بوونی کورد و ئایدۆلۆژیای ڕەوتە ئیسلامییەکان

مەرزەبان کوردستانى
نووسەر
سەڵاحەدینی ئەیوبی پێ لەپوزەوانەدەنێ بۆڕزگارکردنی فەڵەستین، مورسی لەتورکیاوە عەفرین داگیر دەکات. 

ئەڵبەت لەم باسەی ئێمەدا ناوەکان گرنگیەکیان نییە، بگرە فکرەو بارگراوندی پشتی ئەم ناوانە گرنگە بۆمان و دەیانکەین بەنمونە. 

کوردەکان بەدرێژایی مێژوو خاوەن خانەیانی و دەستی ڕەحمەت و بەزەیی بوون، کەدەکرێت بڵێم تا ڕێژەیی ساویلکەیی مرۆڤ دۆست و خۆش باوەڕ بون!، ھەروەھا بەدەرەجەی یەک کورد بەرامبەر ئیسلام و ڕەوتەکانی ئیسلام بەدرێژایی مێژوو خزمەتکار و موخلیسێکی بێ پرسیار بوون، کە بەسەرنجدان لەمێژوو بگرە تا ئێستا  ئیتر ھەست بەوەدەکەی کە کورد چەن دەسەپاچەی شەڕی دین وەک ئیسلام و ڕەوتە ئیسلامییەکان بووە و لەو پێناوەشدا جگە دواکەوتن و داڕمان، دەستی لەھیچ گیرنەبووە.

بانەگەڕێینەوە بۆ سەردەمانێکی کۆن و نمونەی چەند سەدەی ڕابردوو بھێنینەوە، چونکە سەراپای مێژووی کورد لەیەک فۆڕم خۆی دەبینێتەوە، ئەویش دووبارەبوونەوەی ھەمان سیناریۆکان لەچەرخە جیاوازەکان، هەروەها ئەگەر پەردەی شەرم لابەین و ئاماژە بەوە بکەین، کە ئەگەر ئەو ھەوڵ و کۆششەی کورد دایان لەسەدەی بیستەم چ بۆ حکومەتەکەی ئەنقەرە یان ئەستەمبوڵ لەژێر برایەتی دینیدا، گەر بۆ ناوخۆی وڵات بیاندابوایە، بێگومان دەوڵەتەکەمان ڕۆڵی کەمتر نەدەبوو لە کۆمارە تازەکەی تورکیا، بەڵام بەداخەوە لەکاتێکدا نەتەوەکانی ئەرمەن و عەرەب و تورک، خەریکی دروستکردنی دەوڵەتەکانیان بوون لەسەر بناغەی نەتەوەیی، 
سەرکردایەتی و ھۆزە گەورەکانی کورد خەریکی برایەتی دینی و زیندووکردنەوەی خەلافەتی پیاوە نەخۆشەکە بوون، کە لەکۆتاییەکانی تەمەنی شەشسەد ساڵەی بوو، هەروەها دواجار برایانی ڕەوتە ئایدۆلۆژیەکە پاداشتیان بەوە دانەوە کە کورد خائینەو تورکی چیان و ھاوڵاتی پلە دوون، کەچی عەرەب بەسەرکردایەتی شەریف حسێن خیانەتی (۱۹۱٦)بەشۆڕش بۆ تۆمارکرا. 

ھەردوای خەلافەتیش مستەفا کەمال بەناوی دین و برایەتییەوە، نەک ھەر خەڵکی عەوامی کورد بگرە کەسایەتیەکی وەک ( سەعید نەورەسی ) بەلای خۆیدا ڕائەکێشێ و وای لێدەکات، دەس بنێت بەڕووی کوردە شۆڕشگێڕەکانەوە لەپێناو ئیسلام و برایەتی دینیدا، دواتریش ھەر مانگەو دووردەخرایەوە بۆناوچەیەکی دوورەدەست،  لەکاتێکدا ھەموو ھەوڵی کەمال ئەتاتورک گەیشتن بوو بەئاستی ئەورووپا، دواتر بەھانەش دەھێنێتەوە کە تورک ناتوانێت بگات بەو ئاستە، ھەتا کەمە نەتەوەکانی ژێر دەستی نەکات بەتورک، بەتایبەت (کورد و ئەلبان )، کەبەلای منەوە بیرکردنەوەیەکی عاقڵانەبووەو پێویستە کورد چاوی لێ بکات.

ئێمە تاحەدێک ساویلکەبووین، ناڕەحەتی دەمارمان دەگرێت لەبەرامبەر مێژوودا، ئەڵبەتە من کورد بەجوان دەزانم، بەھۆی ئەو ھەموو خەمخۆریەی بۆ پێکەوەژیان ھەیبوە تا سەردەمی ئیسلام، کە سوقرات شەشسەد ساڵ پێش ئیسلام  باس لەم فکرو مەنھەجەی بنەمای ئەخلاق دەکات، کورد زۆر لەوە لەمێژتر ھاڵوەدای ئازادی و ئارامی بووە، کە سەلمێنەری ئەم ڕاستیەش ھەم مێژووە ھەم ئێستایە، 
بەڵام دەکرێت بڵێم ساویلەکە بووە بەرامبەر دنیای واقیع.

سەدەی بیست و یەکەو چەکەرەی ئیخوان موسلمین دیسان مێژوومان بیردێنێتەوە، کە ھەر لەسەرەتای دەرکەوتنی (حەسەن بەننا) وە ھەمان فکرەی خەلافەتەکانی پێشوتر لەژێر ڕۆشنایی ڕێبازی (ھیتلەرو مۆسۆلۆنی)دا  تەتبیق دەکەنەوە، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی بەھێزو خستنە ژێر دەسەڵاتی گەلانی جیھان بۆ ژێر ڕکێفی عەرەب و ئیسلام، ھەروەھا ئەم ڕەوتە ھیچ ڕاڤەو شرۆڤەیەکی زمانێکی تریان قەبوڵ نییە بۆ قورئان جگە لەعەرەبی و ویستی خۆیان بۆتەفسیر، لێرەدا کێشەکە ئیسلام نییە، کێشە بارگراودنی ئەو ڕەوتەیە کە لەسایەی ئیسلامدا دووبارە خەونی بە پانتایی کردنی جیھانی عەرەبیان ھەیە، بۆئێمەش گرنگتر لێرەدا ئەوەیە کورد لەکوێی ئەم هاوکێشەیەدایە و بۆچی ھێندە یەقینیان بەبەکارھێنانی کورد ھەیە، لەکاتێکدا ھەرگیز دژی قڕکردنی کوردیش نەوەستاونەتەوە!، بۆئەوەی دەگەڕێنمەوە کوردەکان بەدرێژایی مێژووی ھەزارو چواسەد ساڵ زۆرترین خاڵی لاوازیان دین بووە و شەڕکەر و بەکاربەرێکی باشی ئەو ڕێبازە بوون.

من بۆچی ھێندە کوردم پێ پیرۆزە،  چونکە عەرەب ھەتا ئێستاش بەرگری و وتاری ئیدانەکردنی ھەیە بۆ غەدر لێکردن لەھەر موسوڵمانێکی جیھان، تەنیا بۆ کورد نیەتی، من ڕێک وای دەبینم تاکە فکرەو عەقڵێک کە ببێتە مایەی خەتەر  لەسەر ئەم عەگاڵ و جبەو عەقڵ بیابانگەریانە، تەنھا کوردە. 

چونکە ئەوان تەنانەت بە خەیر و ئیسڵاح سەیری سەڵاحەدینی ئەیوبی ناکەن، ئەوان وای دەبینن کە لەناو دەیان ملیۆن عەرەبدا کوردێک ھاتوو عەرزی عەزەڵاتی کردو قودسی ڕزگارکرد!، لێرەدا عەرەب لەبەغالەتدا یان دەڵێ سەڵاحەدین ھی عەرەبە یان چاوی بەوەدا ھەڵنایە شێرە کوڕێکی کوردە و خانەدانی و ئازایەتی لەدەمارەکانیدایە، عەرەب وەک سوکایەتی سەیری ئەم ڕووداوە دەکات نەک سەروەریەکی دینی و برایەتی، بۆیە عەرەب ئاوا سەیرى تۆ دەکات نەک برای دینی.

جیھانی عەرەب ئەمڕۆ چەن ترسی لەعەقڵ و بەرەو پێشچوونی ئیسڕائیل ھەیە، سەد ھێندە بەرامبەر نەزاکەت و گەورەیی کورد ھەیەتی، بۆیە قەت نەجابەت بە ئیدانەکردنی داگیرکاری کورد ناخوازێت، بەڵکو ھەموو ڕەوتە ئیخوانی و ئیسلامییەکان پیرۆزبای لەئەردۆغان دەکەن سەبارەت بەھەر داگیرکاریەکی کوردەکان، لەولاشەوە کوردی نەگبەت پێی ھەڵخەڵەتاوەو دیسان برایەتی دینی دووپات دەکاتەوە، ئایا ھەر بەقەولی ئەو قورئانەی کورد تەفسیری کردوە، ئێمە خاوەن ئیسڵاح و مرۆڤایەتین یان ئەم پێپەتیانە، تەنانەت عەرەب لەتەفسیرە کوردیەکانیش ترسی ھەیە، بۆیە زمانێکی تر قەبوڵ ناکات بۆتەفسیر.

بۆیە دەڵێم

کورد لەھەر حاڵێکدا بگات بەفکرو بوونە ناواخنە ڕاستەقینەکەی خۆی، ئیتر بەسە بۆئەوەی تاکێکی ببێتە سەرداری ھەموو جیھانی عەرەبی، عەرەبیش ھەر لەمە دەترسێت، بۆیە کورد پیرۆزە تکایە با ڕێز لەبوونی نەتەوەیمان بگرین و نەیخەینە ژێرپێی ڕەوتە ئایدۆلۆژیەکان بیری کۆنەپەرستانەوە.

من ڕێزم بۆ ھەموو دینێک ھەیەو بەتایبەت ئیسلام، کە دینی باو باپیرانمە و تەنھا ئاماژەم بە واقیع و کارەکتەرە ئایدۆلۆژیەکانی ئیسلام داوە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.






ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:04:34:29/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 1094 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌