پەیوەندییەکانی هەولێر-بەغدا؛ داڕشتنەوەی ستراتیژێکی نوێ

ئازاد وەڵەد بەگى
نووسەر
بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو لەوەتی دەوڵەتی عێراق دروستبووە، پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ بەغدا بە کۆمەڵێک قۆناغی پڕ لە ھەوراز و نشێودا تێپەڕیوە. بە حوکمی ئەوەی بەر لە بە پایتەخت بوونی بەغدا لەسەردەمی مەنسووری عەباسی، بەغدا گوندێکی کوردە فەیلییەکان بووە، ھەربۆیە ھەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم شارەوە کورد ئامادەیی و تەنانەت باڵادەستی ئابووریی ھەبووە لەم شارەدا، ھەر ئەمەش بوو وایکرد کە ڕژێمی بەعس لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ھەوڵ بدات کە کۆتایی بەم باڵادەستییە ئابوورییەی کورد بھێنێت لە بەغدا و سیاسەتی کۆچی زۆرەملێی کوردانی فەیلی لە بەغدا گرتەبەر و دەستی بەسەر بەشێکی بەرچاوی ماڵ و موڵکی کوردانی فەیلیدا گرت. لەم ڕوانگەیەوە، دەتوانین بڵێین کورد نەک ھەر نامۆ نییە بە بەغدا، بەڵکوو ڕەگوڕیشەی مێژوویی لەم شارەدا ھەیە و دەبێت لەوێ خۆی بە خاوەن ماڵ بزانێت. ھەربۆیە، بەغدا ھەموو کات قووڵاییەکی ستراتیژیی و تەنانەت نەتەوەیی ھەبووە بۆ کورد بە تایبەت لە مێژووی ھاوچەرخ، کە کورد ھەمیشە ئامادەییەکی سیاسی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی بەرچاوی ھەبووە لە بەغدا.

ئەگەر ھەڵسەنگاندنێکی ھەڵوێست و سیاسەتەکانی بەغداش بکەین لەگەڵ پایتەختە ھاوشیوە ھەرێمییەکانی وەک ئەنقەرە، تاران و دیمەشق ھیچ کات بەغدا سیاسەتی نکووڵیکردن یا پەراوێزخستنی یەکجارەکیی کوردی پەیڕەو نەکردووە، بەڵکوو ئەگەر بە شێوەیەکی ڕواڵەتیش بووبێت، تەنانەت لە سەردەمی بەعسیش کە تاریکترین سەردەمی کورد بووە لە عێراقدا، ھەموو کات کۆمەڵێک بەرپرس و وەزیری بە ڕەچەڵەک کورد لە ناو سیستەمی حوکمڕانی لە بەغدا بوونیان ھەبووە. جگە لەمەش، بە حوکمی ئەوەی ھەر لە سەرەتای دروسبوونی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ دانپێدانانی کۆمەڵەی گەلان بەم دەوڵەتە نوێیە بەسترابووەوە بە ڕێزگرتن لە مافی کەمینەکان و لەوانەش کورد، ھەربۆیە ھەموو کات کورد وەک پێکھاتەیەکی سەرەکی لە عێراق دانیپێدانراوە، کە ئەم تێگەیشتنە دواتر لە دەستوور و یاساکانی عێراقیشدا ڕەنگیداوەتەوە وەک ئەوەی لە بەندی (٣) لە دەستووری کاتی ساڵی ١٩٥٨دا دەیبینین کە دەڵێت: "یقوم الکیان العراقی علی أساس من التعاون بین المواطنین کافة باحترام حقوقھم وصیانة حریاتھم ویعتبر العرب والأکراد شرکاء فی ھذا الوطن ویقر ھذا الدستور حقوقھم القومیة ضمن الوحدة العراقیة". لەمەوە بیگرە، ھەتا دەگاتە ڕێکەوتنی ١١ ئازاری ساڵی ١٩٧٠ و یاسای ئۆتۆنۆمی ناوچەی کوردستان ژمارە (٣٣) ساڵی ١٩٧٤ و دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ کە لەسەر بنەمای فیدراڵیزم بەشێکی گرنگ لە مافەکانی گەلی کوردی تێدا چەسپاوە. ھەرچەندە، دەستووری عێراقی لووتکە ئاوات و ئامانجەکانی گەلی کورد نییە، بەڵام دەکرێت وەک سەکۆیەکی گرنگ بۆ بەھێزکردنی ھەرێمی کوردستان کەڵکی لێوەربگیرێت.

لە دۆخی پۆست ڕیفراندۆم، کە بە داخەوە گەلی کوردستان نەیتوانی بگاتە ئامانجی مێژوویی و ڕەوای خۆی، دۆخێکی نوێ ھاتەئاراوە کە جەمسەر بەندییە ھەرێمییەکان تەنانەت ھەوڵی لەناوبردنی ھەرێمی کوردستانیاندا و بۆ ئەم مەبەستە بەغدایان کردە کارتێک دژ بە ھەرێمی کوردستان. لە دۆخێکی وەھادا، کە ھەرێمی کوردستان ناچارە لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە، ئەمەش وا دەخوازێت کە ھەرێمی کوردستان بە تێڕوانینێکی پراگماتیانە بەکەڵک وەرگرتن لە توانا و وزەمانەتە(پوتانسیل) سیاسی، یاسایی، سەربازیی و ئابوورییەکانی خۆی ستراتیژ و پلانێکی تۆکمەی نوی دابڕێژێت بۆ چۆنێتی ھەڵسوکەوت لەگەڵ بەغدا وەک شەریکێکی ستراتیژیی و پێگەی ھەرێمی کوردستانی پێ بەھێز بکاتەوە، نەک سیاسەتێکی پاسیڤی وا بگرێتەبەر کە گۆڕەپانەکە بۆ نەیارانی خۆی چۆڵ بکات و ئەوان بەغدا وەک کارتێک دژ بە ھەرێمی کوردستان بە کار بھێنن. ھەر لەم سۆنگەیەوە و ھەستکردن بەم دۆخە و گرنگی بەغدا بۆ ھەرێمی کوردستان، حکومەتی ھەرێم لە کابینەی نوێ بە تەمایە دامەزراوەیەکی تایبەت بۆ پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا دابمەزرێنێت. ھەروا سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش پاش سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی یەکەمین دیداری فەرمی خۆی لە ٢٠١٩/٦/٢٠ بۆ بەغدا ئەنجامدا، کە ئەمەش نیشانەی گرنگیدانە بە بەغدا لە چوار ساڵی داھاتوو.      
بەدەر لەمانەش، بوونی سەرۆککۆمارێکی کورد وەک د.بەرھەم ساڵح لە بەغدا و ھەروا بوونی سەرۆک وەزیران و سەرۆک پەرلەمانێکی وەک عەبدولمەھدی و حەلبووسی کە تێگەیشتێکی باشیان بەرامبەر بە کورد ھەیە، دەرفەتێکی زیڕێنە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەولێر-بەغدا بەپێی بنەما دەستوورییەکان و ڕێزگرتن لە ماف و پابەندییەکانی ھەر دوولا، کە ئەمەش دەتوانێت فاکتەرێکی پاڵپشت و یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان سوور بێت لەسەر داڕشتنی سیاسەت و پلانێکی ستراتیژیی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و لە بری ھەڕەشە بەغدا بکاتە دەرفەت بۆ بەھێزکردن و گەشەپیدانی ھەرێمی کوردستان.

ھەربۆیە، لە ھەلومەرجێکی وەھادا، وا باشە ھەرێمی کوردستان پلانێکی ستراتیژیی درێژخایەن و کورتخایەن دابڕێژێت بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی ھەولێر-بەغدا و ئەم دۆسیەیە بداتە دەست کەسانی شارەزا و لێھاتوو، کە بە توێژینەوەی ورد و ھەمەلایەنە بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان ئەم دۆسیەیە بەڕێوەببەن.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



PM:06:40:21/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 219 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر