کوردستان لەنێوان دوو ئاگردا

ئازاد وەڵەد بەگى
نووسەر
لەم چەند ساڵەی دوایی و بە تایبەتیتر لە دوای قووڵبوونەوەی ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران، پاش کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس، هەست دەکرێت کە هەرێمی کوردستان بەردەوام لەژێر گوشاری هەردوو وڵاتدایە. ناوچەکە ئەمڕۆ ئاوسە بە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی کارەساتبار و ماڵوێرانکەر لەنێوان هەردوو جەمسەری ململانێکە و هەرێمی کوردستان بە حوکمی پێگەی جیۆپۆلیتیکی خۆی بۆ هەردوو لایەن گرنگە. هەم ئەمریکا و هەم ئێران، دەیانەوێ لەم دۆخە دژوارەدا هەرێمی کوردستان بۆ لای خۆیان پەلکێش بکەن و سوود لە پوتانسیلەکانی هەرێم وەربگرن بۆ لاوازکردن و لێدانی پێگەی بەرامبەرەکەیان. هەربۆیە، بەردەوامیی ئەم دۆخە ململانێ ئامیزە وادەکات هەردوولا گوشارەکان لەسەر هەرێم زیاتر بکەن بۆ خۆیەکلاییکردنەوەی لەنێوان زلهێزی نێودەوڵەتی کە ئەمەریکایە و هێزی هەرێمیی کە ئێرانە. واتە هەرێمی کوردستان لەنێوان دوو ئاگردا گیری خواردووە.

هەرێمی کوردستان دۆستایەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریکا هەیە و ئەو دەوڵەتە خۆی بە ئەندازیاری دروستبوون و پاراستنی ئەم هەرێمە لە سێ دەیەی ڕابردوو دەزانێ. هەرچەندە پاش ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦/ئۆکتۆبەری/٢٠١٧ و پاڵپشتیی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمەریکا بۆ حکومەتی عێراق و هاتنەوەی هێزەکانی عێراقی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، لەناو خەلك و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستاندا گرێیەکی سایکۆلۆژیی بەناوی گرێی ئۆکتۆبەر بەرامبەر بە ئەمەریکا دروستبووە، کە جارێکیتر بووە هۆی بێمتمانەیی کورد بەرامبەر بەو وڵاتە، بەڵام بەم حاڵەش کورد ناچارە لەم دۆخەدا بەسەر ئەو گرێیەدا باز بدات و ئەمە نەکاتە گرفت لەبەردەم بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی کوردستان. باڵادەستیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق بە تایبەتی و، ڕۆڵی ئەم وڵاتە لە هاوکێشە سیاسی-سەربازییەکانی ناوچەکە و بوونی ئابوورییەکی بەهێز و ڕۆڵیان لە پاراستنی و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان لە سێ دەیەی ڕابردوو و هتد، وایانکردووە، کە هەرێمی کوردستان ناتوانێ ڕۆڵ و پێگەی ئەمەریکا لە ناوچەکە پشتگوێ بخات. 

لە لایەکی ترەوە، هەرێمی کوردستان بە حوکمی جوگرافیا و پەیوەندییە سیاسی، ئابووریی و کەلتوورییەکانی لەگەڵ ئێران و دەستڕۆیی ئێران لە کاروباری عێراق و کاریگەریی لەسەر هاوکێشە سیاسی-سەربازییەکانی عێراق و ناوچەکە، ناچارە لەگەڵ ئەو دەوڵەتەش مامەڵە بکات. ئێران دەیەوێت هێزەکانی ئەمەریکا نەک هەر لە عێراق، بەڵکوو لە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربکات، چونکە ئەو وڵاتە بە بەربەست دەزانێ لە بەرامبەر هەژموونی فراوانخوازیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. لە بەرامبەریشدا ئەمەریکا، ئێران بە گرفت و بەربەست دەزانێ لەبەردەم سیاسەت و ستراتیژەکانی ئەو وڵاتە و بە مەترسی و هەڕەشەیەکی هەمیشەیی لە قەڵەمدەدات لەبەردەم ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا. ئەمەریکا وایدەبینێ بە سیاسەتی زێدەخوازانەی ئێران ڕٶژهەڵاتی ناوەڕاست چیدیکە شوێنێکی ئارام نیە بۆ ئەمەریکییەکان.

کوردستان ئێستا لە دۆخێکدایە کە ئەگەری جەنگێکی نەخوازراو بەردەرگای پێگرتووە، جەنگێک کە لە ئاست توانا سیاسی، سەربازیی و ئابوورییەکانی هەرێمدا نیە و هەر جۆرە خۆتێهەڵقورتانێک لەم جەنگە زیانی ماڵوێرانکەری بۆ کوردستان بە دواوە دەبێت. ئاخۆ لە هەلومەرجێکی وەهادا هەرێمی کوردستان چی بکات باشە؟ بە شێوەیەکی گشتی، دەتوانین بێژین خۆساغکردنەوەی هەرێم بۆ هەر یەک لە لایەنەکانی کێشەکە دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێم بکەوێتە ناو گێژاوێکەوە کە دەربازبوونی ئەستەم و دژوار دەبێت، هەربۆیە دەبینین بەرپرسانی هەرێمیش بەوپەڕی وشیاریی و بە پارێزەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن و نایانەویت بە هیچ جۆرێک خۆیان بکەنە لایەن لە کێشەیەکدا کە لە بنەڕەتدا هی ئەوان نیە. بەدەر لەمەش، وا باشە کوردستان هەوڵ بدات لە ڕێگەی بەفنلەندیزەکردنی سیاسەتی خۆی ڕۆڵێکی ئاشتیپارێزانە بگرێتەبەر بەرامبەر بە لایەنەکانی کێشەکە، کە ئەمەش وادەکات سەنگ و پێگەی هەرێـمی کوردستان بەهێزتر و قورستر ببێت و سەرنج و متمانەی هەر دوو لایەنی ململانێکە بەرەو لای خۆی ڕابکێشێت. 

هەروەک بینیمان، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئێران، ئەو وڵاتەش لە وەڵامدا مووشکی ئاراستەی بنکەکانی ئەمەریکا کرد لە هەرێمی کوردستان و بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، هەربۆیە وا پێویستە کورد بەگرتنەبەری سیاسەتی بێلایەنی، دیالۆگ لەگەڵ هەردوولادا بکات بۆ ئەوەی تێگەیشتنیان بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان هەبێت. مەرج نیە ئەو دوو وڵاتەش بە شێوەیەکی وا گوشار لەسەر هەرێم دروست بکەن کە ناچاری بکەن خۆی لەگەڵ لایەنێک ساغ بکاتەوە. پێموایە ڕاگرتنی دۆخی بێلایەنی لەم هەلومەرجەدا نەک هەر بە سوودی هەرێمی کوردستانە، بەڵکوو لە قازانجی ئێران و ئەمەریکاشە، کە کوردستان بێلایەن بمێنێتەوە، نەک لایەنگیریی بۆ یەک لە لایەنەکانی کێشەکە بکات. لە دۆخی ئێستادا وا باشە هەرێمی کوردستان باڵانس لە پەیوەندییەکانی خۆیدا ڕابگرێت سەبارەت بە هەر دوو لایەنی کێشەکە و وەک دەڵێن دارەکە لە ناوەڕاستەوە بگرێت و لە ئەگەری هەر جۆرە گۆڕانێک لە دۆخەکە و تێکچوونی باڵانسی هێز و هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەپێی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان  تاکتیک و ستراتیژی خۆی بگۆڕێت. بێگومان یەکدەنگیی و هاوڕایی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە دۆخێکی لەم جۆرەدا ئەگەر و زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە، کە نابێ هەرێمی کوردستان لێی خافڵ بێت. 
ئەم وتارە گوزارشت لەڕای نوسەر دەكات

PM:03:44:11/01/2020



ئه‌م بابه‌ته 186 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر