میدیا وەک بەرپرسیارێتی

هاوکار عزەت میکە
ڕۆژنامەنووس
هەر لەسەرەتای دروستبوونی میدیاو ڕاگەیاندن بە هەموو شێوەو جۆر و قۆناغەکانیەوە، پێویستیەکی سەردەم بووەو هەمیشە وەک بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگە تەماشا کراوەو، پێ بەپێی هەمو گۆڕانکارییە ژیاری و پێشکەوتنەکانی پەیوەست بە ژیانی گەلانی سەر ڕووی زەوی، میدیاو ڕاگەیاندن و هۆکارەکانی هاوتەریب بەو پێشکەوتنانە بەرەو پێشچوون و گەشەکردنیان بەخۆوە بینیوە.

میدیا هەمیشە وەک چاوی ڕووداوەکان و گوێزەرەوەی ڕاستیەکان و شاهیدی شتە نەبیراوەکان ناوزەد کراوەو، ئەرکێکی گەورە لەسەر میدیا بووەو بەردەوام چاوەڕێی کاری جدی و پیشاندانی ڕووی ڕاستی بابەتەکان لە میدیا کراوە.

لەم ساڵانەی دوایدا لە سەرتاسەری جیهاندا میدیا وڕاگەیاندن بەرەو پێشچونێکی فراوانی بەخۆوە بینی و لە زۆر وڵاتدا بە دەسەڵاتی یەکەم هەژمار کرا، جیاواز لەو پێناسەیەی کە سەردەمێکی زۆر پێێ ناسرابوو کە دەسەڵاتی چوارەم بوو، چونکە میدیا بووبە داینەمۆی گۆڕانکاری سیاسیی و پێشکەوتنی بوارەکانی ژیان و، توانی جێپێی خۆی قایم بکات لە دەسەڵاتەکانی تردا بەجۆرێک هیچکام لەو دەسەڵاتانە بەبێ میدیا کارەکانیان تەواو نابن.

لە هەرێمی کوردستانیش سەردەمانێکی زۆرە میدیا و ڕاگەیاندن و هۆکارەکانی ڕاگەیاندن، بە هەموو جۆرەکانەوە کاری خۆیان دەکەن و کاریگەرییان کەم نەبووە لەسەر ڕەوتی گۆڕانکاری وڵات لە هەموو ڕووەکانەوە، هەمووان ئاشناین بەوەی کە لە سەردەمی هەموو شۆڕشەکانی کورددا، دژی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکان، میدیا ڕۆڵی خۆی گێراوەو بوەتە داینەمۆی ورەو هیواو گوڕوتین بە شۆڕشگێران و، گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری چالاکییەکانی شۆرش بۆ ناوخۆو دەرەوەی وڵات و، بەشاهیدی سەرجەم سەرکردە سەربازییەکان، بەشێکی گەورەی سەرکەوتنەکان بە میدیاو ڕاگەیاندن دەبڕێت و، دەستکەوتەکانی میدیا لەسەرکەوتنەکان کەمتر نین.

لەگەڵ پیشکەوتنەکانی کاری سیاسەت و کرانەوە بەڕوی جیهانگەرایی و شۆرشە ئەلیکترۆنیەکان و ئاسانکاری بۆ دامەزراندنی میدیای بینراوو بیستراوو چاپکراو، میدیای کوردیش هەنگاوی گەورەی هاوێشت و چەندین میدیای ناوخۆیی و جیهانی و ئاسمانی و ئەلیکترۆنی هاتنە گۆڕەپانەکەوەو، دەستیان کرد بە پەخشکردنی کارەکانیان.

حیزبەکان هەموو بوونە خاوەنی میدیاو هەر کەسەو بە ئاڕاستەی سیاسەتی خۆی میدیاکەی ئاڕاستە دەکرد، تا ئیرە ئاساییە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئاڕاستەکردنە، وردە وردە بووە مایەی ونکردنی پەیامە بنەڕەتیەکەی میدیا، کە لە بنەرەتدا میدیای بۆ دروست بووە، میدیا وەک میدیایەکی ئاڕاستەکراو کارەکانی خۆی دەکردو هەر لەگەڵ بینینی لۆگۆی دەزگا میدیاییەکان، بینەر یەکسەر دەیزانی بەکام ئاڕاستە کارەکانی دەکات و چاوەڕیی کاری جیاوازی لێ نەدەکرد، پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی لای دروست بوو بوو، چونکە هەمیشە ئەوەی لەو میدیایە بینیوە کە بیری لێدەکاتەوە.

لەگەڵ بەرەو پێشچوونی زیاتری میدیا، چەند دەزگایەکی میدیایی بەناو سەربەخۆو پیشەیی و بێلایەن دامەزران و کارەکانیان وەک لەسەرەتاوە دەردەکەوت بێلایەن بوون، بەڵام بەداخەوە هیچکامیان نەیانتوانی لە کاتە هەستیارەکاندا خۆیان لە لایەنداری و ئاڕاستە کراوی بەدوور بگرن و، ئەوانیش وەک میدیاکانی خۆیان، بوونە بەشێک لە میدیای ئاڕاستەکراو، بەڵام بە فۆرمێکی جیاواز لەوانەی پێشوو.

ئێستا هەموو حیزبەکان و سەرکردەکانی نێو حزبەکان و باڵ و لقەکانی ناو حیزبەکانیش، بگرە کاکەکان و خاتونەکان و دکتۆرەکانی نێو حیزبەکان بۆخۆیان، هەر کەسەو بوەتە خاوەنی میدیایەکی تەواو ئاڕاستەکراوو چەندین کادری میدیایی لە دەوری خۆی کۆکردۆتەووەو ئاڕاستەیان دەکات بۆ مەبەستی دیاری کراوی خۆی. کەبەداخەوە نەتوانراوە تائێستا میدیایەکی نیشتمانی دابنرێت و ببێتە بڵندگۆی هەموو هاونیشتمانیان و هەمووان خەمەکانی خۆیان لەوێوە بەدی بکەن و، بە میدیای خۆیان سەیری بکەن.

کادرانی میدیایی دەبێت بە گیانی لێپرسراوێتی و ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە لەو دەزگایانە کار بکەن و، نابێت بەتەواوی بکەونە ژێر هەژمونی ئاڕاستەکردنی خاوەن میدیاکەوە (بەڕەهایی قسەناکەین و هێشتا کەسانێکی باش ماون کەکاری میدیایان پاراستوەو نەبونەتە بەشێک لەو یارییە نادروستەی بە میدیاو میدیاکارانەوە دەکرێت)، دروستە ئەوان میدیایان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دروستکردوە، بەڵام خۆ ئەوان لەکاری میدیایی وەک میدیاکارەکان شارەزا نین، ئەوان هیچ باکیان نییە میدیاکار ڕاستدەکات لەگەڵ پەیامەکەی یان نا؟ ئەوان هیچکات دەربەستی ئەوە نین ئایا کاری ئەم میدیاکارانە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە یان نا؟ ئەسڵەن هەرکات زانیان کاری میدیاکارێکیان قسەی لەسەر دروستبووە لەسەر ناڕاستبوونی لەگەڵ پەیامەکەی، بێگوێدانە ئەوەی ئاڕاستەکردنی ئەمان بەودەردەیان بردووە، یەکسەر بێ سێ و دوو هەوڵی گۆڕینی دەدەن و دەینێرنەوە ماڵەوە.

بۆیە لەهەموو شت گرنگتر بۆ میدیاکاران ڕاستگۆیی لەگەڵ پەیامەکەیانە و دەستگرتنە بە بنەماکانی کاری ڕاگەیاندنەوە، کە ئەویش پیشەیی بوون و ڕاستگۆیی و بوێری و ئازادی ڕادەربڕینە، دەبێت میدیاکار بەو پەڕی بەرپرسیارێتیەوە بڕوانێتە ئەو پەیامەی کە هەڵی گرتووە، میدیاکار کە پیشەی میدیایی هەڵبژاردوەو خۆی بەدوور گرتووە لەکار و پیشەی تر، دەبێت پیرۆزی پیشەکەی بپارێزێت و وەک یەکێک لە پیرۆزییەکان سەیری بکات و، خەڵکی تریش لەسەر ئەوە ڕابهێنێت کە بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئەو پیشەیە بکەن.

جێگەی داخە کە ئیستا لە هەرێمی کردستان پیشەی میدیاکار بەجۆرێک سەیر دەکرێت کە هیچ ڕێزو خۆشەویستیەکی بۆ نەماوەتەوە، بەتایبەت لای بەرپرسان و سەرمایەدارەکان، کە ئەمەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک لە میدیاکارەکان خۆیان و، ئەو بەرپرس و دەسەڵاتدارانە هەمیشە لە هەوڵی دەمکوتکردنی میدیاو میدایکاراندان و لەهەوڵی کڕین و بە کۆیلە کردنیاندان و زۆربەی کاتیش لە گفتوگۆی ناوخۆیی ودەرەکی و هەندێک جار لە کۆڕو پانێڵ و کۆنفرانسەکانیشدا، هێرشی نارەوا دەکەنە سەر میدیا و میدیاکار و بە بەکرێگرتەو کۆیلە و پولەکی ناویان دەبەن، کەئەم جۆرە بۆچونەش میدیا کاران خۆی ن لێی بەرپرسن، (لەگەڵ ڕێزو پێزانینم بۆ ئەو میدیاکارانەی خۆیان بەدوور گرتوە لەم پرۆسەیە).

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



AM:11:07:11/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 347 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر