کورد چێژ لە بندەستی دەبینێت

ماجید خەلیل
نووسەر

نەتەوەیەک، چاوی بە ئازادی هەڵنایەت، ناکرێت گەورەترین شانازی هەڵەبجەییەک ئەوەبێت، کە کیمیایی کراوە بەسەریدا! گەورەتریین شانازی هەڵەبجەییەکان ئەوەیە کە کیمیاییان بەسەردا ڕژاوە، کەچی پرسەکەیان نەبووەتە نێونەتەوەیی. نابێت مرۆڤ بە جینۆسایدی ڕابردوویەوە باڵ فشبکات، هەڵەبجە دەبوو شانازییەکەیان لەو خاڵەوەبێت کە لە حەفتاو هەشتاکاندا، لە زانکۆکانی موسڵ و بەغدادا، یەکەمی عێراق دەبوون. بەڵام چی بکەین، لەگەڵ جینێک کە جنی ناو جەستەمانەو، بەردەوام شمشاڵی کڵۆڵی و کڕوزانەوەمان بۆ دەژەنێت.


نەوەی ئێستاو ئەوسایش، چێژیان لە شتانێکی بێمانا بینیوە. زۆرجار گوێمگرتووە بۆ گفتوگۆی تەلەفۆنی نێوان کوڕێک لەگەڵ دایکیدا، کوڕە دەنگی خۆی کەساس کردووەو بەمەلولییەکی زۆرەوە وتویەتی، دایکە زۆر سەرمژاندەکات. دایکیشی دەجار بەسەر یەکەوە وتویەتی دەک دایکت کوێربێت، ئیتر کوڕەی تڕکەن لەخۆشیا بەزەردەخەنەیەکەوە مۆبایلەکەی بەسەر دایکیدا داخستووە، دایکیشی تا بەرەبەیان بەئازاری ئەم کەسکونەوە تلاوەتەوە.

لەتەمەنی خوێندکاریدا، شەوانی ساردی زستان و لەبەشەناوخۆییەکاندا، کاتێک کە کارەبا دەبڕا، کاتێک کە نەوت نەبوو بکەینە سۆپاکانەوە، هەریەکەو لە سەردیوارو سوچێکی گوێسەبانی بەشەناوخۆییەکانەوە، بە مۆبایلەکەی ماڵێی ئاگادار دەکرد، دەیانوت ڕەقبوینەوە، دەیانوت چێشتەکەمان سوتا، بە بابی کەنەفتی ناوجێگەیان وتووە پارەمان پێنەماوە. نەیەک و نەدووان، هەموویان وابوون. زۆرجار دەموت، بۆچی دایک و باب و خانەوادەکەتان خەمبار دەکەن، چ سودێک دەبینن، دایک و بابتان خەمی مەرارەت و مەراقی برسیەتی و سەرمای ئێوە جەرگیان داخکا. بۆ چێژ لەوە دەبینن بەزەیلەبن.

زۆرجار برام بینیوە خوشکەکانی بەدەوریدا پسەو پشتوێنیان بۆ ڕێککردووەو، دایکیشی لەسەر بەرماڵێ تەنێک نزای بۆ ئەو کردووە، ئەویش بە پێکەنین و غروری سەرکەشی هەرزەکارییەوە، باسی ئەوەیکردووە چۆن وەختبووە لەتەک هاوڕێکەیدا ماشێنەکەیان وەرگەڕێت، ئیدی بەجارێک دایکی و خوشکەکانی وەکو کۆرسێک و بە یەک تۆن و ئاوازی سەیری ژنانەوە وتویانە: بەساقەت بین. بابای بەزەیلەیش لەخۆشیان تەزووی خۆشنودی و پێکەنین بە گەنەمووی گوێکانییەوە بینراوە.

زۆرجار بە خوێندکارەکانی بەشەناوخۆییەکانم دەوت، من بەدایکمم وتووە ژووری بەشەناوخۆییەکەم، لەژوورەکەی سوڵتان قابوسی سەڵتەنەی عوممان دەکات. ئیدی دایکم لە خۆشیدا پێویست نەبوو وەرەقەی فشاری خوێنەکەی نوێکاتەوە، من درۆمدەکرد، ژورێکی چەپەک بوو، لەڕاستیدا ژوور نەبوو، ژێر قادرمەبوو، ژورێکی تەڕەشوعاوی و تاریک و بێ پەنجەرە بوو. مەگەر خوا بزانێت ئەو ڕۆژانی هەژاری و موفلسییەم بە چ دیوێکی زەنگین و پڕ کەیف و سەفادا بۆ ماڵێ گێڕابوویەوە، وەهام باس دەکرد بەپەلە دەگەڕامەوە، بۆخۆشم پێم وابوو ڕاستدەکەم.

نازانم، کەلتوری کەمیی، کەلتوری کڕوزانەوە، پەسنی پاڕانەوە، سیاسەتی سەرسواڵکەریی، ئەمانەو چەندین بێجایتر، چۆن بوونەتە بەردی بناغەی سروشتی تاکی کورد. 

هیچکات درێغیمان نەکردووە لە پیشاندانی سەرکزی و سەگمەرگیمان، نەتەوەیەکین نانمان بەسەر ساجی گریانێکی گەرمەوە سوتاوە، هێند بندەستبووین، بندەستی بووەتە خومان، بندەستی بووەتە ناسنامەو نوشتەی سێسوچی بەرباخەڵمان، هێند کۆیلەبووین، چۆکدادان بووەتە دیزاینی جەستەمان، هێند زیندان بووین، جەلاد بووەتە پاڵەوانی ئازاو بازۆڵە ئەستوری ناو ڕۆمانەکانمان، هێند برسیبووین، نان بووەتە شاجوانی خەون و خەیاڵی ئازادیمان، هێند چاوەڕوان بووین، گۆچان بووەتە ئیدیۆمی ڕێ و ڕۆیشتنی هەزاران ڕستەو ڕێزمانمان.

ئێمە تراژیدیا تاویداوین و لە شەوەزەنگی تراژیدیادا بریسکەی سمێڵمان دێ، ئێمە وشکەساڵی خوساندوینی و لە وشکەساڵیدا گەرومان پڕدەبێت لە هەوری گریان. ئێمە دەردو درمەکان دایاندۆشیوین و لە ئافاتی ڤایرۆس و مێروویەکدا، ساتەوەختە جوانەکانی مێژوومان نوسراوەتەوە. ئێمە زمانمان لە دەربڕینی ڕەق و زبردا زەنگینەو بەدەستڕێژی وشەیەک ڕۆحی یەکتری زیندەبەچاڵ دەکەین، ئێمە تانەو تەشەرو تێڕامانی تیرۆراویمان تژییە و لێوڕێژەو بە تیلنیشانێ نیشانە لەسەر دڵی یەکتر دادەنێین. ئێمە مەرگ تێماندا تارماییەکی زیندووەو بەردەوام بەتەنیشتمانەوە بۆتە برابەشمان، ئێمە گوێمان ئیزرائیلێک قانی داوە کە لەڕەگی بنگوێمان نێزیکترە!

کاسێتی تۆمارکراوی مێژۆومان وەک میزراحێک دەخولێتەوەو، هەرساتەی لە دەوروخولی یەکێکماندا وەک تەرمێکی فڕەدراوی بەر شەپۆلێکی بێئامان، کەڕەسیسە دەبێت.

موژدە لەناوماندا غەوارەیەکی شوانەوێڵەیەو، هیچکامان ئێوارەیەک قۆڵناکەین بەقۆڵیدا بیبەینە ماڵێ، موژدە منداڵێکی ڕەشی ئەفریقییەو چۆڕێ لەئاوی ئەو ملوێنان کانییەی کە هەمانە ناکەینە دەمییەوە، ئێمە هەواڵی شوم و بەدبەختی، نەگریسی و نەگبەتی وەختێک کەدێت، ڕێو ڕەسمی بۆدەکەین، فەرشی سوری بۆ ڕادەخەین، زەماوەندی بۆدەکەین، دەیکەینە بوک و تارا دەدەین بەسەریدا، مانگی هەنگوینی بۆ سازدەدەین، لەگەڵیدا دێینە کەناری دەریاکانی ژیان و لەگەڵیاندا دەخەوین، وەجاخی ئەم میللەتە بە شومی و شەو ڕۆشندەکەینەوە.

ئەوەتانێ نەوەکانی تاریکیمان ڕاهێناوە، ئەوەتانێ سوپامان لێ قوتکردونەتەوە، ئەوەتانێ هۆڵەکانی قوتابخانەو زنکۆکانمان پڕن لەوان، ئەوەتانێ سەنگەرەکانی بەرگریمان هەموویان ئەوانن. ئێمە پێش ئەوەی ئەنتەرنێت دابێت، هەموومان دەمانتوانی پۆستی قوڕبەسەریی بکەین، هەموومان دەمانتوانی وێنەی کیمیاباران و ئەنفال و بێکەس کوژیمان دنیا بتەنێت. 

ئێمە لەکۆڕ و کۆبوونەوەو ژێردەواری ڕەنگەکاندا، ڕەنگی ڕەش لەسەروی هەموویانەوە دادەنێین و، هەموو ڕەنگەکانی دی دەستی ڕەش ماچ دەکەن و ڕیش سپی ناو هەموو ڕەنگەکان ڕەشترینیانە. دەزانن ئێمە نەوەی ڕەشماڵین. ئێمە نەوەی چارەنووسێکی ملهوڕین، زەمەن شەلاقێکەو بەڕاست و چەپدا دەمازرەپێنێت.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



PM:11:44:05/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 182 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر