کورد هەمیشە لە ستراتیجى وێنە گەورەکەدایە

کوردۆ شابان
نووسەر
ئایا دۆخی کورد بەگشتی و باشوری کوردستان بەتایبەت، دوای ڕیفرۆاندۆمی سەربەخۆی چووەتە دواوە و تازە جارێکی تر ناگەڕێتەوە، یان ئەوە بەشێکە لە خاڵی وەرچەرخانەکانی کورد لەناو گۆڕانکارییە گەورەکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست؟

گۆڕانکاریی ڕیشەیی تا دەگاتە دۆخی جێگیر ٥٠ ساڵی دەوێت، ئێمە ھێشتا چەندان ساڵمان ماوە و پێم وایە لەگەڵ تەواوبوونی ئەو ساڵانە، کورد دەگات بە مافەکانی.

ئەگەر بە چاوێکی دوورتر تەماشای ڕووداوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکەین و دابەشی بکەین بەسەر چەند قۆناغێکدا و "٥٠ ساڵ" وەک بنمیچی گۆڕانکاریی ڕیشەیی دابنێین، ئەوا ڕەنگە بتوانین ئەنجامێکمان بۆ دەربکەوێت. لە سیاسەتی ئینگلیزدا، ٥٠ ساڵ بریتییە لە قۆناغبڕیی ڕیشەیی و ئێستەیش پلانە درێژخایەنەکانی جیھان ھەر ئەوان دەینووسنەوە و ئەمریکا جێبەجێی دەکات. ئەوانەی پێیان وایە، سەردەمی ئیمپریالیی بەریتانی کۆتایی ھاتووە و ئەوان ئێستە قەوارەیەکن لە چوارچێوەی خۆیان و سکۆتلەند و ئێرلەندی باکور، بەھەڵەدا چوون. بڕوانە مێژوو، لەوەتەی بەریتانیا دەستیان لە گۆڕانکارییەکانی زەویدا ھەیە، ھەموو نیو سەدە جارێک، قۆناغێک تێپەڕیوە.

"شا" ڕووخا، سیستەمێکی مەلایی کە پێی دەگوترێت ویلایەتی فەقێ، بە ڕابەرایەتیی خومەینی ھاتە کایەوە. خۆی ڕووخانی شا تەنیا بەشێکی بریتی بوو لە تووڕەیی خەڵک، بەشە گەورەکە بریتی بوو لە ھەنگاوی یەکەمی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دوای ئەوەی ئیتر ماوەی "ڕەزا شا" بەسەر چوو. جا لێرەدا با ٥٠ ساڵەکەی ئینگلیز لە مێشکماندا بزرنگێتەوە و لە ساڵی ١٩٧٩ کە گۆڕانی سیستەمی دەسەڵاتە لە ئێران، بە سەرەتای گۆڕانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دابنێین، ئینجا با پانۆرامایەکی خێرای بەشێکی ڕووداوەکان بکەین، بەڵام بە کەمێک وردبوونەوە لەسەر کورد و بزانین بە تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ، چی ڕووی داوە و چی چاوەڕێی ١٠ ساڵی کۆتایی ئەم نیو سەدەیە دەکرێت.

لە ساڵی ١٩٨٠، واتە دوای کەمتر لە ساڵێک بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژئاوا دنەی "سەددام حوسێن"یان دا و پڕچەکیان کرد بۆ ئەوەی جەنگ بەرانبەر ئێران بەرپا بکات. پێی دەگوترێت جەنگی یەکەمی کەنداو، چونکە ھەموو وڵاتانی کەنداویش بە پارە و پشتگیریی دەسەڵاتی چوارەم، پشتیوانیان لەو شەڕە دەکرد کە وەک خوێن تەنیا عێراقی و ئێرانی پێوە دەبوون. بەم شێوەیە، یەکەم ھەنگاوی شڵەقانی سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ کرد.

شۆڕشی کوردستان بە ڕابەرایەتیی کاک مەسعوود و زۆرینەی توێژەکانی گەل لە باشوری کوردستان گەرم بووەوە، ھەڵبەت ئەمیش بە پشتیوانیی تەواوی ڕۆژئاوا، ھەر ئەو ڕۆژئاوایە کە پشتیوانی شۆڕشی کوردی دەکرد و لەلایەکیشەوە ڕێی دەدا جارجار ئێران لەدەست سەددام بیپارێزێت، خۆیشیان پشتیوانیی سەدامیان دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی نەیاندەویست ڕژێمی بەعس کورد بتوێنێتەوە، ھەموو ڕێیان بە ھەموو ھۆکارێکی خۆھێشتنەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەدا. سەرنج بدە، کورد لە دوای نسکۆی ١٩٧٤ لە ئەمریکا و ڕۆژئاوا بێھیوا بوو، وای دەزانی دەستی لێ بەردەدا، بەڵام بۆچی دواتر دەستی گرتەوە؟ تۆ بڵێیت بێ پلان بێت؟ 

ڕێ بە وڵاتانی کەنداو درا، خەریکی بەھێزکردنی ژێرخانی خۆیان بن و بەتەواوی تێکەڵی وردەکاریی ژیان بن، بۆ ئەوەی لەبەر بەرژەوەندیی ناوخۆیی، ھیچ پشتیوانییەکی فەلەستینی نەکەن، گوێ نەدەن بەوەی ئیسرائیل جۆلان دەخاتە ژێر نەخشەی خۆیەوە، لە (میسر)یش ھەم دەسەڵاتیان بەھێز دەکرد ھەم ئیخوان موسلیمین. (ئوردون)یش بە پردی پێوەندیی عەرەب و ئیسرائیل دانرا. وڵاتانی تری سەر دەریای ناوەڕاست، لەبەرئەوەی دوورتر بوون لە چەقی بازنەی یارییەکە، جارێ بە ھێمنی مانەوە.

بازنەی ئێران تەسک کرایەوە، بۆ ئەوەی ناچاری بکەن بچێتە بەرەی یەکێتیی سۆڤێت، چونکە بەرەکە خۆی لەلایەن ڕۆژئاواوە پلانی درێژی بۆ دانراوە و ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٩١ توایەوە. بەم شێوەیە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوو.

ھەنگاوەکانی ڕژێمی عێراق ئیتر خەریک بوو زۆر دەبوون، ئەنفال و کیمیابارانی کورد، لە خوارەوەش چەوساندنەوەی شیعە، خوارتریش داگیرکردنی کوێت. ڕۆژئاوا ھەروا تەماشا دەکات، بۆ ئەوەی بیانوویەک ھەبێت بۆ ھەنگاوەکانی دواتر کە بریتی بوون لە گەڕانەوەی سەربەخۆیی کوێت، پاشان درووستکردنی قەوارەیەکی حوکمی زاتی بۆ کورد لەسەر ھێڵی ٣٦، واتە بەبێ کەرکووک و شنگال. ھۆکارەکەش ئەوە بوو لە ڕێی ئەم دەسەڵاتە کوردییە بچووکەوە، ئێران دەستی بە نەوتی کەرکووک و چیای شنگال نەگات کە لەوێوە دەتوانێت بە مووشەکی دووربڕ ئیسرائیل بپێکێ. شیعەکانی عێراقیش لە ڕێی خاکی کوردستان و پێوەندی بە سەرکردە کوردەکانەوە، دەگەیشتنە ئێران و ئەمەیش ئەمریکا و ئەورووپا ئاگاداری بوون.

لەولاشەوە ھەروا فەلەستینییەکان لە ڕێی (یاسر عەرەفات)ەوە سەرقاڵی ڕێککەوتنی ئاشتی و کۆبوونە لە دوای کۆبوونەوە بوون و حکوومەتی ئیسرائیلیش بەردەوام بوو لەو ماستەرپلانەی کە بە ھاوئاھەنگیی ئەمریکا و ئەورووپا دەیکرد.

لە تورکیا، لەبەر ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە بەرەی ڕووسیا بوو، لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانی نەکرا، تا گۆڕانی حوکم لە جەھەپەوە بۆ ئەکەپە، ئەم جارەیان لەبەر چەند ھۆکارێکی تر، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ جارجار ھاوکاری دەکران و ڕێیش بە تورکیا نەدەدرا بە تەواوی لە قەندیل لەناویان ببات و ھەموو ئاسانکارییەکیش کرا لە سوریا بەھێز بن.

کورد لە باشور دوای ئەوەی یەکەم ئەزموونی ھەڵبژاردنی بە سەرەکەوتوویی کرد و گەیشت بە ھەندێک لە مافەکانی و لە چنگی سەددام دەرھات، بۆ ئەوەی ناچار نەبن پلانە درێژخایەنەکەی بۆ ڕوون بکەنەوە، پێویست بوو دۆخێک دروست بکەن تا شەڕی ناوخۆ دروست بێت، ئەم دۆخە دەستی (ئێران)یش بەشدار بوو، چونکە تا قۆناغەکان لە چەند ناوچەیەکی تری ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەگۆڕێن، دەبوو لێرە بە شتێکەوە سەرقاڵ بکرێن، بەڵام کاتێک ئێران دەیەوێت لە ڕێی یەکێتییەوە سنوور ببەزێنێ، ئەمریکا عێراق ناچار دەکات لە ٣١ی ئابدا ھێزێکی بۆ ھاوکاری بنێرێت و نەیەڵێت پاسدار بگەنە خاکی باشوری کوردستان، چونکە بھاتنایە، تازە نەدەگەڕانەوە. ئەی ئەم جارەش بۆچی کوردی پاراست؟

ھەموو کارتەکانی سەددام ئیتر سووتان و کاتی گۆڕان ھاتبوو، بۆیە بە بیانووی چەکی قورس، ئەمریکا ڕاستەوخۆ خۆی لێی دا. چاوەڕێ دەکرا ئەمریکا کە چووە ناو خاکی عێراقەوە، زۆر شت بە گوندەیی چارە بکات. بۆ نموونە ئەو پلانەی لەمێژە دانراوە کە سێ ڕەگەزەکە (کورد-شیعە-سوننە) بەتەواوی لێک جیا بکرێنەوە، دەھێنێتە دی. بەڵام وێنەکە ھێشتا مابووی تەواو بێت، دەبوو ڕێ بدەن ئێران قەڵەوتر بێت، بۆیە وردەوردە لێی کشایەوە و پێشکەشی کۆماری ئیسلامیی کرد. 

ئێران بەھۆی دزینی سامان و بودجەی عێراق لە ڕێی دەسەڵاتی چەندان ساڵی شیعەی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، توانی خۆی لە کێشەی گەورەی ئابوری ڕزگار بکات و بەمەش نەوەستا، ڕێ درا پاوانخوازییەکانی کە بریتییە لە خەونی "مانگی شیعە" دەست پێ بکات. ئەو مانگە واتە ئێران بتوانن لە (قوم)ەوە بۆ (نەجەف و بەغدا) و لەوێوە بۆ سوریا و لەوێشەوە بۆ لوبنان و لەڕێی بزووتنەوەی حەماسیشەوە بگەن بە ئیسرائیل. جیا لە یەمەن و بەحرێن و عومان لە خوارووی کەنداو. ئێران توانی ھەموو ئەم شتانە بکات و ڕۆژئاواش ھەر وا تەماشا دەکات.

ئێران قەڵەو بوو، ئەی چی بکرێت بۆ ئەوەی ھێزی بەرانبەری بۆ دروست بکرێت؟ تورکیا و سعوودیە باشترین ھەلن. تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ و سعوودیە وەک زلھێزێکی سوننە و تۆخترکردنەوەی ئەو شەڕە مەزھەبییە، پڕچەک کران و بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاریان کردن. بەڵام لەگەڵ گۆڕانی سیستەمی حوکمڕانیی تورکیا لە سیکۆلارییەوە بۆ حزبێکی نیمچە ئیسلامی و نیمچە سیکۆلار، ئەورووپا بە تەواوی سڵی لێ دەکردەوە، ئەگەرچی بۆ ئەمریکا لە سەرەتاوە ھیچ کێشەیەک نەبوو.

کوردستان دەستی بە بووژانەوە کرد، لە ڕۆژی ڕووخانی سەدامەوە تا ماوەی ١٠ ساڵ، باشوری کوردستان ھەموو ھەنگاوەکانی بەھێزبوونی ژێرخانی ئابوری، چوونە سەر نەخشەی نەوت و گازی جیھانی، پێوەندیی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی، ھێنانی سەدان کۆمپانیای زەبەلاحی وەبەرھێن، فڕۆکەخانەی گەورە، ھێنانی گەشتیار، بردنە دەرەوەی ھەزاران خوێندکار بۆ خوێندنی باڵا و دەیان ھەنگاوی دیکەی ھاویشت و دەتوانین بڵێین وێڕای گەندەڵی، ھەرێمی کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆی تەواو بوو، تەنیا ئەوەی مابوو بە فەرمی ددانی پێدا بنرێت.

ئەم قۆناغبڕییەی کوردستان بۆ ئێران مەترسی بوو. ھەوڵیان دا لە ڕێی حکوومەتی شیعەی عێراقەوە تێکی بدەن، بە نەناردنی بودجە و ڕێگریکردن لە بەردەم ھەناردەی نەوتی کوردستان بە سەربەخۆیی، بەمەش یەکەم ھەنگاوی پاشەکشەی کوردستان دەستی پێ کرد و گرفتی گەورەی ئابوری دروست بوو. میللەتێکیش ١٠ ساڵ فێری ژیانێکی خۆش بووبێت، ئیتر بە کەمتر لەوە ڕازی نابێت، بۆیە دەنگ بەرز بووەوە و (ئێران)یش ھەوڵی دا سوود لەو دەنگە ناڕازییانە لە دژی حکوومەت وەربگرێت و لە ڕێی خۆپیشاندان و دنەدانی ئۆپۆزیسیۆنەوە، بە تەواوی خەڵکی لە حکوومەت ڕەنجاند.

ئەم دۆخە ئاڵۆزە، ھەر کوردستانی نەگرتەوە، بەڵکوو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی شڵەقی و ئیتر دیارە پلانەکان بەرەو خێراڕۆیشتن چوون. تونس دەسەڵاتی ڕووخان، میسر بەدوایدا ڕۆیشت، پاشان لیبیا و پەڕییەوە بۆ ئەمبەر، سوریا و یەمەنیشی گرتەوە، بەڵام ئەو دوو وڵاتە کە ئێران و ڕووسیا دەستیان تێیاندا ھەیە، نەیانھێشت ئاوا بە ئاسانی دەسەڵات بگۆڕدرێت، تەنانەت دەسەڵات لە سوودانیش گۆڕا، سوریا وەک خۆی مایەوە.

ئینجا نۆرەی سیناریۆیەکی خوێناویترە، ئەویش پاککردنەوەی ھەموو ئەورووپا و زۆربەی وڵاتانی جیھانە لە بیری تیرۆری ئیسلامی و کۆکردنەوەیان لە عێراق و سوریا بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش). ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە کە بە ناڕاستەوخۆ تەنانەت لە ھەندێک شوێن بە ڕاستەوخۆ ھاوکاری دەکران و لە ڕێی تورکیاوە وەک پردی پەڕینەوە لە ئەورووپا و ئاسیاوە بۆی دەھاتن، تەواوی ئەو ناوچانەی گرتبوویان، وێرانیان کردن. ژێرخانیان خاپوور کرد، شوێنەواریان نەھێشت، ھەزاران خەڵکیان کوشت، کوردانی ئێزیدییان ئەتک کرد. لە سەرەتای ئەم قۆناغەدا ھەڕەشە نەبوون بۆ کوردستان، بەڵام دواتر کە بە تەواوی بەھێز بوون، خۆیان لەگەڵ کوردیشدا تاقی کردەوە، بەڵام خۆشبەختانە لەمەیاندا شکستیان ھێنا.

ئەم خۆشبەختانەیە زۆر ئاسان نییە، سەرکردایەتیی ڕاستەوخۆی بارزانی، ئازایەتیی پێشمەرگە، تا ئاستێک یەکگرتوویی ئەوکاتی ناوماڵی کورد و پشتیوانیی ھێزی ئاسمانی و چەکی (میلان)، ھەمووی ھۆی نەدۆڕانی خاکی کوردستان بوون، بگرە بە پێچەوانەوە، بارزانی بڕیاری دا، سنووری خاکی کوردستان، ئەوانەیش کە لە دوای ڕووخانی سەدامیش ئازاد نەکرابوون، ھەمووی لەدەست داعش پاک بکاتەوە و لە ھێزێکی بەرگرییەوە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، پێشمەرگە بوونە ھێرشبەر و تەواوی خاکی کوردستانیان خاوێن کردەوە و ھەمووی کەوتە ژێر دەسەڵاتی کوردەوە. دیسان با پرسیارەکە بکەم، قەیرانە ئابورییەکانی مالیکی و عەبادی بەسەر کوردیان ھێنا، وایان کرد کورد وا بزانێت ڕۆژئاوا پشتی تێ کردووە، ئەی باشە بۆچی بە ھەموو شێوەیەک پڕچەکی کرد و فڕۆکەی بە فەرمانی پێشمەرگە دەجووڵاند، لە کاتێکدا ئەوەی بۆ عێراق بە ئاسانی نەدەکرد؟

ئەمە ھەلێکی گەورە بوو بۆ کورد، تا خۆی لەگەڵ عێراقدا یەکلا بکاتەوە. بە ڕوونی کاک مەسعوود پێی گوتن، یان ئەوەتا ھەموو شتێک دەگەڕێننەوە بۆ قۆناغی پێش ٢٠١٣ و چی قەرزی بودجەیە دەیدەنەوە و قەرەبووی ئەنفال و ھەموو مەینەتییەکانی کورد دەکەنەوە کە بەدەست ڕژێمەکانی عێراقەوە تووشمان ھاتووە، وەک چۆن قەرەبووی کوێت کرایەوە، یان ئەوەتا لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە بڕیاری چارەنووس دەدەین. 

عێراق ئەم ھەڕەشانەی بارزانییان زۆر بە گرنگ وەرنەگرت، تا ئەنجوومەنێک بۆ ڕیفراندۆم دروست کرا، ئینجا بەغدا دەستیان بە درووستکردنی لۆبی کرد بۆ ئەوەی ھیچ پشتیوانییەکی ڕۆژئاوای بۆ نەیەت. کوردستان لەسەر بڕیاری ڕیفراندۆم سوور بوو، وادەی بۆ دانا و ھەموو گەل کەوتنە جۆشوخرۆشەوە و لە کاتی خۆیشیدا دەنگ درا و بە زۆرینەیەکی باڵا، باشوری کوردستان گوتیان "بەڵێ" بۆ سەربەخۆییی کوردستان.

دوای ڕیفراندۆم، ئەوەی زۆرینە چاوەڕێیان نەدەکرد بە بەرچاوی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، سوپای قودسی ئێران و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ھاوکاریی باڵێکی یەکێتی ھەڵبکوتنە سەر باشوری کوردستان و نەخشەکە بگەڕێننەوە بۆ پێش ھاتنی داعش و ئەو سنوورەی پێشمەرگە بە خوێن ئازادی کردبوو، بە ماوەیەکی کەم بیگەڕێننەوە.

ئێمە ناتوانین لەوە حاڵی بین تا ئا بەم شێوەیە سەیری وێنە گەورەکە نەکەین. ئێستە ٤٠ ساڵ بەسەر ڕۆژھەڵاتێکی ناوەڕاستی شڵەقاودا تێپەڕیوە و ١٠ ساڵی ماوە، بۆ ئەوەی ئەو پلانەی پێشتر خۆیان دایانڕشتبوو کە دەبێ نەخشەکە بێتە گۆڕین، بێتە دی. کورد لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و کارەساتەکان، وایزانی ئیتر وا لێی قەوما بە ١٠٠ ساڵی تر نەگەڕێتەوە دۆخی خۆی. بەڵام چونکە ئەمریکا و ئەورووپا ھەرگیز نایانەوێت کورد لە ھاوکێشەکە دوور بکەوێتەوە و بەشێکی گرنگی پلانەکانە، جارێکی تر وەک ئەو نموونانەی لە سەرەوە باسم کرد، لە ماوەیەکی خێرادا زۆربەی دۆخەکان ھێور بوونەوە. 

ڕەنگە ئەوەی لای کورد جێی پرسیار بێت، بۆچی ھێشتیان ئێران، کورد بگەڕێنێتەوە سنووری پێش ھاتنی داعش؟ بەلای منەوە لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت، ھەر لە بنەڕەتدا ئەوان نەیانویستبێت لەم کاتەدا کورد بە ئاسانی کەرکووک و شنگالی بکەوێتە دەست و یارییەکی دی ماوە لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا بکرێت، پێش ئەوەی ھەموو شتێک کۆتایی بێت. ھەڵبەت ئەمەی ئێستە لەو دوو شوێنە ڕۆژانە دەیبینین، سەرەتای ئەو یارییەیە.

کاتێک ئاوا بە ڕوونی سەیری وێنە گەورەکە دەکەین، دەبینین ھەموو ھەنگاوەکان بەرەو جێبەجێکردنی ئەو پلانەیە کە بۆ ئەم گۆڕانکاری نەخشەیە و ساڵانێکی دوورە داڕێژراوە. لەم ١٠ ساڵەی ماوە، نۆرەی بڕیاری یەکلاکەرەوەیە بەرانبەر ئێران، تورکیا، عێراق، سعوودیە، سوریا، لوبنان و لەو یەکلابوونەوەدا کورد ھەرچۆنێک بێت لە ئێستەی باشتر دەبێت و داھاتوویەکی گەشتری لەبەردەمدایە. ڕووداوەکان و نەھێشتی چەندان جارەی ئەورووپا بە توانەوەی کورد، باشترین بەڵگەن. 

بۆ ئەوەی بزانی ئەو داھاتووە چۆنە، سەیری نەخشەی داھاتووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکە، تێیدا وڵاتی کوردستان، لە تورکیا گەورەترە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:01:38:27/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر