یەکپارچەیی خاکی ھەرێمی کوردستان وەک ھێڵی سوور

ئازاد وەڵەد بەگى
نووسەر
ئەگەر سەرنجێکی میژووی ھاوچەرخی کوردستان بدەین، دەبینین بەشێکی زۆری ئەم مێژووە، ھەر لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە تاکوو ئەمڕۆ بە جەنگ و ململانێ و پەرتەوازەیی بارگاویی بووە. ھەرچەندە سروشتی کاری سیاسی بە گشتی بێ ململانێ نییە، بەڵام ململانێکان ھەمیشە دەبێ بە بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانیی و ستراتیژییەکان کۆتبەند بکرێن و، نەگاتە ئەو ئاستەی کە دوو لایەنی سیاسی لە پێناو ململانێی کەسی یا حیزبی خاکی نیشتمانێک بەرەو دابەشکردن ببن. 

بە داخەوە، لە چەندین ساڵی ڕابردوو، قۆناغێکی نوێی ململانێی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر بابەتی سەرۆکایەتی ھەرێم دەستی پێکرد، کە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر پرۆسەی ڕیفراندۆم و پاشتریش ڕووداوەکانی ١٦ى ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دانا.

کێشەکە ھەر بەوەندەش کۆتایی نەھات و، ئەم زنجیرە پەرتەوازەییە ڕەھەندی نوێی بە خۆیەوە گرت و لە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دانانی پارێزگاری کەرکووک و پڕکردنەوەی پۆستەکانی بەغدا بەردەوام بوو و تا دێت قووڵتر دەبێتەوە.

ئێستا جۆرێک لە ململانێ و پەرتەوازەیی نالۆژیکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بە تایبەتی تر لە نێوان پارتی و یەکێتیی ھاتۆتەئاراوە، کە بەدەر لە یاریکردنی ڕۆژانەیی بە باری سایکۆلۆژیی ھاووڵاتیان، گەیشتووەتە ئاستێک کە ھەڕەشە لە یەکپارچەیی قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکات.

دۆخەکە بە جۆرێکە ئیستا بێ شەرم و شکۆ و بە ڕووھەڵماڵاویی باس لە دوو ئیدارەیی و دابەشکردنی خاکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، وەک ئەوەی ئەم نیشتمانە موڵکی تایبەتی چەند کەسێک بێت و چۆن ئارەزوویان لێبێت مامەڵەی پێوە بکەن. 

ھەرچەندە لە چەندین ساڵی ڕابردوو، دووئیدارەیی ھەردەم وەک شمشێری دامۆکلس ھەڕەشەی لە یەکپارچەیی قەوارەی ھەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئەم مەترسییە ئێستا زیاتر لە ھەموو کاتێک نزیکتر بووەتەوە و ھەستی پێدەکرێت. گەلۆ نیشتمانێک کە بۆ خۆی پارچەپارچە کراوە، ئایا بەرگەی دابەشبوونێکی تر دەگرێت؟ ئاخۆ ئەمە نیشانەی کۆڵەواریی و نادڵسۆزیی نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە نییە لە بری ئەوەی بە دوای چارەسەرێکی نیشتمانی و ڕیشەیی و ستراتیژییدا بگەڕێن، ھەتا بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە لە خاکی ئەم وڵاتە مایە دادەنێن و پێیان ئاساییە کوردستان پارچە پارچە بکەن وبەرەو ئاقارێکی ون و نادیاری ببەن و سەردەمی ئیمارەتەکانمان بۆ زیندوو بکەنەوە؟ 

گوتاری پەرتەوازەیی لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی چەندین ساڵەی قەیرانە جۆراوجۆرەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەڵسوکەوتی نابەرپرسیارانەی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە ھاتۆتەئاراوە، ئەمڕۆش، دەبینین دۆخەکە گەیشتووەتە لێواری تەقینەوە، بە جۆرێک کە توانای یەکتر قبووڵکردن و پێکەوە ھەڵکردنی لایەنە سیاسییەکانی گەیشتۆتە نزمترین ئاستی خۆی، پێویستە لایەنە باڵادەستەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ زیاتر لە ھەر کاتێکی تر ھەست بە مەترسی ئەم دۆخە بکەن و ھەوڵ بدەن ڕێڕەوی گوتاری پەرتەوازەیی بەرەو گوتاری یەکگرتووانە ئاراستە بکەن و بەرژەوەندییە باڵا ستراتیژییەکانی کوردستان بخەنە سەرووی ھەموو شتێکەوە و قۆناغی بەرەژەوەندییە تەسکە حیزبی و کەسییەکان تێپەڕێنن.

ئەگەر سەرنجێکی عێراقی تەنیشت خۆمان بدەین، دەبینین ھەر لە کاتی ڕیفراندۆم و لە قۆناغە سیاسییەکانی دیکەش ھەموو لایەنە سیاسییە عێراقییەکان بە شیعە و سوننەوە سەرەڕای ھەموو ناکۆکییەکانیان یەکدەنگ بوون لە دژایەتیکردنی دابەشکردنی خاکی عێراق و بەردەوام جەخت لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەنەوە و، ئەمە بنەما و باوەڕێکی نەگۆڕە لە لایان و ئامادە نین سازشی لەسەر بکەن. سەرەڕای ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان شیعە و سوننە، کە پێکەوەژیانیانی لە چوارچێوەی عێراقیشدا ئەستەم کردووە، بەڵام دیسان کەسیان باس لە دابەشکردنی خاکی عێراق ناکەن و پاراستنی کیانی عێراق لە لایان ھێڵی سوورە.

کوردی لەمەڕ خۆمان لە بری ئەوەی کار بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بکات بۆ سەر خاکی ھەرێم، ئەوا کار بۆ دابەشکردنی ئەم پارچەیەش دەکات کە بەرھەمی ماندووبوونی سەدەیەکی ئەم گەلەیە و دەیان ھەزار شەھیدی بۆ دراوە. ئاخۆ ئەمە چ جۆرە سیاسەتکردنێکە کە تۆ بە دەستی خۆت ماڵی خۆت کاول بکەیت و تێکی بدەیت؟ 

بابەتی یەکپارچەیی خاکی ھەرێمی کوردستان، کە ھەموو پەرلەمانتاران و سەرۆکی ھەرێم و جێگرەکەی و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرەکانی سوێند لەسەر پاراستنی دەخۆن، دەبێ بە ھێڵی سوور دابنرێت و ھیچ کەس و لایەنێک ئەو مافە بە خۆی نەدات بە ئاماژەش باس لەم بابەتە بکات. مانەوەی قەوارە و کیانی جوگرافی ھەرێمی کوردستان بە یەکپارچەیی، بابەتێکە کە نابێت بە ھیچ شێوازێک سازشی لەسەر بکرێت یا نەرمی لە بارەیەوە بنوێنرێت.

ھەقوایە، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر بەرزترین ئاست لەسەر ئەم پرسە کۆببنەوە و میساقی شەرەف لەم بارەیەوە واژۆ بکەن، ھەروا پەرلەمانی کوردستان بە دەرکردنی یاسایەک ئەم بابەتە بە تاوان دابنێت و بە ناپاکی مەزنی لە قەڵەم بدات و ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە و سزای توند بۆ ئەو کەسانە دابنێت کە بانگەشەی بۆ دەکەن یا بە کردەوە ھەوڵی بۆ دەدەن.

یەکپارچەیی خاک و خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھێڵێکی سوورە کە ھیچ کەس و لایەنێک بە ھیچ بڕوبیانوویەک مافی نییە باس لە پارچەکردنی بکات و، پێویستە خەڵکی کوردستان لەسەر ئاستی جەماوەریش لەسەر ئەم بابەتە قسەیان ھەبێت و لە بەرامبەریدا بێدەنگ نەبن.   

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:09:39:07/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 325 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر