هۆکارەکانى گەڕانەوەى داعش

حەسەن شێخانى
ڕاوێژکارى چاوى کورد بۆ ناوچە داگیرکراوەکان
بابەتێکى زۆر مەترسیدار، ئەگەرى زۆرە دووبارە هاوکێشە و نەخشەى ناوچەکە و وڵاتانى دەوروبەر دابەش بکات. زلهێزەکان دووبارە چەندین کۆنفرانس و کۆنگرە و کۆبوونەوە ئەنجام بدەن، بۆ بڕیارێکى کۆدەنگى لە نێو کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیدا.

جەنگى چاوەڕوانکراوى نێوان ئەمریکا و ئێران و ململانێی هێزەکانى سوونە و شیعە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانى ناوچەکە و پڕۆژەى " گرێبەستى سەدە" و چەندین هۆکارى دیکەى چاوەڕوانکراو لە ناڕێکى ئەم هاوکێشانەدا، ئەگەرى هەیە، دووبارە و دەیان جارى دیکە، لەژێر ناونیشانى جیاوازدا، (داعش) و هاوشێوەکانى درووست ببنەوە.

هۆکارەکان دەتوانین لەم چەند خاڵەى خوارەوەدا ئاماژەیان پێ بدەین:

یەکەم: بە بەرچاوى هێزەکانى هاوپەیمانان و مانگە دەستکردەکان وکاروانى تایبەت و چاودێرى هێزەکانى سوریاى ئەسەد و دواى چەندین ڕێککەوتن لە نێوان ڕووسیا و سەرکردەکانى داعش و سوریا، شارەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش چۆڵکران وئەو هێز و ئەندامانەى داعش زۆرێکیان، ڕەوانەى سنورەکانى نێوان عێراق و سوریا کران. ئەمەش کاتى خۆى ناڕەزاییەکى زۆرى حکومەتى عێراقی لێکەوتەوە، ئێستاش وەک زانیارییەکان ئاماژەى پێ دەدەن، بیابانەکانى نێوان هەردوو وڵات کۆنتڕۆڵى تەواو نەکراون و ئەو ڕێکخستنانەى چەکدارانى داعش خۆیان گورج دەکەنەوە.

دووەم: بۆ مانەوەى حەشد و لق وپۆکانى و بازرگانیکردنى وئەو مووچە زۆرەى وەرى دەگرن و بودجە و مووچە و چەک و جەنەڕاڵەکانى جەنگ و درووستکردنى سوپایەکى سێبەرى ( مەزهەبی) لە ناو سوپادا، کە ئێستا عادل عەبدولمەهدى سەرۆک ئەنجومەنى وەزیران بە پلانى دەوڵەتێکى دراوسێ بۆ تێکەڵکردنى حەشد و هێزە میلیشیاکان لە ناو سوپادا بۆ هەر پێشهاتەیەکى کتوپڕ و هەر کودەتایەک خۆیان بیانەوێت، ئەمانە هەمووى پێویست دەکات نەیارى ئەم حەشدانە کە (داعش)ن دەبێت هەر بمێننەوە، بۆ درووستکردنى ململانێیەکى بەردەوام بۆ ئەم مەبەستە.

هەر ئەم هۆیەیە کە تاوەکو ئێستا فەتواى مەرجەعییەتى شیعە بە تایبەت سەید سیستانى هەر ماوە و هەڵى نەوەشاندۆتەوە، ئەگینا ئەگەر سەرکردە باڵاکانى شیعە مەبەستیان بوایە، چۆن بەیەک فەتوا حەشدیان درووستکرد هەر بەو شێوەیە بەیەک فەتوا هەڵیاندەوەشاندەوە. ئێستا سوپاى عێراق لەبەردەم گەورەترین مەترسیدایە بە چوونە ناوەوەى هێزەکانى حەشد و سەرکردەکانى بۆ ناو سوپاى عێراق، هۆکار و دەرئەنجامەکانیش زۆرن و پێویستیان بە لێکۆڵینەوەى ورد هەیە.

سێیەم: یەکێک لە هۆکارەکانى دیکە کە زۆر گرنگە، سەرقاڵکردنى هێزەکانى ئەمریکایە بە جەنگى لاوەکییەوە، ئەگەر تەماشاى دوا وتارى ئەبوبەکر بەغدادى بدەین، هەرگیز ئاماژەى بە جەنگى مەزهەبی نێوان سوونە و شیعە نەدا، بەڵکو زۆر جەختى لەسەر جەنگ بەرپاکردن دژ بە هێزەکانى هاوپەیمانان و بە تایبەت ئەمریکا کردەوە، واتە ئێستا ئێران و داعش یەک دوژمنى هاوبەشیان هەیە ئەویش ئەمریکایە، هەروەها دەبێت بزانین ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کەوا هێزەکان لە عێراق موشەکێکى زۆریان لە شەنگالەوە تاوەکو حەویجە و ریاز و چیاکانى حەمرین بڵاوکردۆتەوە، دوور نییە لە جەنگێکى کورت ئامێزدا وەکو ساڵى ٢٠١٤ جێى نەهێڵن بۆ چەکدارەکانى داعش و ئەوانیش هەڕەشەى هەولێر و بەغداد و ئیسرائیل و قاعیدەى (عەینولئەسەد) ى پێ نەکەن.

چوارەم: هۆکارێکى دیکە بۆ گەڕانەوەى داعش ئەوەیە ئێستا کورد دەیەوێت بگەڕێتەوە ناوچەکانى ماددەى (١٤٠)، ئەوە بۆ ماوەیەکى زۆر ڕۆژانە دەبیستین کەوا چەکدارانى داعش چەندین چالاکى ئەنجام دەدەن، بونەتە هەڕەشە بۆ سوپاى عێراق و هاوڵاتیان و چەندین لێدوانمان بیستووە لە سەرکردە سەربازییەکانى ئەمریکا و عێراق کەوا داعش لە دەوروبەرى موسل زۆر بڵاوەیان کردووە، تەنانەت ئێستا ڕۆژانە بەدەیان خێزان بە پێچەوانەوە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە ئارامەکانى هەرێمى کوردستان دواى ئەوەى گەڕابوونەوە بۆ زێدى باب و باپیریان.

دەبیت ئەوە بزانین کەوا ململانێیەکى قورس هەیە لە نێوان سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگە لەو ناوچانەدا، هیچ هاوکارییەک نییە و هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق هەرکەس بۆ خۆى ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات، ئەوەى لە ڕاگەیاندنەکاندا دەیبیستین بەوەى کە هاوکاى هەیە لە نێوانیاندا دوورە لە ڕاستییەوە، ئەم جوداکارییەش داعشەکان چاک دەرکیان پێ کردووە.

ئێستا ئەمریکاییەکان هەستیان کردووە کە هێزى پێشمەرگە بە تواناترە لەو ناوچانەدا، هەروەها مەبەستێتى بۆ گەڕانەوەیان، بۆیە مانەوەى داعش یەکێک لە هۆکارەکانە بۆ گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە. هەروەها لەم ڕۆژانەدا چەندین کۆبوونەوە کراوە لە نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق و بەسەرپەرشتى ئەمریکییەکان بۆ گەڕانەوەى هێزى کوردستان بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان لە هەرێمى کوردستان، سەرەڕاى ئەمانەش چەندین هۆکارى دیکە هەیە بەڵام لەم وتارەدا تەنیا ئەوەندەمان پێ باش بوو.

ئەم وتارە گوزارشتە لە راى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



PM:04:38:13/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر