر لە سەرەتای گەنجێتییەوە مرۆڤێكی هێمن و بێگەرد و بێدەنگ بوو. مرۆڤێك بە تەنگ گشت خزم و كەسانە دەهات و هاتووە، بەڵام ئێمەی سیوەیلی دەردێكمان لەگەڵە هەرگیز باسی خۆمان ناكەین و ناتوانین بە خۆماندا هەڵبڵێین، ڕەنگە ئەمەش پەیوەندیی بە ئادابی عەشیرەتیی و پەروەردەی خێزانیی و ڕۆحیی عاریفانەمانەوە هەبێت.

كەواتە گومان لەوەدا نییە كە ئەم بنەماڵە بەرز و بەڕێزە نموونەی ئەو بنەماڵانەی هەرێمی كوردستانن، كە هەمیشە قوربانیبەخش بوون و درێغییان نەكردووە. ئەمەی شێخ مەزهەر، دەردەدارە بۆ هەموومان، بەڵام دڵنیام ئەو مرۆڤە لە پەروەردەی بنەماڵەییەوە فێر بووە ئەمەش تێپەڕێنێت و سەر لەنوێ دەسپێیكاتەوە. ئاخر هاوشاریانی سلێمانی و هەموولایەكیتر هیچ پاساوێكیان بۆ ئەو مرۆڤە نەهێشتەوە، كە ژیانێكی سەركەوتووانە دەستپێنەكاتەوە و ئیرادەی خۆی نەكاتە نموونەی ویستی كورد بۆ مانەوە. بۆیە من هەرچەندە خەم بۆ قوربانییەكان دەخۆم و بە ئازاری خۆمیان دەزانم، وەلێ لێشم ڕوونە شێخ مەزهەر ناهێڵێت خزمان و هاوشاریی و هەموو ئەوانەی دۆعا و نوێژ و هاوكارییان كرد، لەڕەفتار و گوفتار و كرداری چاكەیان، نائومێد ببن.

4. بەدەر لەوانە دەمەوێت چەند شتێكی دیكەش بڵێم هیچ ڕووداویك نییە یەك هۆكاری هەبێت و یەك كەس لێی بەرپرس بێت. ڕووداوەكان بە خۆش و ناخۆشیانەوە، فرە سەرچاوەن. من كارەبای ماڵەكەم هەڵدەكەم و شۆرت دەكات، تەنیا خۆم هۆكارنیم ڕەنگە ئەو وەستایەش كارەباكەی بۆ داناوم هۆكاری نەبێت. دەكرێت زۆر شتی دیكە هۆكار بن، لەوانەش جۆری وایەر و كەیبڵەكان و ئەو كەناڵانەی پێیاندا دابەشكراون و و چی و چی بۆیە ناكرێت یەك كەس یان یەك هۆكار بۆ هیچ ڕووداوێكی لەمجۆرە هەبێت. خودی ئەم بنەماڵەیەش ئەوەندە هووشیارن كە لەم كارەساتەدا پەنجە بۆ كەس و یەك هۆكار ڕاناكێشن. ئەمە لە وێژدانی ئەوان و ئێمەش بەدوورە بەتایبەتی ئەگەر ئەو كەسە خەڵكی ڕۆژهەڵات و شاری بانەش بێت كە زۆربەیان خزمی سیوەیلییەكان و داڵدەدەرو دڵسۆزمانن. ئەمڕۆ ڕۆژهەڵات لە شۆڕشێكی نەمردایە و بانە و شارەكانی دیكە هەناسەی خوێن دەدەن و هەڵدەمژن بۆ ئەوی بگەن بە ئازادی. بۆیە بە پێچەوانەی ڕاگەیاندنی فەرمییەوە، هیچكەس بەتەنیا بەرپرسیار و تاقەبەرپرسیاری ئەم كارەساتە نییە.
 
5. ئەم كارەساتە زیانی بە خانەوادەی شێخ مەزهەر گەیاند و قوربانیی زۆری لێكەوتەوە، بەڵام وەك فەیلەسووفی ئەڵمانی ئیمانۆیل كانت گوتوویەتی: "كارەساتەكان دەبنە ئەزموونێك بۆ ئەوەی ئەقڵ گەشە بكات و لە ژیانی گشتیدا سوودی خۆی هەبێت و هەڵەكانی دووبارە نەكاتەوە". لێرەشەوە سەردانی زۆرێك لە بەرپرسان و نوێنەرەكانیان دەبێتە چەقی تێبیینەكانی لەمەودوام.

6. پێوست ناكات جەنابتان لە پاش ڕووداوە دڵتەزێنەكان سەردانی هاووڵاتیان بكەن، پێویستە نەهێڵن ئەم ڕووداوانە هەر لە بنەماوە ڕوو بدەن. دڵسۆزیی ئێوە لەو نومایشە كاتییەدا بۆ قوربانییەكان دەرناكەوێت، بەڵكو لەو پشتگیرییە هەمیشەییەتاندا بۆ هاونیشتیمانیان دەردەكەوێت كە ئەو هەست بكات لە وڵاتێكی پارێزراودا دەژی. ئێستە ئێوە بەو سەردان و پشتگیرییانەتان، نەك هەر دەبێت تەنیا ماڵی شێخ مەزهەر نۆژەن بكەنەوە، بەڵكو دەبێت هاوكاریی گشت دراوسێ و كەسانێكیش بكەن، كە بەم ڕووداوە زیانیان بەركەوتووە. زۆرباشە ئەوە دەكەن، بەڵام لەوە باشتر ئەوەیە، كە ڕێگە بگری لەوەی ئەم ڕووداوانە لە داهاتووشدا ڕوو بدەن. پێویستە لیژنەیەكی پسپۆڕ و شارەزا پێكبهێنرێت و ماڵبەماڵ بگەڕێن كە ئەم سیستەمەیان بەستووەو لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكان ڕێكبخرێت. ئەمەش پێویستی بە بوودجەیەكی هەیە كە بۆ ئەم مەبەستە دابنرێت و تا ئەو كاتەش ڕێگەبگیرێت لەوەی كەس ئەم سیستەمە بەكار بهێنیت، ئەگەر حوكوومەت خۆی چاودێری نەكات و مۆڵەتی پێنەدات، بەڵام ئەمەش نەكرێتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی ئیشەكە لە ژێر دەستی وەستاكان دەربهێنن و بیدەنە ئەم و ئەوی سەربەخۆتان ئەوەیان زۆر عەیب و شەرمەزارییە. 

7. لێرەوە دەبێت قسەیەك لەسەر سیستەمی بیناسازی ئێمە بكەین بەبینینی خانووەكەی شێخ مەزهەر دەبێت هەموومان خانووەكانی خۆمان بیر بكەوێتەوە كە ڕۆژگارێك ئاوا دادەڕمێنە خوارەوە. كاتی خۆی كە زەویلەرزە لە شاری (ئامەد)ی دا، وتارێكم نووسی كە نابێت ئێمە لە هەرێم ڕێگە بدەین، هەمان سیستەمی بیناسازی لە هەرێم دووبارە بكرێتەوە، كەچی هەر بەبەرچاوی ئێمە و حوكوومەتەوە، سەدان شاری ساختەیان بە ناوی بیانییەوە دروستكردن. من ئێستە لە یەكێك لەو شارانە دەژیم، كە ناوی شاری گەنجانە و كەچی پڕە لە پیر و پەككەوتە. شاری لوبانی و فەرەنسی و گوندی ئەمەركیی و ئەڵمانی و كوێ و كوێ... كوالێتی هیچ یەكێك لەو شارانە لە كواڵێتی ماڵەكەی شێخ مەزهەر باشتر نییە. هەر هەموویان بە كەمتر لە تەقینەوەی نەك بەرمیلە غازێك، بەڵكو بەرگەی تەقینەوەی بتڵێك غازیش ناگرن. كەواتە ئەم كارەساتانە دووبارە و چەند بارەش دەبنەوە. چارەسەر ڕشتنی فرمێسكی تیمساحی و نومایشئاسا بۆ ماڵی شێخ مەزهەر نییە، بەڵكو هەنگاونانە بۆ ئەوەی گشت هەرێم وەك ماڵی شێخ مەزهەری لێنەیەت.

8. كێ لە هەرێم ماڵ دروستدەكات؟ حوكوومەت، خاوەنماڵ، وەستا، بەڵێندەر یان ئەندازیار؟ چەمكی ماڵ هەتا ئێستاس بە ئێمە نامۆیە، چونكە ئێمە ماڵ وەك شوین و جێگە تێدەگەین كە دابڕمان دەكات لە دەرەوە. ئەوەش ڕاستە، بەڵام ماڵ دروستكردن لەوەش زیاترە ماڵ كەشێكە بۆ ژیان و پەیوەندی، پێگەیەكە، شوێنێكە ئێمە لێوەی خۆمان بە دیار دەخەین. ماڵەكانی ئێمە هەر شوێنی ئێمە نیین، بەڵكو شوناسی ئێمەشن. شوناس دیوە مەعنەوییەكەی ماڵ دەگرێتەوە. شوناس واتە (ئایدێنتێتی). یان بریتیە لەو شوێنەی كە ئێمە بە ڕۆح و گیان دروستمان كردووە و بەردەوامیشین لە دروستكردنی لە كوردستان هەرگیز ماڵ دروستاكەین، بەڵكو خانوو دروستدەكەین. دەگوترێت "خانووەكەیان تەواو بوو"! چەمكی ماڵ زۆر فراوانترە لە چەمكی خانوو. حاجی مەزهەر ماڵەكەی تێكچووە، بەڵام خانووەكەی ڕووخاوە و شیاوی چاككردنەوەیە. ئەوەتا لایەنە فەرمییەكان وەعدیان پێداوە خانووەكەی بۆ چاك دەكەنەوە، بەڵام كەس ناتوانێت وەعدی پێ بدات ماڵەكەی بۆ دروستبكاتەوە، ئەوە شتێكە خۆی دەبێت بیكات.

9. بەمجۆرەش كێشەكەی ئێمە لەو جیاوازییە زۆرەدایە لە نێوان ماڵ و خانوودا نایكەین. بە دڵنیاییەوە حوكوومەت تەنیا ئەوەندە بۆی گرنگە تا هاووڵاتیان ڕسووماتی بەناوكردن و تاپۆ و چی و چی خانووەكانیان دەدەن و ئیتر بۆی گرنگ نییە چی ڕوودەدات و چۆن ماڵ دروستدەكرێـت! كارەساتەكەش لێرەوە دەستپێدەكات. كاتێك شەقامە سەد و بیست و سەد و پەنجاییەكانیش دەكەنەوە و هەمان كێشەیان هەیە. ئەوان تەنیا شوێنێك دەكەنە شەقام و شانازیی پێوە دەكەن، كە دەستكەوتیكی نوێیان بۆ كارنامەكەیان زیاد كردووە. كەچی هەموو دروستكردنێت لە فەلسەفەی تەلارسازیدا دەبێت داهێنان و ماڵێكی نوێ بێت. شەقام تەنیا شەقامێكی كاركردی نییە بۆ هاژووتنی ئۆتۆمبێل، بەڵكو كەشێكە لە شوێندا كە مرۆڤ پێویستی پێیەتی بۆ حەوانە و ئاسایش و مانەوە. پەست دەبن لەوەی ڕەخنەیەكیان لێ بگیرێت و پێان بڵێی ئێوە شەقامتان بە جوگرافیای شاردا دروستكردووە، بەڵام كولتوورێكی نوێتان لەڕێگەی شەقامەوە بە شار نەبەخشیوە.

10. حوكوومەت بۆی گرنگ نییە ئەم خاكە چی لەسەر دەڕوێنرێت، دەنێژرێت و بینا دەكرێت. ئەوی بۆی گرنگە ئەو بڕە پارەیەیە كە دەبێت پێی بدرێت. خاوەنماڵیش دەیەوێت بە خێراترین و هەرزانترین نرخ ماڵەكەی دروستبكات. شێخ مەزهەر خۆی ئەم ماڵەی دروستنەكردووەو بە حازری كڕیوویەتی و ئەم سیستەمی غازەشی تێدا بووە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ئەو بەرپرسیار نییە لە كارەساتەكە.

11. وەستا كێیە؟ ئایا ئەو خانووەكە دروستدەكا؟ یان تەنیا دیوار هەڵدەچنێت و سەقف تێدەكات. بەداخەوە، ئاكاری وەستایی لە وڵاتی ئێمەدا نەماوە و وەستا كە لە پێگەی مامۆستادا بوو، بۆتە بلۆك ڕیزكەر. ئەو تەنیا چینی دیوارەكان لەسەر یەك دادەنێت. وەستا بۆتە بوونەوەرێك، كە بە سەدان تۆن چیمەنتۆت لەسەر سەر ڕۆدەكات، بێ ئەوەی بیری لێبكاتەوە. تێكردنی هیچ سەقفێكی خانوو لە هەرێمی كوردستاندا لە دانەڕۆژێك كەمتری تێناچێت! بەڵێندەر بە هەمان ئاكار بیر دەكاتەوەو كاری ئەوەیە لە نێوان گیرفانی خاوەنماڵ و داوای وەستادا یەكسانی لەبەرژەوەندی خۆی ڕابگرێت. كەواتە ئەویش بیر لە ماڵدروستكردن ناكاتەوە، بەڵكو كاربەڕێكەرە و ساتەكان لەسەر بنەمای هەڵچنینی بلۆكەكانەوە دەژمێرێت. لە سەدا چەندی ئەندازیارانی هەرێم دەچووی بەشی بیناسازین و كەچی بێكارن! ئەوەش كارەساتێكی دیكەیە، كاتێك دەبینین كە بەڵێندەر و چاودێر و خاوەنماڵ و وەستا جێگەیان گرتۆتەوە. ڕۆڵی ئەندازیار لە ماڵسازیی ئێمەدا كراوەتە سفر و ئەمەش هۆكاری سەرەكییە بۆ دروستبوونی كارەسات.

12. كەواتە بەتەنیا یەك كەس و یەك لایەن بەرپرسیار نین لە دورستكردنی ماڵ. ماڵ بەرهەمێكی هونەریی و تەكنیكی و ئەندازیاری و یاسایی  پیشەیی هاوبەشە. هەروەك چۆن پرد و شەقام و شاڕێكانیش ماڵێكن لە شێوەی دیكەدا.

13. بۆ ئەوەی ماڵ دروستبكەین، یان حوكوومەت ماڵ بۆ هاووڵاتیان دروستبكات. پێویست ناكات سەرۆكوەزیران خۆی دەست لە هیچەوە بدات. پێویست ناكات جمەكەوەزیر بنێرێت بۆ شوێنی ڕووداوەكە، پێویست ناكات ماددەی خاو بۆ كەناڵەتەلەفزیۆنییەكان بخرێتە بەردەست و كاری ڕۆژنانەنووسی بكرێتە گواستنەوەی خەمی هاووڵاتیان بۆ زیان لێكەوتووەكان. تەنیا پێویستە سوود لە سیستەمیكی جیهانی وەربگریت كە لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە بەرینەدا بۆتە ستانداردی دروستكردنی خانوو. تۆ خانووەكەی بۆ دروست مەكە، تەنیا ئاسانكاری بكە بۆ ئەوەی ئەو ڕێنماییە ستانداردانەی جیهان لە كوردستانیش بەركار بن و جێبەجێ بكرێن. مەهێڵە فڵان كارمەندی ڕیشوەخۆر لە ژووری بازرگانی لێت ببێتە بەڵا و سەدان ڕێگریت بەناوی قانوونەوە بۆ دروستبكا. حوكوومەت دەتوانیت ڕێگری بكات كۆنە كارمەندەكان ببنە ڕێگرێكی بیرۆكراتیانە و ستانداردێك پەیڕەو بكات بۆ دروستكردنی خانوو، تا خەڵك لەسەر ئەو ستانداردەوە ماڵی خۆیان دروستبكەن.

14. كاتی خۆی سەدام حوسێن بەو هەموو جەللادییەی خۆیەوە هەوڵیدا ئەو سیستەمە بهێنێتە ئێراق و هیچكەس لە دەرەوەی ستانداردە جیهانییەكە خانوو دروستنەكان بۆ ئەوەی هەر كەس بتوانێت ماڵی خۆی بسازێنێت. ئێوە كە لە زۆر شت و بۆنەدا یاسا ئێراقییە كۆنەكان دەكەنە یاسای پیرۆز، دە ئەو یاسایەش زیندوو بكەنەوە و خەڵك لەم مەترسییە بپارێزن. 

15.  لە كۆتاییدا هاوخەمیم بۆ گشت خزمانی سیرێ و ڕۆحی خاڵە شێخ عوسمان و شێخ عەبدوڕەحمانی تێكۆشەر و گشت بنەماڵەكەیان دووپا دەكەمەوە. ئەوەی لە حاجی مەزهەری خۆشەویستمان ڕوویدا، بەشێكە لەوەی كە هەموومان بە ڕووداوی خۆمانی دەزانین. گیانتان شاد شەهیدە بێگوناهەكان، چاكبوونەوەش بۆ بریندار و سوپاس بۆ خەڵكی مەزنی وڵاتیش، كە لەم خەمەدا كەس كەسی جێنەهێشت.. 

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:10:11:22/11/2022



ئه‌م بابه‌ته 79 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌