حەسەن نەسڕوڵڵا بۆچی سێرەی لە بارزانی گرت؟

تەنیا کوردی
نووسەر

قاسم سولێمانی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن نەسڕوڵڵا لە لوبنان، لە ژینگەی حەسەن نەسڕوڵڵا زانیارییەکانی کۆبوونەوەکە دزەی کردە نێو ھەواڵگری ئیسرائیل و ئەمەریکاو تەنانەت رووسیا، بەگوێرەی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە بەرنامەیەکی داڕێژراوبوو کە بە گوێرەی پلانێکی ھاوبەشی قاسم سولێمانی و حەسەن نەسروڵڵا لە لوبنان و عێراق و سووریا و یەمەن چەند ئامانجێکی سەربازی و سیاسی ئەمەریکا بپێکن بە شێوەیەک کە کاربکاتە سەر ستراتیژیەتی دۆناڵد ترامپ بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەمەریکا دەرنەچێتەوەو رێ بۆ دیموکراتەکانی ئەمەریکا خۆشبکرێ کە ئەمە وەک ھەلێک لە دژی ترامپ بقۆزنەوە، بەتایبەت لە عێراق ژینگەی سیاسی و سەربازی خۆشکرابوو کە کودەتایەکی سیاسی بکرێ، سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دووربخرێنەوە، ڕێ بۆ جەماوەر خۆشبکرێ کە بڵێن حکومەت سوقتی سیاسی کرد و دواجاریش لە رێگەی ئەو کودەتایە کە بەشێک لە سونەی ئینتما ئێرانی و، گروپێکی کوردیش شتیوان دەبوون، حوکمی عێراق دەخرایە دەست موقتەدا سەدر و حەشدی شەعبی، حاڵەتی لەناکاو ڕادەگەیەنرا، وەک چۆن خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩ سەرکەوت بەسەر شای ئێران و سوقتی ئەمەریكا لە ئێران ڕاگەیەندرا، قاسم سولێمانی و حەسەن نەسڕوڵڵا ھەمان سیناریۆیان ھەبوو کە عێراق بەو شێوەیە سوقت بکەن و بەڕێگەی کەناڵی جەماوەرییەوە ئەمەریکا وەدەرنێن لە عێراق، ئەوکاتیش دیموکراتەکان گوشاریان دەکردە سەر ترامپ کە گەورەترین کارەسات خولقاوە و پێشوەختە زەمینە بۆ سەرکەوتنی دیموکراتەکان خۆش دەکرا، کە ئێرانیش خۆی لەگەڵ سیاسەتی دیموکراتەکان ھەمیشە براوەیە.

لەو نێوەندەدا بەشار ئەسەد، موقتەدا سەدر بەشداری ئەو بەرنامەیە دەبوون، بەڵام لە کوردستان لە لایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە حزبە سیاسییەکان بە یەکگوتاری رێکخرابوونەوە، پێوەندی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق ھەبوو ئەو بەغدای جێھێشت لەو کاتدا.

بۆیە زانیاری وا بە ترامپ گەیشت راستەوخۆ پوتین سەرۆکی روسیاش لەو بابەتە لە رێگەی زانیاری وردی ھەواڵگری روسییەوە لەگەڵ ترامپ ھاتە سەرھێڵ، کە قاسم سولێمانی و حەسەن نەسڕوڵڵا دەیانەوێ یارییەكی مەترسیدار لە عێراق ئەنجام بدەن، بۆیە پوتن راستەوخۆ لەگەڵ کوشتنی قاسم سلێمانی بوو، چونکە روسەکان نایانەوێ دیموکراتەکانی ئەمەریکا لە ھەڵبژاردن دەرچن و، ئەوان لەگەڵ پشتگیری ترامپ و کۆمارییەکان دان، بۆیە لە کوشتنی قاسم سلێمانی ئیسرائیل، ئەمەریکا و روسیا بە ھاوبەشی بەشداربوون.

دوای ئەوەی بڕیاری کوشتنی سولێمانی دەرچوو، ھاوکات ئاراستەکە زانرا کە قاسم سولێمانی دەچێتە سووریا و عێراق بۆ ئەوەی کودەتای سیاسی و سەربازی ئەنجام بدا، لەو کات موقتەدا سەدر پێوەندی پێوەدەکات کە ئەو ئامادەیە بۆ ئەو ئامانجەی کە دەیانەوێ لە عێراق لە دژی ئەمەریکا بیپێکن، خۆی ئیسرائیلییەکانیش سێیەم جاربوو کە شوێنی قاسم سولێمانی ئاشکرا بکەن بۆ ئەوەی بیکوژن، بەڵام ئەمەریکا لە یەکەمیان راستەوخۆ لە دوای شازدەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ئەوکاتەی قاسم سلێمانی لە ھوتێلێکی سلێمانی بوو ویسترا بیکوژن ئەمەریکا رەزامەند نەبوو، دواجاریش کە لە سنووری نێوان عێراق و سووریا قاسم سولێمانی لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیل بە ئامانج گیرا ئەو کاتیش ئەمەریکا دەرگای بۆ کردەوە و نەیھێشت بکوژرێ.

بەڵام ئەوجارە کە لە سووریا لە ڕێگەی ژینگەی حەسەن نەسڕوڵڵا زانیاری کۆبوونەوەکە گەیشتە پوتین و ترامپ، پوتین ھانی ترامپی دا کە سولەیمانی بکوژێ چونکە دەبێتە بەربەست لە بەردەم ھەڵبژاردنەوەی ترامپ دا!.

دوای ئەوەی کە لە بەغدا قاسم سولێمانی کوژرا، یەکەم گومانی راستەوخۆی ئێران کەوتە سەر ژینگەی نەسڕوڵڵا، موقتەدا سەدر، دوای ئەوەی ئێران زانی بەرنامەکە گەمەیەکی رووسی ئەمەریکی ئیسرائیلییە، دەستیان بۆ چەندین سیناریۆ درێژکرد، یەکەمیان لێکۆڵینەوە لە ژینگەی حەسەن نەسڕۆڵڵا، دوەمیان لە موقتەدا سەدر، دواجار کە حەسەن نەسڕوڵڵا لێدوانی لە دژی سەرۆک بارزانی دا، ئەمە بۆ چەند ئامانجێك بوو:

یەکەم: ھەولێر بە سیاسەت و ستراتیژیەتی سەرۆک بارزانی لە بەرەنگاری داستانی پردێ، سحێڵا، شکۆی حزبوڵڵای شکاند کە نەیھێشت بەرنامەی ئەوان لە ناوچەکە بۆ تەواوكردنی ھیلالی شیعی سەربگرێ، بۆیە حەسەن نەسڕوڵڵا یەکەم شکستی خۆی لەو مقاوەمەی پێشمەرگەی کوردستان دەبینێتەوە.

دووەم: ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی کاک نێچیرڤان بارزانی کە ئەو کات سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بوو کە وای کرد گەمارۆی سیاسی و جیوگرافی سەر ھەرێم بشکێ، بەتەواوی بەرنامەی حزبوڵڵا لە ناوچەکە شکستی برد.

سێیەم: تێگەیشتنی نوێی ئیدارەی ئەمەریکا لە ھەوڵەکانی ئێران لە ناوچەکە کە قورسایی خۆی خستە ھەولێر و، ئەمەش زیاتر وای کرد کە ئومێدی حەسەن نەسوڵڵا لەو پڕۆژەیە شکست بێنێ کە ئێران بە ھیلالی شیعی بگاتە لوبنان.

جگە لەمە حەسەن نەسڕوڵڵا ئێستا دەبینێ کە ناوەندی دیپلۆماسی ناوچەکە دوای کوشتنی قاسم سلێمانی بە پێچەوانەی روئیای ئەوان، ھەولێرە بۆ کۆمەڵێک باڵانسی سیاسی ناوچەکە، بۆیە دەیەوێ لە رێگەی ئەم لێدوانە لەرزۆکە سێرە لە بارزانی بگرێ، کە لە ئەنجامدا سەرچاوەی ئەو رقە لە شکستی پرۆژەکەیەتی کە لە ھەولێر ئامانجەکەی شکست پێھێنرا.

لە کۆتایشدا حەسەن نەسروڵڵا باش دەزانێ کە کاتی تەسفیەی ئەویش ھاتووە، ئەگەر گڵەیەکیش لە کوشتنی قاسم سلیمانی ھەبێ، ئەوا دەبێ لەو ژینگەی خۆی بپرسێ کە چۆن زانیاریەکان گەیشتنە ھەواڵگری ئەمەریکاو رووسیاو ئیسرائیل، نەوەک بەسەر ژینگەی خۆی بازدا و سێرە لە ژینگەی سەرۆک بارزانی بگرێ.

ئەم وتارە گوزارشت لەڕای نوسەر دەكات


PM:08:45:13/01/2020



ئه‌م بابه‌ته 747 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر