ڕێنیسانسی یاسایی لە کوردستان

د. خالید پێشەوا
نووسەر
وشەی یاخود دەستەواژەی یاسا، لە کوردستان بوونی نییە، وشەیەکە ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگا چەندجارێک گوێ بیست یاخود خوێنەر یان خودی خۆیان نەیانوتبێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە بۆ جارێک لە تەمەنیان، بیستوویانە، وشەیەکى باوە لەکۆمەڵگەی کوردستانی تاوەکو ئێستا، لەڕاستیدا ئەم دەستەواژەیە، هەڵەیە و واقعی و ڕاست نییە، ئەوەی لەم کۆمەڵگایە بوونی هەیە و لاوازە، یاخود وەک پێویست نییە، جێبەجێکردنی یاساکانە بە شێوەیەکى دادپەروەرانە بەسەر هەموو تاکەکان و چینەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی چینایەتی و حیزبایەتی و دەست تێوەردانی سیاسی.

ئەو فاکتەر و هۆکارەی بووە هۆی کوشتنی ڕوحی یاسا و شکۆی یاسا لە کۆمەڵگە و دامودەزگاکاندا، دەست تێوەردانی بێ شەرمنانەیە لەلایەن حیزبەکانەوە و، چەماندنەوەی ملی دەقە یاساییەکانە بۆ بەرژەوەندی حیزبی و کەسانی دەسەڕۆیشتوو.

خاڵێکی دیکەی گرنگ بریتییە لە تێنەگەیشتنی زۆرێک لەڕۆڵەکانی کۆمەڵگە لەیاسا و ماهیەتی یاسا، ئەمەش ئەوەندەی تر دەستەواژەی "یاسابوونی نییە" لە کۆمەڵگە قوڵکردەوە.

حکومەتەکانی کوردستان کەم تەرخەم بوون و وەکو پێویست کاریان بۆ پەروەردەکردنی یاسایی کۆمەڵگە نەکردووە، کە زۆر جار حیزبەکانی کوردستان و دەسەڵاتداران، پێشێلی ئەو یاسایانە دەکەن کەخۆیان ڕۆڵیان لەداڕشتنیدا هەیە لەپەرلەمان و لە حکومەت، ئەمە شتێکی زۆر نەگونجاوە و لەهیچ وڵاتێکی ئەم دنیایە شتی وا نەبینراوە.

ئەگەر تەماشای وڵاتان بکەین، هەر حاکمێک لەبەرژەوەندی خۆی یاسایەک دەربکات خۆیشی پێوەی پابەند دەبێت، بەڵام لای ئێمە، ئەگەر دووبارە یاساکان دابڕێژێتەوە دەبینین خۆی لێ دەدزێتەوە.

ترسناکترین دیاردەی پێشێلکردنی یاسا و لێدان لەیاسا، لەلایەن حیزبەکانەوە بووە، ئەوان زۆر بەزەقی لەیاسا دەدەن، کە ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی کوردستان. ڕمێکی ژەهراویە لە ڕوح و شکۆی یاساکانی کوردستان گیردەکرێت.

ڕێنیسانسی یاسایی هەنگاوێکی جدی و ڕاستگۆیانە و نیشتمانییە، ئەم هەنگاوە هاوتەریبە لەگەڵ وتارەکەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان (مەسروور بارزانی) کە جەختی کردەوە و دووپاتی کردەوە" کاردەکەین بۆ سەروەریکردنی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و نابێت لە کوردستاندا کەس لەسەرووی یاسابێت هیچ کەسێک ڕێگەی پێنادرێت بەهۆی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حیزبی لەدەست یاسا ڕابکات هەروەها خۆی لەدەرەوەی یاسا ببینێتەوە".

لەڕاستیدا ئەم وتارە، هیوایەکە و هێزێکە و پاڵنەرێکە بۆ ڕێنیسانسی یاسایی لە کوردستان، کە تێکڕای گەلی کوردستان هاودەنگ و هاوڕان بۆ جێبەجێکردنى ئەو بنەما جەوهەرییە کە سەرۆک وەزیران بە ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە و بوێرانە جەختی لەسەر کردەوە.

لەپێش هەموو کەسێکەوە ئەرکی یاسا ناسان و پارێزەران و دادوەران و مافپەروەرانەکار بۆ سەرخستنی، ڕێنیسانسی یاسای لە کوردستان، کارى جدى بۆ بکەن.

گرنگی ڕێنیسانسی یاسایی، وەرچەرخانێکی مێژوویی و یاسایی دەبێت لە عەقڵیەتی حوکمڕانی لە کوردستان، بەرەوپێشچوون و هەنگاوێکی مەزنە و، قۆناغێکی گۆڕان و گواستنەوەی کۆمەڵگە و دەوڵەتە، لە عەقڵیەتی شۆڕشگێڕی و ڕاپەڕینی و حیزبایەتی، بۆ عەقڵیەتی دامەزراوەیی و یاسایی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. 

ڕێنیسانسی یاسایی، بەژداری بژاردەی یاسایی، دانانی میکانیزمێکی کارکردن بۆ ڕیفرۆم و پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی کاتێکی گونجاوی دەستپێکردن، شەرعیەتی هەموو حیزبەکانی کوردستان بەگشتی و ئەو حیزبانەی خاوەن هێزی چەکدارن بەتایبەتی، دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چاکتر بڵێن حیزبەکانی پێش ڕاپەڕین شەرعیەتی شۆڕش و چەکداری دژی داگیرکەران، یاسا و ڕێسا و سیاسەتی واقعی تایبەت بەخۆی هەبوو.

زۆرێک لەوحیزبانەی کە چەندەها دامەزراوەیی حیزبیان هەیە، لە چەندەها بواری زانست وسەربازی وههواڵگری هەروەها پەروەردەیی، کەهیچ بنەمایەکی یاسایی و شەرعیەتی نییە، تەنانەت بگرە بونیان گەورەترین نایاساییە، دەست تێوەردانی ڕاستەخۆ ئەنجام دەدەن لە دەزگاکان حکومەت، کۆبوونەوەی ژێر بە ژێر و نهێنی یان ئاشکرا دەبەستن، بەتایبەت لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی کوردستان، کە کۆمەڵگا و ڕای گشتی کوردستانی بێئاگایە لەو پەیوەندییانە، زۆرجار وەکو حکومەتێک لەناو حکومەت مامەڵەدەکەن، ئەو ڕێککەوتنە نهێنیانە کە هیچ لێپرسینەوەیەکی لێنەکراوە، پەرلەمان و حکومەتی کوردستان لێیان بێئاگایە، ئەوەش بەهۆی هەژموونی حیزبی و بەرژەوەندی خوازی، و زۆر جار زیادەڕەوییان کردۆتە سەر دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و حکومەت و دەزگا حکومییەکان، ئەم کار و هەڵسوکەوتە، هەڕەشەیەکی ڕاستەخۆ و ڕوونە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستان. 

ڕێنیسانسی یاسایی، لەنێوان گووتار و کردار، 
سەرکەوتنی پهیوستە بەکردار وگووتارەوە، هەموو تیۆرێک و بۆچوونێک بەبێ کردار شەلەو بێ قاچە، وەکو چۆن هەموو کردارێک بەبێ تیۆری و پلان، کوێر و نابینایە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:03:27:07/09/2019



ئه‌م بابه‌ته 141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر