جوڵەیەکى ناسروشتى لە عێراقدا

تەنیا کوردی
نووسەر
بە وردی دیقەت بدەن..جوڵەیەکی ناسروشتی لە عێراقدا هەیە، لە ئێستادا (حەیدەر عەبادی) بە پاڵپشتی بەریتانیا لە جوڵەدایە، ئەو کەسێکە پاڵپشتی باڵێکی ئێرانی نزیک لە بەریتانیاشی هەیە، هاوکات چەندین جارە خۆی لە ڕەوتی سەدر نزیک دەکاتەوە و دەیەوێت سائیرون پاڵپشتی بکەن لەوەی کە کودەتایەک بەسەر کابینەی (عادل عەبدولمەهدی) بکەن.. ئەو کۆمەڵێک لە سەرکردەی سوونە و لە هەرێمی کوردستانیش خۆی لە باڵی ١٦ی ئۆکتۆبەر نزیک کردووەتەوە، بۆ ئەوەی بە پاڵپشتی بەریتانیا و سەرجەم کوتلەی ئەنگلۆ بەریتانی و ئێرانی لە عێراقدا، کە لەنێو هەناوی شیعەو سوونە و گروپی ١٦ی ئۆکتۆبەردا هەن، کار لەسەر ناشرینکردنی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق (عادل عەبدولمەهدی) بکەن و ڕووداوێک بخولقێنن بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیران دووربخەنەوە، هەروەها چەند ئاماژەیەکیشیان بۆ هەولێر ناردوون کە پشتیان بگرن، بەڵام پێشووتر عەبادی تاقیکراوەتەوە و یەکێک لەو کەسانە بوو کە داڕێژەری نەخشەی سڕینەوەی هەرێمی کوردستان بوو، بۆیە لە نێو کورددا عەبادی متمانەی نەماوە و ئیدی لە ئەگەری هەر ڕووداوێکیشدا کورد واقیعبینانە دەڕوانێتە گۆڕانکارییەکان.

جموجۆڵێکی دیکەی ناسروشتی لە عێراقدا هەیە، ئەویش مالیکی و سێبەری حەشدی شەعبییە کە ئەوان بە پاڵپشتی ئێران دەجوڵێن و، دەیانەوێت لە هەر ئەگەرێکدا ئەگەر دەرفەتیان بۆ بێتە پێش، کەسێکی تر لە شوێنی عادل عەبدولمەهدی دابنێن و، ئیدی کۆتایی بە حوکمڕانی عادل عەبدولمەهدی بێنن و خۆیان وەک سێبەری ئێران بە تەواوی لە عێراقدا نیشان بدەن و، بە تەواوی عێراق بخەنە ژێر نفووزی ئێران.

جموجۆڵێکی دیکەی ناسروشتی لە عێراقدا هەیە، ئەویش سێبەرێکی ئەمەریکایە کە سوونەکانن و، هەروەها ئامادەکردنی نەخشەیەکە کە لەئەگەری هەر کودەتایەک بەسەر کابینەی عادل عەبدلمەهدی، سوونەکان ڕاپەڕن و عێراق بکەوێتە بۆشایی ئەمنی و، کوردیش بگەڕێتەوە ئەو شوێنەی کە پێشووتر بەهۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ناوچە کوردستانییەکانی لێ داگیرکراون. 

واتە لە ئێستادا سەرجەم جوڵە ناسروشتییەکان کە لە عێراقدا دەبینرێن بریتین لە: جوڵەی بەریتانیا و ئێران و ئەمریکا، کە هەرسێ دەوڵەت دەیانەوێت لە ئەگەری هەر ڕووداوێک لە عێراقدا نفووزی خۆیان بە خێرایی بەسەر حوکمڕانی عێراقدا بسەپێنن.

ئەوەی پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدی هەیە، کە جێگەی ڕەزامەندی فەڕەنسایە و تاڕادەیەکی زۆریش کورد لێی ڕازییە، بەڵام تادێت ئەرکی سەختر دەبێت، لادانی عادل عەبودلمەهدی عێراق دەخاتە بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی، چونکە لەلایەک دوو جۆرە داعش لە نێو داعشدا لە دایکبوون. یەکێکیان، بە پێچەوانەی دروستبوونەوە تێڕوانینی هەیە و خۆی لە نێو ڕێکخستنە تیرۆرییەکانی قاعیدە یەکانگیر کردووە، جۆرێکی دیکەیش هەمان داعشی جارانن و لەنێو هەناوی حەشدی شەعبیدا خۆیان حەشارداوە، بۆیە لەگەڵ گورزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆسەر حەشدی شەعبی کە رۆژانە بارەگایەکی دەکرێتە ئامانج، لە هەر کاردانەوەیەکی خێرای حەشدی شەعبی بەرامبەر بە ئەمریکا، چەند ڕووداوێکی نوێ لە عێراقدا لەدایک دەبن، کە ڕەنگە سەرەتا بە گەڕانەوەی تیرۆر بێت بۆ هەندی ناوچە، بۆیە ئەگەر ئەم جوڵە ناسروشتیانە ئامانج بپێکن، ئەوا عێراق بەرەو شەڕێکی خوێناوی نێوان سوونە و شیعە دەچێت، ڕەنگە موقتەدا سەدریش کە کەسێکی شیعەی ئینتما عروبەیە، خۆی بۆ ئەوە حەشاردابێت کە ئەگەر بینی شیعەی ئینتما ئێرانی دەکەون، ئەوا خۆی دەستپێشخەربێت لە دەستبەسەرداگرتنی ناوچە شیعەکان لە سێبەردا، کە لە لایەن سعودیەوە تاڕادەیەک پشتگیری دەکرێن، بۆیە جموجۆڵە ناسروشتییەکانی عێراق تادێت بەرەو تۆخبوونەوە دەچێت، کە تەنیا ماوە هەموویان بەربنە گیانی یەکتر و عێراق زیاتر لە نێو جەستەی یەکتردا بسووتێن.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا کورد لە ڕێککەوتندا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی شەرعیەتی بە چارەکردنی کێشەکاندا داوە، بۆیە بێلایەنە لەنێو هاوکێشەی گۆڕانکارییەکاندا و، ئەگەریش شیعە و سوونەیش بەربوونە گیانی یەکتر و شەڕی شیعەو شیعەیش بینرا، ئەوا کوردیش دەرفەتی ئەوەی دەبێت بچێتەوە شوێنەکانی خۆی لە ناوچە کوردستانییەکاندا.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



PM:04:11:26/08/2019



ئه‌م بابه‌ته 701 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر