ئاڵا وەک شکۆی نەتەوە

سەروەر حەمە
مامۆستاى زانکۆ
لە پێناسەی ئاڵادا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: (ئاڵا، واتە ھێما‌و ناسنامەی گەل‌و نەتەوەو دەوڵەت‌و ھەرێم‌و حزب‌و گرووپەکان و، شانازییەکی بەردەوامی بەرجەستەکراوی ھەر یەکەیانە). وەک لە بەڵگە مێژووییەکاندا ئاماژەی پێ کراوە، تەمەنی ھەڵکردنی ئاڵا دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دوو ھەزار ساڵ پێش زایین ‌و، بۆ یەکەم جار لە شارستانییەتی میزۆپۆتامیا - کوردستانی گەورە - ئاڵا ھەڵدراوە و، دەوڵەتی ماد‌و شارستانییەتی سۆمەرییەکان‌و ئاشوورییەکان‌و میدیاکان، ئاڵایان وەک نیشانەیەک بۆ دەسەڵاتدارێتیی خۆیان ھەڵداوە و، میسرییە کۆنەکان‌و ئیمپراتۆرییەتی چین‌و ژاپۆن‌و ڕۆمانییەکانیش خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندن لە ھەڵکردنی ئاڵادا. کەواتە، لەمەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ھەر لە مێژەوە سازکردن‌و ھەڵکردنی ئاڵا، بووەتە پیشەی مرۆڤەکان ‌و، وەک بەشێک لە ناسنامەو ھێمای تایبەت بە خۆیان سەیریان کردووە.

بیرمەندی ئەمریکی، "مایکل بیلگ"، ئاڵا بە یەکێک لە سیمبۆلە سەرەکییەکانی دەوڵەتی نەتەوەییی مۆدێرنەوە دەبەستێتەوە و، پێی وایە ئاڵای وڵات‌و نیشتمان‌و نەتەوە، ئەو ھێما دیارەیە کە ڕۆڵێکی گرنگ‌و بەردەوام لە بەرھەمھێنان‌و پاراستنی گوتار‌و ناسنامەی نەتەوەییدا دەبینێت و، لەگەڵ ئەوەیشدا مایکل پێی وایە، ئاڵا یەکێکە لە سیمبۆلە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزم.

بە درێژاییی سەدەی بیستەم ‌و، دوای کۆتاییھاتنی جەنگە جیھانییەکان‌و دروستبوونی دەوڵەتان‌و ڕێکخراوی گەورەی سەر ئاستی جیھانی بە نموونەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبینین ئاڵا، بە بەراورد بە ڕەمزە نەتەوەیییەکانی تر، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە یەکخستنی گەل‌و نەتەوەی ناو دەوڵەتەکاندا گێڕاوە، بە جۆرێک ئاڵای نەتەوەیی، بوو بە بەشێک لە پرۆسەی دروستکردنی سنووری نەتەوەو نیشتمان، کە کۆمەڵگە بە سنووری جیاکردنەوەی خۆی لە دونیای دەرەوەی خۆی دەزانێت.

بەمەش ئاڵا، بوو بە چەقی سیمبۆلێکی پیرۆزی نەتەوەیی‌و نیشتمانی لە سەدەی بیستەمدا، بە جۆرێک کە ھەر دیاردەیەکی وەک سووتاندنی ئاڵا‌و ژێرپێنان‌و سووکایەتیپێکردنی، بە ڕەمزی لەناوبردن‌و بێنرخکردن‌و ئیھانەکردنی نەتەوە سەیر دەکرا. واتە ئاڵا بە ڕاددەیەک بەرز‌و پیرۆز ڕاگیرا، کە لەگەڵ نەتەوەو نیشتمان ھاوشان‌و یەکسان دەکرا و، نەتەوەیان وەک درێژکراوەی ئاڵا دەبینی، بەمەش ئازاردانی ئاڵاکە، وەک ئازاردانی نەتەوەکە خۆی وێنا دەکرد.

لە ئێستایشدا بەپێی عورفی دیپلۆماسی، دانان‌و ھەڵکرنی ئاڵا لە ڕێوڕەسمە پرۆتۆکۆلییەکانی پێشوازی لە سەرۆکی وڵات‌و شاندی باڵایان، گرنگی‌و بایەخی خۆی ھەیە، بە جۆرێک ھەر مامەڵەیەکی ناتەندروست لەگەڵ ئاڵای وڵاتی میوان لە لایەن وڵاتی خانەخوێوە، بە پێشێلکاری لە سەروەریی وڵاتی بەرامبەر دادەنرێت و، بەپێچەوانەیشەوە ڕاستە، کە ھەر مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ ئاڵای نەتەوەییی وڵاتان، بە ڕێزگرتن لە سەروەری‌و شکۆ‌و سیمبۆلی نەتەوەی وڵاتان ھەژمار دەکرێت.

هەروەها ئاڵای کوردستان، ڕەمزی شۆڕشی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردە بە درێژاییی مێژوو تاکوو ئەمڕۆ و، ئەگەرچی ئاڵای کوردستان بە شێواز‌و ڕەنگی جیاواز لە پارچەکانی کوردستان تەمەنێکی دوورودرێژی ھەیە و، ھەر لە ساڵی ١٩١٩ەوە لە سەردەستی چەندین ڕێکخراو‌و شۆڕشی کوردی، ھەڵکراوە، وەک ڕاپەڕینی بەتلیس لە ساڵی ١٩١٤، شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید لە ساڵی ١٩١٩، شۆڕشی سمکۆخانی شکاک لە ساڵی ١٩٢٢‌، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥، کۆمەڵەی ھیوا لە ساڵی ١٩٣٧‌و کۆمەڵەی ژێکاف.

بەڵام بە ھەندێک دەستکارییەوە ئەم ئاڵایە  - ئاڵای ئێستا - بەفەرمی لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەھاباد ھەڵدراوە و، کراوە بە ڕەمزی کۆماری کوردستان. واتە ئاڵای ئەمڕۆی کوردستان یادگاری بەجێماوی کۆماری سەربەخۆی کوردە لە مێژوودا، بۆیە یەکێکە لە سیمبۆلە ھەرە گرنگەکان، کە دەبێت بیکەین بە ھەوێنی بەیەکەوەبەستنمان، وەک چۆن ئاڵای کۆماری کوردستان بووبە چەتری کۆکردنەوەی تەواوی چین‌و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی، کە دەستیان لە نەخشاندن‌و خزمەتکردنی ئەو کۆمارە کەمتەمەنەدا ھەبوو. 

کەواتە ھەموو گەل‌و نەتەوەیەک خاوەنی کۆمەڵێک بەھا‌و سیمبۆلی تایبەت بە خۆیەتی، لەنێویشیاندا ئاڵا، کە لە دیارترین ئەو سیمبۆلانەیە ‌و، بایەخی گەورەی ھەیەو ھەموو ڕەنگ‌و ئاڕاستە جیاوازەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە ‌و، دەبێتە چەقی کۆبوونەوەو خاڵی بەیەکەوەگرێدانی ھەموویان. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر ئاڵا وەک سیمبۆلی نەتەوە، بۆ گەلە سەربەست‌و خاوەن دەوڵەتەکان سیمبۆلێکی پڕبەھا بێت، ئەوا بۆ ئەو گەل‌و نەتەوانەی لە دۆخی بەرەو سەربەخۆییدان - وەک نەتەوەی کورد - گرنگتر‌و پڕبایەخترە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:04:16:21/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 153 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر