خۆ لێتان نەبوومەتە قیری کەوای‌ سپی

عەبدولکەریم شێخانى
نووسەر

لە کوردەواریی خۆمان ئەگەر یەکێک لەکۆڵ کەسێک نەبێتەوە، دەڵێن؛ بووە بە "قیری کەوای سپی" چونکە قیر ڕەشە، بە ئاشکرا بە کەوای سپییەوە دیارە، خوا بکا منیش وا نەبم . پێش ئەوەی‌ هیچ بنووسم دەڵێم؛ بە ئەوپەڕی پێ زانینەوە و لە دڵەوە سوپاسی هەموو ئەو خۆشەویستانە دەکەم کە بە پیر نووسینەکانمەوە هاتوون و ئەو دەستخۆشییەی‌ ئەوان لێیان کردووم پتر هانم دەدا ئەو ڕێچکەیە بەرنەدەم، چونکە ئەو خۆشەویستانە پێیان خۆشە و بە دڵیانە و، پێشم وایە؛ کەم و زۆر سوودی هەیە و ڕەنگە تا ڕادەیەک پێش لەو پاشەگەردانییەش بگرێ کە هەندێ زماننەزان دەستیان داوەتێ و دەتوانم بڵێم؛ ئەوەی‌ ئەوانە بە ناوی چاکسازی بەسەر زمانی کوردییان هێناوە، دوژمن بە دوژمنایەتیی خۆی بەسەری نەهێناوە و باشترین نموونەش گەشەی‌ زمانی کوردی بوو لەناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی‌ ڕابوردوو، هەرچەندە ڕژێم بەوپەڕی دڕندایەتییەوە دژایەتیی کوردی دەکرد. پاش ئەم پێشەکییە داوای‌ لێبوردن دەکەم کە ئەگەر لە ڕێچکە تایبەتەکە لام دابێ و لاڕێ بووبم، بەڵام لە هەندێک ڕووە وە ناچارم ئەوە بکەم بۆ ئەوەی وەڵامی ئازیزان بدەمەوە و بەپێی توانای خۆم هەندێک شت ڕوون کەمەوە بۆ ئەوەی گلەیی و گازاندەم نەیەتە سەر.

وەک تێبینیی دەکەم بێژەر و وەرگێڕەکانی تەلەفزیۆن، لەگەڵ ڕێزم بۆیان یان شت ناخوێننەوە، یان هەر خۆیان بە ڕاست دەزانن، هەر بۆ نموونە  گوتم؛ بابە ئاژەڵ بە مانای‌ ( حیوان ) عەڕەبی نایە ئاژەڵ جۆرە (حیوانێکە) و بە عەڕەبی پێی دەڵێن ( ماشیه‌ ، مواشی )، چونکە ( حیوان ) بەمانای گیاندار، یان گیانلەبەر، هەموو جۆرێک دەگرێتەوە، گیانداری ماڵی و گیانداری کێوی بە گۆشتخۆر و گیاخۆرەوە و هەموو ئاژەڵێک ( حیوانە)، بەڵام هەموو حەیوانێک ئاژەڵ نییە، بەڵام بە داخەوە هەندێک کەس نایانەوێ تێ بگەن. ئەگەر ( حیوان) بکەی بە کوردی دەبێ بڵێی (گیاندار) ، واتە هەموو ئەوانەی گیانیان لەبەردایە و هەندێک خەڵکی ڕەشۆکی ( عامی ) دەڵێن ( رۆح  لەبەر ). ئەگەر بە وردی سەیر بکەیت دەبینی وشەی‌ ( حیوان) لە ( حیاتەوە ) هاتووە.  ئاژەڵ ئەو گیاندارە وردە ماڵییانەن کە گۆشتیان دەخورێ و سوود لە شیرەکەشیان وەردەگیرێ وەک مەڕ و بزن و وەکو گوتووشمە  مانگا و گا و گامێش  پێیان دەگوترێ ڕەشەوڵاخ و ئەگەر گوتمان مەڕ و ماڵات، ئەوا هەموویان دەگرێتەوە و هەندێک جار تەنیا بۆ هەموویان دەڵێن ( ماڵات ). سەگ ئاژەڵ نییە، پشیلە ئاژەڵ نییە، ئەوانە گیانداری ماڵین. دوو شەو لەمەوبەر تەلەفزیۆنی کوردسات نیوز لە بارەی سەگی بێ خاوەنەوە دەیگوت ( سەگی بێ لانە) و کردبووشی بە ئاژەڵ. من ئەوەی تێ بینیم کردبێ بێژەری تەلەفزیۆنی عەرەبی ئەگەر هەڵەیه‌کی‌ بینی ڕاستی‌ دەکاتەوە و دەڵێ ( أو باڵ‌حری‌ .. ئینجا وشە ڕاستەکە دەڵێ )، بەڵام بەداخەوە ئەوە لای خۆمان بەدی ناکەم. دوای‌ ئەوە بۆ شوێنی سەگ ناڵێین لانە، بەڵکو دەڵێین (کولانە) و ئەمە تەنانەت بۆ مریشکیش بەکار دێت.  ئینجا با من بەو بەڕێزانە بڵێم گیاندارێک کە بە کۆڵاناندا بسووڕێتەوە پێی دەڵێن ( بەڕەڵلا ) و بەو جۆرە سەگانە دەگوترێ سەگێ بەڕەڵلا. تەنانەت لەو ماڵانەی لە قەراغ شارن و لەگوندەکانەوە هاتوون و مەڕو ماڵات بەخێو دەکەن، هەندێک جار بزن یان مانگایان بەڕەڵلا دەبن و بە کۆڵاناندا دەسووڕێنەوە زیانیش بە خەڵک دەگەیەنن. ئەی‌ گوێتان لێ نەبووە هەندێک کەس بە منداڵی سەرەڕۆ و گوێ لە قسەنەگر دەڵێن سەگەبەڕەڵلا و ناڵێن سەگە بێ  لانە.

ڕەنگە هەندێ جار ناچار بم بگەڕێمەوە، لەبەر ڕۆشنایی ڕاو بۆچوونی ئەو خۆشەویستانەی‌ بە بۆچوونە بەپێز و گرنگەکانیان بەسەریان کردوومەتەوە و  تا سوپاسیان بکەم و ئەگەر پێویستی‌ کرد منیش ڕوون کردنەوەی‌ خۆم هەبێ. زۆر جار ناوی‌ شوێنێک، یان کەسێک ڕەنگێکی پێوە دەنووسێ. کاک "مستەفا شوانی" وەک نمونە ئاماژەی‌ بە قەرە سالم و قەرە هەنجیر کردبوو کە هەردووکیان تورکین. ئێمەش بە کوردی سەبارەت بە ڕەنگ هەمان شتمان هەیە بۆ شوێن و بۆ ناوی مرۆڤ. تەنانەت بۆ زۆر گەرما و لەبەر خۆر دەڵێن (سوورە هەتاو). بۆ شوێنیش ئەوەتا ( شیوەسوور، بەردەسپی‌، کێوەڕەش، گردەڕەشە، تەپەسپی، قووڵەڕەش ) مان هەیە و ڕەنگە شوێنی دیکەش هەبێ من پێم نازانیبێ. ئینجا هەر بۆ نموونە دوو شتی خۆشتان بۆ دەگێڕمەوە. جاران کە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دادەهات، فەقێ هەوڵێان دەدا لەگوندێک دابمەزرێن و مەلایەتی ڕەمەزان بۆ خەڵک بکەن تا سەرفترە و زەکاتی ئەو مانگە وەربگرن بۆ خەرجیی خۆیان. جارێکیان فەقێیەک دەچێتە خزمەتی شێخ مەحموودی‌ نەمر، بەڵکو وەک مەلای ڕەمەزان بیخاتە سەر گوندێک. شێخ دەڵێ، فەقێ ئاخر تۆ درەنگ هاتی و شوێن نەماوە. فەقێ دەڵێ قوربان ئاخر ئەگەر جەنابت بتەوێ شوێنێکم هەر بۆ دەدۆزیتەوە. شێخیش حەزی بە قسەی‌ خۆش دەکرد، بۆیە پێی دەڵێ؛ فەقێ شوێن نەماوە، مەگەر بتخەمە سەر ( تەڕەمار ). فەقێ لە فیتی خۆی دەگات و دەڵێ؛ قوربان حەز دەکەم بمخەیتە سەر  ( قووڵە ڕەش ). ئەمانە ناوی دوو گوندن. بەخوا ئەمەشتان هەر بۆ دەگێڕمەوە سەبارەت بەوەی‌ شێخ حەزی بە گاڵتە و قسەی خۆش کردووە. شێخی نەمر لە ( داریکەلی ) دادەنیشت و "مەلا حەسەن" ناوێک هەموو جار کە دەچووە خزمەتی دەستی‌ ماچ دەکرد. ڕۆژێک شێخ لەبەر دەرگای‌ دیوەخان ڕاوەستاوە و سەیردەکا مەلا حەسەن لە دوورەوە دەردەکەوێ. کە نزیک دەبێتەوە، شێخ هەردوو دەستی‌ لە پشتیەوە تێک دەئاڵێنێ. کە "مەلا حەسەن" دەگا سڵاو دەکات و دەوەستێ. شێخ دەفەرموێ؛ مەلا دەستت ماچ نەکردم. مەلاحەسەنیش دەڵێ؛ قوربان تۆ هەردوو دەستت شاردۆتەوە مەگەر ( دەعباکەت ) ماچ کەم. ئیدی‌ شێخ و ئەوانەی لەوێن دەست دەکەن بە پێکەنین .

هەروەها ڕەنگ وەک ئاوەڵنا و بە ناوی هەندێک کەسەوە دەلکێ وەک ( حەمە سوور، کاکەسوور ، حەمەشین، حەمەڕەش، حەمەبۆر، عەوڵاڕەش ) ئەو ڕەنگانە بەزۆری یەخەو بەرۆکی ( حەمە )  دەگرن. جاری وا هەیە ( تام) یش بە ناوی حەمەوە دەنووسێ وەک ( حەمە شیرین، حەمە تاڵ ) . نموونە زۆرن و هی‌ دیکە ئەگەر هەبێ بۆ ئێوەی‌ بەڕێزی جێ دەهێڵم .

کاکە شاسوار هەرشەمیی بەڕیز کە تازە لەسایەی‌ خواوە کۆڕۆنای تێ پەڕاندووە و چاک بۆتەوە ئاماژەی‌ بە ناو و ئاوەڵنا و کردووە و گوتوویەتی؛ مەرج نییە ئاوەڵنا و هەمیشە پێش ناو بکەوێ. منیش دەڵێم؛ ئەمە زۆر ڕاستە و هەر بۆ نموونە، دەڵێین؛ سوورە گوڵ و ناڵێین زەردە گوڵ، بەڵکو دەڵێین گوڵەزەرد. دەڵێین؛ تەڕەپیاز و ناڵێین وشکە پیاز و بۆ وشکەکە هەر دەڵێین پیاز.

هەروەها کاک "بورهان هەژاری" هونەرمەند و دەستڕەنگین ئاماژەی‌ بۆ دوو شت کردووە. یەکێکیان ڕەیحانە ڕەشەی‌ بە نموونە هێناوەتەوە و دەڵێ ڕیحانە ڕەشە ڕاستە نەک ڕەشە ڕەیحانە،  منیش دەڵێم؛ بەڕێزەکەم هەردووکیان ڕاستن. ئینجا دەڵێ؛ بەهەڵە دەڵێن؛ ئیبراهیم پاشا و دەبێ بڵێین پاشا ئیبراهیم. کاکە بورهان کورد هەر گوتوویەتی؛ (برایم پاشا، مەحموود پاشای‌ جاف، وەسمان پاشای جاف، ئەحمەداغا، خدراغا، بابەکراغا، عەلی بەگ، قادربەگ) و گەلێکی دیکە. رێز و خۆشەویستیم بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی بە ڕاوبۆچوونە سوودبەخشەکانیان نووسینەکەیان دەوڵەمەند کردووم و دیسانەوە دەڵێم پڕ بە دڵ سوپاسیان دەکەم .

من دەبوایە ئاماژەم بەلایەنێکی دیکەش بکردایەوە. بۆ نموونە، ئەگەر گوتم گوڵەسوورەکە کە( پێی دەڵێن ناسراو ــ معرفه‌) وئاوەڵناوەکە دوا کەوتووە، ئاوەلناوەکە کۆدەکرێتەوە دەڵێین؛ گوڵەسوورەکان. بەڵام ئەگەر ئاوەڵناوەکە پیش کەوتبوو ( سوورەگوڵ) ئەوا ناوەکە کۆدەکرێتەوە و دەڵێین سوورەگوڵەکان.

گیاسەوزەکان_سەوزەگیاکان 
ئەگەر ناوەکە ناسراو ( معرفه‌ )  بوو وەکو ( پیاوە گەورەکە ) ئەوا ئامڕازی ناسینەکە (ەکە ) دەکەوێتە سەر ئاوەڵناوەکە، وەکو،
منداڵە هەتیوەکە ـــ هەتیو 
کوڕە ژیرەکە  ـــ ژیر 
خزمەدوورەکە ـــ دوور 
ژنەدەستڕەنگینەکە ــ دەستڕەنگین 
پیاوەئایینییەکە ـــ ئایینی 
بەڵام ئەگەر ناوەکە نەناسراو ( نکره‌ ) بوو و ئاوەڵناوەکە دواکەوتبوو، ئەوا ناوەکە کە لەپێشەوەیە کۆ دەکرێتەوە، وەکو؛
منداڵێ بێکەس ـــ منداڵانی بێ کەس 
ڕۆشنبیری دڵسۆز ـــ ڕۆشنبیرانی دڵسۆز 
خزمی‌ دوور ـــ خزمانی دوور 
ژنی دەستڕەنگین ـــ ژنانی دەستڕەنگین 
مەلای‌ شارەزا ـــ مەلایانی شارەزا 
نموونە زۆرە و ئیوەش دەتوانن چەندان نموونەی‌ دیکە بێننەوە. 

بەشەکەی دیکە بەناوی ( لێک چواندنە ) و درێژە و نەمویست بینووسم چونکە بەڕاستی لەگەل ئەم بەشە زۆر درێژ دەبوو، گوتم با دوای‌ خەم بۆ دوو سێ ڕۆژی‌ دیکە، بۆیە دەڵێم؛ بەخواتان دەسپێرم و هەموو کاتێکتان خێر و خۆشی و بەختیاری  بێت و دووربن لە کۆڕۆنا و هەر پەتایەکی دیکە.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:10:22:07/04/2021



ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌