چەند سەرنجێک لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان

ئازاد وەڵەد بەگى
نووسەر

بەپێی بەندی ١٣/بڕگەی یەکەم لە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠١٨ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ١/٤/٢٠٢٠ ئەنجام دەدرێ. ئەوەی لەم نێوانەدا بۆ کورد گرنگە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەو ئەنجومەنانەیە لە ناوچە جێناکۆکەکان کە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین دەگرێتەوە.

دەکرێ بە گرنگییەوە سەیری هەڵبژاردنی ئەم ئەنجومەنەش بکەین لە پارێزگاکانی بەغدا و واست بەو پێیەی بەپێی بەندی ١٥/بڕگەی یەکەم کوردی فەیلی دوو کورسی کۆتای لەم دوو پارێزگایە هەیە، بەدەر لەمەش ئەم دوو پارێزگەیەش دانیشتووانی کوردی بەرچاوی لێیە، کە لایەنە کوردییەکان دەتوانن ئەم دەرفەتەش بە کار بهێنن بۆ وەدەستهێنانی کورسی لەو پارێزگایانە.

سەبارەت بە پارێزگای کەرکووک لەبەر هەستیاریی دۆخی ئەم پارێزگایە، هەتا ئێستا تەنیا یەک هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دراوە و هەر لەبەر ئەمەشە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان یاسای ژمارە (١٢) ساڵی ٢٠١٨ بەشی شەشەم و بەندی (٣٥)ی تەرخان کردووە بۆ پارێزگای کەرکووک.


لە بەندی ٣٥/ بڕگەی (١) دەڵێت کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ، بازرگانی، پلاندانان و تەندروستی هەڵدەسێت بە دانانی لیژنەیەک بۆ وردبینیکردن لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووک بەر لە هەڵبژاردن. هەروا لە بڕگەی (٣) هەمان بەند ئەنجومەنی پارێزگای هەڵبژێردراو دەسەڵاتی پێدەدرێ بە دابەشکردنی پۆستە باڵاکان بەدەر لە پۆستە فیدراڵییەکان و تێیدا لەپێشتریی بۆ ڕۆڵەکانی ئەو پارێزگایە دەبێت و دەبێ گەرەنتی نوێنەرایەتی پێکهاتەکان بکرێت. لە بڕگەی (٤) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی لۆکاڵی هیچ ڕێکارێکی کارگێڕیی و یاسایی لەسەر بنیات نانرێت کە پەیوەندیی بە داهاتووی پارێزگای کەرکووکەوە هەبێت.

هەروا لە بەندی (٩)ی هەموارەکە ڕێژەی سانت لیگۆی لە ١.٧ زیاد کردووە بۆ ١.٩، کە ئەمەش وا دەکات چانسی لیستە بچووکەکان بۆ سەرکەوتن کەمتر بکاتەوە و لە بەرامبەردا چانسی لیستە گەورەکان زیاتر دەکات.

لە بەندی (١٦)ی هەمواری یاساکەدا باس لەوە دەکات، کە ئاوارە وکۆچبەران ناوەندی هەڵبژاردنیان بۆ دیاری دەکرێت لە بازنەکانی هەڵبژاردنی خۆیان لە شارە ئازادکراوەکان لە ڕێگەی کارتی دەنگدانەوە. واتە دەبێ دانیشتووانی ئەو ناوچانە کە ئاوارەن ولە دەرەوەی پارێزگاکانی خۆیان دەژین بۆ دەنگدان بچنەوە بۆ بازنەی هەڵبژاردنی خۆیان.

بە سەرنجدان بەو خاڵانەی کە لە دەقی یاسای ژمارە (١٢) ساڵی ٢٠١٨ و یاسای هەمواری یەکەمی یاساکە لە ساڵی ٢٠١٩ دا هاتووە و هەروا ئەو دۆخە نالەبارەی کە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا هەیە، دەکرێ چەند تێبینی و سەرنجێک لەسەر ئەم بابەتە بخەینە ڕوو بەم جۆرەی خوارەوە:

١) بە سەرنجدان بە باڵادەستی سیاسی-سەربازیی لایەنی عەرەبی لە ناوچە جێناکۆکەکان و هاتنی بە لێشاوی عەرەب بۆ ئەو ناوچانە و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری کوردانی دانیشتووی ناوچە جێناکۆکەکان بە تایبەت لە کەرکووک، واپێدەچێت هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە نیسانی ٢٠١٩ بۆمبێکی کاتبەندییکراو بێت بۆ کورد لەو ناوچانە، هەربۆیە دەبێت لایەنە کوردییەکان زۆر بە وردیی دیراسەی ئەم بابەتە بکەن و لە ئەگەری زیانمەندبوونی کورد لەم هەڵبژاردنە بڕیارێکی یەکگرتووانە بدەن لەسەر بەشدارییکردن یا بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەسەرجەم پارێزگاکانی ناوچە جێناکۆکەکان.

٢) بابەتی هەڵبژاردن لە ناوچە جێناکۆکەکان و چارەنووسی ئەو ناوچانە بخرێتە دەرەوەی ململانێ حیزبی و سیاسییەکانی لایەنە کوردستانییەکان و کارکردنی پێکەوەیی کورد لەو ناچانە بکرێتە ستراتیژێکی چەسپاو و نەگۆڕ.

٣) هەرچەندە لە بەندی (٣٥) یاساکەدا ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە هیچ ڕێکارێکی کارگێڕیی و یاسایی لەسەر بنیات نانرێت کە پەیوەندیی بە داهاتووی پارێزگای کەرکووکەوە هەبێت، بەڵام ئەزموون ئەوەی پیشانداوە زۆرجار ئەوەی لە یاساکاندا دەنووسرێن لە پراکتیکدا جێبەجێ ناکرێن و، کورد نابێت بە بوونی بەندێکی وەها خۆش خەیاڵانە و ساویلکانە بۆ بابەتەکە بڕوانێت. جگە لەوەش ئەگەر کورد لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ببێتە کەمینە، ئەوا بێگومان ڕۆڵی لە بڕیاردان و بەڕێوەبردن و ئایندەی پارێزگاکە لاواز دەبێت و لایەنە بەرامبەرەکان ئەنجومەنی پارێزگا وەک چەکێکی بەهێز بە کار دەهێنن بۆ جێبەجێکردنی مەرامەکانیان.

٤) کورد دەبێ لە ئەگەری بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان بە لیستێکی یەکگرتوو لە ناوچە جێناکۆکەکان بەشداری بکات، چونکە بە بوونی ڕێژەی ١.٩ سانت لیگۆ، دابەشبوونی لیستە کوردییەکان دەبێتە هۆی لەدەستچوونی ڕێژەیەکی زۆری دەنگەکان، هەربۆیە هەر بەشدارییەکی بە جیای لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی ئەوا ناوچانە دەرەنجامی زۆر نەرێنی بە دواوە دەبێت.

٥) ئاوارەبوونی ڕێژەیەکی زۆری کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان کە بەشێکیان هێشتا لە کەمپەکاندان و بەپێی دوا هەمواری یاساکە دەبێ لە بازنەکانی خۆیان دەنگ بدەن، ئەگەر نەتوانن بچنەوە یا نەیانەوێت لەبەر هەر هۆکارێک بچنەوە بۆ بازنەکانی دەنگدانی خۆیان، ئەوا دەتوانێ زیانێکی زۆر بە دەنگەکانی کورد بگەینێت لە هەر چوار پارێزگای جێناکۆک (کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین و دیالە). ئەمەش بۆمبێکی کاتبەندیکراوە لەبەردەم کورد کە دەبێ زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.


٥) گرنگی بە پێکهاتەکانی دیکە بدرێت لە ناوچە جێناکۆکەکان بە تایبەت کورسی کۆتاکان کە لە نەینەوا سێ کورسییە بۆ مەسیحی، ئێزیدی و شەبەک و یەک کورسییە بۆ مەسیحی لە کەرکووک و ٢ کورسی بۆ کوردانی فەیلی لە پارێزگاکانی بەغدا و واست. دەکرێ کورد جۆرێک لە هاوپەیمانی و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو پێکهاتانەدا بکات لەو ناوچانە، بە تایبەت کە لەم گەڕەی هەڵبژاردن ژمارەی نوێنەری پارێزگاکان کەمکراوەتەوە و زۆرجار یەک کورسی دەتوانێ ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە یەکلاییکردنەوەی بابەتەکان.

٦) کورد ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی ناوچە جێناکۆکەکان بکاتە مەرجێک بۆ بەشدارییکردن لە هەڵبژاردن لەو ناوچانە و کاری بۆ بکات.

٧) بەپێی بەندی (٤) لە هەمواری یاساکە ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێ بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان دوا بخات، هەروا دەکرێ دواخستنەکە لە پارێزگایەک یا زیاتر بێت. دەکرێ ئەم بابەتەش وەک دواچەک بەکار بێت و لە ئەگەری لەبەرچاونەگرتنی داواکارییەکانی کورد لەو ناوچانە و ئاسایینەکردنەوەی ئەو ناوچانە و زیانمەندبوونی کورد لە بەشداری لە هەڵبژاردن، کار بکرێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک.

ئەم وتارە گوزارشت لەڕای نوسەر دەكات

 


PM:06:40:01/10/2019



ئه‌م بابه‌ته 163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر