کورد ئەبدەیت دەکەنەوە؟

تەنیا کوردی
نووسەر
لە نێو ھەناوی ھەرێمی کوردستاندا، ئازاری سیاسی زۆر ماون، ئاسان نییە ئەم ئەزموونە بەبێ رەنگدانەوەی رووداوەکانی ناوچەکە، وەک ھەرێمێکی سروشتی و بەبێ دەستکاری سیاسی نەکەوێتە ژێر دەستوەردانی ئیقلیمی و دەولیی و تەنانەت نێوخۆیشەوە، شەڕی بە وەکالەت ئێستا تینی گەیشتووەتە نێو ماڵی کورد، بۆیە رێگەی دەربازبوون لەم قەیرانە سیاسییە کە گوشارەکانی بە ئابووری دەرکەوتوون،  پێویستی بە ئەبدەیت و، تێگەیشتنێک لە کۆدە جیھانییەکان ھەیە بۆ ئەوەی کورد بتوانێ خۆی لەسەر  کۆدی سیاسی ناوچەکە بخوێنێتەوە، خۆ ئەگەر کورد لە ئەبدەیتی خۆی دواکەوت، ئەوا ناوچەکە لەسەر خواستی خۆیان کورد ئەبدەیت دەکەنەوە و ئەم کاتەیش باجەکە سەخت دەبێت، بۆیە کاتییەتی کە ئەبدەیتێکی نێوخۆیی کە گوزارشت لە کۆدەنگی سیاسی بکات ببێتە ڤێرژنی نوێی کورد لە ناوچەکە دا.

ئێستا جیھان خەریکە لە ژێر ھەناسەی کۆڕۆنادا، سیستەمێکی نوێی حوکمڕانی ئەبدەیت دەکاتەوە، لەگەڵ سڕبوونی چالاکی سیاسی و ئابووری لە سێەردا، کە زۆر لە دەوڵەتان لە خەوێکی قوڵی سیاسی دابوون، ھاوپەیمانی و ڤێرژنێکی تازەی حوکمڕانی جیھانی بە تێگەیشتنێکی ئەمەریکی رووسی و بەریتانی لە ناوچەکە وا دەردەکەوێ، لەو لاتریش ڤێرژنێکی ئابووری چین و وڵاتگەلێکی دابڕاو لە ھاوکێشە سیاسییەکانی بازنەی رووس و ئەمەریکا و بەریتانیا.

ناتۆ لە نێو کۆمەڵێک کێشە خەرقبووە و، ئەورووپا لەگەڵ سەردەمێکی نوێی کێشەی سیاسی جیھانی دەژی، لیبڕالیەتی ئەمەریکا باجێکی خستووەتەسەر  یوئێن، رێکخراوی تەندروستی جیھانی، ژینگە، مرۆڤایەتی و ھەرچی رێکخراوەکان وەک دروشم بۆ ئەورووپا بەجێمان، ئەورووپا کەوتە سەر نەخشەی ئاڵۆزی ئاسیا، ئەمەش ئەم یارییەیە کە رووسەکان و ئەمەریکا و بەریتانیا بە ئۆراسیای دەکەن و، ئێستا کێشەکانی ئاسیاو ئەورووپایان راکێشایە نێو یەکتر.

لە ئێستادا کە ئەمەریکا بەدوای مەرگی لیبڕالیەت دەگەڕێ، ئەو لیبڕالیەتەی وەک مەزھەبێکی فکری ئەمەریکایی بوو لە جیھاندا و، بەدوای لە دایکبوونی سیاسەتێکی نوێی ئەمەریکایین کە بتوانێ بەرگەی گوشاری ئابووری چین بگرێ و پێشەنگی لە ناوچەکەیشدا لەدەست نەدەن، ھەروەک چۆن رووسەکان لە ھەشتاکانی سەدەی رابردوو بەدوای مەرگی ئیشتراکیەت گەڕان و چەندین ساڵی خایاند تا رووسیایەکی نوێ لە رۆژھەڵاتی ناوین لە ٢٠٢٠ ئەبدەیت بووە و دەتوانێ بەرگەی گوشاری ئابووری ئەمەریکا بگرێ، بەریتانیاش بەدوای مەرگی خۆیان لە ئەورووپا گەڕان و، ئێستا ڵە دوای برێکزیت بەریتانیایی نوێ بە ڤێرژنێکی تازە ئەبدەیت بووە و دەیەوێ بەرگەی گوشاری ئابووری دوای ئەورووپا بگرێ، تەنانەت تورکیا دەیەوێ، لە ساڵی ٢٠٢٣ خۆی بە ڤێرژنێکی نوێ ئەبدەیت بکات و لە دابەشبوونی ئابووری رۆژھەڵاتی ناویندا شوێننفوزی لە ناوچەکەدا ھەبێ، ئێران ھەمان شت ئامادەکاری دەکات بە ڤێرژنێکی نوێ خۆی ئەبدەیت بکاتەوە و ڕێ لە دوو لەتبوونی پڕۆژەی تەقسیمی ئێرانی وزە لەسەر نەخشەی ئەمەریکاو رووسەکان و ئینگلیز بگرێ و، خەتی سێیەم لەسەر رێرەوی چین بکاتەوە.. چین دەیەوێ ئەم ڤێرژنە تازەیە لە رۆژھەڵاتی ناوین کۆپی بکات کە رێرەوی ئابووری جیھان لە رۆژھەڵاتی ناویندا کۆدێکی چینی بێ، عێراق دەیەوێ کۆدێکی ھەبێ لەسەر حسابی بچوککردنەوەی ھەرێم و دەستبەسەرداگرتنی پێگەی سوونە، تەعریفێکی نوێی خۆی لە رووی خاڵی گومرگی لەگەڵ تورکیاو ئێران بکاتەوە و، دۆخە ئابوورییەکەی بۆ ساڵانی داھاتوو لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بھێڵێ و، جیوگرافیاکەی لە دەستوەردانی ئیقلیمی بپارێزێ، تا ئێرە ئەمە ئەبدەیتی ڤێرژنێکە کە ھاوپەیمانی ئەمەریکاو رووسیاو بەریتانیا لە سێبەردا ھەیە کە چۆن لە ئێستادا ئۆراسیا بخەنە ژێر ھێڵە ئابوورییەکانی خۆیان.

لەولاتریشەوە ئیسرائیل بە ھاوکاری و سێبەرێکی رووسی و ئەمەریکی و بەریتانیایی دەیەوێ، لە ساڵانی دابێ لە بەرزاییەکانی جۆڵان بێتە خوارەوە و بەرەو جیوگرافیای ناوچەکە بێتە ژوور.

ئێستا تەنیا ئێمەی کورد ماوین، بە کام ڤێرژن دەتوانین خۆمان ئەبدەیت بکەیەنەوە، لە ٢٠١٧ کورد ریفراندۆمی کرد، بەڵام جیھان چانسی سەربەخۆیی پێنەداین، لە سووریا ھەڵکشاین کە رێرەوێک بۆسەر دەریایی سپی ناوەڕاست درێژبکەینەوە، بەڵام تورکیا و سووریاو ئێران رێگەیان نەدا و ئەمەریکاو رووسیایش پشتیوان نەبوون، ئێستا لە سووریا بە کۆدەنگی کورد ڤێرژنێک ئەبدەیت بووە، کە لەسەر کۆدی دەوڵی بتوانرێ کورد لە داھاتووی سووریادا خۆی بخوێنێتەوە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان ڤێرژنە نوێیەکە ئەوەیە کە لەگەڵ بەغدا بگەین بە ڕێککەوتنێک یان دەبێ کات بکوژین تا ناوچەکە دەچێتە سەر شەپۆڵێکی نوێی گۆڕانکاری، یانیش دەبێ لەگەڵ وەکیلە سەرەکییەکانی وڵاتە زلھێزەکان لە سێبەردا رێککەوین، چونکە راگرتنی باڵانسی سیاسی ناوچەکە بە یەک مەسافە لەگەڵ ھەموویان ئێستا کۆدەکەی بەسەرچووە دەبێ کورد کۆدی خۆی بخاتە سەر شەپۆلی وڵاتێکی زلھێز تا بتوانێ بەرگەی گوشارە ئیقلیمییەکان بگرێ.

لە ناوچەکەدا کە تورکیاو ئێران یاریزانی سەرەکین، کورد لەگەڵ ئەوەی کە تێگەیشتنی ھەیە لەگە ھەردووکیان، بەڵام گرینگە لەگەڵ رووسیا یان ئەمەریکا یانیش بەریتانیا کۆدێکی ھەبێ، ئەم کۆدە کە بوو بە ڤێرژنێکی ئەبدەیت ئەوا تایبەتمەندی کورد لە ناوچەکەدا پشتیوانی سیاسی دەبێ و، چیتر یاری بە چارەنووسی سیاسی کورد ناکرێ.

بۆ تورکیا مەعلومە، لە دوای ٢٠٢٣ یان دەبێ وڵاتانی جیھان قبووڵیان بێت تورکیا قەبارەی گەورەبێ، یانیش دەبێ سەدێکی لەبەردەم دروستبکەن کە دواجار جگە لە کورد سەدێکی دیکەی سیاسی مەحاڵە، لە ئێران ھەمان شت ئەو سەدەی کە ئامادەیە جگە لە کورد لە ناوچەکە ھێزی گۆڕانکاری سیاسی نێوخۆی ئێران ھەرجارەو بە ناوێک ئێران خۆی لەسەر ھەمان شێوەی حوکمڕانی ئێستا ئەبدەیت دەکاتەوە، یان ناڕەزایی خەڵکی برسی ئەگەر شۆڕشێکی لەسەر دروست ببێ.

لە ھەرێم ژانی سیاسی دیکە ماون، ھەروەک ئەو ژانە سیاسییەی کە کەتەلۆنیا دوای ریفراندۆم لە ھەناوی خۆیدا لەدایکبوون، بۆیە گرینگە کورد لە ھەرێمی کوردستان ڤێرژنێکی نوێی لە سیاسەتدا تاقیبکاتەوە کە خۆی لەسەر ئەم ڤێرژنە جیھانییە ھاوتەریب بکات کە لە ئێستاوە نوسخەی ئەبدەیتی ناوچەکەیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ھیچ نەبێ لەم شەڕە بە وەکاڵەتەی لە ناوچەکە ھەیە، لەسەر پشتی ئێمە  ھەندێ وڵاتی ئیقلیمی و نزیک، خۆیان ئەبدەیت نەکەنەوە، کاتییەتەی کە لە ھاندی سیاسی کورددا ئەبدەیتێکی سیاسی و فکری بکرێ، ئەگەر نا وڵاتگەلێک بە خواستی خۆیان کورد ئەبدەیت دەکەنەوە.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

AM:12:56:26/06/2020



ئه‌م بابه‌ته 207 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر