تێستێکی گەورە

تەنیا کوردی
نووسەر
ئەمڕۆ بەرەی کوردستانی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا بە زمانێکی باڵای سیاسیی، دیدێکی کوردستانیانەیان بۆ رای گشتیی عێراق بەیان کرد، ئەم هەنگاوە وێڕای ئەوەی زەروورەتێکی مێژووییی و گرینگە، لە هەمانکاتدا تێستێکی گەورەیە بۆ ئەوەی بتوانرێ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە حزبەکانی حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆنەوە ئیدی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵی خۆیان بزانن کە لەوێدا ناوەندێکی باڵای پارتە سیاسییەکان دروست بکەن و، متمانەی سیاسی بگەڕێننەوە نێو رای گشتیی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن بڕیاری سیاسی کوردستان لە بابەت پرسە چارەنوسسازەکان یەک بخەن.

دۆخی عێراق وەک ئەوە نییە کە پارتە سیاسییەکانی عێراق بۆ رای گشتیی وێنایی دەکەن، دۆخەکە نە لە کۆنتڕۆڵی وڵاتانی ئیقلیمی دایە، نە لە کۆنتڕۆڵی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی جیهانیی دایە، ئەمڕۆ کۆمەڵێک قەیرانی قووڵ بەرۆکی عێراقی گرتوون، بەنجکردنی رای گشتیی عێراق بە کۆمەڵێک سیناریۆ، رووداوەکانی داهاتوو پەردەپۆش ناکات، ئەمڕۆ عێراق لە بەردەم لێواری کەوتندایە، شیعەکان زیاتر لە هەمووکات پەرتەوازەن، سوونەکان ناتوانن خۆیان کۆبکەنەوە، ئەگەر پارتە سیاسییەکانی کوردستان یەکگرتوو بن، هیچ هێزێکی عێراقی و ئیقلیمی ناتوانێ کورد لە ناوچەکەدا پەراوێز بخات، بۆیە بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ یەکڕیزی سەرجەم پارتە سیاسییەکان هەنگاوێکی گرینگ بوو.

خۆشەویستان، من لە بابەتی پێشوودا روونم کردەوە کە گرینگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە پارتە سیاسیەکانی کوردستان کۆ بکاتەوە و لەوێدا لە بابەت دەستووری عێراقدا گوتارێکی هاوبەشیان هەبێ، ئەمڕۆ ئەمە بینرا و گوێبیستی زمانی یەکگرتووی پارتە سیاسییەکانی کوردستان بووین لەوێ، بەڵام لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی سیاسی دەربکات و شەرعیەتی هەرێم بداتە ناوەندێکی باڵای پارتە سیاسییەکان کە ئیدی سەرۆکایەتی هەرێم بکاتە ماڵی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لەوێدا بتوانن بۆ سەرجەم پێشهاتەکانی کوردستان و یەکخستنی بڕیاری سیاسی، بە سەرجەم پارتە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن و حوکمڕان، بڕیاری سیاسیان بۆ قەزیەی کوردستانی یەکبخەن و وەک بەرەی کوردستانی یەکهەڵوێست بن.

بۆیە گرینگە:

یەکەم: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە وادەیەکی نزیکدا گفتوگۆیی سیاسی لەگەڵ بەغدا بکات بە شاندێکی هاوبەشی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.

دووەم: پەرلەمانی کوردستان کە لە ئێستادا پابەندی بڕیاری سیاسیی کوردستانە ئەمە وەک هەنگاوێکی پێشوەختە گرینگە کە هیچ کاردانەوەیەکی سیاسی لە عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان شەرعیەتی پێنادات و بە زووییی رەتی دەکاتەوە.

سێیەم: رای گشتیی کوردستان لەگەڵ یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی سەرجەم پارتە سیاسییەکانە، بۆیە گرینگە پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە بابەت پرسی چارەنوسسازی کوردستانی، بەیەک هەڵوێست لە نێو رای گشتیی کوردستاندا دەرکەون و ئیدی سەرکۆنەی هەرکەسێک بکەن لە هەر ناوەندێکی باڵای سیاسیدا بێ، ئەگەر دژی کوردستان کاری تێکدەرانەی کرد.

چوارەم: کۆمەڵێک کەس ئەگەر خۆیان پەراوێزبخەن بە پێچەوانەی ناوەندی سیاسیی کوردستان لە بەغدا بجوڵێنەوە ئەوا گوزارشت لە رای گشتیی هەرێمی کوردستان و رای حزبە سیاسییەکانی کوردستان ناکەن.

پێنجەم: ئەم هەنگاوە وەک تێستێکی گەورەی دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرە کە ئەگەر ئەم یەکتیمییەی کوردستان سەرکەوێ، دەبێتە متمانەیەکی دیکەی گەورە کە ئیدی گرینگ نییە کە کامە حزب لە ئۆپۆزسیۆنە یانیش کامەی لە دەسەڵاتە، گرینگە کە لە ناوەندێکی هەماهەنگی گەوەردا یەک بڕیاری سیاسی بۆ بەرگریکردن لە داخوازییەکانی کوردستان لە عێراقدا هەبێ.

شەشەم: پێش ١٦ ئۆکتۆبەر حزبە سیاسییەکانی کوردستان کۆبوونەوە، بەڵام لە کۆتاییدا گروپێک ئەم یەکڕیزیەیان شکاند، بۆیە ئەمجارە گرینگە کە پارتە سیاسییەکانی کوردستان، ئەمەیان بەرچاوبێ کە شکاندی ئەو یەکڕیزییە باجەکەی بۆسەر تەواوی کوردستانە بۆ ئەوەی ڕێ لەم تاکڕۆییە بگیرێ و ئیدی گرینگە کورد یەکهەڵوێست و یەکڕیز بێ، بۆیە ئەم کۆبوونەوانە تێستیکی گەورەن کە ئەگەر لەم ئەزمەی عێراقدا سەرکەوتوو بن، ئەوا متمانەیەکی گەورە بۆ شەقام دروست دەبێتەوە.

ئەم وتارە گوزارشت لەڕای نوسەر دەكات


PM:07:39:05/11/2019



ئه‌م بابه‌ته 241 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر