خزمەتکردنی نائاگایانەی دوژمن

سەردار عەبدوڵڵا
نووسەر
کێشەی ھەرە گەورەی مرۆڤ لە کاتی بڕیاردان لەھەر شتێک بەرچاوڕوونی و تێگەیشتنە، ھەربۆیە ھەر کەموکورتییەکی لەم بابەتە بێ سێ و دوو حوکم و بڕیاری نادروستی لێدەکەوێتەوە و زۆرجاریش بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ گەورەترین خزمەتی بە خۆڕایی پێشکەش بە نەیار یان دوژمنەکەی کردووە. ئەوەی زۆر مایەی سەرنج و جێی داخیشە کە نەخۆشییەکە بەشێکی یەکجار زۆری سەرکردە و ڕۆشنبیر و میدیاکاری ئێمە و لەوێشەوە بەشێکی زۆری چالاکەکانی فەیسبوکیشی گرتۆتەوە.

زۆر بەداخەوە کە نموونەى ئەو نەخۆشییەی سەرەوە یەکجار زۆرن، بەڵام تەنھا بەسی تازەترینیان دەکەین، کە بەشی خۆی ترسناکە. دوێنێ لە ھەولێری پایتەخت تەقە کرا، جێگری سەرکونسوڵی تورکیا و چەند کارمەندێکی کونسوڵخانەکە و ھەروەھا چەند ھاووڵاتیەکی کوردستانیش بوونە قوربانی. یەکسەر بازاڕی شایی و لێدوان و تەحلیل و بەزمی سەیروسەمەرە وەک ھەمیشە گەرم بوو.

١- ھەندێ لە دڵسۆزان، کەوتنە شایی و باسی تۆڵەکردنەوەی شەھیدکردنی ھەڤاڵی سەرکردە (دیار غەریب)یان کرد، کە ئەمە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن تۆمەتبارکردنێکی بێبەڵگە و خراپی (PKK) بوو.

٢- کۆمەڵێکی دیکە یەکسەر کەوتنە تەحلیلی خەیاڵیی و دەزگای پاراستنیان تاوانبار کرد، ئاخۆ ئازیزان، دەبوو یەک تۆز بەدیققەتتر بوونایە، داخۆ بواری ھەرە سەرەکیی کە تێیدا تا ئێستا پارتی، مەسروور بارزانی وەک سەرکەوتوو و بەھێز پیشانداوە، بواری ئەمنی و پاراستنی ئەمنییەتە، داخۆ چۆن لە یەکەم ھەفتەی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆکوەزیران لە بوارەکەی خۆیدا زەبری وا گەورەی لێدەدەن؟

٣- بەشێکی دیکە دیسانەوە لەوپەڕی پەرۆشیی و دڵسۆزییەوە قسەیان کرد، کەوتنە باسی ئەگەر و سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان، لێرەشدا باسی خراپترین سینارێۆکانیان کرد، دیارە ئەم زاتانە مەبەستیان ئەوە بوو کە نابێت بیانوو بدەیەنە ئەردۆغان و میت و دەوڵەتی تورکیا، تا پەرچەکرداری خراپیان ھەبێت، بەڵام کێشەی ئەم گرووپەش ئەوەیە کە نازانن ئەم کارەش خزمەتێکی خۆڕاییە کە پێشکەش بە میتی تورکیا دەکرێ. دەپرسن چۆن؟ بفەرموون لەگەڵ تەنھا یەک لایەنی خراپی ئەمجۆرە ڕەفتارەتان:
ھەر دەزگایەکی موخابەراتی پێشکەوتوو، دیراسەی ھەموو رەفتار و پەرچەکردارێک دەکات، ھی سەرکردەکان، میدیا، خەڵک، لێرەوە دەتوانێت بزانێت بەرامبەر چۆن بیر دەکاتەوە؟
چاوەڕوانییەکانی چین؟
چی قبووڵ دەکات؟
چی قبووڵ ناکات و پەرچەکرداریی چۆن دەبێت؟
لەوەدەستھێنانی وەڵامی ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکە، ئەو دەزگایە لێرەشدا باسی میت دەکەین، دەتوانێت بزانێت کورد چۆن بیر لەم ڕووداوە دەکاتەوە؟ بەرەى ناوخۆیی کوردستان چۆنە؟ کورد ئامادەیە سازش بکات یان نا؟ ئایا کورد چ وەک میللەت و چ وەک میدیا و سەرکردە سیاسییەکان تاچەند چاوەڕێی پەلاماری سەربازیی دەکەن و تا چەندیش قبووڵی دەکەن.

ئایا ھەموو ئەمانە خزمەتێکی خۆڕایی نین، کە ئەگەر خۆمان وا بەخۆڕایی پێشکەشیان نەکەین ئەوا بەدەیان ملیۆن دۆلاریان پێوسیت نییە تا وەدەستی دێنن؟
لێرەوە ھەمووتان دەپرسن: ئەی چی بکەین؟ پرسیارەکەشتان زۆر ڕەوا و عەقلانییە. لەوەڵامدا دەڵێم:

تکایە کەمێک ئارام بن تا تەپوتۆزی بەزمەکان دەنیشنەوە. 
ئێوە چوزانن کردەوەکە دەرەنجامی کێشەیەکی دیکەی دوور لە سیاسەت نییە؟ منیش نایزانم. ئێوە چوزانن، ئەمە پیلانێکی تورکیایە و ھاوکاری ناوخۆییشی ھەیە؟ ئێوە چوزانن (PKK) لە تۆڵەی ھێرشە دڕندانەکانی تورکیایە بۆ سەر باشوور؟ لە دۆخی وادا کەسێتی و سەرکردە و تاکی بەھێز و دانا و ژیر ناکەوێتە ناو شەپۆلەکەوە و تەحلیل و تەفسیر بڵاو ناکاتەوە، دەبێت بۆ خۆی و بۆ ناوخۆ بیکات، ئەویش بەمەبەستی وەدەستھێنانی بەرچاوڕوونی و تێگەیشتنی تەواو کە دەبێتە مایەی گەیشتن بە حوکم و بڕیاری عەقلانیی کە تەنھا و تەنھا خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆمان بکات، نەک دوژمنان.

ئاخر ئازیزان لە دۆخی وادا نابێت دوژمن بزانێت تۆ چۆن بیردەکەیتەوە، چاوەڕوانی چیت، دەبێت بە بێدەنگییت دووچاری حەپەسانێکی بکەیت، کە ھەزار ویەک حیساب بۆ ھەر پەرچەکردارێکی خۆی بکات..

ڕێز و حورمەت و خۆشەویستیی بێپایانم بۆ یەک بە یەکتان، تکایە لەمجۆرە دۆخانەدا با کەمێک ئارام بین، تا تەپوتۆزەکە دەینشێتەوە، بەڕوونی کێشەکە و وردەکارییەکانی دەبینین، ئینجا بەبەرچاوڕوونیەوە دەزانین چی بکەین.

ئەم وتارە گوزراشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەپرسیار نییە.




PM:02:29:18/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر