ڕامانێک دەربارەی کتێبی (دەوڵەتی یەهوود)

چۆمان تەقێدین
نووسەر
هرتزل دەڵێت:"دەوڵەت بۆ ئێمە مەسەلەی ژیان و مردنە. ئەگەر دەوڵەتمان نەبێت، بێگومان قڕمان دەکەن".

ئەو وتەیە بە تەواوەى ڕاست دەرچوو، کاتێك ڕژێمی نازیی ئەڵمانی لە ئەڵمانیا، دەسەڵاتیان گرتە دەست. ئەوە بوو  لە نێوان ساڵانی (١٩٣٣ - ١٩٤٥ ز)دا، جینۆسایدی هۆلۆکۆستی لە دژی گەلی یەهوود ئەنجام دا، کە نزیکەیی شەش ملیۆن جوولەکە لەو پڕۆسەیەدا کۆمەڵکۆژکران لە وڵاتی ئەڵمانیا و پۆڵەندا و دەوڵەتانی تر، کە لە لایەن  ڕژێمی نازیی ئەڵمانی داگیر کرا بوون لە کیشوەری ئەوروپادا.

بەوەش پرۆسەی گەڕانەوەی جوولەکەکان بۆ وڵاتی ئیسرائیل خێراتر کرد، هەروەها پێشتریش هەر لە کیشوەری ئەورووپادا، هەستی دژە سامی لە دژی جوولەکەکان بوونی هەبووە، ئەوەى دروشمیان بوو کەهیچ شتێک لە جوولەکە مەکڕن.

رەگوڕیشەى مێژووى ئەو هەستە دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنى دەوڵەتی نەتەوەیی ئیسرائیل لە ساڵی(٧١پ.ز)، ئەو دەوڵەتەى کە لەلایەن (سوپای کۆماری ڕۆما)وە  داگیر کرا و کرایە پاشکۆی ئەو کۆمارە، دواتر ژمارەیەکی زۆر جوولەکە ئاوارە و دەربەدەر بوون و ڕاگواستران بۆ وڵاتانی تر.

لەساڵی(٩٣ ز) بە تەواوی دەوڵەتی نەتەوەیی ئیسرائیل کۆتایی پێهێنرا و خرایە سەر ویلایەتی سوریای ئیمپراتۆریای ڕۆما، بەوەش ژمارەیەکی زۆر کەمی جوولەکە لە خاکی ئیسرائیل مانەوە، بەوەش هەزار ونۆ سەد ساڵ دوور بوون لە خاکی باوک وباپیرانیان، بەڵام دواجار گەڕانەوە بۆ خاکەکەیان و توانیان دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنن.

هرتزل دەڵێت: "
ئەو جووانەی ئاواتیان دەوڵەتە، پێی دەگەن. دواجار بە ئازادی لەسەر زەوی خۆمان دەژین و بە ئارامی و لە ئاشتی دا دەمرین. جیهان بە ئازاد بوونی ئێمە ئازاد دەبێت. بە سامانەکانی ئێمەش، دەوڵەمەند دەبێت".

منیش دەڵێم، ئەو کوردانەی کە ئاواتەخوازی دەوڵەتی کوردستانن، ڕۆژێک دادێت پێی دەگەن، هەروەها جیهان بە ئازادکردنی کوردان و نەهێشتنی زوڵم و زۆرداری لە سەر کوردان، جیهان ئازاد دەبێت، ڕاستە جیهان بە سامانەکانی ئێمەی کوردان دەوڵەمەند بوون، بەڵام نەیانهێشت ئێمە سوود لە سامانەکانی خۆمان وەرگرین، بەڵکو دەوڵەتانى داگیرکارانەکانی کوردستان، بە پارەی ئێمەی کورد، چەک وجبەخانەی سەربازییان دەکڕی و لەدژی خۆمان بەکاریان دەهێنا و ڕۆڵەکانی کوردیان پێ شەهید و کۆمەڵکۆژ و ئەنفاڵ و کیمیا باران دەکرد و، بە هەزاران گوندی کوردستانیان وێران کرد و خەڵکەکەیان ڕاگواست بۆ کۆمەڵگە زۆرملێیەکان. پرۆسەی بە عەرەب کردن و بە تورک کردن و بە فارس کردنی کوردستانیان، جێبەجێکرد.
 
بەرێز قوربانی لە بارەی ئەم کتێبە دەڵێت: ئەمە کتێبێکی ئاسایی نییە، بە سەرهاتی مێژوو، ئاین و بوونی جولەکە نییە، بەڵکوو نەخشە ڕێگای زیندوو کردنەوەی نەتەوەیەکە، کە لە لێواری نەماندا بوون. نەخشە ڕێگای ڕزگاریی پەرتەوازە و خاك داگیر کراوە. نەخشە ڕێگای دروستکردنی دەوڵەتە بۆ هەر نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت. ئەم کتێبە ڕۆح دەکاتەوە بە بەر هەر گەلێکی بێ گیاندا، ئەگەر نەیەوێ بمرێت. ڕێگەی دروستبوونەوەی هەر تاکێکی تێکشکاوە، ڕێگای هەڵستانەوەی مرۆڤی کەوتووە کە ئیدراکی هەستانەوەی لە دەستبدابێت. ڕێگای بەرنگار بوونەوەی داگیرکارییە، ڕێگای فێرکردنی نەتەوە ژێر دەستەکانە بۆ دۆزینەوەی ڕێگای ڕزگار بوون.

بەڵێ ئەم کتێبە ڕێبەرێکە بۆ ئەو نەتەوانەی نەیانەوێت بمرن و دەیانەوێت ببنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان وەکو گەلی کورد، کە سەدان ساڵە لەو پێناوەدا خەبات ئەکات و زەریایەک خوێنی ڕشتووە. ئەوە بوو کوردستانیان لە ڕێکەوتی (٢٠١٧/٩/٢٥) لە هەرێمی باشووری کوردستان، بە ناوچە داگیرکراوەکانەوە، بە ڕێژەی(٩٣%) داواى سەربەخۆیی کرد، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ئەوەی پیشانی داگیرکارانی کوردستان و دەوڵەتانی جیهان دا، کە کوردستانیان دەیانەوێت بە سەربەخۆیی و ئازادی و ئاشتی لە سەر خاکی خۆیان بژن و بمرن و، ژێر دەستەیی ڕەت دەکەنەوە، بووە هۆی ئەوەی کە ئیدراکی هەستانەوە کوردستانیانی بوژاندەوە و خەباتێکی نوێ بوو لە پرۆسەی بەرنگاربوونەوەی داگیرکارانی کوردستان، کە دەیانەوێت نەمێنن.

ئەم وتارە گوزارشتە لە راى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:03:04:03/09/2019



ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر