شکۆى نەتەوە پێش هەموو شتێک

ڕێبین ڕەحیم
نووسەر
نەتەوەی کورد لەبەرەبەیانی مێژووەوە، تووشی گرفتارییەکی گەورە بووە کەتائێستاش درێژەی ھەیە، ئەویش نەبوونی دەوڵەت و کیانی سەربەخۆی کوردستانە. ئەم فەترە دوورو درێژە، جێکەوتەی خراپی لەسەر دەروونی تاکی کوردی دروستکردووە، بەجۆرێک ھەمیشە لەخوار نەتەوەکانی دیکەوە تەماشایی خۆی دەکات و ھەست بە غوبن و مەزڵومیەت زاڵترە تا ھەستی خۆ بەکەم نەزانین وشکۆو سنگ دەرپەڕاندن، دوژمنان و داگیرکەرانیش ھەمیشە ھەوڵی قووڵکردنەوەی ئەم ھەستی خۆبەکەمزانینەیان داوەو، بەنامەڕێژیشی بۆکردووە و بەبەرنامەی وردەوە ھەوڵی وردوخاشکردنی ھەستی شکۆی نەتەوەیی ئێمەیان داوە، بەداخەوە بێگومانیش ئەو ھەوڵانە کاریگەری خۆی ھەبووە ئەگەر نەیبوایە ئێستا دۆخمان وانەبوو.

لەگەڵ ھەموو ھەوڵەکانی دوژمن بۆ شکاندنی شکۆی تاکی کورد، وەلێ بزووتنەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئێمە خامۆش نەبووەو شۆڕشگێڕان و شاعیران و نوسەرانی ئێمە ڕۆڵێکی گەورەیان لەجۆشدانەوەی دەروونی تاکی کورددا ھەبووە، بەجۆرێک ڕووبەڕووی ھەموو ھەوڵەکانی دوژمن وەستاونەتەوە کە نەھێڵن تروسکەی ئومێدی کوردبوون نەکوژێتەوەو بەرخۆدان و بەرەنگاری لەپێناوی مانەوەدا بەردەوامی ھەبێت.

باشوری کوردستان و ئەزموونەکەی ئاھێکی بەبەر دۆزی ڕەوای گەلەکەماندا کردووە، دەلاقەی ئومێدی بەھەموو کوردستانیەکی نیشتیمانپەروەر بەخشیەوە، ئەگەرچی توشی خۆکوشتن و زۆر دەردی دیکە ھاتین، بەڵام سەرەنجام خۆڕاگری ئێمە سەرکەوت و پیلانی دوژمنانیش شکستی ھێنا. 

ھەرێمی کوردستان دوای ئەوەی وەک قەوارەی دەستوری لەعێراق تووشی پێشێلکاری و گرفتی زۆر بوویەوە، تا کارگەشتە بڕینی قوتی خەڵک و ھەوڵی سڕینەوە، ئیتر بەدیار قسەی دوژمنان و داگیرکەرانەوە نەوەستاو بەمیکانیزمێکی سەردەمیانەوە بەئاشتیانەترین ڕێگە پەنای بۆ (ڕیفراندۆم) و ھەوڵی سەربەخۆیی برد. 

(ڕیفراندۆم) ترۆپکی ماناو واتایی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی ئێمەیە، ئەگەر ڕاپەڕینی بەھاری(۱۹۹۱) بناغەو سەرەتای وەرچەرخانێکی مێژوویی بووبێت، ئەوا ڕیفراندۆم وەک ئاکتێکی سیاسی لووتکەی جوڵەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی ئێمەیە، کە تیایدا شکۆو جەوھەری تاکی کوردی بردە لووتکە.

ڕاستە  ڕووداو و پێشھاتی نەخوازراو بۆئێمە ھاتە پێشەوەو ئەرکێکی قورسی دروستکردو لەمپەرێکی گەورەیی خستە بەردەم پرۆسەکەمان، بەڵام  ئیتر دۆزی ئێمە لە ئاستە مرۆییەکەی جارانی دەرچووەو  لەسەر ئاستی جیھانی ووجودێکی سیاسی ھەیە، لەسەر ئاستی ناوخۆش تاکێکی دروستکردووە ھەرگیز زەلیلی قبوڵ نەکات. 

تاک و ھێزی سیاسی و مەدەنی بەرپرسیار لەئاست ئەم تەنگەژە سیاسییەی بۆمان ھاتەپێش، ئەرکی سەرشانیەتی کە شکۆو عیزەتی تاکی کوردی بەرز ڕابگرێت بەجۆرێک جاشایەتی و ژێردەستەیی ببێت بەکارێکی قێزەون و ناشرین و بێزراو، لەم دۆخە نەخوازراوەدا نابێت گوتاری سەربەخۆخوازی خۆمان وازلێبێنین ولێگەڕێین دوژمن تاکی ئێمە بڕوخێنێت بەپێچەوانەوە دەبێت بابەتی شکۆی نەتەوەی و سەربەرزی وخۆبەکەم نەزانینی تاکی کورد پێش ھەمووشتێک بێت.


ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:03:45:31/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 191 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر