چێژی لە ماڵەوەبوون

ڕێبوار سیوەیلی
نووسەر
(١)
وشەی "ماڵ" لە زمانی ئێمەدا لە وشەی (مال)ی عەرەبییەوە نەهاتووە، وەك جەمال نەبەز دەڵێت. بەڵكو لە وشەی (مارmar)ـەوە هاتووە، كە ئەویش بەمانای هەمیار، یان (هەمار)ەوە هاتووە و بۆتە عەمار، كە شوێنی خۆراك و شتومەك لێدانانە و وشەی (مار) هەتا ئێستاش لە شێوەی هەولێرییدا بنەچە ڕەسەنەكەی خۆی پاراستووە. مار بە واتای شوێنێك لەگەڵ هەمیار، ئاماژەیە بە شوێنێك كە مرۆڤ لەگەڵ كەلوپەلەكانیدا دەژی، بۆیە دەكرێت هەموو هەمیارییەك، بە واتای لەماڵەوەبوون لەگەڵ ئەوانیتر و هەمیاران بێت لە مرۆڤ و كەلوپەلەكانی.

(٢)
مرۆڤی مۆدێرن، مرۆڤێكی دەرەكییە، وێڵگەرد و سەرەڕۆ و گەشتیارە.. مرۆڤێكە بیری چۆتەوە لەماڵەوە بوون چ مانا و چێژێكی هەمیارانەی هەیە. مرۆڤێكە بەناچاری عەوداڵە بەدوای بژێوی ژیاندا. بۆیە ماڵ بۆ ئەم مرۆڤە هەمان مانای جارانی نەماوە. كافتریا و چاخانە و شوێنە گشتییەكان جێگەی ماڵیان بۆ گرتۆتەوە. ماڵ، وەك مار پێوەی دەدات!.

(٣)
سەردەمی كۆڕۆنا شوێنە گشتییەكانی داخست و مرۆڤی ڕەوانەی ماڵەوە كرد بۆ ئەوەی لە ئەوانیتر دابڕبێت و لەگەڵ ماڵ و منداڵی خۆیدا بێت، یان لەوەش زیاتر لەگەڵ خودی خۆیدا ببێتەوە هەمیار. بۆیە لە ماڵەوە بوون، بە مانایەك واتای گەڕانەوەیە بۆلای خود و ماڵیش بە مانای ناخ و قووڵاییەكانی لەگەڵخۆبوون.. ئەمە ئەزموونێكی نوێیە كە ئامرازەكانی پەیوەندییش، وەك مۆبایل، قەرەبووی ناكەنەوە. مرۆڤ ناچارە لە خۆیدا بێت و لەگەڵ خۆی بێت.

(٤)
لەگەڵ خۆبوون و دابڕان لە ئەوانیتر، تەنیا دابڕانێكی جەستەییە، چونكە جەستە لەم زەمەنی كۆڕۆنایەدا گوێزەرەوەی ڤایرۆسەكەیە بۆ جەستەكانیتر.. بۆیە ڕێنماییە پزیشكیی و ساخلەمییەكان جەخت لەسەر دابڕانی جەستەیی دەكەنەوە. بەڵام دابڕانی جەستەیی، بەمانای دابڕانی ڕۆحیی و مەعنەویی لە ئەوانیتر نییە. ئەو چوونەوە ناوخۆیە، هەمیشە یەكسانیشە بە بیركردنەوە لە ئەوانیتر، لە نزیكەكان و لە گەلانیتر و لە مرۆڤایەتی. بیركردنەوەیە لە هەمیارییەكی مرۆڤانەی دەرە ڕەگەزیی و دەرە ئیتنیكی. مرۆڤ بەم دابڕانە لە نەرێتە دەمامكدارە ڕۆژانەییەكان دوور دەكەوێتەوەو لە ئەوانیتر دەهزرێ، چونكە بەشێكن لە خۆی. بۆیە ئەم لەماڵەوەبوونە لە ئاستی فیزیكیدا، لەگەڵ ئەوەیتربوونیشە لە ئاستی ڕۆحییدا.. هەمیارییەكی ڕاستەقینەیە.

(٥)
وێنەی چۆڵیی شەقامەكان و شارەكانی وڵاتەكەمان پێماندەڵێت: مرۆڤی ئێمە هێشتا ویژدانی خۆی نەدۆڕاندووە و نایەوێت ببێتە هۆكاری لەناوچوونی ئەوانیتر، ئەم مرۆڤە دەبێت خۆی زۆر خۆش بوێت، بەڵام خۆپەرست نییە. ئەوەش مایەی خۆشحاڵیی و ئومێدە. چونكە لەم ڕۆژگارەدا دروستكردنی ئومێد تەنیا كاری تاكەكەس و حكومەت و سێكتەری تەندروستیی، بە هەڵاوێردن (قەرەنتینەكردن)ی خەڵك، نییە، بەڵكو دەبێت خەڵكیش خۆی هەڵاوێردە بكات و بازنەی خەمخۆریی مرۆڤایەتی تەواو بكات.. دڵخۆشم بەوەی خەڵكی ئێمە شارستانیانە مامەڵە دەكات، چونكە هێشتا خەونە گەورەكەی نەهاتۆتەدی.. ئەو لەماڵە، بەڵام هەمیارە.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:01:57:15/03/2020



ئه‌م بابه‌ته 195 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر