منداڵێک بێ باوکی دێتە ژیانەوەو منداڵێکیش ژیان چێدەهێڵێت لەگەڵ باوکی

هاوکار عزەت میکە
ڕۆژنامەنووس
میللەتی کورد لەوەتەی هەیە و خۆی نایسیوەو هەستی بە بونی خۆی کردووە، هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا بەردەوام لە چەوسانەوەو زوڵم لێکردن و کوشتن و بڕیندا بووە. 

بەدرێژایی مێژوو، دەوڵەتانی دەوروبەر و دوژمنانی ئەم میللەتە، لە هەوڵی بەردەوامدا بوون بۆ سەرکوتکردن و دەمکوت کردنی ئەم گەلە ستەمدیدەیە کە هەردەمەو لەسەر دەستی یەکێک لە وڵاتانی زلهێز و شۆڤێنی و گروپ و ڕێکخراوەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، دەرفەتی هەناسەیەکی ئارامی پێنەدراوە. 

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو و چاوێک بگێڕین بە مێژووداو سەیرێکی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی نیشتمانەکەمان بکەین، دەبینین چەندین هەزار دایک و کچ و خوشکمان ساڵانێکی زۆر بە ڕەشپۆشی ماونەتەوەو، ئاهو حەسرەتی چاوەڕوانییان بۆ گەرانەوەی ئازیزانیان ڕووناکایی لە چاوەکانیان کز کردووە. 

کەم نین ئەو باوکانەی یەعقوب ئاسا، وێڵ و عەوداڵن بەدوای بینینەوەی یوسفەکانیانداو، بەو حەسرەتەوە زۆربەیانمان خستۆتە دووتوێی خاکی نیشتمانەوە. 

شەڕی وڵاتان و کۆتایی پێهێنانی شۆڕشەکان و هەرەسهێنانی ڕێککەوتنەکان و ململانێی سەربازی وڵاتان و کارە دڕندانەکانی حکومەتی شۆڤێنی عێراق و ئەنفال و کیمیاباران و  شەڕی نەگریسی ناوخۆ و پەلاماری دڕندانەی گروپە توندڕەوەکان، هەموو ئەمانە بوونەتە مایەی کوشتن و بڕین و ماڵوێرانی بۆ گەنج و پیاو و ژن و پیری ئەم گەلە خێر لەخۆنەدیوە. 

هەمیشە سورەی بەرلەشکری قوربانییەکان کوردەکان بوون و، هەر ئەوانیش دەبن تا ئێمە وابین. 

ئەوەی کە لەم کۆتاییەدا بینیمان دیمەنگەلێکی زۆر ناخ هەژێن و تاقەت پروکێن بوون، چەند دیمەنێک کە زمان ناتوانێت بە سانایی بیگێڕێتەوە و دڵ و دەروون ناتوانێت بە ئاسانی بیری لێبکاتەوە. 

ئێستا ئێمە دەبینین منداڵێک لە سکی دایکیدایەو چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە چاوەکانی بە دونیا هەڵبێنێت، کەچی دەستی ستەم و زوڵم، گیانی باوکی لە سەنگەرەکان دەکێشێت و، ناهێڵێت نە منداڵەکە زەردەخەنەیەک بۆ باوکی بکات، نە باوکەکەش چاوی بە یەکەم منداڵی خۆی بکەوێت، بەڵکو تەنها دوو ڕۆژ دوای شەهید بوونی باوکی لە نەخۆشخانە، منداڵەکە چاو بە دونیا هەڵدێنێت. 

لە لایەکی ترەوە دیمەنێک دەبینین کە منداڵێک بە هۆی شەهید بوونی باوکیەوە، توانای ژیانی نامێنێت و بڕیار دەدات بەدوای باوکیدا بڕوات و، لە ناو خاکداو لە ئامێزی باوکیدا ئارام سەر بنێتەوەو، خەوێکی قوڵ ببینێت بە سەربەخۆیی و ئازادی نیشتمانەوە. 

ئەم دیمەنانە بەردەوام دەبن و نەوەکانی ئەم گەلە هیچ کات پارێزراو نابن، تا ئێمە نەبینە کیانێکی سەربەخۆ و چوار چێوەیەکی پارێزراو بۆخۆمان دانەنێین، کە ئەمەش تەنهاو تەنها بە تەبایی نێو ماڵی خۆمان و دوورکەوتنەوەمان لە نۆکەری و کۆیلەیی  وڵاتانی دەرەوەیە. 

ئێمە گەر دەمانەوێت بڕیارەکان نەبنە داخی دڵی هەموومان، دەبێت هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ پاراستنی نیشتمان و هەرێم، ئەویش بە یەکڕیزی و پێکەوە بونمان، چونکە وڵاتانی داگیرکاری دەوروبەرمان، هیچ کات سڵ ناکەن لە لەناو بردنمان، ئەوە خۆمانین دەبێت دژی داگیر کار بوەستین و بەیەک دەست و یەک زمان هاوار بکەین، ئێمە دەبێت سەربەخۆ بین، بۆ ئەوەی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە بە ئارامی بژین.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:02:26:26/08/2019



ئه‌م بابه‌ته 46 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر