نامەیەکی کراوە بۆ سەرکردایەتی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان

سەلاحەدین کوردستانى
نووسەر
بەناوی پیرۆزی کوردایەتی!
پرۆژەیەک بۆ نەتەوەسازی سیاسی ـ یاسایی
بەرێزان:

هەر وەک دەزانن سێ بۆ چوار ساڵ بەر لە ئێستا، هەوڵێکی چڕ درا بۆ ئەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دامەزرێ، بەڵام لەبەر زۆر هۆکار سەری نەگرت و بەندە ناچمە سەر وردەکاری هۆکارەکانی شکستی ئەو پرۆژەیە و وەک کورد دەڵێت: " ئەوەی ڕۆیی ڕۆیی لە دوای چوان نەچین باشە".

ئەوەی لەبەردەم ڕێبەریی ئەم قۆناغەی خەباتی نەتەوەکەمانە لەسەر ئاستی هەر چوار بەشی کوردستان و، هاوچارەنووسی هەموومان پێکەوە، ئەو زەرورەتەیە کە دەخوازێت لێمان، بیر لەو میکانیزم و خاڵە هاوبەشانە بکەینەوە کە یەکگرتوومان دەکات.

وەک هاوڵاتییەکی کورد، وەک سەربەخۆیخواز و ڕاگەیاندنکارێکی کورد، پێشنیارێکی تایبەتم هەیە و ئاڕاستەی سەرکردەکانی هەر چواربەشی کوردستانی دەکەم، هیوادارم بگاتە جێ و فکرەکەی بەهەند وەرگیرێت.

خۆشەویستان:

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، بینیمان پرسی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد چی بەسەر هات، هۆکارەکانی باس ناکەم، هەیئەتی حیزبەکان هەموو باش دەزانن مەسەلەی شکستی ئەو بابەتە چی بوو، ئەزموونمان لەو شکستە ناچارمان دەکات بە دوای بابەتی دیکەدا بگەرێین، بۆ ئەوەی بتوانین لە نیوەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا کە، بارگاویە بە گۆڕانکاری ژیۆپۆلیتیکی و، گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە بوارە جۆراوجۆرە سەربازی و ئابوریەکاندا و، نەخشەیەکی دیکە بەرێوەیە بۆ جیهان، بە تایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆ ئەوەی سەری ئێمەی کورد جارێکی دیکە لەم گۆڕانکاریانەی سەدەدا بێ کڵاو نەمێنێتەوە و، بتوانین بەڕەی خۆمان لە ئاو دەرکەین، هاوچارەنووسی ناچارمان دەکات یەکگرتوو بین و ستراتیژیەتێکی ڕوون و مەرجەعیەتێکی سیاسی ـ نەتەوەیی ڕوونمان هەبێت، چونکە سەدەی ٢١، سەدەی مانەوە و لەنێوچوونی نەتەوەکانە، ساخ بونەوەی مرۆڤایەتییە لەسەر فۆرمێکی نوێ، دابەشکاریەکی نوێی ئابوری و سیاسی جیاواز لە ڕابردوو بەرێوەیە، هەر نەتەوەیەک نەتوانێت زمان و سەروەرى سیاسی خۆی لە فۆرمی قەوارەی دەوڵەتی نەتەوەییدا، لەگەڵ ڕەوتی ئاڵوگۆڕ و پەرەسەندندا ڕێکبخات، لەنێو دەچێت، ئەمەش ئەو بەرپرسیارێتیە سیاسی ـ ئەخلاقی ـ نیشتمانییە دەخاتە سەر شانی سەرکردەکانی کورد کە، بۆ ئەم نەوەیە و نەوەکانی داهاتوو هەوڵێکی نیشتمانی پاراو بە کوردایەتی بدەن، بۆ پێکهێنانی کیانێکی نەتەوەیی لە فۆرمی کۆنفیدرالیزمی کوردستاندا و، سەروەریی مێژویی بۆخۆیان تۆمار بکەن.

ئەساسی پڕۆژەکە بە کورتی زۆر ڕوونە، 
هەر بۆیە داوا لە سەرجەم سەرکردە دیارەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەم، بە حیزبەکانیشەوە، بیر لە دامەزراندنی ئەنجومەنی پیران بکەنەوە تایبەت بە هەر بەشێکی کوردستان. واتە هەر بەشێکی کوردستان ئەنجومەنی پیرانی هەبێت، پێکهاتوو لە کەسی یەکەم و دووەمی بڕیاردەر لە حیزبەکاندا و، ئەندامەکانی پێکهاتوو بێت لە کەسی یەکەم و دووەمی سەرجەم حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لەو پارچەیە و، لەنێو خۆیاندا هەر کام لەو ئەنجومەنانە، سەرۆکێک بۆخۆی هەڵبژێرێت و، سەرۆکی هەر چوار ئەنجومەنەکە، واتە نوێنەری هەر پارچەیەک، وەک لوتکەی باڵای بڕیاری سیاسی ـ نیشتمانی کوردستان لە تیمێکی ٤ کەسیدا کۆببنەوە و لەسەر هەستیارترین پڕسەکانی کورد بریار بدەن و، لەو چوار کەسەشدا کەسێک بەڕووی دنیادا وەک نوێنەری سیاسی و مەعنەوی نەتەوە و نیشتمانی گەورەی کوردستان، هەڵبژێردرێت و ببێتە سیما و نوێنەری گەل و نیشتمانی گەورەی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان.

بۆیە دەڵێم کەسی یەکەم و دووەمی حیزبەکان، چونکە واقعی کوردستان وایە بۆ ئەوەی پرۆژەیەک سەربگرێت، پێویستە کەسی یەکەمی حیزبەکان پشتیوانی بکەن، چونکە کۆمەڵگەی کوردی بە داخەوە بەسەر حیزبەکاندا دابەش بووە و مەرجەعی ڕێکخراوەیی هەر بەشێکی کۆمەڵگە، سەرۆک و سکرتێری حیزبەکانن.

چەند تێبینییەک

یەکەم: دیارە هەر ئەنجومەنێک پێویستە بە پێی تایبەتمەندی ئەو بەشەی کوردستان سیاسەتی نێوخۆیی ئەو بەشە ئیدارە بکات و، تایبەتمەندی ئەو بەشە لەبەر چاو بگرێت و، پێرەوی نێوخۆی دارێژێ و، هەر لایەنێک لێی لادا گەلی کوردی ڕووبەڕوو بکرێتەوە.
 
دووەم: هەر ئەنجومەنێک ڕێککەوتن بکات بۆ هەڵبژاردنی هەمیشەیی یان خولیی دەستنیشان کردنی سەرۆکی ئەنجومەنەکە و، ئەو سەرۆکەش نوێنەرایەتی ئەو بەشەی کوردستان بکات لە ناوەندی مەرجەعیەتی باڵا کە پێک دێت لە چوار کەس و هەر کامەیان نوێنەرایەتی بەشێکی کوردستان بکات لەو مەرجەعیەتەدا، یان لەدەرەوەی مەرجەعیەتی باڵادا یان لە نێو خودی مەرجەعیەتی باڵادا کەسێکی لێهاتو و دیار لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە و جیهان، وەک ڕێبەری نەتەوەیی دیاری بکرێت بۆ نوێنەرایەتی کردنی کێشەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، شایانی باسە پێویستە مەرجەعیەتی باڵای کوردستان کۆمەڵێک ڕاوێژکاری یاسای نێودەوڵەتى و دبلۆماسی و سیاسی هەبێت، بۆ چالاکییەکانی لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە ئەو مەرجەعیەتە باڵایە، پێرەوێکی نێوخۆیی تۆکمەی هەبێت و لەسەر بنەمای کرۆکی کوردایەتی ئیدارە بکرێت بە بێ هیچ چەشنە لایەنگیریەکی بچوکتر لە (گەل و نیشتمان و کوردایەتی) ئایینامەی نوسراو و نەنوسراوی مەرجەعیەتی باڵای کوردستان بێت.

بەرێزان:

ئەزموون پێمان دەڵیت و کاتێک مێژووی هەموو نەتەوەکانی جیهان دەخوێنیتەوە، دەبینیت مەرجەعیەتی سیاسی و نیشتمانیان هەبووە بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی، هەر لە ئەمریکاوە بگرە کە ژێردەستەی بەریتانیا بووە، هیندستانی ژێر چەپۆکی بەریتانیا، ئەفریقیای باشور، چین، فەرەنسا کاتێک هیتلەر داگیری دەکات و دیگۆل شەڕی ئازادسازی دەکات، ئەڵمانیا کاتێک بیسمارک دایدەمەزرێنێت و بیست و پێنج لەتی ئەڵمانیا یەکدەخاتەوە، بۆیە هیچ نەتەوەیەک بێ ڕێبەر و مەرجەعیەتی بڕیاردەری سیاسی سەرکەوتوو نابێت بۆ ڕزگاری.

ئێمەی کورد تا ئێستا دەوڵەتمان نییە تا دامەزراوەکانمان هەبێت بۆ بڕیاردان، ئەمەش وا دەخوازێت لە قۆناغی ڕزگاریدا، پێویستە ئیرادەی گەل لە هەیبەت و ئۆتۆریتەی ڕێبەردا کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست بڕیاری پێویست بدات لەئاست ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکاندا.

خۆشەویستان:

ئەم بابەتە ئەگەر بە چاوێلکەی حیزبیەوە سەیری بکەین بۆمان هەزم نابێت، ئەگەر بە چاوێلکەی پارچە پارچە کردنەوەی کوردستان سەیری بکەین، دیسانەوە زۆر قورسە، بەڵام ئەگەر بۆ یەک جاریش بووە لە مێژوودا بە دیدی نەتەوەیی و کوردایەتییەوە سەیری بکەین، ئەوە ڕێگە دروستەکەی ڕزگاری کوردستانە بۆ هەتا هەتایە.

ئەم پێشنیارە، کورتە و پوختەی فکرەکەیە کە هێناومەتە ئاراوە، دەتوانرێت بوارە سیاسی و تەکنیکی و ڕەهەندە جۆراو جۆرەکانی بە وردی شی بکرێتەوە وکاری لەسەر بکرێت.

بۆ بەرێزان" سەرجەم سەرکردەی حیزبە سیاسیەکانی چوار پارچەی کوردستان"
......... لەگەڵ ڕێز و حورمەتم.


ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:02:48:07/09/2019



ئه‌م بابه‌ته 119 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر