جەنگى ئیسرائیل و ئێران

تەنیا کوردی
نووسەر
لە ساڵی ٢٠١٠، هێزی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) بە تەواوی خۆی ئامادەکردبوو کە کتوپڕ هێرش بکاتە سەر چەند پێگەیەکى دیاریکراوی ئێران کە چەکی ئەتۆمی ئێرانی لێ بەرهەم دەهێنرا، نەخشەی لێدانی گورزی ئاسمانی بە تەواوی بۆسەر ئێران ئامادە بوو، بەڵام لەلایەن بەرپرسە سێبەرە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە و،( Gabi Ashkenazi) کە سەرۆکی بۆردی (IDF) بوو، لەگەڵ (Meir Dagan) کە سەرۆکی مۆساد بوو، ڕێگری لەو کارە کرا و دوو وەزیری دیکەی کابینەی (ناتانیاهۆ)ش ڕێگریان کرد لە لێدانی گورزی ئاسمانی ئیسرائیل لە ئێران و بەرپاکردنی جەنگ، بەڵام نەخشەکە وەک ستراتیژیەتی دوورمەودا پەسەندکرا، کە نەخشەکە لەلایەن ناتانیاهۆ و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کێشرابوو، بەڵام ناتانیاهۆ لەسەر داوای ئەم بەرپرسە ئەمنیانە جەنگی دژ بە ئێران و لێدانی کتوپری ئاسمانی لە ئێران دواخست و، تاکە هۆکارێکیش بۆ ئەمە بریتی بوو لەوەی کە ناوچەکە یەکپارچە دەبێتە جەنگێکی گەورە و، پێویستە ئامادەکاری زیاتری بۆ بکرێت و ئێران ڕابکێشرێتە نێو دەرەوەی سنووری خۆی، وەک ئەوەی لە عێراق بینرا کە ئێستا میلیشای حەشدی شەعبی هەیە، لە سوریا ئێران میلیشای هەیە، لە یەمەن میلیشای بەهێزە و لە لوبنانیش میلیشایی ئێران دەمێکە بەهێزن و ئێستا براوەی پەرلەمانیشن.

ئێستا کە ئیسرائیل بەردەوامە لە گورز وەشاندن لە میلیشیایی ئێرانی لە سووریا و، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە کاریگەرییەکانی سەلمێنراوە، میلیشیای ئێران لە سوریا بەرەو لاواز بوون چوون.

لە عێراقدا لە ئێستادا دەستکراوە بە وەشاندنی گورزی ئیسرائیل لە میلیشیاکان و، بە گوێرەی دواهەمین زانیاری زەخیرەی چەکی ئێرانی لە دەستی حەشبیدا سەرووی ٧٥% تێکشکێنراوە، کە مووشەکی بالیستی لە خۆگرتوون.

بە گوێرەی دوا زانیاریش، ئیسرائیل لە هەوڵدایە گورزی ئاسمانی لە لوبنان لە حیزبوڵڵا بوەشێنێت و، لەوێشدا زەخیرەی چەک و تەقەمەنی تێبشکێنیت.

سەبارەت بە یەمەنیش گورزوەشاندن لە حوسییەکان بە وڵاتانی عەرەبی سپێردراوە و، سعودیە سەرپەرشتی ئەو کارە دەکات، بەڵام لەوێدا تاڕادەیەک ئامانجی ئیسرائیل ڕوونە کە یەمەن ئامادەیە بۆ دابەشبوون.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە ئەمریکا بە نهێنی ئۆکەی دراوە بە ئیسرائیل کە بە تەواوی گورز لە دەرەوەی ئێران لە میلیشیاکان و جبەخانەکانی سەربازیی ئێران فراوانتر بکات، ئێستا سێبەری ئەمنی ئیسرائیل دەڵێن: کاتی لێدانی دووەمی گورز وشاندن لەنێو ئێران لە ٢٠٢٠ دەبێت، کە تەواوی شوێنی پیتاندنی یۆرانیۆم دیاری کراون، بۆیە بەدوور نازانرێت کە ناتانیاهۆ گورزێکی گەورەی کتوپڕ لە ئێران بوەشێنێت.

بۆیە ئەو نەخشە ستراتیژییەی کە لە ٢٠١٠ کێشرابوو بۆ لێدان لە ئێران، ئێستا چالاککراوە و ئیسرائیل دەیەوێت لە ٢٠٢٠ بە فراوانی سەرەتای جەنگێکی گەورە لە دژی ئێران بەرپا بکات.

سەرنج:

یەکەم: دوای دیداری (ترامپ و پۆتین)، ئەمریکا و ڕووسیا ئۆکەیان داوەتە ئیسرائیل وەک خاڵی هاوبەشی هەردوولا کە سەرکردایەتى ڕۆژهەڵاتی ناوین بکات، بەم کارەش هەم ڕووسەکان و هەم ئەمریکایش سوودمەندی سەرەکی دەبن لە داڕشتنەوەی نەخشەی ئابووری و گۆڕانکاری لە سیستەمی گۆڕینی نەخشەی جیوگرافی وڵاتان، کە ئەم ڕێککەوتنە بە ڕێککەوتنی سەدە ناو دەبرێت، هاوکات لەو نەخشەیەدا فەڕەنسا و ئەڵمانیاش لە سێبەردا بەشدارن، بۆیە جوڵەی ئیسرائیل بۆ هەر جەنگێک لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا واتە تەوافقی ئەو وڵاتانە و لە سێبەردا پاڵپشتی دەکەن.

دووەم: پێشتر لە ماوەی ڕابردوو، لە بابەتێکدا ئاماژەمان دا کە سەرجەم پێگەکانى حەشدی شەعبی لە عێراق، لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستنیشان کراون و ئەگەری لێدانی گورزی ئاسمانی هەیە، دواتریش لە بابەتێکدا ئاماژەمان دا کە کاتی گورزی فڕۆکە نەناسراوەکانە و ئیدی دوای (٥) ڕۆژ یەکڕاست دیمەنی لێدانی گورزی فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە حەشدی شەعبی بینرا.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەپرسیار نییە.



PM:03:53:25/08/2019



ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر