پێشنیار بۆ بازرگانانی هەرێمى کوردستان

نەوزاد شیخ کامیل
ئابووریناس
له هەموو وڵاتان، بازرگانانی وڵاتەکه داینەمۆی  گەشەی ئابوورین. هەر کاتێک حکومەت و بازرگانەکان توانیان ئاستی هه ناردن زیاد بکەن وهاورده کەم بکەنەوە،  ئەوا دەکرێت بڵێین ئاستی گەشەی ئابووری وڵات له پێشکەوتندایه، بەپێچەوانەوە ئاستی گەشەی ئابووری دوا دەکەوێت.

ئەگەر ئاوڕێک له ئاستی بازرگانی هەرێمی کوردستان بدەینەوە، دەردەکەوێت که ئاستی هاوردەمان زۆر زیاترە له هەناردەکردن، ئەوەی دەمەوێت لەم بابەته باسی بکەم، بازرگانانی وڵاتەکەم که دەچنه دەرەوەی وڵات بۆ هاوردنی کەرەسته و کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان، بەباشی دەزانم  ئەم خاڵانه ڕەچاو بکەن:

١- بەرز کردنەوەی ئاستی هوشیاری خۆیان له ڕەوی شارەزابوون وناساندنی مێژوو جوگرافیاو کەلتوور و فەرهەنگی وڵاتی کوردستان و، باسکردنی ئەو زانیاریانه له وتار و دانیشتن و کۆڕو کۆبوونەوەکان.

٢- ئەتەکێت بۆ هەموو کەس پێویسته شارەزایی هەبێت که لەکاتی سەردان و چاوپێکەوتنەکان پێویسته ڕەچاوی بکەن، چونکه لایەنی بەرامبەر شارەزایه و دەبێت بازرگانی خۆمان شارەزایی هەبێت بۆ ئەوەی ڕووگیر نەبێت بەرامبەر لایەنی دووەم.

٤- شارەزابوون له نوسینی ئێمه وتنی لێک تێکگەیشتن وئاگاداربوون لەوەی چی دەنووسرێت  له ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکان، شتێک نەنووسرێت که بکەوێته ژێرباری داخوازییەکی قورس که نەتوانێت جێبەجێی بکات.

٤- زۆرجار بازرگانەکان ڕێککەوتن دەکەن که کاڵایەکی کوالیتی بەرز بهێنن، بەڵام له ناردندا کاڵا دەگۆڕن و له ڕێککەوتنەکاندا هیچ جۆره بڕگەیەک تۆمار نەکراوە بەگەڕاندنەوەی ئەو کاڵایه، یان داشکاندنی نرخ بۆ ئەو کاڵایه، یان گۆڕینی به کاڵایەکی باشتر، لەو کاتەدا بازرگان زیان دەکات له ڕووی مادی و هاوڵاتی زیان دەکات له ڕووی تەندروستی و مادیش.
 
کەواته بازرگانانی خۆشەویستی وڵاتەکەم ئاگاداربن له مامەڵەکاتتان، فێڵتان لێ نەکرێت و ڕوویەکی جوانی کەلتوورو فەرهەنگی وڵاتەکەمان که دەوڵەمەنده بەشتی جوان بیگەیەننه لایەنی بەرامبەر و کاڵایەک بهێنن که کەمترین زیان به تەندروستی خۆتان وماڵ و منداڵتان و هاوڵاتیانی هەرێمەکەمان بگەیەنێت، نەهێڵن فێڵتان لێ بکرێت، و دراوەکەتان ببەن و کاڵای بێکەڵکتان پێ بدەن.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



PM:06:11:24/08/2019



ئه‌م بابه‌ته 257 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر