کێشمەکێشی تێگەیشتن لەنێوان خوێنەرو نووسەردا

مەسعود بابایی
نووسەر
مەبەست لە کێشمەکێش چیە؟
دیار و ئاشکرایە هەمیشە  لەنێوان دووتوێی وشە -  واتا "مەبەست"دا، ناڕوونی هەیە. ناڕوونی کاتێک دێتە کایەوە کە "زەین" پەی بە "بەستێن" (کۆنتێکست) نەبات. بەشێکی زۆری وشەکان بەگوێرەی "سیستمی چەمکسازی"(کۆنسێپتچواڵی) تووشی ترازانی واتایی دەبن و دۆخی "چەمکی" و "زاراوەیی" بەخۆوە دەگرن. ئەم پرۆسەیە لە تێکڕای زمانە زیندووەکانی جیهاندا ڕووی داوە. لەم پرۆسەیەدا خوێنەرێک کە تەنیا وشە لە دۆخێکی"لیکسیکۆنی"دا دەبینێ و لە "بەستێنی واتایی"ی وشە لە دۆخی چەمکی - زاراوەیی کە لە بوارێکی زانستیدا بەکارهاتووە تێناگات و ناڕوونی ڕوودەدات. ئەم ناڕوونییە کاتێک دەڕەوێتەوە کە "خوێنەر" لە "بەستێن" تێبگات. هەربۆیە دەوترێ "واتا بەگوێرەی بەستێن لێکدەدرێتەوە". کێشمەکێشی "خوێنەر" و "نووسەر" بە دیاریکراویی یا دیارینەکراویی "بەستێن" دێتە کایەوە. ئەگەر "نووسەر" یا "بەرهەمهێنی دەق" بیهەوێ واتای نوێ لەسەر وشەیەکی "ئاشنا" بار بکات و مەبەستیشی دروستکردنی "دیوێکی دیکەی واتا" بێت؛ کێشمەکێشەکە قووڵتر دەبێتەوە. نامۆیی واتا هەمیشە مایەی ناڕوونی و لێڵییە کە پێویستیی بە ئاشناکردنەوەیە.

ئەم کێشمەکێشە لە زمانێکدا کە لە پرۆسەی فراژووبووندایە، زەق و زۆپترە. چونکە لەم زمانانەدا، "زمان" دەکەوێتە نێو پرۆسەی "خۆدۆزینەوە" و "خۆئاشکراکردن" و توانستەکانی دەخاتەڕوو. هەربۆیە ڕەنگە لەئەنجامی کنەکردنی زمانی، هەندێ لە ڕێککەوتنە زمانییەکان کە کۆمەڵگە خووی پێوەگرتوون لەبەریەکهەڵبوەشێن و ئەمە "سەقامگیریی واتایی"دەشێوێنێت. بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنێکی زمانی و وشەیی چ لە ئاستی مۆرفۆلۆژی و چ لە ئاستی سینتاکسی بەهەڵە بووبێتە باو و لەمپەری واتاسازیی و خۆئاشکراکردنی توانستی زمانی بێت، هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەقامگیریی واتایی"ە باشترە. چونکە بێشیرازەیی "وشەڕۆنان" زیانێکی گەورە لە توانستی زمانی لە "وشەسازی" و "زاراوەسازی" دەدات و دیار و ئاشکرایە هەمیشە نووسەرانێک هەن بەو "سەقامگیریی واتایی"ە ڕازی نابن، چونکە بە سەقامگیرییەکی هەڵەی دەزانن و پێیانوایە لەبەر ڕێککەوتنێکی هەڵەی زمانی نابێ بونیادی واتای بنجی چ ناو یان کردار لە ڕەوتی واتاسازیی نوێدا ئەستێور ببێ. ئەمە جۆرێک لە کێشمەکێش دەنێتەوە کە ڕوودانی مسۆگەرە. چونکە پێوەندیی بە "ئاسۆی واتایی"ی خوێنەر و نووسەرەوە هەیە.

 ـ ئاسۆی واتایی: بریتییە لەو تێگەیشتنەی کە کولتوور لە زماندا بەرهەمی هێناوە و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی جۆرێک لە "سەقامگیریی واتایی" لێکەتووەتەوە. لەبەرئەوەی لە کایەی کۆمەڵاتیدا بەرهەمهێنانەوەی واتا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و نەپساوەی لەتەک" نەریت"دا هەیە، مەودایەک لەنێوان واتای"بنجی"(لێکسیکۆنی)  "مەبەستناسانە"(پراگماتیکی)  پەیدا دەبێ. ئەم واتایە لە دۆخی ئیدیۆمیدا خۆی دەنوێنێ. دۆخی ئیدیۆمیی "وشە" و "واتا" هەمیشە دەکەوێتە باشاری دۆخی لێکسیکۆنی و هەندێ جار "دۆخی ڕێزمانی". بەبێ ترازاندنی بەستێنی واتایی ناتوانین هیچ واتایەکی ئیدیۆمی و پراگماتیکی دروست بکەین.  هەر بۆ نموونە:
گۆڕانی باری وشەیی: "سیخوڕ" لە ئاژەڵێکەوە بۆ کەسایەتییەکی جیاواز بە واتای "جاسووس". گەلێ جار زمانی"سیمبۆلیک" نیشانەکان بەراوەژوو دەکاتەوە، ئەم حاڵەتە پێوەندیی بە "نەریتی کۆمەڵایەتی"، سانسۆر و چەوساندنەوەی سیاسی و ئایینی ... هتد هەیە. لە شۆڕشی "ئەیلول"دا وشەی سیخوڕ کە لە بنەڕەتدا"سووچەڕ" و لەوەش وردتر"سیچەڕ"ە – چونکە سی "چەڕ"ی هەیە – تووشی ترازانی واتایی بوو، ئەم واتایە بە مەبەستی شاردنەوەی مەبەستی سەرەکی بەکارهات کە دواتر بووە هۆی دروستبوونی بەستێنێکی هەڵە بۆ واتایەک کە دوورونزیک هیچ پێوەندییەکی بە کردەی"جاسووسی" و کەسیەتیی"جاسووس"ەوە نیە. خوڵقاندنی ئەم ئاسۆ واتاییە نوێیە بەهۆی ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتییەوە کە سەرچاوەکەی "نیشانەسازیی"یەکی سیاسییە، پێی دەوترێ"ئاسۆی واتاییی سەردەم".

دەتوانین بەم پرۆسەیە بڵێین" ئاشنایی سڕینەوە". واتە سڕینەوەی واتای ئاشنای لیکسیکۆنی (بنجی)ی یەکەمین و گواستنەوەی بۆ دۆخێکی مەبەستناسانە لەپێناو دیاریکردنی کارەکتەرێکی دیاریکراو لە زمانێکی سیمبۆلیکدا. ئەم ئاسۆ واتاییە هەرچەند دەتوانێ ڕێککەوتنێکی زمانیی نوێ بەرهەم بهێنێ، بەڵام لەڕاستیدا بووەتە مایەی تێکدانی سەرچاوەی واتا بنجییەکە. لانیکەم ئیدی ئێمە لە شوناس و واتا پەنامەکییەکانی پشت وشەی "سیخوڕ" دوور دەکاتەوە. پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا نووسەر دەبێ پابەندی ئەو ئاسۆ واتاییە بێت؟ لەکاتێکدا دەزانێت "سیخوڕ" واتای ئیدیۆمیی "جاسووس"ە و پێوەندیی بە واتای بنجی وشەکەوە نیە. هەر نووسەرێکی شێلگیری "دەروەست" کە بیهەوێ بکەوێتە نێو پرۆسەی "دروست نووسین" و کنەی زمانییەوە و بیهەوێ پەردە لەسەر دیوە شاراوەکانی زمان و مەبەستی "واتای دەقاودەق" بێت نەک "واتای نزیک" بەدڵنیاییەوە لە واتای بارکراوی ئیدیۆمی تێدەپەڕێ و لە واتای بنجی نزیک دەبێتەوە. واتای بنجی هەوێنی ئاشکراکردنی "زەینی ناخودئاگای کولتوور"ی هەڵگرتووە و ئەو ئاشکراکردنە "ئاسۆی واتایی نوێ"دەخوڵقێنێ کە من بە "شڵەقاندنی گۆمی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی" ناودێری دەکەم کە دەبێتە مایەی هەڵوەشانەوەی ئاسۆی واتایی سەردەم. دیارە ئەمەش جۆرە ئاشنایی سڕینەوە "Defamilaization " یەکە کە لەپێناو سڕینەوەی ئاشناییەکە کە ئاسۆی واتاییی پێشوو لە ئاستی"پراگماتیکاڵ"دا بەرهەمی هێناوە و دەیهەوێ ئەمجارەیان لەپێناو واتای بنجیدا کە دروستە، پاشەکشە بە واتای پراگماتیکی بکات کە واتای بارکراوی زمانی سیمۆلیکە. 

بە پێشنیارکردنی وشەی"شۆفار" لەجێی "سیخوڕ"، کێشمەكێشەکە دەست پێدەکات. دیاروئاشکرایە "شۆفار" واتای "جاسووس" دەگەیەنێت، بەڵام "سیخوڕ" لەتەک ئەوەی ئەو واتایەی نیە، لەلای خوێنەرێک کە خووی بە "ئاسۆی واتایی زاڵی سەردەم" گرتووە، نامۆیە. هەربۆیە هەرشتێک کە ڕێککەوتنەکەی جاران هەڵبوەشێنێتەوە، دەبێتە مایەی "دڕدۆنگی". 

"دڕدۆنگی" دەبێتە مایەی "قەڵشبردنی ئیپیستمۆلۆژیک" و "زەینی خووگرتوو" دەهەژێنێ و ئاشکرایە خوێنەر بەئاسانی ناتوانێ بەم جێگۆڕکێ واتاییە ڕازی بێت.

بەڵام بۆ نووسەر دەبێ ئەم گۆمە بشڵەقێنێ؟
لەپێناو بەرهەمهێنانی واتای نوێ و پێناسەکردنەوە و چەمکسازی. جارناجارێ ناچار دەبی لەم پێناوەدا خوێنەر پشتگوێ بخەی. کەوابوو نووسەر بۆ کێ دەنووسێ؟ لە وڵامدا دەڵێین بۆ خوێنەر. لە ڕوانینی یەکەمدا ئەمە پارادۆکسە، بەڵام لەڕاستیدا مەبەست لە خوێنەری نووسەر چیە؟ هەموو نووسەرێک بۆ نووسەری ئایدیالی خۆی دەنووسێ. هەر نووسەرێکیش بۆ خوێنەری نێو زەینی دەنووسێت. تواناییی زمانی و ئاستی خوێندەواریمان دەبێتە مایەی دەستنیشانکردنی ئەو نووسەرە ئایدیالییەی کە لە خەیاڵ و هزرماندایە. واتە بۆ خوێنەرێکی گریمانکراو دەنووسین کە پێشتر بڕیارمان داوە ئەو دەبێ لێمان تێبگات و هەوڵی ئێمە بۆ ئەوە و دەمانەوێ لەڕێگەی "دەق"ەوە گفتوگۆی "زەینی دەق"  و "ئاسۆی واتایی"ی خوێنەر بڕەخسێنین. کەوابوو مەبەستمانە "زەینی دەق" و "ئاسۆی واتایی"ی خوێنەر "ئاسۆیەکی نوێ بەڕووی زمان و کولتووردا بکەنەوە. بەڵام ئەم ئاواتەی نووسەر وەک خۆی نایەتەدی. چونکە "دەق" هەتا نەچێتە بەردەستی" بەربێژ" نابێتە بەرهەم. واتە خوێنەر پاش خوێندنەوەی بەرهەم لە پرۆسەیەک بەناوی بەرهەمهێنانەوەی واتادا بەشداریی دەکات، ئەوەی کە گرنگە "پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی واتا"یە، چونکە لەم پرۆسەیەدا کاریگەریی دەق لەسەر زەینی کولتوور دەردەکەوێ و ڕادەی کاریگەریی "دەق" و کاردانەوە و بەرهەمهێنانەوەی واتا، بە "هێزی فەرهەنگ"ەوە گرێ دراوە. لێرەدا ڕۆڵی خوێنەر چیە؟

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:01:59:18/03/2020



ئه‌م بابه‌ته 119 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر