نوخشەش لە سوڵتان ئەردۆغان بێت

عەبدولکەریم شێخانى
نووسەر
ئاڵا ھەرتەنیا پارچە پەڕۆیەک نییە بە دارێکەوە بکرێ و لەسەربان و فەرمانگەکان ھەڵبکرێ، بەڵکو ڕێزو نرخی مەعنەویی خۆی ھەیە و وەکو نوێنەری خاوەنی ئاڵاکە وایە و لە بۆنەی فەرمی ، یان لە کاتی سەردانی نوێنەری وڵاتێک وەک سەرۆکی دەوڵەتێک، مەلێک یان سەر کۆمار، یان سەرۆکی وەزیران و یان ھەر بەرپرسێکی باڵا لەکاتی سەرداندا، یان لە کۆنگرەو کۆبوونەوەی نێو دەوڵەتی ئاڵای ئەو وڵاتە ھەڵدەکرێ و ڕێزی لێ دەگیرێ.بۆیە ھەر سووکایەتی کردنێک بە ئالای وڵاتێک، سووکایەتی کردنە بە وڵاتەکە خۆی.

دەڵێن ئاڵا لەدەور و بەری ١٠٠٠ ساڵ پێش زایین بە شێوەی جیا جیا بەکار ھاتووە، جاران ھەر خێڵ و عەشێرەتێک ئاڵای تایبەتیی خۆی ھەبووە و بەتایبەتی لەکاتی جەنگدا پیاوێکی ئازا ئاڵاکەی ھەڵگرتووە ھەوڵی داوە لە دەستی نەکەوێتە خوارەوە و ئەگەر شمشێریان لەو دەستەی دابێ کە ئاڵاکەی ھەڵگرتووە، بە دەستەکەی دیکەی بەرزی کردۆتەوە.

ئێستاش لە کاتی شەڕدا بەسەر تانک و ئۆتۆموبیلانەوە دەکرێ و لایەنی سەرکەوتوو خێرا ئاڵای لایەنی ژێرکەوتوو دادەگرێ و ئالاکەی خۆیان لە شوێنی ئەو ھەڵدەکا، ئەگەر لە وڵاتێک سووکایەتی بە ئاڵای وڵاتێکی دیکە بکرێ، ئەوا ئەو وڵاتەی سووکایەتی بە ئاڵاکەی کراوە ناڕەزایی توند دەردەبڕێ و نوێنەری وڵاتەکە بانگ دەکات بۆ وەزارەتی دەرەوە و بە فەرمی ئەو ناڕەزایەتییەی پێ ڕادەگەیەنێ.

لەناوەڕاستی نەوەتەکان لە کاتی خۆپیشاندانێکدا ئاڵای تورکیایان لە ھەولێر سووتاند، تورکیا ئاگری گرت و خەریک بوو دۆ ودۆشاو تێکەڵ کات. لەم ڕۆژانە ئەفسەرێکی دەمڕووتی پۆلیس ویستی ئاڵای کوردستان لە ملی یەکێک لە کوست کەوتوانی خزمی زێندە بە چاڵ کراوەکان بکاتەوە، ناڕەزایی لەسەر ئاستی کوردستان بەرز بووەوە و لە پەرلەمان دکتۆر(موسەننا ئەمین) زۆر مەردانە و وەک کوردێکی ھەست بە بەرپرسایتی کردوو، ھەستا ناڕەزایی توندی دەربڕی و تەنانەت داوای دەرکردنی یاسایەکی دژی توند و تیژی کرد بۆ ئەوەی کاری لەم جۆرە دووبارە نەبێتەوە، چونکە ئاڵای کوردستان دەستوور ددانی پێدا ناوە و تەنانەت جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەبەر کاریگەریی قسەکانی دکتۆر موسەننا و کار گەیشتە ئەوەی کە پارێزگاری (موسەننا) بە فەرمی داوای لێ بوردنی کرد و دواجار ئەفسەرەکەش داوای لێ بوردنی کرد.

لە لایەکی دیکەوە سوپای تورکیا دژی ھەموو یاسایەکی نێودەوڵەتی بە سوپایەکی زۆر و تانک و تۆپەوە بە بیانووی راونانی پەکەکە خاکی کوردستانی پیس کردووە و بە فڕۆکەی جەنگی بێ بەزەییانە گوندەکان بۆردومان دەکات و خەڵکی بێ تاوانی کوردستان دەکوژێ و، کەس لە دەرەوەو لە ناوەوە نقەی لێوەنایە و سەربازی تورک ئاڵای تورکیای ھەڵکردووەو ئاڵای کوردستانیشی خستۆتە ژێر پێی. باشە سووکایەتی کردنى عەرەبێک بیکات یان فارسێک یان تورکێک، ھەر سووکایەتی نییە، بۆچی بۆ ئەفسەرە عەرەبەکە ناڕەزاییمان دەربڕی، ئەی لەبەر چی بۆ تورکەکە ھیچمان نەگوت؟ وا دیارە شەق وەشاندنی تورکەکان گوڵباران کردنە و ئێش و ئازاری نییە؟ مامەند ئاغای شاعیر ناسراو بە فانی لە شیعرێکیدا دەڵێ: 

وەکو زەھری ھەلاھل وایە شیرێ 
کە دەستی موددەعی تێی کا ھەوێنێ* 
ئەوەی ویستی سەری دوژمن بەرزکا
دەبێ تا ماوە خۆی سەر دانەوێنێ

_________________
* (موددەعی واتە دوژمن)

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



PM:11:11:04/08/2019



ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر