ئایا فەرەنسا سەهۆڵی پەیوەندییەکانی ئێران-ئەمریکا دەتوێنێتەوە

ئازاد وەڵەد بەگى
نووسەر
ڕۆژی ٢٠١٩/٨/٢٥ (محەممەد جەوادی زەریف) وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی لە ناکاو گەیشتە شاری بیاریتز لە فەرەنسا، کە شوێنی دانیشتنی سەرانی گرووپی جی ٧ بوو.

بە وتەی (مووسەوی) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتی (لۆدریان) وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بووە. لەم سەردانەدا (زەریف) چاوی بە سەرۆک (ماکرۆن) و وەزیرانی دەرەوە و دارایی فەرەنسا کەوتووە.

لە دانیشتنی ڕۆژی پێشتری سەرانی جی ٧، (ماکرۆن) ڕەزامەندی سەرانی ئەو گرووپەی وەرگرتووە بۆ ناردنی پەیامێک بۆ ئێران. (ماکرۆن) لە ئاخاوتنێکدا لەم بارەیەوە وتی کە سەرانی جی ٧ ڕەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ناردنی پەیام و ئەنجامدانی کاری هاوبەش، بەڵام ئەمە بە واتای پێسپاردنی ئەرکێکی نوێ نییە بە ئەو.

(ماکرۆن) هەروا وتی ئەندامانی جی ٧ لەسەر دوو شت هاوڕان: نایانەوێت ئێران ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی و، هەروا خوازیاری ئاشتی و سەقامگیرین لە ناوچەکە. هەربۆیە ئەم سەردانە لە ناکاوەی (زەریف) بۆ شوێنی کۆبوونەوەی سەرانی جی٧، ئەو گومانە دروست دەکات، کە فەرەنسا لە ناوبژێوانییەکەی لەنێوان ئێران و ئەمریکا هەنگاوێک چووبێتە پێشەوە و، ئەگەری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان هەر دوو لا لە ئارادایە.

ئەم سەردانەی (زەریف) ٤٨ کاتژمێر پاش سەردانی پێشووتری ناوبراو بۆ پاریس هاتەئاراوە، کە ئەمەش بۆ خۆی دەتوانێت نیشانەی ئەوە بێت کە پەیامێکی نوێ و گۆڕانێکی تازە لە دۆسیەی ئێران-ئەمریکا لە ئارادایە، هەربۆیە (زەریف) بە پەلە خۆی گەیاندووەتە (بیاریتز).

بەپێی قسەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەم دیدارە بۆ ڕاوێژکردنە دەربارەی دەستپێشخەرییەکانی ئەم دواییەی سەرۆککۆمارەکانی فەرەنسا و ئێران، بەڵام هیچ دیدارێک لەگەڵ ئەمریکییەکان ئەنجام نادرێت.

(زەریف) لە تویتێکدا لەمەڕ ئەم دیدارە نووسیویەتی: "
دیپلۆماسی چالاکانەی ئێران بۆ گەیشتن بە هەڵسوکەوتێکی سازێنەر بەردەوام دەبێت. لە پەراوێزی دیداری گرووپی جی٧، پاش گفوگۆیەکی تێروتەسەل لەگەڵ (لۆدریان) و وەزیری دارایی فەرەنسا، لەگەڵ (ئیمانۆیل ماکرۆن)یش دیدارم کرد و پاشان دانیشتنێکی لێکگەیشتنی هاوبەشمان لەگەڵ بریتانیا و فەرەنسا ئەنجامدا. ڕێگایەکی سەختمان لە پێشە، بەڵام دەهێنێت تاقی بکەینەوە".

لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٩ (لۆدریان) وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و، (هایکۆماس) وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ڕایانگەیاند کە پاریس و بەرلین هەوڵەکانی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران.

لەو کاتەوە فەرەنسا هەوڵەکانی خۆی دەست پێکرد و چەندین پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان (ماکرۆن و ڕۆحانی) هاتەئاراوە، کە تێیدا کۆمەڵێک پێشنیار گفتوگۆی لەسەر کراوە، پاشان (زەریف)یش سەردانێکی پاریسی کرد.

ئەم هەوڵانەی فەرەنسا سەرەتا جێی ڕەزامەندیی ئەمریکییەکان نەبوو و، کاردانەوەی نەرێنی ئەمریکای بە دواوە بوو و (ترامپ) وتی: "
کەس ناتوانێت بە نوێنەرایەتی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا گفتوگۆ بکات." ئەم هەڵوێستەی (ترامپ) وەڵامدانەوەی (لۆدریان)ی بە دواوە بوو و وتی: "دەربارەی بابەتی ئێران، فەرەنسا بە شیوەی سەربەخۆ هەڵویستی خۆی دەردەبڕێت. ئەم وڵاتە بە جیدی بۆ ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و ڕەواندنەوەی گرژییەکان کار دەکات و بۆ کرداری لەو جۆرە پێویستی بە مۆڵەتی کەس نییە."

هەرچەندە هەتا ئێستا هیچ وردەکارییەکی ئەم پێشنیارانە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پێدەچێت ئامانجی فەرەنسا لەم قۆناغە، کەمکردنەوەی گرژییەکان بێت و وەک (ماکرۆن) وتی ئامادەسازیی دەکرێت کە لە چەند هەفتەی داهاتوو دیدارێک لەنێوان (ترامپ و ڕۆحانی) ئەنجام بدرێت، کە پێشبینی دەکرێت لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بێت لە نیۆیۆرک، کە هەموو ساڵێک لە مانگی ئەیلوول دەبەسترێت.

(حەسەن ڕۆحانى)ش لە وتەیەکیدا لە ٢٠١٩/٨/٢٦، وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی قورسی ئابووری و سزاکان لەسەر ئێران وتی: "
حکومەت بۆ چارەسەری کێشەکان هەموو هەوڵێک دەدات و لەو باوەڕەدام بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتنی وڵات دەبێت کەڵک لە هەموو ئامڕازێک وەربگرین. ئەگەر من بزانم لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کەسێک دیدار بکەم کێشەی وڵاتەکەم چارەسەر دەبێت درێخی ناکەم، چونکە ئامانج بەرژەوەندی نیشتمانی وڵاتە.

ئەم قسانەی (رۆحانی) دەکرێت بە ئامادەیی ئێران بۆ گفتوگۆ لەگەڵ (ترامپ) لێک بدرێتەوە، چونکە ئەم قسانە ڕۆژێک دوای سەردانەکەی (زەریف) بۆ (بیاریتز) و قسەکانی (ماکرۆن) دێت بۆ ئەگەری دیداری نێوان (ترامپ-ڕۆحانی) لە چەند هەفتەی داهاتوو.

هەروا (ترامپ)یش لە پرس کۆنفرانسێکی لەگەڵ (ماکرۆن) وتی پێشوازی لەم پێشنیارەی (ماکرۆن) دەکات لە چەند هەفتەی داهاتوو ئەگەر هەلومەرجەکە لەبار بێت.

پێدەچێت پێشنیارەکانی فەرەنسا سەرەتایەک بێت بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئێران وئەمریکا کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەهەندی نوێ بە خۆیەوە دەگرێت و، بە جۆرێک لە جۆرەکان جەنگی بە نوێنەرایەتی نێوان هەر دوو لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و ئەمریکا دەستی پێکردووە.

لەوانەیە ئامانجی ئێران لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا، درووستکردنی کەلێنێک بێت لە دیواری سزا نەوتی و داراییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو وڵاتە و لە هەمانکاتدا، وەدەستهێنانی هەلێک بێت بۆ هەناسەدانێکی ئابووریی بۆ ئەوەی ملکەچی گوشارەکانی ئەمریکا نەبێت.

هەروا ئامانجی ئەمریکییەکانیش لە دانانی سزاکان لەسەر ئێران لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە، کە ئێران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ ڕابکێشێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵدا بکات لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و مووشکی و سیاسەتی هەرێمیی ئێران بەو جۆرەی کە جێی ڕەزامەندیی ئەمریکا بێت.

بەڵام لە گۆڕانێکی دراماتیکی هەر ڕۆژێک پاش وتەکانی پیشووتری لە ٢٠١٩/٨/٢٧، (ڕۆحانی) لە ئاخاوتنێکی تر کە تەواو پێچەوانەی قسەکانی ڕۆژی ٢٠١٩/٨/٢٦ بوو وتی، مەرجی ئێران بۆ گفتوگۆ هەڵگرتنی سزاکانە لەسەر ئێران و هەرجۆرە گۆڕانێک لە ڕەفتاری ئێمە لە تەوبەی ئەوانەوە دەستپیدەکات.

هەروا (زەریف)یش لە وتەیەکیدا لە پەکین، پایتەختی چین وتی، کە دیداری (ڕۆحانی و ترامپ) شیاوی وێناکردن نییە. هێشتا بەرپرسانی ئەمریکی و فەرەنسی هیچ قسەیەکیان لەسەر ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئێران نەکردووە.

لە کۆماری ئیسلامی هەر جۆرە گفتوگۆ و دانیشتنێک لەگەڵ ئەمریکا پێویستی بە ڕەزامەندی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەیە، کە ئەویش لە یەکساڵی ڕابردوو دژی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا قسەی کردووە و بە ژەهر ناوی بردووە و دانیشتن لەگەڵ (ترامپ)یشی بە دووجاران ژەهر ناوزەد کردووە.

پێدەچێت ئەم هەڵوێست گۆڕینە لە ناکاوەی (ڕۆحانی) نیشانەی ئەوە بێت کە ناوەندی سەرەکی بڕیار لە ئێران، ناڕازیی بێت بە ئەنجامدانی دیداری (ڕۆحانی-ترامپ). 

بە سەرنجدان لە دۆخی پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و هەوڵەکانی (ترامپ) بۆ پاراستنی ئاستی خۆشەویستی خۆی، ئەستەم دەنوێنێت ناوبراو بە ئاسانی پاشەکشە لە هەڵوێستەکانی پێشووتری خۆی بکات، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەبێت. 

هەروا پەرەسەندنی بارگرژییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ درووستکردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی کەنداو و گەرووی هورمز و هەڵوێستی نەرێنی و نوێی ئێران دەربارەی گفتوگۆ (ئەگەر گۆڕانی بەسەردا نەیەت)، چاوەڕێ ناکرێت لە کورتخایەندا کە ئەم هەوڵەی فەرەنسا ببێتە هۆی تواندنەوەی سەهۆڵی پەیوەندییەکانی نێوان (ئێران-ئەمریکا).

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.
    


PM:11:09:27/08/2019



ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر