هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی تاوان

عارف قوربانى
نووسەر
گه‌لی‌ كورد له‌ مێژووی‌ دووردا زۆر جار رووبه‌ڕووی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ بووه‌ته‌وه‌، ئه‌م تاوانكارییانه‌ به‌شێكیان هه‌ر له‌ مێژووشدا تۆمار نه‌كراون و ته‌نیا وه‌ك گێڕانه‌وه‌ی‌ ده‌ماوده‌م گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كانی‌ ئێستا. له‌ مێژووی‌ نزیكیشدا له‌سه‌ر ده‌ستی‌ توركه‌ عوسمانییه‌كان و دواتر له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌تاتورك، چه‌ند جارێك كورد كه‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌م شاڵاوی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌. له‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌شه‌كانی‌ رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستانیش ئه‌و تاوانانه‌ی‌ به‌رانبه‌ر به‌ كورد كراون به‌ پێوه‌ر و رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی‌ تاوانی‌ جینۆسایده‌وه‌. به‌ڵام كه‌س وه‌ك به‌رپرسیارێتیی‌ تاوان باجی‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی‌ كوردی‌ نه‌داوه‌.
 
له‌ باشووریش به‌ده‌ر له‌و سیاسه‌تانه‌ی‌ له‌ لكاندنی‌ به‌ عێراقی‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ به‌ئامانجی‌ له‌ناوبردنی‌ كورد په‌یڕه‌و كراون، له‌ ساڵی‌ 1968 تا 1988 پێنج جار تاوانی‌ جینۆسایدی‌ به‌رانبه‌ر كراوه‌. (سیاسه‌تی‌ پاكتاوی‌ ره‌گه‌زی‌، پاكتاوكردنی‌ كورده‌ فه‌یلییه‌كان، كۆمه‌ڵكوژیی‌ هه‌شت هه‌زار بارزانی‌، ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه‌). ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی‌ كورد له‌ باشووری‌ كوردستان له‌ به‌شه‌كانی‌ دیكه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ عێراق ئه‌م تاوانانه‌ وه‌ك تاوانی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ له‌لایه‌ن دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ دانی پێدانراوه‌. هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی‌ عێراق و ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماری‌ عێراقه‌وه‌ دان به‌ بڕیاری‌ دادگادا نراوه‌ و ئه‌و پێنج تاوانه‌یان وه‌ك جینۆسایدی‌ كورد په‌سه‌ند كردووه‌. 
 
هه‌رچه‌نده‌ كورد له‌ عێراق نه‌یتوانیوه‌ كه‌ڵك له‌و بڕیارانه‌ی‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق ببینێ بۆ به‌جینۆساید ناسینی‌ ئه‌و تاوانانه‌، به‌ڵام لانیكه‌م داننان به‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانه‌كانی‌ له‌ئه‌ستۆیه‌، ئه‌مه‌ ده‌ستكه‌وتێكی‌ كه‌م نییه‌. به‌تایبه‌ت به‌ به‌راورد به‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌ی‌ له‌ رابردوودا یاخود له‌ به‌شه‌كانی‌ تری‌ كوردستان به‌رانبه‌ر به‌ كورد كراون. واتا سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كورد هیچی‌ له‌ ناساندنی‌ تاوانه‌كانی‌ نه‌چنیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دیاریكردن و هه‌ڵگرتنی‌ به‌رپرسیارێتی‌ تاوانه‌كه‌ له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ وه‌ك قه‌رزێك له‌سه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌. 
 
ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵكوژی و تاوانانه‌ی‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌ كورده‌ ئێزدییه‌كانی‌ شه‌نگال كراون، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌كانی‌ تاوانی‌ جینۆسایدی‌ به‌سه‌ردا ده‌چه‌سپێت و به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ هه‌موو كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی‌ رابردووی‌ كورد له‌ ئاست و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌نگیدایه‌وه‌، به‌ڵام به‌ نه‌مانی داعش، ئیتر بابه‌تی‌ هه‌ڵگرتنی‌ به‌رپرسیارێتی‌ تاوانیش كۆتایی‌ دێت. كه‌سێك نییه‌ به‌رپرسیارێتی‌ قانوونی‌ و مادی‌ و مه‌عنه‌ویی‌ ئه‌و تاوانه‌ی‌ بخرێته‌ ئه‌ستۆ. 
 
مه‌به‌ستم له‌ هێنانه‌وه‌ی‌ نموونه‌ی‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی‌ شه‌نگال، بۆ خستنه‌ڕووی‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری‌ به‌رده‌وامی‌ و چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌. ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ به‌شێكی‌ كوردستانیان داگیر كردووه‌، ئامانجیان روونه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ كورد له‌ڕووی‌ ژماره‌ و له‌ڕووی‌ پێگه‌ و هێزه‌وه‌ له‌ قاڵب بده‌ن. ئه‌وه‌ی‌ به‌نده‌ لێی‌ ده‌ترسم كه‌ڵكوه‌رگرتنیانه‌ له‌ ئه‌زموونی‌ داعش بۆ ئه‌نجامدانی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ به‌رانبه‌ر به‌ كورد. له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆ تاوانه‌كان له‌ژێر شاڵاوی‌ سوپا و له‌شكری‌ خۆیاندا بێت، به‌ دروستكردنی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ له‌ ده‌ستی‌ دووه‌مه‌وه‌ تاوانه‌كه‌ ده‌كه‌ن و پاشان رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ خۆی‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ و به‌مه‌ش كه‌سێك نامێنێ به‌رپرسیارێتی‌ تاوان هه‌ڵبگرێت.
 
ئه‌وه‌ی‌ ئێستا ئه‌ردۆغان له‌ رۆژاوای‌ كوردستان ده‌یكات ئه‌زموونكردنی‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌. توركیا له‌ڕووی‌ توانای‌ سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ هێزه‌كانی‌ په‌یه‌ده‌ به‌راورد ناكرێت. توانای‌ سه‌ربازی‌ و ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازیی‌ توركیا له‌ ئاستێكی‌ زۆر پێشكه‌وتوودایه‌. ئه‌ی‌ كه‌واتا توركیا چ پێویستی‌ به‌و گرووپگه‌له‌ چه‌كداره‌ جیهادییه‌ی‌ ناوچه‌كه‌یه‌ تا بیانخاته‌ پێش سوپاكه‌ی‌ خۆی‌ بۆ داگیركردنی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان؟ ئامانجه‌كه‌ روونه‌ كه‌ توركیا ئه‌و چه‌كداره‌ تیرۆریستانه‌ی‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ كوشتاری‌ سه‌ربازه‌كانی‌ خۆی‌ كه‌م بكاته‌وه‌، ده‌شێ ئه‌وه‌ به‌شێكی‌ بچووكی‌ ئامانجه‌كه‌ی‌ بێت و له‌ ترسی‌ كاردانه‌وه‌ی‌ ناوخۆی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ نایه‌وێ سه‌ربازێكی‌ زۆری‌ به‌ كوشت بچن، به‌ڵام ئاماجه‌ راسته‌قینه‌ شاراوه‌كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ تاوانی‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌. توركیا ده‌یه‌وێ كورد كۆمه‌ڵكوژ بكات، به‌ڵام له‌ترسی‌ كاردانه‌وه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و هه‌ڵگرتنی‌ به‌رپرسیارێتیی‌ تاوان، نایه‌وێ راسته‌وخۆ ئۆباڵی‌ تاوانه‌كه‌ بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ خۆی‌. ده‌یه‌وێ به‌م گرووپانه‌ تاوانی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ ئه‌نجام بدات و دواتر ئه‌م رێكخراوانه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌ و شتێك به‌ ناوی‌ سوپای‌ ئازاد و سوپای‌ ئه‌حراری شام و سوڵتان موراد و به‌ره‌ی‌ نوسره‌ و هێزی‌ چی‌ و چی‌ نامێنێ. 
 
توركیا بۆیه‌ ناوی‌ تایبه‌تی‌ له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ و سوپاكه‌ی‌ ناوه‌ سوپای‌ محه‌ممه‌د و له‌ میدیاكانییه‌وه‌ ناوی‌ ئه‌و گرووپانه‌ی‌ تر به‌جیا ده‌بات، ئامانجی‌ ئه‌وه‌یه‌ تاوانه‌كه‌ بخاته‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌وان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ به‌ محه‌ممه‌دییه‌كانیش ئه‌نجامی‌ بدات. له‌ كاتێكدا ئه‌وانه‌ هه‌موویان له‌ خزمه‌تی‌ ئه‌جێندا و ستراتیجی‌ ئه‌ردۆغاندان و هه‌موو جوڵه‌ و هه‌نگاوێكیان له‌ چوارچێوه‌ی‌ نه‌خشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ توركیادایه‌. ئه‌م گرووپگه‌له‌ جیهادییانه‌ وه‌ك خه‌سڵه‌تی‌ هه‌میشه‌ییان باوه‌ڕیان به‌ كۆمه‌ڵكوژی و ره‌فتاری‌ دڕندانه‌یه‌. رووبكه‌نه‌ هه‌ر شوێنێك به‌ كوشتن و تاڵان و به‌ سوتماككردن پێیدا تێده‌په‌ڕن. ئێستا رۆژانه‌ وێنه‌ و ڤیدیۆی تاوانكاریی‌ ئه‌وانه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ له‌ كوشتنی‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ و خه‌ڵكی ئاسایی‌ و ژن و منداڵ و ئازاردان و شێوازی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان، له‌ كاتی‌ خستنه‌ڕووی‌ تاوانه‌كانیان، ناوبردنیان وه‌ك هێز و سوپای‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سووری یان هه‌ر ناوێكی‌ تر، ئه‌مه‌ خزمه‌ته‌ به‌ ئه‌جێندای‌ ئه‌ردۆغان. چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا توركیا ئه‌وه‌ی‌ ده‌وێت، تاوانه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت و ئۆباڵه‌كه‌ی‌ بخرێته‌ ئه‌ستۆی‌ هێزگه‌لێكی‌ تره‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سوپای‌ توركیا.  
 
بۆیه‌ پێویسته‌ میدیای‌ كوردی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ و هه‌ر هاووڵاتییه‌كیش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ ئێستاوه‌ هه‌موو ئه‌و سوپایانه‌ و ره‌فتار و كردارێكیان به‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌ردۆغان ناوبه‌رێت. ئه‌و وێنه‌ و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ی‌ بڵاوی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، پێویسته‌ به‌هه‌موو جیهاندا به‌و جۆره‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ كه‌ سوپاكه‌ی‌ ئه‌ردۆغان ئه‌م تاوانه‌ی‌ ئه‌نجامدا. به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هه‌روه‌ها رای‌ گشتیی‌ جیهاندا ئه‌ردۆغان به‌ به‌كارهێنانی چه‌كی‌ قه‌ده‌غه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێ.
 
گرنگه‌ تاوانه‌كان به‌سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌یدا ساغبكرێنه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ی‌ روویداوه‌ و له‌ داهاتوودا رووده‌ده‌ن، به‌شێكن له‌ ئه‌جێندای‌ سه‌رۆكی‌ ئاكپارتی‌، پێویسته‌ هه‌ر به‌ناوی‌ ئه‌ویشه‌وه‌ تۆمار بكرێن و به‌رپرسیارێتی‌ تاوان بخرێته‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌و. ده‌بێت كورد یارمه‌تیده‌ر بێت له‌وه‌ی‌ جیهان باشتر له‌ مه‌ترسی‌ بوون و مانه‌وه‌ی‌ ئه‌ردۆغان تێبگه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كه‌ین، به‌دڵنیاییه‌وه‌ گه‌لی‌ كورد له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵكوژیی‌ زۆر گه‌وره‌دایه‌ و هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی‌ ده‌كرێن به‌بێ باج تێده‌په‌ڕن. 


ئەم وتارە گوزارشت لەڕای نوسەر دەكات




PM:09:36:28/10/2019



ئه‌م بابه‌ته 472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر